کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەمیشە قاسملوو، قاسملوو لە هەموو مەتەرێزێکدا

17:11 - 2 گەلاوێژ 2724

هەمیشە قاسملوو، قاسملوو لە هەموو مەتەرێزێکدا

 

عەلی بداغی

٣٥ ساڵ لە تێرۆری د. عەبدولڕەحمان قاسملوو، سکرتێری پێشووتری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران تێ‌پەڕی و ئەگەرچی هێشتا خەباتی سیاسی و نەتەوەیی قوتابییان و هاوسەنگەرانی د. قاسملوو بە دوا مەنزڵی خۆی نەگەیشتووە، بەڵام بە دڵقایمییەوە دەتوانین بڵێین کەم ڕێبەری نەتەوەیی هیندەی قاسملوو لە یاد و بیرەوەریی گەلەکەیاندا بە زیندوویی ماوە. ناوی د. قاسملوو نەک هەر ئەوەی لای نەتەوەکەی بە نەمری ماوەتەوە، بەڵکوو ئەو ناوە و کارنامەی کار و تێکۆشانی ئەو ڕێبەرە ناسێنەری سەرەکیی مێژووی خەبات و خوێنی کورد لەلای بیانییەکانیشە.

د. قاسملوو سەرەڕای ئەوەیکە رێبەرێکی هەڵکەوتەی خەباتی هاوچەرخی کورد لە چوارچێوەی بزووتنەوەی رزگاریخوازانە و میللی-دێموکراتیکی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستاندا بوو، لەهەمان کاتدا تیۆریسییەنێکی شارەزای گۆڕەپانی سیاسییش بوو کە تەئسیر و کاریگەریی ئەندێشەکانی زۆر زوو سنووری رۆژهەڵاتی کوردستانی تێپەڕاند و نەتەنیا هەر لە پارچەکانی دیکەی کوردستاندا بەڵکوو لە ئاستێکی بەرینی نێونەتەوەییدا درەوشایەوە. بەجۆرێک کە تا ئێستا وەک «مۆدێرنیتەی ڕێبەرانی کورد» و وەک «پێغەمبەری ئاشتی» پێناسە کراوە.

خولیای سیاسی و خەباتی د. قاسملوو تەنیا رزگاریی نیشتمان نەبوو، بەڵکوو لە مەودایەکی هەراوتردا خەونی کۆمەڵگەیەکی ئازاد و دێموکراتیک و پێشکەوتنخوازانەی بۆ مرۆڤی کورد و نیشتمانی کوردستان دەدی و بەم پێیەش دیسکۆرسی خەباتی سیاسی و بزووتنەوەی رزگاریخوازانەی حیزبی دێموکرات و رۆژهەڵاتی کوردستانی لەسەر بنەمایەکی میللی دێموکراتیکانە داڕشت. هەروەک باسیش کرا بەشێکی زۆری نزیکایەتی و دۆستایەتیی ئەو کەسایەتییە سیاسی و مرۆڤدۆستانەی کە ئێستا بەپیری پرسی کوردەوە دێن و لە کۆڕ و کۆمەڵە نێونەتەوەییەکاندا بەرگری لە مافی کوردان دەکەن، دەگەرێتەوە بۆ هەوڵ و تێکۆشانی بێ وچانی دیپلۆماسیی د. قاسملوو و ئەو کاریگەرییە بەرفراوانە سیاسییەی کە لە مەیدانی سیاسەتی جیهانیدا داینا و وەک میراتێکی بایەخدار لەدوای خۆی بۆ حیزبی دێموکرات و بزووتنەوەی نەتەوەی کورد بەگشتی بەجێی هێشت.

گرینگیی ڕێباز و ئەندێشەکانی د. قاسملوو تەنیا لە چوارچێوەی سەردەمی خۆیدا بەرتەسک نابێتەوە و هەرچی زیاتر بەسەر کاتی شەهیدبوونیدا تێدەپەڕێ، حەقانییەت و گرینگییەکەی زیاتر دەردەکەوێ و خۆ دەنوێنێ.

کاریگەریی دوکتور قاسملوو لەسەر بردنەپێشێی دۆزی کورد نەک هەر لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بگرە لە بەشەکانی دیکەی کوردستانیش _بەتایبەت باشوور_ ڕوخسارێکی تایبەتیی بە ناوی قاسملوو و مانایەکی تایبەتتری بە کاراکتەری سیاسیی ئەو داوە. قاسملوو کوردستانی لەتوپەتکراو و سنوورە کێشراوەکانی نێو نیشتمانەکەی خۆی دەدی، دوژمنانی نەتەوەکەشی باش ناسیبوو؛ دەیدی کە ڕێژیمەکانی زاڵ بەسەر کوردستان لە هەر کام لە بەشەکانی نیشتمانەکەی چاری کوردەکانی خۆیان ناوێ و چاویان لە کوردی بەشەکانی دیکەیە بۆ گەیشتن بە مەرامەکانیان؛ بۆیەش فێری کردین کە دەکرێ ناکۆکیی دوژمنانی نەتەوەکەت لە بەرژەوەندیی دۆز و سەروەریی پرسی سیاسیتدا بقۆزیتەوە، بەڵام ناکرێ و نابێ لەسەر حسێبی پرس و بەرژەوەندیی کورد لە بەشێکی کوردستان چاوت لە دەسکەوتێک بێ بۆ خۆت!

