کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەموو کێشەیەک لە بن سەری ژناندایە!

15:41 - 8 سەرماوەز 2726

✍️دارسمە

ژن تاوانبارترین بوونەوەری مێژووی مرۆڤایەتییە. ئەو تاوانانەی ژن لە درێژایی مێژوودا کردوونی، ئەگەر لە هەزاران کتێبیشدا بنووسرێن، کۆتاییان نایەت و تەواو نابن. ژن و تاوان دوانەیەکن هەرگیز ناتوانین لە یەکتریان داببڕین. ئەی ئەوە نییە لە سەرەتای خولقاندنی مرۆڤدا، حەوا بە قسەی مار پیاوەکەی ناچار کرد میوەی قەدەغەکراو بخوات، بەمەش هەردووکیان لە بەهەشت فڕێ درانە دەرەوە؟

لەو کاتەوە تا ئێستا، هەرچی کێشە و چەرمەسەری لە دنیادا هەبێت، پەنجەی تۆمەت بۆ ژنان درێژ دەکرێت و تەنانەت شەڕی هابیل و قابیلیش بەهۆی ئەوانەوە ڕووی داوە! پێویست ناکات بە مێژوودا بسووڕێینەوە و تاوانە کۆنەکان بژمێرین، با هەر باسی ئەم ئێرانەی خۆمان بکەین؛ لە سەرەتای سەرکەوتنی «انقلاب مقدس اسلامی»ـیەوە تا ئێستا، ژنان دنیایان لە پیاوان کردووە بە دۆزەخ و ژیانیان لێ تاڵ کردوون.

سەیر بکەن؛ کاتێک سیستەمی «طاغوت»ـیان بۆ ڕووخاندین و ئەم «انقلاب اسلامی»ـیەیان بۆ دامەزراندین، ژنان چەند ئەوەندەی پیاوان کەوتنە گیانی ئەم دەسەڵاتە پاکە. هێشتا دەسەڵاتی شۆڕشگێڕ خەریکی یەکلاییکردنەوەی حیساباتی خۆی بوو، ژنان لە شەقامەکانی تاراندا خۆپێشاندانیان کرد و داوای لابردنی حیجابی زۆرەملێیان کرد. ئێستاشی لەگەڵدا بێت، ئەم ژن و ژاڵە هەروا لەسەر ئەو کارەیان بەردەوامن.

دواتر کێشەیەکی دیکەیان بۆ پیاوان دروست کرد، ئەویش سواربوونی دووچەرخە بوو! خۆ ئێمە شۆڕشمان بۆ ئەوە نەکردبوو ژنان دوولینگانە بەسەر دووچەرخەدا بێنن و خۆیان باوێنە سەر زینی و بە کەیفی خۆیان پێ بخەنە سەر ڕکێفێ. پیاوانی شۆڕشگێڕیش ناچار بن دەگەڵ هەڵبەز و دابەزی لەشیان، ملیان بسووڕێنن و پەنجەی پێیان بەر شتێک بکەوێت و لاترە بەرن. بەم جۆرە هۆشیان لە بەشداریکردن لە «دفاع مقدس» و بەرەوڕووبوونەوەی «آمریکا و رژیم صهیونیستی» دوور بکەوێتەوە.

ئەگەر کورتی ببڕینەوە، ئەوەندەی ژنان زیاتر سەرپۆشیان فڕێ دەدەن، دۆخی ئابووریی وڵاتیش چەند ئەوەندە خراپتر دەبێت. کوا پێش سەرهەڵدانی ئەم شێوازە خۆپێشاندانانەی «ژن، ژیان، ئازادی»ـیە، دۆلاری ئەمریکا وەک ئێستا گران بوو؟ یان نرخی پارەی خۆمان و دەستەسڕی کاغەزی ئاوا لە یەکتر نزیک بوونەوە؟

