بەرزبوونەوەی بێوێنەی کرێی خانوو، هەڵاوسانی ئابووری و لێکەوتەکانی شەڕ و گرژییەکانی ئەم دواییانە، ژیانی سەربەخۆی بۆ زۆربەی کرێنشینانی تاران گەیاندووەتە لێواری داڕمان.
بەپێی ڕاپۆرتەکان، زۆریی تێچووەکان وای کردووە هاووڵاتییان پەنا ببەنە بەر ژیانی هاوبەش (هاوماڵبوون)، گەڕانەوەی تەمەن ناوەندەکان بۆ ماڵی باوکیان، یان جێهێشتنی پێیتەخت و شارە گەورەکان و کۆچی ناچاری بەرەو شارۆچکە و شارە بچووکەکان.
هاوکات بازاڕی کڕین و فرۆشتنی خانووبەرەش تووشی سستی و بەرزبوونەوەی نرخ بووە. بەپێی ئامارە فەرمییەکان، پێوەرەکانی نرخی بەکاربەر لە مانگی خاکەلێوەی ١٤٠٥ی هەتاویدا، بە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو زیاتر لە ٧٣ لەسەد زیادی کردووە. لەم دۆخەدا، ئەنجومەنی باڵای بانکی ناوەندی بڕی قەرزی هاوکاریی کرێی خانووی لە تاران بۆ ٣٦٥ ملیۆن تمەن بەرز کردووەتەوە، بەڵام کرێنشینان دەڵێن ئەم قەرزانەش فریای تێچووە قورسەکانیان ناگات.
عەبدولوەهاب شەهلیبەر، کۆمەڵناس و توێژەری بواری نیشتەجێبوون، لەمبارەیەوە ڕایگەیاندووە کە پەرەسەندنی دیاردەی "خانووی هاوبەش" لە ئێراندا، پێش ئەوەی هەڵبژاردنی شێوازی ژیان بێت، بەرهەمی گوشاری توندی ئابوورییە و لە نێوان خوێندکاران، کرێکارانی وەرزی و فەرمانبەرانی کەمداهاتدا بڵاو بووەتەوە.
ئەم کۆمەڵناسە ئاماژە بەوە دەکات کە سیاسەتەکانی حکوومەت لە بواری نیشتەجێبووندا (وەک مەسکەنی مێهر) شکستیان هێناوە. ئەو جەخت دەکاتەوە کە خانوو تەنیا حەشارگە نییە، بەڵکوو بەشێکە لە پێناسەی کۆمەڵایەتیی مرۆڤ؛ بۆیە گەڕانەوەی کەسانی تەمەن ناوەند بۆ ماڵی دایک و باوک یان کۆچی زۆرەملێ بۆ شارە بچووکەکان، دەبێتە هۆی دروستبوونی هەستی شکست، لەدەستدانی سەربەخۆیی و داڕمانی دەروونی.
به وتەی ناوبراو، کۆمەڵگەی ئێران ئێستا لە قۆناغی "هەوڵدان بۆ باشترکردنی دۆخی ژیان"ـەوە پەڕیوەتەوە بۆ "هەوڵدان بۆ مانەوە لە ژیاندا".