کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەیامی کومیسیۆنی کۆمەڵایەتیی حیزبی دێموکرات بەبۆنەی رۆژی شەهیدانی کوردستان

15:30 - 12 خاکەلێوه 2714

کوردستان میدیا: کومیسیۆنی کۆمەڵایەتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەبۆنەی ٦٧ەمین ساڵڤەگەڕی شەهیدبوونی پێشەوا قازی و رۆژی شەهیدانی کوردستان پەیامێکی بڵاو کردەوە.

دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:

خەڵکی تێکۆشەری کوردستان!
بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان!
میوانانی بەڕێز!
ئەندامانی بەڕێزی رێبەرایەتیی حیزب و کادر و پێشمەرگە خۆشەویستەکان!
ئەمڕۆ ١٠ی خاکەلێوە رۆژی شەهیدانی کوردستانە. ئێمەش بۆیە لێرە لە دەوری یەکتر کۆبووینەتەوە تا رێز لە شەهیدانی کوردستان بگرین و یادی پێشەوا قازی محەممەد و هاورێیانی و هەموو شەهیدانی کوردستان‌کە ژیانی خەباتگێڕانه ‌و مەرگی سەربەرزانەیان بۆتە سەرمەشق و ئیلهامدەری هەموو رۆڵەکانی کوردستان بۆ خەبات و بەرخودان لە رێگای ئازادی دا، بەرز رابگرین.
٦٧ ساڵ لەمەوبەر لە رۆژی ١٠ی خاکەلێوە، پێشەوای مەزن قازی محەممەد سەرکۆماری کوردستان، حەمەحوسێن خانی سەیفی قازی و ئەبولقاسمی سەدری قازی لە مەیدانی چوارچرای مەهاباد، راست لەو شوێنە کە ساڵێک پێشتر کۆماری کوردستانی لێ راگەیەندرا، بە دەستوری حەمەڕەزا شا لە سێدارەدران.
رێژیمی دیکتاتۆری پاشایەتی، پێی وابوو بە نەمانی کۆماری کوردستان و لە سێدارەدانی سەرکۆماری کوردستان و هاوڕێکانی، بزووتنەوەی رزگاریخوازیی کورد بۆ هەمیشە بە چۆکدا دێت و هەستی کوردایەتی و بیری نەتەوایەتی لە دڵ و مێشکی خەڵکی ئازادیخوازی کوردستاندا دەسڕێتەوە. بەڵام ئەو کارەساتە نەک هەر نەیتوانی ئیرادەی خەبات و بەربەرەکانێی نەتەوەی کورد تێک بشکێنی، بەڵکوو کوورەی خەبات بۆ ئازادی و رزگاریی کوردستانی هێندەی دیکە نێڵ دا.
یەکێک لەو وانە گرنگ و مەزنانەی‌کە پێشەوای مەزنمان بۆی بەجێ هێشتووین و بەردەوام دەبێ لێی فێر بین و شانازیی پێوە بکەین خۆڕاگریی پێشەوا و داکۆکی لە مافی رەوای کورد لە بەرامبەر جەللـادانی رێژیمی پاشایەتی و دادگای نیزامی ئەو رێژیمه بوێری و مەزنیی پێشەوا لە ئاستێکدا بوو کە سەرەڕای ئەوەی خۆی وەک بەندکراو لە بێ دادگای ئەو رێژیمەدا بوو، بەڵام ئەوە پێشەوا بوو کە گشتییەتیی ئەو رێژیمەی دادگایی کردووە و بە هەموو باوەڕ و توانایەوە بەرگریی لە کۆمار و ئامانجە رەواکانی کردووە. ئەوەش دەرخەری ئەو راستییەیە کە پێشەوا باش دەیزانی مافی رەوای خۆیەتی وەکوو هەموو مرۆڤێکی ئەم جیهانە، ئازادانە خاک و ئاو و زێد و نیشتمانێکی ببێ و ئەوانەش دەیانەویست دادگایی بکەن جگە لە داگیرکەر ناوێکی تریان نییە و هیچ چەشنە مافێکیان بەسەر کورد و کوردستانەو‌ه ‌نییە. هەر ئەو باوەڕە پتەوەی پێشەوای مەزن قازی محەممەد بوو، کە ئیجازەی نەدا لە کاتی لە سێدارەداندا چاوی ببەستن و حەزی دەکرد لە دواساتەکانی ژیانیدا هەروەک رۆژی ٢ی رێبەندان چاوی لەو خاکە پیرۆزه و رۆڵەکانی نەتەوەکەی بێت کە بە هەموو وجوودەوە‌خزمەتی کرد و فیداکاریی بۆ کرد.
