کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لێبوردنی نێونەتەوەیی: کۆماری ئیسلامی سیاسەتی سەرکوت و هەڵاواردنەکانی توندتر کردووە

17:11 - 5 بانەمەڕ 2724

ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی لە ڕاپۆرتی ساڵی ٢٠٢٣دا سەبارەت بە ئێران نووسیویەتی، دوای ڕاپەڕینی "ژن، ژیان، ئازادی"، کۆماری ئیسلامی سەرکوتکردنی مافی ئازادی ڕادەربڕین، کۆبوونەوەی ئاشتیخوازنە و دژایەتیکردنی ژنانی دژبەری حیجابی زۆرەملێ چڕتر کردووەتەوە.

لەم ڕاپۆرتەدا کە ڕۆژی چوارشەممە ٥ی بانەمەڕ بڵاو کراوەتەوە، باس لەوە کراوە کە کۆماری ئیسلامی لە کەڵک وەرگرتن لە سزای لەسێدارەدان وەک ئامرازێک بۆ سەرکوتی سیاسی دژبەران، ناڕازییان و کەمینە نەتەوەییەکان بەردەوامە.

لێبوردنی نێودەوڵەتی زیادی کرد کە ڕێژەی ئێعدامەکان لە ئێران لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٣ بەراورد بە ساڵی ڕابردوو زیادی کردووە و سزای لەسێدارەدان بۆ تۆمەتەکانی پێوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکان نزیکەی دوو هێندە زیادی کردووە.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتە کۆماری ئیسلامی بە وروژاندنی تۆمەتی وەک موحاریبە، موفسیدی سەر زەوی و لە دین وەڕگەڕان  ژمارەیەک کەسی لە سێدارە داوە.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی، لە ساڵی ٢٠٢٣دا کۆماری ئیسلامی هەروا درێژەی بە سیاسەتی خۆی لەگەڵ ژنان وەک هاوڵاتی پلە دوو دا و ئەم ڕاونگە پڕ لە هەڵاواردنەی لە بابەتەکانی وەک هاوسەرگیری، تەڵاق، سەرپەرشتیکردنی منداڵ، دامەزراندن، میرات و بەشداریکردن لە پۆستە سیاسییەکان جێبەجێ کردووە.

ئەم ڕێکخراوەی مافی مرۆڤ زیادی کرد باسی لەوە کرد کە ڕێژیمی ئێران سەرکوتی ئەو ژنانەی کە بەرەنگاری حیجابی زۆرەملێ دەنبەوە چڕتر کردووەتەوە و سیاسەتی پێشێلکردنی مافە کۆمەڵایەتی، ئابووری، فەرهەنگی، مەدەنی و سیاسییەکانی ژنانی زیاتر لە جاران گرتۆتەبەر.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە لە ساڵی ٢٠٢٣دا زیاتر لە هەزار و ٨٠٠ شوێنی بازرگانیش بەهۆی جێبەجێنەکردنی سیاسەتی حیجابی زۆرەملێ داخران.

لێبوردنی نێونەتەوەیی باسی لەوەش کردووە کە کۆماری ئیسلامی هەڵاواردنێکی بەربڵاوی بەرامبەر کەمینە نەتەوەییەکانی وەک کورد، عەرەب، بەلووچ، تورک و تورکمان داسەپاندووە و هەروەها ئاماژەی بە پێشێلکردنی مافی کەمینەکانی مەزهەبی نێو ئێرانی کردووە.