حەسەن ساڵحزادە
دەکرێ هەڵبژاردنەکانی پارلمانیی یەکیەتیی ئورووپا لە فەڕانسە لە ڕۆژی ٩ی ژووەنی ئەمساڵ بە خاڵێکی گرینگی مێژووی بۆ ئەم وڵاتە دابندرێت. ڕۆژی یەکشەممە ٩ی مانگی ژووەن، ئاکامی بەرایی هەڵبژاردنەکان وەکوو نەریتی هەمیشەیی، کاتژمێر ٨ی ئێوارە لە کاناڵە تەلەویزیۆنییەکان بڵاو بوونەوە و بە ئاگاداری خەڵک گەیشتن. ئامارەکان نەکهەر خەڵکیان تووشی سەرسوڕمان کرد، بەڵکوو بە هیچ شێوەیەک بە دڵی پارتی دەسەڵاتدار و بەتایبەت سەرکۆمار ئێمانوێل ماکرۆن نەبوون. بەڵام ئەمە دەنگی گەلە، کێ دەتوانێ ڕووبەڕووی ببێتەوە یان حاشای لێبکا؟ چەند خولەک لە دوای بڵاوبوونەوەی ئاکامی هەڵبژاردنەکان، سەرکۆمار ماکرۆن لە ڕێگەی پەیامێکی ویدیۆیی، مجلیسی نیشتمانی کە ژوورە گەورەکەی پارلمانی فەڕانسەیە، هەڵوەشاندەوە و داوای کرد کە دەبێ ٣ حەوتوو دواتر هەڵبژاردنی پێشوەختەی بۆ بکرێت.
دەنگی ناڕەزایەتیی خەڵک لێرەوە سەری هەڵدا، لە ئاکامی هەڵبژاردنەکان بۆ دیاریکردنی نوێنەرانی فەڕانسە بۆ پارلمانی یەکیەتیی ئورووپا پارتی کۆمەڵی نیشتمانی -کە بە پارتێکی توندڕۆی ڕاست ناسراوە و لە ساڵی ١٣٧٢وە دامەزراوە- ٣٤٪ ی دەنگەکانی بە سەرۆکایەتیی ژۆردان باردێلای ٢٨ ساڵە و بە پشتیوانی خانم مارین لۆپێن، وەدەست هێنا. ڕۆنێسانس، پارتی حیزبی دەسەڵاتدار بە سەرۆکایەتیی گابریەل ئاتالـی سەرەکوەزیران و بە پشتیوانی ئێمانوێل ماکرۆن بە دەستەبەرکردنی ١٥٪ی کۆی دەنگەکان جێگەی خۆی لە پلەی دووهەمدا نیشان دا، دیارە ئەوەش بۆ پارتی دەسەڵاتدار دەتوانێ پلەیەکی زۆر ناجێگیر بێت.
هەروەک ئاماژەی پێ درا، ئاکامی ئەم هەڵبژاردنە لە ماناو کردەوەدا بایەخی نوێنەرایەتیی کۆماری فەڕانسەی لە سەرکۆمار کەم دەکردەوە، هەر بۆیە چاوەڕوان دەکرا دەبێ بەربەستێک لە بەردەم گەشەی پارتی کۆمەڵی نیشتمانیدا دابنێ و سنوورێکی بۆ دیاری بکا. دیارە پرۆسەی هەڵبژاردنی مەجلیسی نیشتمانی بۆ پارلمانی فەڕانسە، بە ڕەوتی ئاسایی خۆی دەبوا لە ساڵی ٢٠٢٧ واتە لە سێ ساڵی داهاتوودا ئەنجام بدرایەت، بەڵام ترسی سەرکۆمار ئەوە بوو پارتی توندڕۆی ڕاست بە ناوی کۆمەڵی نیشتمانی لە ماوەی ئەم ٣ ساڵەدا دەرفەتی ئەوەیان دەبێت جێگەی خۆیان قایم بکەن و لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠٢٧ی سەرکۆماریدا دەسەڵات وەدەستەوە بگرن. هەربۆیە لە پەیامە ویدیۆییەکەیدا، سەرکۆمار پارتی کۆمەڵی نیشتمانیی بە مەترسی جیددی بۆ داهاتووی فەڕانسە ناو برد و داوای لە دەنگدەران کرد لە ڕێگەی سندووقەکانی دەنگدانەوە ڕێگری لە گەشەی ئەو حیزبە بکەن، ئەگینا مەترسیی ئەوە هەیە کۆماری دیموکراتیکی فەڕانسە بەرەو هەڵدێر بڕوات.