راستە کۆماری کوردستان نەماوە، بەڵام ئامانجەکانی کۆماری کوردستان هەروا ئامانجی خەڵکی کوردستانن. خەڵکی کورد لە کوردستانی ئێران هەروا بەو رێگایەدا دەرواتە پێش کە پێشەوا و هەزاران شەهیدی دیکەی کوردستان بە پێشکەش کردنی گیانی خۆیان نەخشاندوویانە، واتا رێگای ئازادی و رزگاریی گەلی کورد.
‌‌‌هاونیشتمانیانی بەڕێز!
فەلسەفەی بوونی کۆمار بە رێبەرایەتیی پێشەوا دەرخەری دووربینیی ئەو کەسایەتییە دیارە و قاڵبووەی ناو کوورەی خەباتی نەتەوایەتیی و پرسی ناسیۆنالیزم بوو. پێشەوا لەسەهۆڵ بەندانی ئەندێشەی ئەو سەردەمەدا توانیی پرسێکی گرینگی وەکوو ناسیونالیزم بە شێوەیەکی سەردەمییانە، زەق بکاتەوە و ژمارەیەک لە بنەماکانی ناسیۆنالیزم بەهێز بکات. پێشەوای کوردان بە کار و کردەوە ویستی بە نەوەی داهاتوو بڵێ بیچمگرتنی ناسیۆنالیزم و سەقامگیربوونی، پێویستی بە قوربانی دان هەیە و باش لەوە تێگەیشتبوو کە زمان بۆ سەقامگیریی ناسیۆنالیزم زۆر گرینگە، هەر بۆیە بەشێکی زۆر لە وزەی کۆماری لەو رێگایەدا بەکارهێنا و دەیهەویست مەسەلەی کولتووری گشتیی کورد بکاتە بنەمای کاری دیپلۆماسی. ئەو چەند خاڵە نیشاندەر و سەلمێنەری ئەوەن کە بنەماکانی ناسیۆنالیزمی کوردی زیاتر لە نیو سەدە لەوە پێش‌بیچمی گرتووە، بە پێچەوانەی گوتەی هێندێ قەڵەم بەدەست کە بانگەشە بۆ قەومییەت دەکەن. هەر بۆیە لەسەر نەتەوەی کورد و حیزبەکەی پێشەوا پێویستە کە بنەماکانی ناسیۆنالیزمی کورد بە پشت بەستن بە تیۆرییە جیهانییەکان بە هێز بکات‎ و پرسی چییەتی و کێیەتی لە ناسیۆنالیزمدا زەق بکاتەوە و مەودا و جیاوازییەکان دەستنیشان بکا.
خوشک و برایانی بەڕێز!
پێشەوا قازی بە هەڵسەنگاندنی هەلومەرجێک کە بە هۆی شەڕی دووهەمی جیهانییەوە هاتبووە گۆڕێ، و بە کەڵکوەرگرتن لە پێگه ‌و کاریگەریی کۆمەڵایەتیی خۆی، توانیی حیزبێکی سیاسی و مۆدێرن بۆ رێبەریی خەباتی نەتەوەی کورد دامەزرێنێ و لەگەڵ رووداوەکان بڕواتە پێش و دەوڵەتی جەمهووری کوردستان راگەیەنێ و سەروەریی سیاسی و مافی خۆ بەڕێوەبردن بۆ کورد دەستەبەر بکات. ئەو کردەوە مەزنەی پێشەوا و حیزبەکەی ئاڵوگۆرێکی گەوره ‌و بنەڕەتی لە دۆخی سیاسی ناوچەکەدا بوو، هەر بۆیەش کۆماری کوردستان و پێشەوا قازی، بوونە‌چقڵی چاوی کۆنەپەرستانی تاران. ئەو کاتەش کە کۆمار کەوتە بەر مەترسی، بە وەفاداری بە سوێند و پەیمانێک کە لەگەڵ نەتەوەی خۆی بەستبووی، ئامادە بوو بە فیداکردنی گیانی خۆی بەرگری لە خەڵک و خاکی نیشتمانەکەی بکات.
جێی خۆیەتی وەک رێزلێنان و وەفایەک یادێک لە قارەمانانی بارزانی بکەینەوە کەلە بەرگری لە کۆماری کوردستاندا، فیداکاریی زۆریان لە خۆیان نیشاندا و لە شەڕی مامەشا و چەندین بەرگریی ئازایانەدا بە هەموو توانایانەوە بەرگری لە کۆماری کوردستان بکەن و شەهیدبوونی فەرماندەی ناسراوخۆشەوی خەلیل سەلمێنەری ئەو راستییەن.
