کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی تێرۆریستی ئێران بنکەکانی خۆی لە کوردستان زیاتر دەکات

16:17 - 17 رێبەندان 2717

کوردستان میدیا: بەرپرسانی سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، لە کوردستانی ڕۆژهەڵات دەستیان بە دروستکردنی بنکەی نیزامیی کردووەتەوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، لە ساڵی داهاتوودا، واتا ١٣٩٧ی هەتاوی، بنکەیەکی جاش و بەکرێگیراوانی سەر بە ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بەجێی بنکەی پولیس و هێزە ئینتزامییەکان، بە هاوکاریی خۆفرۆشەکان لە گوندی سەهۆڵان سەر بە شاری مەهاباد دادەنرێت.

هەواڵنێری ماڵپەڕی کوردستان میدیا باسی لەوە کردووە، ئەو بنکە نیزامییەی بەکرێگیراوان لەسەر مۆڵەتی شۆراکانی گوند دادەمەزرێت.

لەو پێوەندییەدا، ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ١١ی بەفرانباری ١٣٩٦ی هەتاوی، فەرماندەیەکی سپای ڕێژیم لە شاری مەهاباد، بە ناوی سەرهەنگ نەجاڕی کە فەرماندەی پایگای گوندی قەرەبڵاغه، سەردانی گوندی سەهۆڵانی کردبوو.

ئەو بەرپرسە نیزامییەی ڕێژیم، لەو سەردانەدا نامەیەکی پێ بووە و داوای لە شۆراکان و پێشنوێژی ئەو گوندە کردووە، کە بنکەی سپای پاسداران لەو گوندە دابمەزرێنن.

هەواڵنێری ماڵپەڕی کوردستان میدیا ڕایگەیاند، ئەو کارەی ڕێژیم بۆ بەرەنگاریی لەگەڵ هێزەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەو ناوچەیە دایە، چونکە ڕێژیم لە چالاکییەکانی حیزبی دێموکرات لەو ناوچەیەدا ترسی هەیە.

هاوکات ئەو هەواڵنێره ئاشکرای کردووە، کە ئەو فەرماندەیە بۆ دانانی ئەو بنکەیە داوای کردووە، کە ٢٠ کەس لە خەڵکی ئەو گوندە لەو بنکەیە دەستبەکار ببن.

لە بەشێکی دیکەی ئەو سەردانەدا ئەو فەرماندەیەی ڕێژیم، بەڵێنی بە جاشەکانی ئەو ناوچەیە داوە، کە ئەوان بۆ پشتیوانی و پاراستی گیانیان هەموو ڕێوشوێنێک لەبەرچاو دەگرن.