کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کاردانەوە و پێشبینییەکان لەسەر چڕتربوونەوەی گرژییەکانی نێوان ئێران و ئیسرائیل

12:40 - 25 خاکەلێوه 2724

بەپێی زانیاریی سەرچاوە هەواڵدەرییەکانی ئەمریکا، ڕێژیمی ئێران بە مەبەستی هێرشی تۆڵەئەستێن لە ئیسرائیل، ژمارەیەکی زۆر مووشەکی کڕووز و دڕۆنی لە نێوخۆی وڵاتدا ڕاگواستووە.

بەپێی ڕاپۆڕتی ''سی ئێن ئێن ''لە زاری بەرپرسێکی باڵای هەواڵگریی ئەمریکاوە، ئەگەری هەیە کە ڕێژیمی ئێران ڕاستەوخۆ و بە هاوکاریی میلیشیاکانیەوە، هێرش بکاتە سەر هەندێک شوێن لە نێوخۆی ئیسرائیل.

ئەم سەرچاوە زانیارییە زیادی کردووە کە ئەگەری هەیە ئێران جگە لە هێرشکردنە سەر ئیسرائیل ژمارەیەک هێرشی هاوشیوە بۆ سەر چەند شوێن لە ناوچەکەدا ئەنجام بدات.

سی ئێن ئێن لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگاداری دیکەوە هێناویەتی کە ڕێژیمی ئێران لە هەوڵدایە تاکوو وڵامێکی گرینگ بە ئیسرائیل بداتەوە، بەڵام لە هەمان کاتیشدا خۆی لە بەرەوڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئیسرائیل دوور دەگرێت، بۆیە ئەگەری هەیە کە یەکەمین هێرش لەلایەن میلیشیاکانی ڕێژیمەوە ئەنجام بدرێت.

هەر لەم چوارچێوەدا کاناڵی ''ئەی بی سی نیووز''ی ئەمریکا ڕۆژی هەینی لە زاری ژمارەیەک لە کاربەدەستانی ئەمریکایی کە ناویانی نەهێناوە، ڕایگەیاند "ئێران ١٠٠ مووشەکی کڕووزی بۆ هێرشکردنە سەر ئیسرائیل ئامادە کردووە".

هاوکات لەگەڵ هەموو ئەم پێشبینییانە، هەڕەشەی بەرپرسانی ئیسرائیل سەبارەت بە تۆڵەسەندنەوەی ڕاستەوخۆی ڕێژیم و پشتیوانییەکانی ئەمریکا بۆ ئیسرائیل لەم نێوانەدا بەردەوامە.

لەم پێوەندییەدا جۆ بایدێن سەرۆککۆماری ئەمریکا لە کاردانەوە بە هەڕەشەکان لە ئیسرائیڵ بە شێوەیەکی ڕاشکاوانە و ڕوو لە سەرکردەکانی ڕێژیم ڕایگەیاند: "ئەمریکا پێبەندە بە پشتیوانیکردن لە ئیسرائیل و ئەم کارە مەکەن، چوون تێیدا سەرکەوتوو نابن".

هەروەها بە وتەی سەرچاوە ئیسرائیلییەکان سەردانی ژێنێڕاڵ مایکڵ ئێریک کووریلا فەرماندەی گشتیی ناوەندی فەرماندەیی ئەمریکا ''سێنتکام ''بۆ ئیسرائیل، ماوەی ڕۆژێکی دیکە درێژ بووەتەوە.