کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

قۆناغەکانی بزووتنەوەی مەدەنی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان

15:43 - 20 گەلاوێژ 2724

کۆمەڵگەی مەدەنی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان

(قۆناغەکانی بزووتنەوەی مەدەنی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان)

سمایل شەرەفی

دوای کۆتایی‌هاتنی شەڕی ئێران و عێراق و دواتر لە کزیدانی شەڕی چەکداریی حیزبە کوردییەکان و پەرەسەندنی حەشیمەتی شارەکان و چوونە سەرێی ئاستی خوێندەواریی لاوان و دەرکەوتنی کەسایەتییە فەرهەنگییەکان وەک نوسەران و شاعیران لە کۆتایی ساڵەکانی دەیە ٦٠ی هەتاوی و سەرەتای دەیەی ٧٠ بە دواوە، بە دامەزراندنی بنکە و ئەنجومەنە ئەدەبی و فەرهەنگییەکان و بەڕێوەچوونی چەندین چالاکیی ئەدەبی و بڵاوبوونەوەی نوسراوە و چاپەمەنی بە زمانی کوردی، چالاکییە مەدەنییەکان دەستیان پێ کرد. هەڵبەت چەند ساڵ پێشتر بە دامەزرانی گۆڤاری سروە(١)، "تاقمێک لە ئەندامانی بەشی ئەمنیەتیی سپای پاسداران (ادارە اطلاعات سپاه)(٢) دوای دوورکەوتنەوەی هێزی پیشمەرگە لە شارەکان بە مەبەستی پاراستنی جەماوەر و بەرپاکردنی بنکە و مقەڕیان لە ئاواییەکان و شوێنە ئەستەمەکان، هاتبوونە سەر ئەو بڕوایە کە بۆ هێورکردنەوەی کوردستان "ئاوڕێکی بەخێر" لە زمان، فەرهەنگ و ئەدەبی کوردی بدەنەوە، ناوەندێکی فەرهەنگی بۆ ئەم مەبەستە وەکار بخەن"، کۆمەڵێک کەسایەتی و چالاکی ئەم بوارە ڕچەشکێنییان کرد.

ڕووداوەکانی دەیەی حەفتا و هاتنە مەیدانی ڕێفۆڕمخوازی لە گۆڕەپانی سیاسیی ئێراندا توانی دۆخەکە بە قازانجی کۆمەڵگە بگۆڕێ و سەرەتایەکی نوێ بێت بۆ جموجۆڵی مەدەنی لە ئێران و کوردستان. لەم قۆناغەدا سەرەڕای ئەوەیکە بە گشتی خەڵک بۆ بابەتە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان مەیدانداری دەکرد، بەڵکوو هێندێک دامەزراوە پێک هاتن کە ڕەوتی سازبوونی کۆمەڵگەی مەدەنی و لە ئاکامدا بزووتنەوەی مەدەنیان خێراتر و سەقامگیرتر کرد.

