کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەیاننامەی ناوەندی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ڕەگەزپەرستی لە ئێران

13:26 - 27 بانەمەڕ 2723

پاش ئەوەیکە لە شاری ئەهواز، لەلایەن ڕێژیمەوە بڕیار دراوە کە نابێ بە زمانی عەرەبی لەسەر دەرگای دووکانەکان بنووسرێت و تەبلیغات بکرێت، ناوەندی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ڕەگەزپەرستیی ئێران لەم پێوەندییەدا بەیاننامەیەکی بڵاو کردووەتەوە و ڕایگەیاندووە کە زمانی عەرەبی لە خووزستان زمانێکی بێگانە نییە.

ڕۆژی سێشەممە ٢٦ی بانەمەڕی ١٤٠٢ی هەتاوی، هەواڵدەریی حکوومەتیی "ئیسنا"، لە زاری بەرپرسی گشتیی ئیدارەی ئیرشادی پارێزگای خووزستان لە ڕاپۆرتێکدا نووسی: بە جێبەجێکردنی گەڵاڵەی گەورەی ڕێزگرتن لە زمانی فارسی، بەکارهێنانی زمانی دیکە بۆ سەر دەرگای دووکانەکان لە پارێزگای خووزستان قەدەغەیە.

بەپێی ڕاپۆرتی ئیسنا، ڕەزا کولاکەج، بەرپرسی ئیدارەی ئیرشادی پارێزگای خووزستان لەم پێوەندییەدا ڕایگەیاندووە کە بازاڕییان و ناوەندەکانی تەبلیغات یەک مانگ کاتیان هەیە بۆ ڕێزگرتن لە زمانی فارسی، هەموو نووسراوە و تەبلیغاتەکان بە زمانی دیکە بە تایبەتی عەرەبی، لەسەر درگای دووکانەکان و مۆڵەکان بسڕنەوە.

ناوەندی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ڕەگەزپەرستی لەمبارەوە باسی لەوە کردووە: بەداخەوە ئەو ئاخوندانەی ئێران کە ساڵانێکە بە زمانی عەرەبی دەخوێنن، ئێستا لە بەرژەوەندیی خۆیان زمانی عەرەبییان پێ زمانێکی بێگانەیە و بڕیاری سڕینەوەی زمانی عەرەبییان لە هەموو شوێنە گشتییەکانی خووزستان بە تایبەتی ئەهواز داوە.

ڕێژیمی ئێران لە کۆتا ڕۆژەکانی دەسەڵاتەکەیدا دەیهەوێت گوشارێکی زۆر بخاتە سەر گەلانی ئێران، پێشتریش ویستبووی کە زمانی کوردی لە کوردستان بسڕێتەوە و تەنیا بیکات بە زمانی فارسی کە ئەو پیلانەشی بەهۆی چالاکانی مەدەنی و خەڵکی ئازا و ڕۆشنبیری کوردستان لە کوردستان شکستی هێنا.

ناوەندی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ڕەگەزپەرستی لە ئێران بە مەحکوومکردنی ئەو سیاسەتە داوای لە کاسبکاران، دووکانداران و بازرگانانی پارێزگای خووزستان کردووە کە درێژە بە کاری خۆیان بدەن و بە زمانی دایکیی خۆیان لەسەر دووکان و مۆڵەکان بنووسن و ڕووبەڕووی ئەو هەڵاواردنە سیستماتیکەی ڕێژیم ببنەوە.