کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کەیوان ڕەشۆزادە بەندکراوی سیاسیی کورد لە مانگرتن بەردەوامە

17:03 - 5 بانەمەڕ 2724

حەوت ڕۆژ بە سەر مانگرتنی کەیوان ڕەشۆزادە بەندکراوی سیاسیی کورد لە بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ لای داوە و ڕێگە نادەن کە بچێتە ژێر چاوەدێریی پزیشکییەوە.

بەپیی ڕاپۆڕتی تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان ڕۆژی سێشەممە ٤ی بانەمەڕ، کەیوان ڕەشۆزادە کە بە هۆی ئەشکەنجەدان لەلایەن مەئمورانی بەندیخانەوە زیانی پێ گەیشتووە، ڕێگەی پێ نادرێت تاکوو بچێتە لای پزیشک.

تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان ڕایگەیاندووە کە پەیمان خانزادە بەرپرسی بەندیخانەی ورمێ ڕێگە نادات کە ناوبراو بچێتە ژێر چاوەدێریی پزیشکییەوە و هەروەها چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵە و تەنانەت پێوەندیی تلفۆنیشی هەبێت.

ڕاپۆڕتەکە زیادی کردووە کە مەئموورانی بەندیخانە ڕێکەوتی ٢٩ی خاکەلیوە هەڵیانکوتاوەتە سەر کەیوان ڕەشۆزادە لە بەندی سیاسیی بەندیخانەکە و دوای لێدانێکی زۆر بۆ بەندی تاکەکەسی ڕایانگواستووە.

بەپێی زانیارییەکانی ئەم ڕاپۆڕتە ناوبراو بەتوندی لەژێر ئەشکەنجەدا بووە و دۆخی تەندروستیشی لە بەندی تاکەکەسیدا ناجێگیرە.

کەیوان ڕەشۆزادە پێشتریش لە جۆزەردانی ساڵی ١٤٠١دا لە ناڕەزایەتی بە ڕێگەنەدان بە چوونی بۆ مورەخەسی، لێوەکانی خۆی دوورییەوە  و مانی گرت.

ناوبراو لە ڕێکەوتی ١٦ی ڕەزبەری ساڵی ١٣٩٨ی هەتاوی بە تۆمەتی ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی دژبەرەکانی کۆماری ئیسلامدا دەسبەسەر کرا و پاش مانگێک لێپێچینەوە بۆ بەندی لاوانی بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ ڕاگوێزرا.