کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێبەر و سەرکردەکانی ڕێژیمی ئێران بە باشی لە زمانی زۆر تێدەگەن

19:25 - 23 خاکەلێوه 2724

فرێدریک ئانسێڵ شارەزای زانستە سیاسییەکان و ژێئۆپۆلێتیکی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە وتارێکدا بۆ حەفتەنامەی ئێکسپرێس توندڕەوی و ترسنۆکیی سەرکردەکانی ڕێژیمی خستووەتە بەرباس.

فرێدریک ئانسێڵ نووسەری وتارەکە بە ئاماژەدان بە تێپەڕبوونی حەفتەیەک لە هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر کونسولخانەی ڕێژیم و هەڕەشەی ڕێبەری ڕێژیم سەبارەت بە تۆڵەسەندنەوە، باسی لەوە کردووە کە تاکوو ئێستا ڕێژیم هیچ کاردانەوەیەکی نەبوووە.

وتارەکە زیادی دەکات: لەکاتێکدا کە باڵاترین فەرماندەی سپای قودس لە هێرشەکەدا کوژراوە و هەروەها عەلی خامنەیی ئەو هێرشەی وەک هێرش بۆ سەر خاکی ئێران لە قەڵەم داوە، بەڵام هیچ کاردانەوەیەک ڕووی نەداوە، ئەمە دەریدەخات کە سەرکردەکانی کۆماری ئیسلامی دەمارگرژ و توندڕەون بەڵام گەمژە نین چونکە دەترسن و زمانی زۆر و هێز بە باشی تێدەگەن.

نووسەری وتارەکە لە بەشێکی دیکەدا ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانی هاوشێوەی هەموو دیکتاتۆرییەتە دواکەوتووەکان ناو بردووە کە لە نێوخۆی وڵاتەکانیاندا توندڕەون و توندوتیژی بەرامبەر بە هاووڵاتییان دەکەن بەڵام لە بەرامبەر ئەرتەشە بەهێزەکانی دەرەوەی وڵات زۆر نەرمی دەنوێنن.

ئانسێڵ لەم پێوەندییەدا زیادی دەکات کە ڕێژیمی ئیسلامی لەکاتێکدا کە ژنان و کچان لە سیاچاڵەکانیدا دەکوژێت بەڵام لە بەرامبەر ئەرتەشی پاکستان و ئیسرائیل گوڵۆڵەی دەکەوێتە لێژی.

بەپێی باوەڕی ئەم لێکۆڵەرە ڕێژیمی ئیسلامی لە سەرەتای دامەزراندنیەوە داهێنەری وێژەی بێزارکەری دژە ئیسرائیلی بووە و بەردەوام هەڕەشەکانی خۆی لە چوارچێوەی سووتاندنی ئاڵای ئیسرائیل، کە بووەتە گاڵتەی دەستی لاوەکان ئەنجام داوە لەحاڵێکدا کە تاکوو ئێستە یەک ئەندامی سپای پاسداران لە بەرامبەر ئیسرائیلدا شەڕی نەکردووە و یەک مووشەکی ئێرانیش بەر خاکی ئیسرائیل نەکەوتووە.

فرێدریک ئانسێڵ لە کۆتایی وتارەکەیدا ئاماژەی بەوە داوە کە ڕێژیمی ئێران میلیشیاکانی وەک قەڵغانێک بەرامبەر بە ئیسرائیل بەکار دەهێنێت و ڕایگەیاندووە کە تاکوو ئێستا حیزبوڵڵای لوبنان هەزاران ئەندامی خۆی لە چوارچێوەی سیاسەتەکانی ڕێژیمی ئێران لەدەست داوە لەحاڵێکدا سپای پاسداران تەنیا دەیان کەسی لەم شەڕانەدا کوژراوە.

ئانسێڵ بەم پێیە گەیشتووەتە ئەو باوەڕەی کە سەرکردەکانی ڕێژیم، کەسانێکی توندڕەون کە زۆر بە باشی زمانی زۆر تێدەگەن و لە کاتی خۆیدا دەترسێن.