بەشێک لە دەنگدەران لە سەرکۆمار ناڕازی بوون و پێیان وابوو ئێمانوێل ماکڕۆن وادە و بەڵێنەکانی ٢ ساڵ لەمەوبەری خۆی کە لە میانەی هەڵبژاردنی سەرکۆمارییدا بە خەڵکی دابوو، جێبەجێ نەکردوە. ئەگەرچی سەرکۆمار بە دەنگی زۆرینەی خەڵک و لە پرۆسەیەکی سیاسی دیموکراتیکدا هەڵبژێردراوە، هەربۆیە زۆر زوو دانی بەوە دا نا کە گوێی لە دەنگی ئەوان بووە. داتاکان ئەو ڕاستییە دەردەخەن کە پێشبینیی سەرکۆمار بۆ ئەم قۆناخەی دەسەڵاتەکەی خوێندنەوەیەکی هەڵە بووە. ئەو بە شێوەیەکی یاسایی پارلمانی هەڵوەشاندەوە هەتاکوو بە خەیاڵی خۆی جارێکی دیکە بە دەنگی خەڵک متمانە بە دەسەڵاتەکەی بدات. لە لایەکی دیکەشەوە بەتەما بووە بتوانێ هەتا ساڵی ٢٠٢٧ بەبێ سەرئێشە بەرنامە و پلانەکانی جێبەجێ بکات. بەڵام وەکوو دیتمان، خوێندنەوەی سەرکۆمار ماکرۆن بۆ داهاتووی فەرانسە هەر هەمووی ئاکامی پێچەوانەی لێکەوتەوە. لە هەمووی گرینگتر ئەوەیە دەنگی خەڵکی ڕێگەی پێ نادات کە لەسەر ویستی خۆی و لیستی حیزبەکەی سەرۆکوەزیران هەڵبژێرێت.
بە دوای هەڵوەشانەوەی مەجلیسی نیشتمانی فەڕانسە، پارتە سیاسییەکان کە کەمتر لە ٣ هەفتە دەرفەتیان لەبەر دەم خۆیاندا دەبینی، خۆیان لە ٣ بەرەی سەرەکیدا بۆ هەڵبژاردنی چارەنووسازی ٣٠ی مانگی ژووئەن ساخ کردەوە. بەرەکان بریتی بوون:
١. ئانسامبل (بە یەکەوە)، بە سەرۆکایەتیی سەرۆکوەزیران گابریەل ناتال، لاوی تیژبیری ٣٥ ساڵە،
٢. بەرەی نوێی گەل (پێکهاتوو لە پارتەکانی سۆسیالیست، کۆمۆنیست، ئێکۆلۆژیست کۆڵنەدەر)،
٣. کۆمەڵی نیشتمانی یان ڕاستی توندڕۆ بە سەرۆکایەتی ژۆردان باردێلا، لاوی ٢٨ ساڵە.
لە ماوەی سێ هەفتەی بانگەشەدا، گەلێک باس و دیبەتی ورد و چڕ هاتنە سەر شاشەی میدیاکان کە خەڵکی فەڕانسە بە سەرنجەوە بەدواداچوونیان بۆ دەکردن. جێی ئاماژەیە، کۆمەڵی نیشتمانی هەمان بەرەی نیشتمانییە کە ٢ ساڵ لەمەوەبەر ئاڵوگۆڕی بە سەر پێڕەو تەنانەت ناوی حیزبەکەشدا هێنا. هەروەها ژۆردان باردێلای وەک سەرۆک بۆ دیاری کرت؛ ئەگەرچی هەر لەلایەن خانم مارین لۆپێنـوە ئیدارە دەکرێ. ئەم حیزبە ساڵی ١٩٧٢ لە لایەن باوکی خانم لۆپێن بۆ دژایەتیی بیانییەکان دامەزراوە و هەردەم وەک پارتێکی شۆوێنیستی- ڕاسیستی چاوی لێ کراوە. هەروەها دژایەتیی توندی لەگەڵ ئیسلامی سیاسی و چەپەکان بە گشتی هەیە. لە ساڵانی ڕابردوودا خەڵک لە ڕێگەی سندووقەکانی دەنگدانەوە، بەتایبەت خولەکانی یەکەم، بە مەبەستی ترساندنی حیزبی دەسەڵاتدار دەنگیان پێ دەدا، تەنانەت بڕێک جار دەبوونە گاڵتەجاڕی هەڵبژاردنەکانیش. بەڵام ئەمڕۆ ئەوەتا دەبینین کە لە کۆمەڵگەیەکی دێموکراتیکدا، بە ڕاستە لیبڕاڵەکان و هەموو حیزبە چەپ و سۆسیالیستەکان ناتوانن بەری پێبگرن. جێی سەرنجە کۆمەڵی نیشتمانی زامەکانی کۆمەڵگەی بە وردی دەستنیشان کردوە و مژدەی سارێژبوونیان بە خەڵک دەدا. بۆ وێنە، مەسەلەی توانای کڕین، دابەزینی ڕادەی ماڵیات، بەردنەسەرەوەی ئاستی مووچە، ڕێفۆڕم لە پرسی پەنابەران، ئەمنییەت، پەروەردە و یاسای خانەنشینی، چەند پرسی بنەڕيتین کە بۆ خەڵک گرینگیان هەیە.
