کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی کونفڕانسی خەبەری بۆ قوربانییانی تێرۆریسمی کۆماری ئێسلامی لە شاری واشنگتۆنی ئەمریکا

13:38 - 8 بانەمەڕ 2724

ڕۆژی پێنجشەممە، ٦ی بانەمەڕ(٢٥ی ئاوریلی ٢٠٢٤) بە بەشداریی کۆمەڵێک ڕۆژنامەوان و چالاکی سیاسی لە شاری واشنگتۆن دی سی لە ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا، کۆبوونەوەیەکی ڕۆژنامەوانی بۆ کۆمەڵێک لە قوربانییانی تێرۆریسمی کۆماری ئیسلامی لە دەرەوە بەڕێوە چوو.

نەم کۆبوونەوەیە کە لەلایەن یەکیەتی لە دژی دەست‌وپێوەندەکانی کۆماری ئیسلامی لە دەرەوە بەڕێوە چوو بە مەبەستی چڕکردنەوەی کەمپەینی دەرکردنی حوسێن مووسەویان تێرۆریستی کۆماری ئیسلامی لە زانکۆی پرینستۆنی ئامریکا ڕێکخرابوو.

لەو کۆبوونەوەیەدا سەرەتا خاتوو کەژاڵ حاجی عەبباسی چیرۆکی شەوی تێرۆری میکۆنووس لە گۆشەنیگای خۆیەوە باس کرد و ئاماژەی بە چۆنیەتیی کردەوەی تێرۆریستی کۆماری ئیسلامی کرد. خاتوو کەژاڵ حاجی عەبباسی لە درێژەی قسەکانیدا باسی لەوە کرد کە تێرۆری میکۆنووس جیا لە تیرۆری دوکتور قاسملوو نییە و پێویستە هەر لە درێژەی ئەو تێرۆرەدا خوێندنەوەی زیاتر و جیددیی بۆ بکرێت.

پاشان بەڕێز گوڵالە شەرەفکەندی وەکوو دووهەمین کەس لەو کونفرانسەدا تیشکی خستە سەر مێتۆدەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ پێشبردنی سیاستەکانی خۆی و هاوکات ئاماژەی بە تێرۆر و سیخوڕی و شێوە و مێتۆدی کاری نامرۆڤانەی کۆماری ئیسلامی کرد و وتی ڕێژیم لە هەموو ئامرازێک بۆ سەپاندنی سیاسەتەکانی خۆی کەڵک وەر دەگرێ.

دواتر بەڕێز گوڵاڵە شەرەفکەندی بە ئاماژە بە گێڕانەوەی خۆی لە تیرۆری میکۆنووس ئەو مەینەتەی کە لە ئاکامی ئەو تیرۆرە تووشی بنەماڵەکەیان هاتووە بۆ بەشداران باس کرد. لە درێژەدا پەرویز دەستماڵچی وەکوو سێهەم کەس وتەکانی خۆی پێشکەش کرد.

دەستماڵچی لە قسەکانی خۆیدا باسی لەوە کرد کە چۆن میدیاکانی ئاڵمان باسیان لە بەشداریی حوسێن مووسەویان لەو تیرۆرانەی کە لە ئووروپادا کراون کرد و هەروەها لە زمانی شاهیدی سی(C) واتە ئەبولقاسمی مێسباحییەوە باسی لە بەشداریی ڕاستەوخۆی مووسەویان لەو تیرۆرە کرد.