کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پاسدار جەعفەری هێرشی کردە سەر ئێمانۆئێل ماکرۆن

15:18 - 3 سەرماوەز 2717

کوردستان میدیا: فەرماندەی گشتیی سپای پاسدارانی ڕێژیم وێڕای هێرش کردنە سەر ئێمانۆئێل ماکڕۆن ڕایگەیاند؛ پرسی چەک‌وچۆڵی حیزبوڵا و مووشەکەکانی ئێران بۆ وتووێژ کردن نابن.

سەرلەبەیانی رۆژی پێنج‌شەممە ڕیکەوتی ٢ی سەرماوەز، موحەممەدعەلی جەعفەری فەرماندەی گشتی سپای تێرۆریستی پاسداران لە پڕێس کۆنفڕانسێکدا سەبارەت بە بارودۆخی ناوچە ڕایگەیاند: پرسی چەک‌وچۆڵەکانی حیزبوڵا و مووشەکی بالستیکی ئێران بۆ مشت‌ومڕ و وتووێژ کردن نابن.

ناوبراو هەروەها ڕوو لە سەرکۆماری فەڕانسە، بەسوکایەتییەوە، وتوویەتی: ماکڕۆن لاوێکی بێ‌ئەزموون و ناکامڵە و قسەکانی جێگەی گلەیی نین؛ ئەمەش دوای دێتە ئاراوە کە ماکڕۆن چەند ڕۆژ پێش ئیستا گووتبووی: بەرنامە مووشەکییەکانی ئێران مەترسییەکی جیددین بۆ سەر ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناڤین.

پاسدار جەعفەری هەروەها هێرشی کردە سەر ئیسرائیل و ڕایگەیاند: بەبڕوای ئێمە بوونی حیزبوڵایەکی چەکدار گرینگی تایبەتی خۆی هەیە؛ شوناسی حیزبوڵا بە چەکەکەیەتی و چییەتی حیزبوڵا بریتییە لە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئیسڕائیل کە دوژمنی سوێندخواردوویە کەواتە باس کردن لە چەک‌وچۆڵەکانی حیزبوڵا و مووشەکەکانی ئێمە پرسێکی بێ‌ئەنجامە.

سەبارەت بە سوریەش ناوبراو ڕایگەیاندووە: تەنانەت پاش تەواوبوونی شەڕ لە سوریەش سپا لەوێدا دەمێنێتەوە و درێژە بە چالاکییەکانی دەدات.

لە چەند ساڵی ڕابردوودا و لە چوارچێوەی دۆکتۆرینی هیلالی شیعی، کۆماری ئیسلامی بە کەڵکاژۆوەرگرتن لە دۆخی شپرزەی ناوچە دەسەڵاتی خۆی لە چەندین وڵاتی وەک عێراق و سوریە و یەمەن زیاتر کردووە کە ئەم مەسەلە نیگەرانی و ناڕەزایەتی وڵاتانی ناوچە و جیهانی لێکەوتۆتەوە.

یەکێک لە ئامانجە دێرینەکانی ڕێژیم، کە بۆ خۆشیان نەیانشاردۆتەوە، لەنێوبردنی وڵاتی ئیسرائیلە؛ ئەمەش تەنیا کاتێک جێبەجێ دەکرێت کە کۆنترۆڵی تەواوی وڵاتانی ناوچە بەتایبەت سوریە و عێراق بکەوێتە دەست تاران.

هەر لەم چوارچێوەشدا بوو کە ماوەیەک پیش ئێستا سەعد حەریری سەرۆک‌وەزیرانی لوبنان دەستی لە کار کیشایەوە و ڕایگەیاند: کە ناتوانێ بەهۆی دەستێوەردانەکانی کۆماری ئیسلامی لە وڵاتەکەی درێژە بە کارەکانی بدات.