بەوتەی زۆربەی بینەرانی دیبەتەکان، پلانەکانی کۆمەڵی نیشتمانی لە دروشمێک زیاتر نین و هەر هەموویان بە ئاماژە بە داتا و ژمارە لەلایەن پارتەکەی ئێمانوێل ماکرۆنـەوە بەرپەرچ دراونەتەوە، بەڵام بەو حاڵەش خەڵک لە سەرکۆمار هەر تووڕەن و لە بڕیاڕی خۆیان پاشگەز نابنەوە. وەک ئاماژەی پێ درا، وادەی سەرکۆمار ٣٠ ژووەن بوو، هەتا لەو ڕۆژەدا خەڵک بێنە سەر سندووقەکانی دەنگدان و ڕێگری لە بە دەسەڵات گەیشتنی کۆمەڵی نیشتمانی لە داهاتووی ئەم وڵاتەدا بکەن. ئەگەرچی نێزیکەی ٧٠٪ی خەڵک بەشداری پرۆسەی دەنگدان بوون، بەو حاڵەش کۆمەڵی نیشتمانی ٣٣٪ دەنگەکانی بۆخۆی مسۆگەر کرد. لەبەرانبەردا ڕێژەی حیزبی دەسەڵاتدار لە گەڵ هاوپەیمانەکانی لە ئاستی نزمی ٢٠٪ دا مایەوە.
لەم نێوەدا ئەوەی گرینگە و شیاوی لێوردبوونەوەیە هێزی دەنگی خەڵک لە سندووقەکانی دەنگدان لە ناو پرۆسەیەکی سالمی دێموکراسی دایە. پارتی دەسەڵاتدار بە سەرۆکایەتیی ئێمانوێل ماکرۆن، لە بەرانبەر دەنگی خەڵکدا خۆی بە بێهێز دەزانێ و داهاتووی خۆی و حیزبەکەی بۆ مانەوە لە دەسەڵاتدا مەترسی جیددیان لە سوەرە. بەڵام سیستمی دێموکراتیک و دامەزراوەیی ئەم وڵاتە ڕێگەی پێ نادات لە هەمبەر ئەو ڕووداوانەی کە دێنە ئاراوە پەنا بۆ هەوڵی دزێو و نەشیاو ببات، یان بە هیچ جۆر ناتوانێ پڕۆسەی دەنگدانی وڵاتەکەی لە سەر بەرژەوەندی خۆی و حیزبەکەی بخاتە ژێر پرسیارەوە.
دواوتە، ئێستا کە دەنگی بە هێزی گەل لەنێو سندووقەکانی دەنگدانەوە سەری هەڵداوە و ڕووبەڕووی دەسەڵات بۆتەوە، سەرکۆماری فەڕانسە دوو جار بە ڕێزەوە وەبیر خەڵکی هێناوەتەوە کە دەنگی ئەوانی بیستوە. بۆ دواجاریش تکای لە خەڵک کردوە کە ئەگەر لە خولی دووهەمیشدا دەنگ بە کۆمەڵی نیشتمانی دەدەن، ڕێگە مەدەن تا زۆرینەی ڕەها وەدەست بخات، ئەگینا بەبێ سڵکردنەوە تێکڕای ئەو یاسا نادیموکرتیکانە جێبەجێ دەکەن کە ٥٠ ساڵە تاسەیان دەکەن. بەڵێ لێرە دەنگی گەل هێزی هەیە، واتە دەنگ تەنیا لە کۆمەڵگە دێموکراتیکەکاندا هەستی پێ دەکرێ و دەخوێندرێتەوە.
ئەگەر دەست لە باسی پرۆسەی هەڵبژاردنی فەڕانسە هەڵگرین و ئاوڕێک لە هەڵبژاردنەکانی ئێران لەژێر دەسەڵاتی حکوومەتی ویلایەتی فەقیهـ بدەینەوە، بەڕوونی بۆمان دەردەکەوێ کە دەنگی خەڵک توانای هیچ ئاڵوگۆڕێکی نییە. ئەمڕۆ خەڵکی ئێران گیرۆدەی دەسەڵاتێکی سیاسین کە لە لوتکەدا ڕێبەری ویلایەتی فەقیهـ جێگەی گرتوە. ڕێبەرێک کە بۆ مانەوەی خۆی و دەسەڵاتە ناڕەواکەی سڵ لە هیچ کردەوەیەکی دژەمرۆیی لە ئاسن و گوللەوە ناکات بگرە هەتا پەتی سێدارە و کوشتن. ئێستا پرسیار ئەوەیە "ئایا گەلانی ئێران بە گشتی و خەڵکی کوردستان بە تایبەتی، لە ڕێگەی دەنگدانەوە دەتوانن کەمترین گوشار بۆ کورسی و دەسەڵاتەکەی خامنەیی بهێنن و ناچاری بکەن گوێ لە دەنگی گەل بگرێ؟" بەدڵنیایی وەڵامی ئەم پرسیارە دەبێتە "نا" چون پرۆسەی هەڵبژاردن لە دەسپێکەوە هەتاکوو ئاکامەکانی کۆتایی لە دەست خۆیدایە و تەنانەت نەخشەی ئەوەشی بۆ خەڵک داڕشتوە کە لە دوای مەرگی ناموبارەکی، چۆن بژین.