کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

جۆ بایدێن لە هەمبەر هەڕەشەکانی ئێران لە ئیسرائیل هۆشداریی بە ڕێژیمی ئێران دا

11:56 - 25 خاکەلێوه 2724

ڕۆژی هەینی ٢٤ی خاکەلێوە، جۆ بایدێن لە کۆبوونەوەیەکی ڕۆژنامەوانی لە کاردانەوە بە هەڕەشەکانی ڕێژیمه ئیسلامیی ئێران لە دژی ئیسرائیل، بە کاربەدەستانی ڕێژیمی ئێران وت: ''ئەو کارە مەکەن، ئەمریکا پێبەندە بە بەرگریکردن لە ئیسرائیل و ئێوە سەرکەوتوو نابن.''

ناوبراو لە وەڵامی پرسیارێک سەبارەت بە کات و شوێن و ئەگەری هێرشی ڕێژیمی ئێران بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئیسرائیل، ڕوونی کردەوە: ''نامەوێت زانیاری نهێنی ئاشکرا بکەم، بەڵام ئەم هێرشە درەنگ یان زوو ڕوودەدات.''

ئەم قسانەی باڵاترین بەرپرسی ئەمریکا لە کاتێکدایە کە ژمارەیەکی زۆر لە ئاژانسەکانی هەواڵ و سەرچاوە هەواڵییەکانی جیهان ڕۆژی هەینی هەواڵی سەبارەت بە هێرشی نزیکی ئێران بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئیسرائیل بڵاو کردبووە.

هەروەها جان کێربی، ڕێکخەری پێوەندییە ستراتیژییەکانی کۆشکی سپی و ژمارەییەکی زۆر لە بەرپرسانی ئامریکا، هۆشداریان داوە و هێرشی نزیک لە لایەن ڕێژیمی ئێرانەوە بۆ سەر ئیسرائیل بە ڕاستەقینە و باوەڕپێکراو ناوبردوە و جەختیان لە پێبەندبوونی ئەمریکا بۆ بەرگریکردن لە ئیسرائیل و پاراستنی هاووڵاتیانی ئامریکی و بەرژەوەندییەکانی کردووە.

لە هەمان کاتدا، ڕۆژی هەینی چەند وڵاتێک لەوان هیند و فەڕانسە، ئاڵمان و ئوتریش داوایان لە هاووڵاتییانی وڵاتەکەیان کرد کە بۆ ئێران، لوبنان، ئیسرائیل و ناوچەکانی فەڵەستین سەرفەر نەکەن.