با شتێکی سەیرترتان بۆ بگێڕمەوە؛ چەند ڕۆژ لەمەوبەر برادەرانی «امر به معروف و نهی از منکر» دروشمێکی جوانیان لە شەقامەکانی تاران بڵاو کردبووەوە و بە زمانی فارسی لەسەریان نووسیبوو: «خوشکی من، ئەگەر تۆ خۆت دابپۆشی، بەڵێنت پێ دەدەین لە ماوەی ساڵێکدا نرخی هەموو کەلوپەل و پێداویستییەکانتان بۆ داببەزێنین!» کەواتە، بە مەرجێک کچان و ژنانمان وەک ژنانی ئەفغانستان خۆیان دابپۆشن، هیچ دوور نییە نرخی کەلوپەل دابەزێت و دۆلاریش بگەڕێتەوە ئەو کاتەی ماشێنێکی پەیکانی جەوانان بە نرخی «پفک نمکی»ـیەکی ئێستا بوو.

لەم دواییانەدا، جگە لە فڕێدانی سەرپۆش، ئەم ژنانە دەستیان داوەتە کاری سەیرتر و ناشازی دیکەش. تاوانی لە هەژمار نەهاتوویان کردووە. بۆ وێنە، با باسی ئەم دۆزینەوەیەی «دادگاه انقلاب»ـی خۆمان بکەین. دادگا وێڕای دەستڕانەگرتن لە ئیعدامی ئەو کەسانەی پشتگیریی «حرکت‌های ناهنجار زنان» دەکەن و دروشم و مروشمی ئازادی و مازادی دەڵێنەوە، پەردەی لەسەر تاوانێکی مەترسیدار هەڵدایەوە. تاوانەکەش بریتییە لە دروستکردنی فیلمێک بە ناوی «یەل». لەو فیلمەدا، گەنجێکی جگەرەکێش و مەشرووبخۆر خۆی وەک خێرخواز و چاکەکار و لایەنگری چینی هەژاران نیشان دەدات. لە گرتەیەکی چەند چرکەییدا، ئەکتەرێکی ژن کە ڕۆڵی دایکی کوڕەکە دەبینێت، باوەش بەو کوڕەدا دەکات و بۆ یەکتر دەچەمێننەوە و بە گوێرەی چیرۆکی پڕ لە درۆ و دەلەسەی فیلمەکە، ئەو کەسەی دەگەڵ ئەم ژنە باوەش بە یەکتردا دەکەن، کوڕی ژنەکەیە. باشە هەر لە تۆ دەپرسم: دەکرێت درۆیەکی گەورە بکرێت و بڵێین ئەم ژن و پیاوە دایک و کوڕن؟ ئەی بۆچی لەم بەینەدا هاوکات لەگەڵ باوەشەکە، ژنە پەنجەی هەردوو دەستی لە پشتی کوڕەکە دەدات؟ ئەگەر ئەمە تاوانی ژنانە نەبێت، تاوانی ژنان چییە؟

ئەمەی لە کۆتایی ئەم بابەتەی سەرەوەدا باسی کرا، بۆ خزمەتکارانی «نظام مقدس جمهوری اسلامی»، هەر زۆر مەترسیدارە! ڕەنگە بەو جووڵە ناشیاوە، پیاوان بۆ پەیوەندیی جەستەیی لەگەڵ ژناندا هان بدرێن و هۆش و بیریان لە خەبات دژی ئەمریکا، ئیسرائیل و تەنانەت «ضد انقلاب تجزیه‌طلب»ـیش دوور بکەوێتەوە. نەبادا ناچار ببن لە نێو ئاسانسۆرێکدا، تەنانەت لەسەر حیجابیشەوە بێت، ڕانی «همکار خواهر» بە هەڵە بگوشن و شوێنپەنجەی ڕێکگوشینەکە لە ژێر حیجابەکەدا خوێنی تێ بزێت و هاوژینی «خانم همکار» لە کاتی پێویستدا چاوی پێی بکەوێت. ئەمەش دەبێتە هۆی پشێوی لە نێو خاوخێزانی «حامیان نظام مقدس».

کەواتە، ڕوون و ئاشکرایە کە هەموو کێشەکان لە بن سەری ژناندان. با ئیتر واز لە بیانووهێنانەوەی بێسوود بهێنین و دانی پێدا بنێین؛ تاوانبارە سەرەکییەکەی مێژووی مرۆڤایەتی تەنیا و تەنیا «ژن»ـە.