 لەم پێوەندییەدا دوکتور خالید تەوەکوللی پێی وایە چەند ساڵی کۆتایی سەرۆک‌کۆماریی هاشمیی ڕەفسەنجانی لە پەرەسەندنی جموجۆڵە مەدەنییەکاندا کارتێکەریی هەبووە و لەو باوەڕەدایە کە خوێندکاران لە زانکۆکان پێشەنگی بزووتنەوەی مەدەنی لە ئێران و کوردستانن. ئەو لەم بارەوە دەڵێ؛ "پێشەنگی جووڵانەوی کۆمەڵایەتی لە کوردستاندا خوێندکارەکان بوون. بە شێوەیەکی گشتی لە ئێراندا لە چەند ساڵی ئاخیری سەرۆککۆماری ڕەفسەنجانی، کەمێک فەزای سیاسی و فەرهەنگی گۆڕانی بەسەردا هات و ڕێگە درا بە بیروبۆچوونی جیاواز کە بتوانن کۆڕ و کۆبوونەوە و گۆڤار و ... ببێ. یەکێکی‌تر لە گۆڕانکارییەکان ئەوە بوو تا ڕادەیەکی زۆر "گزینش" لە سەر خوێندکارانی زانکۆ هەڵگیرا و بەمجۆرە ڕێگە درا بە کەسانێک کە وابەستە نەبوون بە حکومەت بتوانن لە زانکۆکان درێژە بە دەرس خوێندن بدەن. ئەم شەپۆلە کوردستانیشی گرتەوە و زۆر کەس کە زووتر ڕێگەیان پێ نەدەدرا بچن بۆ زانکۆ، دەرگای زانکۆکان بۆیان کەوتە سەر پشت و ڕێژەی خوێندکارانی کورد بە شێوەیەکی بەرچاو، زۆر بوو.... هاوکات لەگەڵ ئەم بەرنامە، زۆربوونی ژمارەی خوێندکارەکان و هاتنە سەرکاری دەوڵەتی خاتەمی و ڕێفۆڕمخواز لە ئێران، بەستێنێکی باشی ڕەخساند بۆ ئەوەی خوێندکارە کوردەکان خۆیان ڕێک‌بخەن و بە بۆنەی جۆراوجۆر بەرنامەیان هەبێ. هەڵبژاردنی شوڕاکان و مەجلیسی شەشەمی ئێران، خوێندکارەکانی هێنایە ناو خەڵک و ئیتر چالاکییەکانیان لە چوارچێوەی زانکۆکاندا نەما و لەگەڵ بەشێک لە چالاکانی دەرەوەی زانکۆ پەیوەندییان بەرقەرار کرد".

بزووتنەوەی مەدەنی لە کوردستان بە هاتنە سەرکاری سەید محەممەد خاتەمی و ڕێفۆرمخوازان لە ٢ی جۆزەردانی ١٣٧٦ی هەتاوی، گوڕوتینێکی دیکەی بەبەردا هات. "سەردەمی بەناو ئیسڵاحات بۆ زۆرێک لە هێزە لاو و بە تواناکانی کورد فەزایەکی - هەرچەند بەرتەسکی پێک هێنا و مەیدان و بەستێنی نوێ و تاقینەکراوەی بە ڕووی کورددا کردەوە". لە گەڵ ئەوەیکە بزووتنەوەی مەدەنی لە کوردستان هیچ‌کات هاوئاهەنگ و هاوگوتاری ڕێفۆرمخوازیی لە ئێران نەبووە و ماهییەتێکی دیکەی کوردستانیی هەبووە، بەڵام حاشا لە کاریگەریی ئەم ڕەوتە سیاسییە لە سەر گەشە و پەرەسەندنی بزووتنەوەی مەدەنی و کۆمەڵگەی مەدەنی لە ئێران و کوردستان ناکرێ.

لە دەورانی خاتەمیدا خوێندکارانی کورد لە زانکۆکانی ئێران نزیک بە حەفتا گۆڤاریان(٣) چاپ و بڵاو دەکردەوە، ژینگەپارێزی لەم سەردەمەدا یاسایی کران و بە دەیان ڕێکخراو و ئەنجوومەن لە کوردستان دامەزران. بەڵام بە هاتنە سەرکاری مەحموودی ئەحمەدی‌نژاد بەشی هەرە زۆریان لەنێو چوون.

لە کوردستان هەڵبژاردنەکان ببوونە مەیدانی بڵاوکردنەوە و هێنانە بەرباسی داواکاری و بابەتە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان. هەموو ئەوانە توانی ڕوحێکی گشتی پێک بێنێ کە لە قۆناغی دواییدا یانی لە نەوەدەکان بەولاوە بە یارمەتیی فەزای مەجازی و هێندێک بنکەی نوێی فێرکردنی زمانی کوردی و ژینگەپارێزی، بناغەی کۆمەڵگەی مەدەنیی کوردی دابڕێژێ و لە ئاکامدا ئەم کۆمەڵگەیە مەیدانداریی بزووتنەوەیەکی مەدەنی بکات کە گرینگترین چەمکی بەرباسی ئەم بزووتنەوەیە ویستی نەتەوایەتی و پرس و بابەتەکانی پێوەندیدار بەوەوەیە، بە شێوەیەک کە هەر ڕووداوێکی کۆمەڵایەتی دەیتوانی ببێتە هۆی سازبوونی بزووتنەوەیەکی سەرانسەریی کوردی.

