کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سپای پاسداران لە مەرگەوەڕی ورمێ دەستی بە سەر ٣٠٠ سەر ئاژەڵی خەڵکدا گرتووە

17:08 - 5 بانەمەڕ 2724

سپای پاسداران لە گوندی ژاراوا سەر بە ناوچەی مەرگەوەڕی ورمێ دەستی بە سەر ٣٠٠ سەر ئاژەڵی خەڵکدا گرتووە و بۆ کوشتارگای ناردوون و هەروەها دوو کەس لە شوانی ئاژەڵەکانیشیان دەسبەسەر کردووە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران شەوی یەکشەممە ٢ی بانەمەڕ سپای پاسداران لە هەوڵێکی نایاساییدا و لە پشت گوندی باوان سەر بە ناوچەی مەرگەوەڕ دەستی بە سەر ٣٠٠ سەر لە ئاژەڵی خەڵکی گوندی ژاراوادا گرتووە.

بەپێی زانیارییەکان خەڵکی گوندی باوان لە کاتی نوێژی بەیانی بە بڵیندگۆی مزگەوت ئاگادار کراونەتەوە و پاشان ژنان و پیاوانی گوند بە تێکڕایی چوونەتە هانای ئەو کاسبکارانەوە کە دەست بە سەر ئاژەڵەکانیاندا گیراوە و لە ئەنجامدا ٢ ماشینی هێزە داگیرکەرەکانی سپای پاسدارانیان تێک شکاندووە.

ئەم سەرچاوە زیادی کردووە کە سپای پاسداران پاش بڵاوەپێکردنی خەڵک و لە تۆڵەدا دوو کەس لە شوانەکان بە ناوەکانی محەممەدڕەزا حوسێنپوور تەمەن ١٨ ساڵ و بێهزاد عەزیزی عەبدی تەمەن ٣٠ ساڵی بە توندوتیژی و لێدانێکی زۆر دەسبەسەر کردووە و بۆ شوێنێکی نادیار رایگواستوون کە هەر ئاگاداری بابەتەکەش نەبوونە.

ئەم سەرچاوە باسی لەوەش کردووە کە شوانەکانی دیکەش دەسبەسەر و پاشان بە بارمتە ئازاد کراون و ئاژەڵەکانیشیان ڕەوانەی کوشتارگا کراون.