لەگەڵ ئەوەی بە دوای شەهیدبوونی پێشەوا و رووخانی کۆماردا، حیزبەکەمان‌زەبرێکی قورس و کاریگەری بەرکەوت، بەڵام نەچەمی و پشتی لەژێر باری ئەو خەمە قورسەدا راست کردەوە و خەباتگێرانی حیزب توانییان دوای ماوەیەک بە تێکۆشان و فیداکاری خۆیان، دڵی دۆستان شاد بکەن و دوژمنان داماو و زەبوون. خۆڕاگریی تێکۆشەرانی حیزب لە چاڵە رەشەکانی رێژیم، دەربەدەری و ئاوارەیی، سەرەنجام راپەڕینی ساڵەکانی ٤٦ ــ ٤٧ی لێکەوتەوه ‌و کە ئەو قۆناغەشدا پۆلێک لە باشترین کادرەکانی حیزب گیانی خۆیان کردە فیدای خاکی پیرۆزی کوردستان.
بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان!
بە دوای شۆڕشی گەلانی ئێران و دەسبەسەرداگرتنی زەحمەت و ماندووبوونی گەلانی ئێران لەلایەن تاقمێکی هەلپەرستەوە، قۆناغێکی نوێ لە خەبات و خۆڕاگریی تێکۆشەرانی دێموکرات دەستی پێکرد، کام چیا و کام شار و گوند، لەم کوردستانە هەیە کە مەیدانی شێرە کوڕانی دێموکرات نەبێت و داستانی خۆڕاگری و نەبەزینی لێ تۆمار نەکرابێت.
لەگەڵ بەرین‌بوونەوەی مەیدانی شەڕی داسەپاو، رێبەری مەزن د. قاسملوو، بە مەبەستی ئامادەکاریی هەرچی زیاتر و وەشاندنی زەبری کاریگەرتر لە دوژمن، داوای هاوکاری لە یەکیەتیی نیشتمانیی کوردستان کرد، کە لەژێر ناوی هێزی پشتیوان وەک پشت و پەنای حیزبی دێموکرات، هاوکاریی حیزب بکەن. لە هەڵوێستێکی بەجێ و نەتەوەییدا وڵامی داوای حیزبیان دایەوه ‌و بە بەخت کردنی گیانی ١٥ کەس لە فەرمانده ‌و پێشمەرگەکانیان و برینداربوونی دەیان کەسی دیکەیان لاپەڕەیەکی زێڕینیان لە مێژوودا تۆمار کرد.
پێویست بە ئاماژەیە، تێکۆشەرانی حیزبی شیووعی و حیزبی سوسیالیست بە بەخت کردنی گیانی باشترین کادر و پێشمەرگەیان قورساییەکی زۆر و ئەرکێکی بەرزی نەتەوەییان ئەنجامدا و ژمارەیەک لە باشترین کادرەکانیان شەهید بوون و لەو بارەوە لە هیچ خزمەتێک بە شۆڕش درێغیان نەکرد.
بە ئەرکی سەرشانی خۆمانی دەزانین، رێزی خۆمان بۆ تێکۆشەرانی کوردستانی تورکیە و بە تایبەت زەحمەت و ماندووبونی هاوڕێیانی پارتی سوسیالیستی کوردستان – باکوور، دەربڕین کە بە کردەوە لە مەیدانی‌خەباتی رەوای گەلەکەمان لە هیچ فیداکارییەک درێغیان نەکردووە.
ئامادەبووانی خۆشەویست!
لە نێو نەتەوەکانی‌تری ئێرانیش، رۆڵەکانی نەتەوەی تورکی ئازەربایجانی ژمارەیەک لە تێکۆشەرانیان پێشكەشی ئازادی کردووە و وەفادار بە ئامانج و رێبازی حیزب بوون کەلە ناویاندا خەباتگێڕی تا سەر وەفادار موهەندیس رەزا خەیاتی دەبینرێ.
خەباتگێڕانی نەتەوەی بەلووچ بە دلسۆزی و زەحمەت و ماندوو بوونیان شان بە شانی پێشمەرگەکانی حیزب دلسۆزانە خزمەتیان بە بزووتنەوەی رزگاریخوازیی کورد و حیزبی دێموکرات کردووە.
کاتێک باس لە رۆژی شەهیدانی کوردستان دەکەین، ناکرێ فیداکاریی سەرجەم هێز و لایەنە سیاسییەکانی دیکەی کوردستانی ئێران لە مەیدانی خەبات لە بیر بکەین. کە بە فیداکاریی خۆیان لە بەندیخانەکاندا و بە چۆکداهێنانی جەللـادەکانی رێژیم و سەرەنجام بەخت کردنی گیانی پێشمەرگەکانیان، رۆڵی شیاوی خۆیان لە خزمەت بە مافە رەواکانی خەڵکی کوردستاندا گێڕاوە.
