پتر لە ١٠٠ ئەنجومەنی ژینگەپارێزی و مەدەنی لە سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی کورددستان لە ڕاگەیەندراوێکی هاوبەشدا بەبۆنەی هەڵمەتی ساڵانەی زاگرۆسانەوە لەژێر ناوی "ژینایی ئەم نیشتمانە بە سەوزایی زاگرۆسەوەیە" لەسەر پێویستیی هەوڵێ هاوبەش و بەردەوام پێداگرییان کردەوە.
لەو ڕاگەیەندراوەدا هاتووە کە "زاگرۆس تەنیا زنجیرەیەک شاخ و دارستان و سەرچاوەی ئاو نییە؛ زاگرۆس بەشێکە لە ناسنامە، مێژوو، ژیانی نیشتمانمان، ماڵی هاوبەشی هەموومانە و بەشێکی گرنگی لە ژینگە و سامانە سروشتییەکانی کوردستانی لە خۆ گرتووە. پاراستنی ئەم ماڵە هاوبەشەش تەنیا ئەرکی کەسانێکی دیاریکراو نییە، بەڵکوو بەرپرسیاریەتییەکی هاوبەش و نیشتمانییە".
هەروەها ئاماژە بەوە کراوە "لە ساڵانی ڕابردوودا، بەهۆی سووتانی بەردەوامی دارستانەکان، دەستدرێژی و داگیرکاری بۆ سەر سامانە ژینگەییەکان و هەڵسوکەوتی ناپارێزراوانە لەگەڵ سەرچاوەکانی ئاو و خاکدا، ژینگەی زاگرۆس ڕووبەڕووی مەترسی و قەیرانگەلێکی فراوان بووەتەوە. ئەم دۆخە پێویستی بە هەوڵێکی هاوبەش و بەردەوام هەیە؛ هەوڵێک کە لە سنووری چالاکییەکی وەرزی تێ پەڕێت و ببێتە کولتوور و ڕەوشێکی کۆمەڵایەتی".
ئەو ئەنجومەنانە ڕایانگەیاندووە کە ئەمساڵیش بە پشتبەستن بە هەمان ڕوحی هاوکاری و هاوبەشی، داوا لە هەموو هاونیشتمانیان، ڕێکخراوە ژینگەپارێز و مەدەنییەکان، گرووپە شاخەوانییەکان، خوێندکاران، لاوان و خۆبەخشان دەکەین بەشداریی چالاکانە لە هەڵمەتی زاگرۆسانەدا بکەن و بە پێی تایبەتمەندیی جوغرافیایی و شێوەبوومی ناوچەکانیان لە چالاکییەکانی ناشتنی ناوک و چاندنی تووی گژوگیا و دانانی نەمامی دارە ڕەسەنەکان، بەڕێوەبردنی چالاکییە پەروەردەییەکان و هەر هەنگاوێکی کرداریی دیکە بۆ پاراستنی ژینگە بەشدار بن.
لە کۆتاییدا هاتووە کە با ئەمساڵ زاگرۆسانە تەنیا ناوی هەڵمەتێک نەبێت؛ بەڵکوو ببێتە نیشانەی یەکگرتوویی، هۆشیاری و خۆشەویستیی ئێمە بۆ نیشتمان.