کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەردەوامیی هێرشی هێزەکانی ڕێژیم بۆ سەر ژنان و کچان لە شەقامەکانی ئێران و کوردستاندا

12:38 - 5 بانەمەڕ 2724

دوای ڕاگەیاندنی چەندین گەڵاڵە و پیلانی جۆراوجۆر لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە بۆ بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ لابردنی حیجاب و سەپاندنی حیجابی زۆرەملێ لە شارەکانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ئێستادا هێزەکانی ڕێژیم خەریکن ئەوپەڕی دڕندەیی خۆیان بەرانبەر بابەتی بێ حیجابی کە بووەتە هۆی شێواندنی چوارچێوەی دەسەڵاتی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران نیشان دەدەن.

بەپێی گرتە ڤیدیۆیەک کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاو کراوەتەوە لە ڕۆژانی ڕابردوودا هێزەکانی گەشتی ئێرشادی ڕێژیم لە شاری ورمێ بە هۆی بەرچاو نەگرتنی حیجابی زۆرەملێ و دیاربوونی بەشێک لە پرچی خاتوونێک لە ناو شەقامێکی سەرەکیی ئەو شارە هێرش دەکەنە سەری و ئازار و ئەزیەتی دەدەن.

هەر لەو کاتەدا هاووڵاتیان کە ئەو هێرش و ئازاردانەی هێزەکانی ڕێژیم دەبینن بەرەنگاریان دەبنەوە و هێرش دەکەنە سەر هێزەکانی گەشتی ئێرشاد و دەریان دەکەن.

بەپێی ئەو وێنە و ڤیدیۆیانەی کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاو دەکرێنەوە ژنان و کچان ڕۆژانە لە شار و ناوچە جیاکانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕووبەڕووی ئەم چەشنە هێرشە دڕندانەیە دەبنەوە و سەرەڕای ئازار و ئەزیەت، بەشێکیان بۆ ناوەندە ئەمنییەکانی ڕێژیم دەگوازرێنەوە و دۆسییەییان بۆ دروست دەکرێ.

هەروەها لە ڕۆژانی ڕابردوودا چەندین ڤیدیۆی دیکە بڵاو کراونەتەوە کە هێزەکانی ڕێژیم سەرەڕای ئازاردانی کچان بە مۆبایلی خۆیان وێنەیان لێ دەگرن، هەروەها لە ڤیدیویەکی دیکەدا دەرکەوتووە کە لە مێترۆی تاراندا هێزەکانی ڕێژیم هێرش دەکەنە سەر کچێک و دەیانهەوێ دەسبەسەری بکەن و لە ئاکامدا کچەکە تەندرووستی تێک دەچێ و لە هۆش خۆی دەچێ.

ئازار و ئەزیەتکردنی خەڵک بەتایبەتی ژنان و کچان لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە بەتایبەتی هێزەکانی گەشتی ئێرشاد وەک نموونەیەک شەهیدکردنی ژینا ئەمینی کارێکی نوێ نییە بەڵام دوای شۆڕشی سەرانسەریی ژن، ژیان، ئازادی و هەستانەوەی ژنان دژی هەموو ئایدۆلۆژییەکی ڕێژیم، و خۆڕاگری و ئیرادەیان بەرانبەر ئەو سەرکوتکارییە وای کردووە کە تەنانەت عەلی خامنەیی ڕێبەری ڕێژیم بە فەرمی داوای داڕشتنی پیلان و گەڵاڵەی نوێ  بۆ بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ بابەتی لابردنی حیجاب و سەپاندنی حیجابی زۆرەملێ بکات و تا ئێستا چەندین گەڵاڵە و پیلان بە ناوەکانی گەڵاڵەی نوور و باڵیوزەکانی مێهر بۆ سەرکوتی ژنان و کچان و سەپاندنی حیجاب لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە بەڕێوە چووە.