کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەوڵی بێمایە

12:46 - 7 پووشپەڕ 2723

شەماڵ تەرغیبی

هەڵگیرسانی شۆڕشی ژینا دەسپێکی وەرزێکی نوێ لە خەبات دژ بە سەرەڕۆیی و فاشیزمی دینی و کەوناراگەرایی وەهمی بوو لە ئێراندا؛ ئەوەیکە ڕوونە لە پاش یەکخستنی جوغرافیای ئێران و گۆڕینی ناوەکەی لە "ممالک محروسە" بۆ "ئێران" هەموو هەوڵەکان ئەوە بووە کە بە لەبەرکردنی بەرگێکی مێژوویی و هاوکات ئایینی، پیرۆزییەکی تایبەت ببەخشن بەم جوغرافیا و وەها بنوێنن کە خواوەندی مەزن ئەم جوغرافیای بە شێوەی تایبەت خوڵقاندووە و ئەو کەسانەش کە لە ناوەندی ئەو جوغرافیادا دەژین بەربژێری هەتاهەتایی مەزنەخوڵقێنەری جیهانن و دەس بردن بۆیان بڤەیە و بە واتای لادان لە بڕیارە ئاسمانییەکانە. ئەمەش لە شێعر، نووسراوە و ئۆستوورەسازییەکانیاندا دیار و بەرچاوە و لە سەردەمی ڕەزاشا بەملاوە خۆی لە هەموو بیاڤەکانی ژیانی خەڵک خزاندووە و کەم کەس هەیە کە نەزانێ کتێبە دەرسییەکان، چ لە سەردەمی پاشایەتی و چ دواتر لە سەردەمی کۆماری ئیسلامیدا، لێوانلێون لەم مەزنیخوازییە سیستماتیکەی کە حکوومەتە ناوەندییەکان بەئەنقەست و لە ڕووی هەستی خۆبەزلزانی و هەوڵ بۆ خۆسەپاندن بەسەر نەتەوەکانی ئێران کردوویانە و دەیکەن.

زێدەبێژی نییە گەر بڵێین سەرەتای شکاندنی ئەم تابۆیە دەگەڕێتەوە بۆ شۆڕشە ئازادیخوازانەکانی کورد لە سەدەی پێشوو؛ هەر لە شۆڕشی سمکۆی شکاک و مەحموودخانی کانی‌سانانەوە بگرە تا دەگاتە کۆماری کوردستان و دواتریش ئاشکرابوونەوەی خەباتی حیزبی دێموکرات لە پاش شۆڕشی گەلانی ئێران بە ڕێبەرایەتیی د.قاسملووی هەتوان؛ بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا وەک ئاماژەی پێکرا شۆڕشی ژینا لە ساڵی ڕابردوو بووە دەسپێکێکی نوێ لە نەهێشتنی سەرەڕۆیی و فاشیزمی دینی و کەوناراگەرایی لە ئێراندا. ئەم پرسە لای حکوومەتی ناوەندیی خۆسەپێنی تاران جێگەی قبووڵکردن نەبووە و نییە بۆیە دەبینین کە بێ سڵەمینەوە جینایەت دەخوڵقێنێ و بە ئاشکرا ئازادیخوازان دەداتە بەر گوللە و پەتی سێدارەیان بۆ هەڵ دەخا.

بەم پێشەکییەوە دێینە سەر ئەو خاڵە جەوهەرییەی کە کۆماری ئیسلامی هاوتەریب لەگەڵ سەرکوتی سیستماتیکی شەقام و هەوڵدان بۆ بنەبڕکردنی شۆڕش لە کوردستان لە ڕێگەی مووشەکی دوورهاوێژ و دڕۆن، لە هەوڵیشدایە کە بەشێوەی زەینی ڕای گشتی هەم لە نێوخۆی ئێران و هەم لە دەرەوەی سنوورەکانی ئێران چەواشە بکات و وەها بنوێنێ کە ژیان لە ئێراندا لە ڕاستەڕێی خۆیدایە و دۆخەکە زۆر ئاساییە و نە بای هاتووە و نە بۆران! لە ڕۆژانی ڕابردوودا لە بەشێک لە شارەکانی کوردستان هەندێک هەوڵی نەزۆک دراوە کە لە ڕۆژانی مانگی پووشپەڕدا کۆمەڵێک کۆنسێرت بۆ هەندێ گۆرانیبێژی فارس بەڕێوە دەچێ کە ڕێکخەری ئەم کارانە کەسانێکن کە کوردن بەڵام لە خزمەت دوژمنانی کورددا خەریکی خۆشخزمەتین. پێشتریش لە مانگی جۆزەرداندا ئیدارەی بەناو فەرهەنگ و ئیرشادی شاری سەقز لە هەوڵێکی هاوچەشندا بڕیاری دابوو کە فێستیڤاڵی شانۆی سەر شەقام بەڕێوە ببات؛ فێستیڤاڵێک کە بە هیممەتی هونەرمەندانی شانۆی ئەو شارە پێک هاتووە و خاوەن پێگەیەکی جەماوەریی بەهێزە.

