کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لەسێدارەدانی بەکۆمەڵی ١١ زیندانی لە بەندیخانەی ناوەندیی کەرەج لە یەک ڕۆژدا

11:03 - 25 بەفرانبار 2723

هەواڵدەریی هێرانا لە ڕاپۆرتێکدا باسی لە لەسێدارەدانی بەکۆمەڵی ١١ زیندانی لە بەندیخانەی ناوەندیی کەرەج لە ڕۆژی یەکشەممە ٢٤ی بەفرانباردا کرد.

ئەو ماڵپەرە مافی مرۆییە نوسیوویەتی کە بەپێی ڕاپۆرتی ساڵانەی بارودۆخی مافی مرۆڤ لە ئێران، لە ساڵی ڕابردوودا، ناوەندە پێوەندیدارەکانی ڕێژیم تەنیا ٣٤ لەسەدی لەسێدارەدانەکانیان لە ئێران ڕاگەیاندووە.

بەپێی ئاماری ساڵانەی هێرانا، لە ساڵی ٢٠٢٣دا لانیکەم ٧٩١ هاووڵاتی لە سێدارە دراون کە ٢٥ کەسیان ژن و ٢ کەسیشیان منداڵ بوون، کە بە بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی ڕابردوو زیاتر لە ٣٣ لەسەد زیادی کردووە.

هەروەها بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی، لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٢ تا بێوەڕاستی ساڵی ٢٠٢٣، زیاتر لە ٥ هەزار کەس لە ئێران لەسێدارە دراون کە لانیکەم ٥٧ کەسیان منداڵ بوون

هەر لەم پێوەندییەدا، کانوونی نووسەرانی ئێران بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک لە ڕۆژانی رابردوودا،داوای هەڵوەشاندنەوەی حوکمەکانی دەزگای بەناو دادوەریی کۆماری ئیسلامی و ئازادکردنی ئەو کەسانەی کرد کە بەهۆی چالاکیی سیاسی یان دەربڕینی بیروڕا بەند کراون.

کانوونی نووسەرانی ئێران بە ئاماژەدان بە بەرزبوونەوەی ژمارەی لەسێدارەدانەکان دوای ڕاپەڕینی ''ژن ژیان ئازادی'' جەختی لەوە کردەوە کە دەرکردنی حوکمی لەسێدارەدان، شکستە سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی، کولتووری و ئیدئۆلۆژییەکانی دەسەڵاتدارانی ڕێژیم نە قەرەبوو دەکاتە و نە دایدەپۆشێت.