قاسملووی مەزن دەیزانی کورد خۆی پەرەم‌پەرەم و پەرتەوازەن، ڕێگای خەبات و چارەسەری پرسەکەشی پڕ «کەند و لەند و گەوە»، بۆیە لەم ڕێگە ئەستەم و دژوارەدا بەدووی دۆست و پارتنەرەوە بوو لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی هاوبەش. بۆ ئەوەش هەگبەکەی پڕ بوو لە مەعنەوییاتی مرۆیی.

قاسملووی گەورە هەر دوور نەیدەڕوانی، بەڵکوو ڕوون دەیڕوانی و سیلەی دەگرت. خەباتە ڕەواکەی ئەو کاتە بە سەرکەوتوو دەزانی کە گەیشتبێتە کەنارەکانی ئاشتی و ئارامی. ئەو باوەڕی قووڵی هەم بە مافەکانی نەتەوەکەی و هەم بە پێکەوەژیانی خەڵک و ژیارەکان دی لە تەنیشت یەکتر هەبوو؛ باجی ئەم باوەڕەش هەم بۆ خۆی و هەم بۆ حیزب و نەتەوەکەی گەلێ قورس بوو، و گیانی لەسەر دانا.

دوگماتیزم و چەقبەستن لە بیرکردنەوە و باوەڕەکانی قاسملوودا جێیان نەبوو، ئەو سیاسەتی نەک لەسەر بنەمای تیوریی نەگۆڕ، بەڵکوو لەسەر بنەمای زانست و داتا و لێکدانەوە دەکرد کە هەموویان بگۆڕن. ئەو لە توێی تیۆرییەکاندا بەدوای چارەسەری پرسی نەتەوەکەی نەدەچوو، بەڵكوو قۆڵی لێ هەڵدەکرد و لە مەیدانی کردەوەدا بنیاتی دەنا؛ بۆیەش حیزبەکەی لە سەردەمی بەڕێوەبەریی ئەودا ببووە گەورەترین هێزی کوردی و، هەروەها خاوەن و داهێنەری بنچینەییترین پڕەنسیپ و دەسکەوتە نەتەوەییەکان. لەم سۆنگەیەوە ڕەخنەی ئەو لە ڕابردووی دۆزی نەتەوەکەشی هەر لەپێناو بنیاتنانی داهاتوویەکی گەش بوو.

میراتی د. قاسملوو هەر ئەم بەها و بایەخانە نین کە هێنایە نێو حیزبەکەی و ئێستاش جێی شانازی و فەخرپێکردنن، میراتی قاسملوو وانەکانیەتی بۆ بەردەوامیی خەبات و لە سەنگەردا مانەوە هەتا دواتروپکی سەرکەوتن. ئەو بوو فێری کردین کە دێموکراسی چەند بۆ دابینبوونی مافەکانمان گرینگە، سەربەخۆیی سیاسی و بڕیاردانمان بۆ مانەوەمان بە سەربەرزی چەندە زەروورە و، واقعبینیمان لە سیاسەتدا چەندە پێویست. دەرسی ئەوەی داداین شێلگیر و بوێر بین و لە بڕینی هەڵەمووتەکانی بەرەو ئامانجدا دەستی هیوا بەرنەدەین و ئیمانمان بە سەرکەوتن پتەو بێ. دەرفەت بخوڵقێنین و هەلە ڕەخساوەکان لەکیس خۆمان نەدەین. دەستی خۆمان نەبەستین و چاولەدەستی خەڵکیش نەبین.

زامی لەدەستدانی قاسملووی ڕێبەرمان بەژانە و لەکیسچوونی، ئەویش بە دەستی غەدر و تاوان برینێکی ئاوەڵایە، قەتماغە نابەستێ و لە پووشپەڕی هەموو ساڵێکدا جاڕی ئەم ناعەداڵەتی و بێدادییە دەدا کە دەرحەق بە تێرۆرەکەی ڤییەن کراوە. بۆیە ئەم پەروەندەیە لە ویژدانی مرۆڤایەتی و لە ڕوانگەی ئێمەوە لە دەسەڵاتی دادی ئوتریشیشیدا هەروا کراوە و ئاوەڵایە. بێگومان قاسملوو مێژوویەکە دەیخوێنینەوە، وانەیەکە فێری دەبینەوە، سەرمەشقێکە هەموو کاتێ لەبەر چاومانە و، ڕێباز و ئامانجێکە کە لە ئاسۆی ڕوانین و لە قووڵایی فەلسەفەی ڕامانەکانیدا پێی دەگەین. لە ئێستاشدا کە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ژانی شۆڕشێکی نوێ گرتوویەتی، ئەوا دیسان ناو و یاد و وانەکانی قاسملوون باڵیان بەسەر ڕەوتی ڕووداوەکان کێشاوە و ئەوە قاسملوویە وەک ڕێبەر و وەک ڕزگاریدەر -بەهۆی بەها و بایەخە شۆڕشگیڕی و میراتە فکری و مەعریفەییەکەوە- خویا بووە.