کاتێک‌ئاوڕ لە رابردووی پڕ لە شانازیی حیزبەکەمان دەدەینەوە، دەبینین لەو رێگایەدا سەدان کۆسپ و پیلانی نەیارانی لە تێپەڕاندووه ‌و لەو رێگایەدا گیانی هەزاران کەس لە باشترین تێکۆشەرانی خۆی فیدای خاکی پیرۆزی کوردستان کردووە. بەڵام بۆ ساتێکیش لەسەر داوا رەواکانی خۆی وازی نەهێناوە و پشت ئەستوور بە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و بە ئیمان و باوەڕ بە رێبازی شەهیدان لە خەبات بەردەوام بووە و تا گەیشتن بە رزگاریی یەکجاری و وە دەست هێنانی مافی نەتەوایەتی خەبات و تێکۆشان بەردەوام دەبێت.
کۆماری ئیسلامیی ئێرانیش بە هەموو توانایەوە هەوڵی لەناوبردن و دژایەتی خەڵکی کوردستان و حیزبەکەمانی داوه ‌و بە خەیاڵی خاوی خۆی بە ئامانجە دژی گەلییەکانی دەگات. دەبینین کە تیرۆر، سێدارە و هەموو چەشنە رێگایەک تاقی دەکاتەوە، بەڵام هەموو جارێ لەگەڵ شکست رووبەڕوو دەبێتەوە.
لە چەند مانگی رابردوودا، کاربەدەستانی رێژیم لە چەندین شاری کوردستان، سەردانی بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدانی حیزبی دێموکراتیان کردووە و بە قەول و بەڵێن پێدان، داوایان لێ کردوون سەبارەت بە رابردووی شەهیدەکان قسە بکەن و داوای پاکانە لە کۆماری ئیسلامی بکەن. مۆرەکانی ئیتلا‌عات لەوە بێ ئاگان کە بنەماڵەی شەهیدان باش دەزانن جگەرگۆشەکانیان گیانیان لە رێگای خەبات بۆ ئازادی و رزگاری و مافی نەتەوایەتی بەخت کردووه ‌و هەرگیز ئامادە نین سەری بەرزیان بۆ رێژیمێک نەوی بکەن کە قاتڵی رۆڵەکانیانە. فەلسەفەی رێژیم لە سەرەتای هاتنە سەرکارییەوە لەسەر دژایەتی نەتەوەی کورد دامەزراوە. هەر بۆیە خەڵکی کوردستان و تێکۆشەرانی حیزب، یەک بە یەکی ئەو شەهیدانە بە کەس و کاری خۆیان دەزانن و مڵکی تەنیا بنەماڵەکانیان نین. چونکە لە پێناو بەختەوەریی ئەو خەڵکەدا گیانی خۆیان فیدا کردووه ‌و باشترین پاداش بۆ ئەو فیداکارییە، وەفاداری بە ئامانجەکانیانە.
کۆمەڵانی بە شەرەفی خەڵکی کوردستان!
هەروەک تا ئێستا نیشانتان داوە، ئەرکی نیشتمانیی خۆتان سەبارەت بە بنەماڵەی شەهیدان، بە بەسەرکردنەوەی ‌گڵکۆی شەهیدان، وەفاداری و ئەمەگناسیی خۆتان بە بنەماڵەی شەهیدان و بە حیزبەکەتان دەربڕیوە. بەو هەڵوێستەتان چاوی دوژمنانی ئازادیتان کوێر کردووه ‌و دڵی یادگاری شەهیدەکان و هاوسەنگەرانیان شاد دەکەن و دڵنیاش بن، خۆری ئازادی هەڵدێ! تا ئەو جێگایەش پێوەندی بە حیزبی دێموکراتەوە هەیە، وەک هەمیشە حیزبەکەمان بە پرنسیپە نەگۆڕەکانی خۆی واتا دێموکراسی، مافی نەتەوایەتی و سەربەخۆیی سیاسی بڕیاردان بەرامبەر بە خوێنی شەهیدان‌وەفادار دەمێنێتەوه ‌و هیچ چەشنە گوشار و هەلومەرجێک هەنگاوی پێ شل ناکات.
لە شەست و حەوتەمین ساڵی لە سێدارەدانی پێشەوا و هاوڕێیانی وێڕای ناردنی سڵاو بۆ گیانی پاکی پێشەوا و سەرجەم شەهیدانی کوردستان، پەیمانی وەفاداری بە ئامانجەکانیان نوێ دەکەینەوه ‌و بەو ئاواتەین تا گەیشتن بە ئازادی و رزگاری بەو پەیمانە وەفادار بمێنینەوه.
سڵاو لە یەکەمین سەرکۆماری شەهیدمان قازی محەممەد و سەرجەم شەهیدانی کوردستان!
مردن و نەمان بۆ رێژیمی کۆماری ئیسلامی!

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
کومیسیۆنی کۆمەڵایەتی
١٠ی خاکەلێوەی ١٣٩٣ی هەتاوی