ڕێکخستنی کۆنسێرت و فێستیڤاڵی شانۆ لەم ساتەوەختەدا دەتوانێ لانیکەم سێ ئامانجی قێزەونی لە پشت بێت؛ یەکەم وەک ئاماژەی پێکرا هەوڵێکە بۆ ئاسایی‌نیشاندانی بارودۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتی لە شارەکانی کوردستان، دووهەم هەڵخەڵەتاندن و فریودانی ڕای گشتی بەتایبەت خەڵکانی ساویلکە بۆ دوورکەوتنەوە لە کەتوار و ڕاستییە تاڵە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان، سێهەم شێواندنی کەشی کۆمەڵگا لەم مانگەدا کە مانگی گەورەجینایەتی کۆماری ئیسلامی، واتە تێرۆرکردنی شەهید قاسملوو و هاوڕێیانییەتی.

ئەوەی کە گومانی لەسەر نییە هونەرمەندان لە هەموو قۆناغەکانی شۆڕش و خەباتی ئازادیخوازانەی گەلانی جیهان و یەک لەوان گەلی کورد ڕۆڵ و نەخشی دیار و بەرچاویان گێڕاوە و توانیویانە هەم ببنە هۆی بەردەوامیی شۆڕشەکە و هەم قورسایی بە شۆڕشەکە ببەخشن؛ لە ڕەوتی شۆڕشی ژیناشدا ئێمە شاهێدی دەرکەوتنی دیار و کاریگەری هونەرمەندانی کورد لە هەموو ئاستەکانی موسیقا، شانۆ، نیگارکێشی، پەیکەرتاشی، گرافیک، سینما، شێعر و هتد بووین و دیتمان کە چلۆن بە هەستی پاکی خۆیان ڕۆحیان وەبەر شۆڕشەکە نا و وەک پەپوولە بە دەوری گڕی شۆڕشەکەوە بوون تا خوێنی لاوانی نیشتمان بەفیڕۆ نەچێ. لە ئێستەشدا کە گڵۆڵەی تەمەنی ڕێژیم کەوتووەتە لێژی و هەر ساتێک کە تێدەپەرێ لە تەمەنی ڕێژیم کەم دەبێتەوە، دەبینین کە دەیهەوێ بە کەڵکاوەژوو وەرگرتن لە هونەر و بەئامرازکردنی، درز و کەلێن بخاتە نێو ڕیزی شۆڕشگێڕان لەلایەک و لەلایەکی دیکەشەوە وەها بنوێنێ کە ئێران شامی شەریفە و ئاراستە فکری و زەینییەکان بەلاڕێدا ببات کە ئەم هەوڵەی ڕێژیم لەلای هونەرمەندانی دەروەست جێگەی پەسن و قبووڵ‌کردن نەبووە و "نا"یان وتووەتەوە بە بکوژانی ڕۆڵەکانی نیشتمانەکەیان.

لەسەر ئەم بنەماشە کە دەبێ بزانین ئەرکی هەموو تاکێکی نیشتمانپەروەر و دەروەستە کە دژ بەم فریوکارییانە ڕابوەستێ و جیا لەوەیکە نابێ بەشداری ئەم چەشنە شانۆکارییانە ببێ بەڵکوو دەبێ لە هەموو دەرفەتێکی لواو بۆ لەقاودانی سیاسەتەکانی ڕێژیم کەڵک وەربگرێ؛ لە بیرمان نەچێ کەم نەبوون ئەو هونەرمەند و وەرزشکار و کەسایەتییە پێگەدارە ئاکادێمیسیەنانەی کە بەهۆی جەوری سیستمی زاڵ ناچار بوون خاک و نیشتمانی خۆیان بەجێ بهێڵن و ژیانی هەندەرانیان هەڵبژاردووە بۆیە دەبێ تاک بە تاکی کۆمەڵگاکەمان بە کردار بیسەلمێنن کە ئەم چەشنە هەوڵ و تەقەلایانەی ڕێژیم بێمایە و جێ نەکەوتووە.