کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەمریکا هەر جۆرە وتووێژی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئێران بۆ زیندووکردنەوەی بەرجامی ڕەت کردەوە

10:51 - 5 بانەمەڕ 2724

جێگری وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا سەبارەت بە دەنگۆی دەستپێکردنەوەی وتوویژەکانی بەرجام وتی: ''ئێمە ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئێران سەبارەت بە بەرجام وتووێژ ناکەین چ لە نیویۆرک یان لە هەر شوێنێکی تر.''

ڤێدانت پاتێل ڕۆژی سێشەممە ٤ی بانەمەر لە دانیشتنێکی ڕۆژنامەوانیدا، سەرەڕای ڕەتکردنەوەی وتووێژە ڕاستەوخۆکان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی، ڕەتی کردەوە هیچ لێدوانێک لەسەر وتووێژە ناڕاستەوخۆکان لەگەڵ ڕێژیمی ئێران لە چوارچێوەی بووژانەوەی بەرجام بدات.

هێندێک سەرچاوە لە شورای باڵای ئەمنییەتی میللیی کۆماری ئیسلامی ماوەیەک لەمەوبەر ڕایانگەیاند کە ئێران نامەیەکی لە ئەمریکاوە پێگەیشتووە کە تێیدا پێشنیاری دەستپێکردنەوەی وتووێژەکانی بەرنامەی ناوکی کراوە و لە ئەگەری هاوکاریی تاران و سنووردارکردنی بەرنامەی ناوکیییەکەی بەشێک لە گەمارۆ ئابووری و غەیرە ئابوورییەکانی هەڵدەوەشێندرێنەوە.

هەروەها جێگری وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لەو دانیشتنە ڕۆژنامەوانییەدا لە وڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە ڕاپۆرتی نوێی ئەمریکا سەبارەت بە دۆخی مافەکانی مرۆڤ و بە تایبەت هەڕەشەکان بۆ سەر ڕۆژنامەوانان ڕایگەیاند: ''کۆماری ئیسلامی تا ئێستاش یەکێک گەورەترین هەناردەکارانی تیرۆریزمە و لە ساڵی ١٣٥٧ەوە نیشانی داوە کە گرینگی بە ئازادی نادات و لە سەرکوتکردنی جیددیی کۆمەڵگەی مەدەنی و هەڕەشەکردن لە میدیا و پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ بەردەوامە. ''

ڤێدانت پاتێل زیادی کرد: سەبارەت بەم حاڵەتانە، لە هەنگاونان بۆ لێپرسینەوە لە ڕێژیمی ئێران بەرامبەر بە شارۆمەندەکانی و پێشێلکردنی مافە بنەڕەتییەکانیان بەردەوام دەبین.