کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

جەختکردنەوەی نوێنەرانی پارلمانی ئورووپا لەسەر سزادانی زیاتری تاران و بە تێرۆریست ناساندنی سپای پاسداران

17:14 - 5 بانەمەڕ 2724

نوێنەرانی پارلمانی ئورووپا لە کۆبوونەوەیەکدا ڕۆژی چوارشەممە ٥ی بانەمەر، باسیان لە هێرشی ئەم دواییەی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر ئیسرائیل کرد و خوازیاری سەپاندنی گەمارۆی زیاتر دژی ڕێژیمی ئێران و بە تێرۆریست ناساندنی سپای پاسداران بوون.

لەم دانیشتنەدا بێرت جان ڕۆیسن، نوێنەری هولەند لە پارلامانی ئورووپا، کۆماری ئیسلامی بە "هێزی سەرەکی تێکدەر لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست" وەسف کرد و زیادی کرد کە هێرشی ئەم دواییەی ڕێژیمی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل جارێکی دیکە ئەمەی سەلماند.

ناوبراو لێدوانەکانی پێشووی جۆزێڤ بورێل بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکیەتیی ئورووپای سەبارەت بە پێویستیی بڕیارێکی دادوەری بۆ ناساندنی سپای پاسداران بە ''بێ بنەما'' ناوبرد و وتی کە قۆڵی درێژی ئەم دامەزراوە سەربازییە بەهەمان شێوە گەیشتووەتە خاکی ئورووپا.

جۆزێڤ بورێل لە مانگی ڕێبەندانی ساڵی ١٤٠١دا وتبووی: ''هەتا دادگایەک لە وڵاتانی ئەندامی یەکیەتیی ئورووپا، سپای پاسدارانی ئینقلابی ئیسلامی وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی نەناسێنێت، یەکیەتیی ئورووپا ناتوانێت ئەم دامەزراوەیە بخاتە لیستی گرووپە تیرۆریستییەکانەوە.

چارلی وایمەزر، نوێنەری سوید لە پارلمانی ئورووپا، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکیەتی ئورووپای بە "درۆزن" تۆمەتبار کرد و ڕایگەیاند، بە پشتبەستن بە بۆچوونی نهێنی دادوەریی شورای یەکیەتیی ئورووپا، پێویست بە بڕیارێکی دادگایەکی ئورووپایی بۆ بەتیڕۆریست ناساندنی سپای پاسداران ناکات.

وایمەرز ڕوو بە بورێل زیادی کرد: ''تۆ ئەم بەڵگەنامەیەت هەبوو و سەرەڕای ئاگاداری ئەم ڕاستییە، بێ شەرمانە ڕەتت کردەوە ناوی سپای پاسداران بخەیتە لیستی گرووپە تیرۆریستییەکانەوە''. و هەروەها بە گاڵتەجاڕیەوە وتی: ''بە دڵنیاییەوە مەلاکان بیرت دەکەن.''

جۆزێف بۆرێل لەو دانیشتنەدا کە بە توندی ڕەخنەی لێ گیرا و قسەکانی پچرا، بەڵێنی دا کە گەمارۆکانی یەکیەتیی ئورووپا بۆ سەر کۆماری ئیسلامی زیاتر دەبن.

جێگەی ئاماژەیە کە بەرپرسیارەتی بورێل وەک ڕێکخەری سیاسەتی دەرەوەی یەکیەتیی ئورووپا لە مانگی ئۆکتۆبری ئەمساڵ کۆتایی دێت.