کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیم لە مانگی بەفرانباردا، سزای بەسەر ٥٠ چالاکی سیاسی و مەدەنیی کوردستاندا سەپاندووە

10:18 - 2 رێبەندان 2723

ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، خۆڕاگری بە بڵاوکردنەوەی ئامارێک باسی لە پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە مانگی بەفرانبار لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە کردووە.

بەپێی ئاماری خۆڕاگری، لە مانگی بەفرانباری ئەمساڵدا، ٥٠ کەس لە چالاکانی سیاسی و مەدەنی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی ڕێژیمەوە بە تۆمەتی چالاکیی مەدەنی، دژایەتی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی و هاوکاری لەگەڵ حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامی دەسبەسەر و ڕەوانەی گرتنگە ئەمنییەکانی ئیتلاعات کراون، کە بەشێکیان دوای تەواوبوونی لێکۆڵینەوە بە بارمتەی قورس ئازاد کراون و بەشێکیان تا ئێستا لەژێر لێکۆڵینەوەدان و چارەنووسیان ناڕوونە.

بەپێی ئەم ئامارە، ١٧ کەس لە چالاکانی سیاسی و مەدەنی لە شارە جیاکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە پێشتر لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە دەسبەسەر کراون و لێکۆلینەوەیان لێ کراوە، لەلایەن دادگای ئینقلابی ڕێژیمەوە، دۆسییەکەیان یەکلایی کراوەتەوە و سزای لەسێدارەدران و بەندکران و پێبژاردن و دوورخستەنەوەیان بەسەردا سەپاوە.

بە شێوەیەکی گشتی ئەم کەسانە، سەرجەم بە ٦٩ ساڵ و ٣ مانگ و ٢٠ ڕۆژ بەندکرانی تەعزیری و لێدانی ٧٤ قامچی و ٥٠ ملیۆن تمەن پێبژاردن مەحکووم کراون.

٤ کەس لە بەندکراوانی سیاسیش بە ناوەکانی پژمان فاتحی، موحسن مەزڵووم، وەفا ئازەربار و محەممەد فەرامەرزی  سزای لەسێدارەدرانیان بەسەردا سەپاوە.

خۆڕاگری لەم راپۆرتەدا جەختی کردووەتەوە کە پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە ڕۆژبەڕۆژ پەرە دەستێنێ. لەسێدارەدرانی چالاکانی سیاسی، دەسبەسەرکردن و بەندکردنی چالاکانی سیاسی و مەدەنی، بەردەوامیی توندوتیژی دژی ژنان بە بیانووی ڕەچاونەکردنی حیجابی زۆرەملێ، کوشتنی کۆڵبەران، باسی گرینگی نێو میدیا و ڕاگەیاندنە گشتییەکانن کە بەداخەوە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ناوەندەکانی داکۆکیکار لە مافی مرۆڤ لە ئاست ئەو هەموو پێشێلکارییە بێدەنگن.