سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە درێژەی دیدار و چاوپێکەوتنە دیپلۆماتییکەکانیدا لە وڵاتی سوید، کۆبوونەوەیەکی گرنگی لەگەڵ ئەندامانی پارلەمانی سوید و تۆڕی سویدی-کوردی پێک هێنا.
ڕۆژی چوارشەممە ٢٤ی بانەمەڕی ١٤٠٥ی هەتاوی، بەڕێز کاک مستەفا هیجری لەگەڵ بەڕێزان "لەیف نیسمێد" و "قادر کەسیرگا"، ئەندامانی پارلەمانی سوید لە حیزبی سۆسیال دێموکرات و ئەندامانی تۆڕی سویدی-کوردی لە پارلەمانی ئەو وڵاتە کۆ بووەوە.
لە دەستپێکی دیدارەکەدا، ئەندامانی پارلەمانی سوید خۆشحاڵیی خۆیان بەم دیدارە دەربڕی و ڕایانگەیاند کە ئەوان لە نزیکەوە چاودێریی پەرەسەندنەکانی دوای شەڕی ئەمریکا، ئیسرائیل و ئێران دەکەن. پارلەمانتارانی سویدی نیگەرانیی قووڵی خۆیان لەمەڕ دۆخی هاووڵاتییانی مەدەنی، بەتایبەت ژن و منداڵانی هێزە کوردییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە بەهۆی هێرشەکانی کۆماری ئیسلامییەوە کەوتوونەتە مەترسییەوە، دەربڕی و جەختیان کردەوە کە بە هەموو شێوەیەک هەوڵی ڕاگرتنی ئەم هێرشانە دەدەن.
کاک مستەفا هیجری پێخۆشبوونی خۆی بۆ ئەم دیدارە دەربڕی و ئاماژەی بە پێوەندییە مێژووییەکانی نێوان حیزبی دێموکرات و حیزبی سۆسیال دێموکراتی سوید کرد، کە لە ئێستادا هەردوولا ئەندامی هاوپەیمانیی نێونەتەوەیی "پڕۆگرێسیو ئالاینس"ن.
سکرتێری گشتیی حیزب ههروهها ڕێز و پێزانینی خۆی ئاراستەی کار و چالاکییەکانی تۆڕی سویدی-کوردی لە پارلەمانی سوید کرد.
بەڕێز سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکرات لە تەوەرێکی دیکەی قسەکانیدا، هۆکارەکانی تەریککەوتنەوەی کۆماری ئیسلامی لە ئاستی نێونەتەوەییدا شی کردەوە؛ لەوانە: پشتیوانیکردن لە تێرۆریزمی دەوڵەتی، پەرەپێدانی هێزە نیابەتییەکان، هەڕەشەی لەنێوبردنی ئیسرائیل و هەوڵدان بۆ دەستڕاگەیشتن بە چەکی ناوکی.
کاک مستەفا هیجری تیشکی خستە سەر سەرکوتی بێبەزەییانەی نێوخۆیی و گرتن و کوشتنی بەربڵاوی خۆپێشاندەران و وەک نوێترین نموونەی تاوانەکانی ڕێژیم ڕایگەیاند: "تەنیا لە ماوەی کورت و دوو شەو و ڕۆژی مانگی بەفرانباری ڕابردوودا، زیاتر لە ٣٠ هەزار کەس لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە کۆمەڵکوژ کراون."
پارلەمانتارانی سوید ئاماژەیان بەوە کرد کە لایەنێکی سەرتاسەری و پاوانخوازی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی بە پڕوپاگەندەیەکی بەربڵاو کەشێکی یەکلایەنەیان لە ڕۆژاوا دروست کردووە کە ڕێگە نادات دەنگی ڕاستەقینەی پێکهاتەکانی دیکەی ئێران ببیسرێت. ئەوان جەختیان کردەوە کە تۆڕی سویدی-کوردی دەیەوێت ببێتە دەنگی ئەو لایەنانەی کە هەوڵی کپکردنیان دەدرێت و داوای هاوکاریی زیاتریان لە حیزبی دێموکرات کرد. هەروەها ئامادەیی خۆیان دەربڕی کە لە داهاتوودا کۆبوونەوەیەکی گشتی بۆ سکرتێری گشتیی حیزب لەنێو پارلەمانی سوید ڕێک بخەن تا هەموو حیزبە سویدییەکان لە نزیکەوە ئاگاداری ڕوانگەی حیزبی دێموکرات و هاوپەیمانیی کوردستانی بن.
کاک مستەفا هیجری لەمبارەیەوە ڕوونی کردەوە کە گەورەکردنەوەی ئەم لایەنە پاوانخوازە کە ئیدعای گەڕانەوە بۆ پێش ساڵی ١٩٧٩ دەکات، تەنیا بەهۆی پشتیوانیی دارایی و شەپۆلێکی تەبلیغاتییەوەیە، نەک ئەوەی کە خەڵکی ئێران ئەوانیان بوێت؛ چونکە گەلانی ئێران خۆیان دژی ئەو سیستمە ڕاپەڕیون.
سکرتێری گشتیی حیزب جەختی کردەوە کە حیزبی دێموکرات و هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران، هەر جۆرە حکوومەتێکی تاکەکەسی و پاوانخواز ڕەت دەکەنەوە و داوای ئێرانێکی دێموکرات لەسەر بنەمای فیدراڵیزم دەکەن. ئەو ڕایگەیاند کە ئێستا لەگەڵ هێزە دێموکراتەکانی دیکەی ئێران سەرقاڵی پێکهێنانی هاوپەیمانییەکی گشتگیرن بە ناوی "کۆنگرەی ئازادیی ئێران" کە تا ئێستا دوو کۆبوونەوەی لە لەندەن ئەنجام داوە.
لەکۆتاییدا، کاک مستەفا وتی کە پێگەی باشوور و ڕۆژاوای کوردستان لە ئاستی نێونەتەوەییدا ناسراوە، بەڵام ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە مێدیا جیهانییەکاندا تا ڕادەیەک لەبیرکرابوو، بۆیە ئامانجی حیزب ئەوەیە کە دەنگی پڕ لە مەینەت و مافخوازانەی ئەم بەشەی کوردستان بە بیروڕای گشتیی جیهان بگەیەنێت.
جێی ئاماژەیە، هەر لە چوارچێوەی دیدارەکانیدا لە وڵاتی سوید، بەڕێز سکرتێری گشتی چاوی بە ڕۆژنامەنووس و کەسایەتیی دیاری کوردی لەو وڵاتە، بەڕێز "کورۆ باکسی" کەوت.