بێهزاد خۆشحاڵی کە لە سەردەمی ئیسڵاحاتدا خوێندکار بووە وەک یەکێک لە چالاکانی خوێندکاریی کورد لەو قۆناغەدا ناوی دێت، بەم شێوەیە باس لە ئەزموونەکانی خۆی دەکات؛ "لە ١٣٧٦ی هەتاویی بەم لاوە لە ئێراندا کرانەوەیەکی باش هاتە ئاراوە، دەوڵەتی ئیسڵاحات کاریگەرییەکی زۆری دانا؛ پرسی دێموکراسی و پرسی کۆمەڵگەی مەدەنی هاتنە بەر باس. من ئەوکاتە دەورەی دووهەمی دانیشجوویی خۆم بوو، لەبیرمە کە ڕۆژانە هەژدە ڕۆژنامەمان هەبوو، ڕۆژنامەگەلێک کە وتاری زۆر باش و دەوڵەمەندی تێدا چاپ و بڵاو دەکرایەوە. زۆربەی هەرە زۆری کتێبەکانی خۆم لە سەردەمی ئیسڵاحات و سەردەمی خاتەمیدا ئیزنی چاپ و بڵاوبوونەوەیان پێ‌درا کە دواتر لە سەردەمی ئەحمەدی‌نژاددا ئەو کتێبانە و زۆر کتێبی دیکەش لە کتێبخانەکانی کوردستان هەڵگیران و بێسەروشوێن کران. دەتوانم بڵێم ئەو سەردەمانە سەردەمانێکی زێڕین بوون، ئەوە هەلێک بوو کە کۆمەڵگە توانی کەڵکی لێ وەربگرێ و قەڵەمبازێک بدا.

بە گشتی بزووتنەوەی فەرهەنگی (مەدەنی)ی لە دەیەی دووهەمی دەسەڵاتدارەتیی کۆماری ئیسلامیدا لە زۆر بارەوە گەشەکردن و پێشکەوتنی بە خۆیەوە دیت. لە باری جوغرافیاییە‌وە بەرینتر بۆوە و سەرانسەری کوردستانی داگرت. لە باری تەرکیبی ئەو توێژانەش کە لە جموجۆڵی فەرهەنگیدا بەشدار بوون، لەو دەیەیەدا بزووتنەوە ئاڵوگۆڕی بەسەرداهات. ڕووناکبیران بە شێوەیەکی بەربڵاوتر لە ڕابردوو هاتنە نێو بزووتنەوەکە. خوێندکاران بوون بە بەشێکی سەرەکی لە تێکۆشەرانی ئەو بزووتنەوەیە و، کچان و ژنان کە پێشتر دەورێکی ئەوتۆیان لە جموجۆڵەکاندا نەبوو، لەم دەیەدا بە شێوەیەکی هومێدبەخش درەوشانەوە. ژمارەی بڵاوکراوە کوردییەکان لەو دەیەیەدا (بەتایبەت نێوەی دووهەم) زیادی کرد. کۆڕ و کۆبوونەوە و فستیڤاڵە ئەدەبی و هونەرییە جۆراوجۆرەکان هەم ژمارەیان زیادی کرد و هەم نێوەرۆکیان چووەسەر.

هاوکات لە گەڵ هۆکارە عەینی و دیارەکان لە سەر گەشە و پەرەسەندنی بزووتنەوە و کۆمەڵگەی مەدەنی لە کوردستان، کۆمەڵێک هۆکاری دیکەی نادیار هەن کە سەرەڕای کەمتر گرینگی‌پێدان و شیکردنەوەیان، زۆر شوێندانەر و کاریگەرن کە بریتین لە؛ خەسڵەت و تایبەتمەندیی ماددیی چالاکانی بزووتنەوەی مەدەنی و پێگەی ئەم شێوازە لە خەبات لە بزووتنەوەی گەورە نەتەوەیەکەدا. هاتنە ئارای چینی مامناوەندی و پەرەسەندنی لە هێندێک قۆناغی ڕوو لە گەشەی سیاسی و ئابووری و هەروەها بەرزبوونەوەی ئاستی هوشیاری و شعووری نەتەوایەتی و گۆڕانکاری لە کۆمەڵێک ڕەفتاری کۆمەڵایەتی و گۆڕانی بەها و ئەرزشە کۆنەکان و جێ‌گرتنەوەیان بە کۆمەڵێک بەها و ئەرزشی دیکەی ڕەفتاری و نەتەوەیی لە کۆنتێکستێکی تایبەتدا، لەو هۆکارە نووستووانەن کە کاریگەریی خۆیان لە سەر کۆی ڕەفتاری کۆمەڵگەی کوردەواری بە کۆمەڵگەی مەدەنییشەوە داناوە.

