کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نیگەرانیی گرووسی لە دەسپێڕاگەیشتنی ڕێژیم بە چەکی ناوکی

11:23 - 5 بانەمەڕ 2724

ڕافائێل گرووسی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ناوکی لە وتووێژێکدا لەگەڵ دۆیچە وێلە کە ڕۆژی سێشەممە ٤ی بانەمەڕ بڵاو کرایەوە، ڕایگەیاند ئێران چەند حەفتەیەکی ماوە تاکوو دەستی بە ئۆرانیۆمی پیتێنراوی پێویست بۆ بەرهەمهێنانی چەکی ناوکی ڕابگات .

ناوبراو لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا دەڵێ هەرچەندە پیتاندنی ئۆرانیۆم لەم ئاستەدا جێگای نیگەرانییە، بەڵام ناتوانین ڕاستەوخۆ بەو ئەنجامە بگەین کە ئێران ئێستا چەکی ناوکیی هەیە و لەم ماوەیەدا دەستی بە چەکی ناوکی ڕادەگات.

گرووسی ڕوونی کردەوە کە کڵاوەی ناوکی پێویستی بە کەرەستەی دیکە و بەرهەمهێنانی سەربەخۆ هەیە.

ناوبراو ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد کە هەڵسوکەوتەکانی ئێران بووەتە هۆی دروستبوونی گومان، لەلایەکی تریشەوە نەبوونی دەرفەت بۆ دەستپێڕاگەیشتنی ئاژانس بە ناوەندە ئەتۆمییەکانی ئێران بەمەبەستی چاودێریکردنی بەرنامەی ناوکیی تاران و دۆزینەوەی مادە پیتێنراوەکانی ئۆرانیۆم لە شوێنە ناپێوەندیدارەکان بەشێکی دیکە لە هۆکاری زیاتربوونی گومانەکانمان لەو پێوەندییەدان.

 گرووسی ڕایگەیاند کە بەمزووانە بۆ خولی نوێی دانووستان لەگەڵ تاران، سەردانی ئێران دەکات و وتی پەیامی ئێمه‌ بۆ ئێران ئەوەیە کە پێویستە زیاتر لەگەڵ ئاژانسدا هاوکاری بکات.

گومان دەکرێ کە دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران یەکێک لە ئامانجە نیزامییەکانی ئیسرائیل بن؛ گرووسیش لەم دواییانەدا بە ئاماژەدان بە بەئامانجگرتنی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی عێراق لەلایەن ئیسرائیلەوە لە ساڵی ١٣٦٠دا وتی کە ئاژانس نایەوێت ئەزموونی عێراق دووبارە ببێتەوە، بەڵام ئەگەر ئێران لە ڕەتکردنەوەی ڕوونکردنەوە و پشکنینەکان بەردەوام بێت، ئێمە لەو خاڵە نزیک دەبینەوە کە ڕەتی بکەینەوە و دڵنیایی باوەڕپێکراو بدەین کە بە تەواوەتی دڵنیاین کە چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئێران بە تەواوی ئاشتییانەن.