کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان، سەرنجی جیهانی بۆ لای خۆی ڕاکێشا

16:30 - 4 رەزبەر 2717

کوردستان میدیا: پڕۆسەی نیشتمانی و نەتەوەیی ڕێفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان، سەرنج و بیروڕای جیهانی بۆ لای خۆی ڕاکێشا.

لە دوای ئەنجام دانی دەنگ دان بۆ سەربەخۆیی کوردستان، جیا لەوەی کە میدیاکانی جیهان ڕووماڵی ئەو ڕووداوە مێژووییەی نەتەوەی کوردیان دەکرد، باس و گفتوگۆیشیان لەسەر دەکرد.

لەو پێوەندییەدا، جیا لەوەی کە هەندێک وڵات پشتیوانیی خۆیان لە ڕێفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان کرد، ژمارەیەک کەسایەتی ناسراو و بەناوبانگی جیهانی پشتیوانی خۆیان لە سەربەخۆیی ڕاگەیاند.

بێرنارد کۆشنێر وەزیری پێشووی دەرەوەی فەڕانسە و لە دۆستانی نزیکی شەهید دوکتور قاسملوو، ڕۆژی یەکشەممە ٢٦ی خەرمانانی ١٣٩٦ی هەتاوی، لە وتووێژێکدا لەگەڵ ڕادیۆ rtf و tv5monde پشتیوانیی خۆی بۆ سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان دەربڕی.

فرێدریک تێسۆ سەر کۆنسوولی پێشووی وڵاتی فەڕانسە لە هەرێمی کوردستان و دۆستی شەهید دوکتور قاسملوو، پشتیوانیی لە سەربەخۆیی کوردستان کرد.

جولیان ئاسانژ دامەزرێنەری ویکی لیکس، باسی لە ڕێفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان کرد و ئەو حەرەکەتەی نەتەوەی کوردی، قارەمانانە وەسف کرد.

هەروەها شادی سەدر، سیرووس مەلەکووتی و ئەحمەد ڕەئفەت لە کەسایەتییەکانی نەتەوەی فارس، ڕێفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستانیان بەرز نرخاند.

پڕۆسەی ڕێفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان ڕۆژی ڕابردوو بە سەرکەوتوویی کۆتایی پێهات.