کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناوەندی نووسەرانی ئێران خوازیاری ئازادکرانی هەموو کرێکاران و چالاکانی بواری کرێکاری لە بەندیخانەکانی ڕێژیم بوو

11:23 - 11 بانەمەڕ 2724

ناوەندی نووسەرانی ئێران لە بەرەبەری ڕۆژی جیهانیی کرێکاران بە دەرکردنی بەیاننامەیەک خوازیاری ئازادکردنی هەموو کرێکارانی بەندکراو و چالاکانی بواری کرێکاری لە بەندیخانەکانی کۆماری ئیسلامی بوو.

ناوەندی نووسەرانی ئێران بە ئاماژەدان بەوەی کە هەموو ڕۆژێک لە ئێران ڕۆژی کریکارانە ڕایگەیاندووە کە، کرێکاران لە ئێران ساڵانێکە هەموو ڕۆژێک بۆ گەیشتن بە سەرەتاییترین و کەمترین مافەکانیان خەریکی خۆپیشاندانن و لە بەرامبەریشدا هەموو ڕۆژێک سەرکوت کراون، بە واتایەکی تر ساڵانێکە لە ئێران هەموو ڕۆژێک ڕۆژی کرێکارانە.

بەیاننامەکە زیادی کردووە لە ساڵی ڕابردوودا نزیک بە ١٦٠٠ خۆپیشاندان و مانگرتنی کرێکاری و سەندیکایی لە ئێراندا تۆمار کراوە کە دەرخەری بەربڵاوی زوڵم و دزینی هێزی کار لەلایەن خاوەن هێزەکانەوەیە.

ناوەندی نووسەران لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەکەیدا پشتڕاستی کردووەتەوە کە "تەنیا نان، خانوو، گۆشت، جلوبەرگ و میوە نییە کە ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر لەسەر سفرەی خەڵک کەم دەبێتەوە و دەبێتە خولیایەک بۆیان، بەڵکوو کولتووریشیان دەچێتە ژێر کاریگەریی هەژارییەوە و لە ئاکامدا بێنرخیی کولتووری ڕوو ئەدات.

ئەم ناوەندە لە کۆتاییدا چارەنووسی نووسەران و کرێکاران و هەموو زەحمەتکێشانی دیکەی کۆمەڵگای بە یەک چارەنووس زانیوە و جەختی کردووەتەوە کە پشتیوانیکردنی نووسەران تەنیا لایەنی ماددیی کرێکاران نییە بەڵکوو ئازادکردنیان لە سەرکوت و سانسۆریش دەگرێتە بەر و هەروەها کرێکارانیش دەبێت بۆ پشتیوانیکردن لە داواکارییەکانی نووسەران وەک لابردنی سانسۆر و گەیشتن بە ئازادیی ڕادەربڕین، هەستن و دەنگی خۆیان بگەیەننە گوێی هەمووان.