کوردستان میدیا

سایت مرکزی حزب دمکرات کوردستان ایران

بنەماڵەی ٥ عەرەبی ئەهوازی مەحکووم بە ئیعدام لە بەردەم ناوەندە دەوڵەتییەکانی رێژیم ناڕەزایەتییان دەربڕی

12:51 - 8 بهمن 1391

کوردستان میدیا، بنەماڵەی ئەو پێنج هاووڵاتییە لەبەردەم بینای فەرمانداریی شاری خەلفیە کۆبوونەوە و خوازیاری پێدا چوونەوە بە دۆسیە و راگرتنی حوکمی ئیعدامی ئەو هاووڵاتییە عەرەبانە بوون.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ئەو بنەماڵانە پێشتر لە بەردەم ناوەندە دەوڵەتییەکانی وەکوو زیندانی کاروون، دادگوستەری و دەفتەری ئیمام جومعە کۆببوونەوە و خوازیاری چاوپێکەوتن لەگەڵ بەرپرسانی ئەو شوێنانە بوون.
هەر لەو پێوەندییەدا رێکەوتی ٧‌ی رێبەندان بنەماڵەی ئەو پێنج هاووڵاتییە عەرەبە خوازیاری چاوپێکەوتن لەگەڵ محەممەد باقر ئولفەت لێپرسراوی دادگوستەری ببوون بەڵام لەلایەن ناوەندە ئەمنیەتییەکانەوە پێشیان پێ‌ گیرابوو.
هاشم شەعبانی شاعیر و وب‌نووس، هادی راشیدی مامۆستای شیمی، محەممەد عەلی عەمووری‌نژاد وب‌نووس و چالاکی خوێندکاری، سەید یابر ئەلبووشووکە و سەید موختار ئەلبووشووکە ئەو ٥ هاووڵاتییەن کە لەلایەن دەزگای قەزایی رێژیمی ئێرانەوە بە ئیعدام مەحکووم کراون.
لەلایەکی دیکەوە ٣٨ ناوەندی مەدەنی و رێکخراوی مافی مرۆڤ لە بەیاننامەیەکدا رایانگەیاندبوو، ئەگەری ئیعدامی دوو هاووڵاتیی کورد و ٥ چالاکی عەرەبی ئەهوازی لە ئارا دایە و لەو پێوەندییەدا داوایان لە بیروڕای گشتی کردووە کە بە هانایانەوە بچن.
لوقمان و زانیار موردای رێکەوتی ٥ی رەزبەری ساڵی ١٣٨٨ بە تۆمەتی کوشتنی کوڕی پێشنوێژی هەینیی شاری مەریوان لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە دەسبەسەر کران.
ئەو دوو زیندانییە سیاسییە کوردە مانگی بەفرانباری ساڵی ١٣٨٩ لەلایەن قازی سەڵواتی لە لقی ١٥ی دادگای ئینقلابی تارانەوە بە تۆمەتی محارب و مفسد فی الارض هەر دووکیان حوکمی ئیعدام لەبەر چاوی گشتیی خەڵکیان، بۆ بڕایەوە.