هۆکارە نوستووەکان لە کۆمەڵگەدا هەن بەڵام بە هەر هۆیەک بێ، چالاک نین، هەندێک هۆکاری لاوەکی دیکە ئەم هۆکارە نوستووانه وەخەبەر دێنن. لەم پێوەندییەدا مەحموودزادە لە وتویژێکی تایبەت‌دا بۆ ئەم نامەیە دەڵێ "لە کۆمەڵناسیدا هەندێک هۆکار هەن پێیان دەڵێن "هۆکاری نوستوو". لە بنەڕەتدا هەتا فۆرماسیۆنی کۆمەڵگە لە قۆناغێکی وەک فیئۆدالیزمەوە بۆ قۆناغی بوورژوازی نەپەڕێتەوە و هەتا شاری مۆدێڕن و چینی مامناوەندی بیچم نەگرێ، بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان دەرەتانی سەرهەڵدانیان نابێ. بەڵام گرینگ ئەوەیە هەندێک جار ئەم هۆکارە گرینگه شارستانییانەش دەوری هۆکاری نوستوو دەبینن.

ئەو هۆکارەی لە کوردستاندا وای کردوە ئەم هۆکارە نوستووانه وەئاگا بێنەوە، بزووتنەوەی نەتەوایەتییە. کورد لە دەلاقەی بزووتنەوەی نەتەوایەتییەوە دیداری لەگەڵ زۆرێک لە دەرکەوتەکانی مۆدێرنیتەوە کردوە. بزووتنەوەی نەتەوایەتی، بزووتنەوەکانی دیکەی لە کوردستاندا کادربەندی و جومگەبەندی کردوە. واتە هەتا ماوەیەکی زۆر بزووتنەوەی نەتەوایەتی مۆرکی مەنتیقی خۆی لەسەر بزووتنەوەکانی دیکە داوە. بە دەربڕینێکی ڕوونتر بزووتنەوەکانی دیکە بۆ ئەوەی بوون و مانەوەی خۆیان لە کۆمەڵگەی کوردستاندا مسۆگەر بکەن، پێویستە چۆنیەتیی پێوەندیی خۆیان لەگەڵ بزووتنەوەی نەتەوایەتی پێناسە بکەن. هەتا ئێستاش زۆر کەس لەو کەسایەتییانەی وا لە بواری زمان و ئەدەب و فەرهەنگی کوردیدا چالاکن، لە نەستی گشتیی خەڵکی کورددا وەک کەسانێک پێناسە دەکرێن کە "کوردایەتی" دەکەن. کەوابوو بزووتنەوەی سیاسیی نەتەوایەتی وەک بەستێنێکی گشتیتر بۆ بزووتنەوەکانی دیکە کاری کردووە، بەڵام لە شیکارییەکی ورددا هۆکاری بناغەیی تریش بۆ ئەو بزووتنەوانە لەگۆڕێدا هەبوون".

گەورەبوونەوەی شارەکانی کوردستان و چوونەسەری ئاستی خوێندەواری و هوشیاریی کۆمەڵایەتی و سیاسی و پەرەسەندنی چینی مامناوەندی لە کوردستان (٤) و دۆخی بزووتنەوەی سیاسیی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بزووتنەوەی مەدەنی و کۆمەڵگەی مەدەنی خستۆتە قۆناغێکی تایبەت و چارەنووسسازەوە.

***

پەراوێزەکان:

١) دوای دامەزراندنی "ناوەندی بڵاوکردنەوەی فەرهەنگ و ئەدەبی کوردی" بە سەرپەرەستی و چاودێریی مامۆستا هێمن لە ساڵی ١٣٦٤ی هەتاوی گۆڤاری سروە لە لایەن ئەم ناوەندەوە چاپ و بڵاو کرایەوە.

٢) ئەحمەدی قازی: لاوێکی فارسی شاری ڕامسەری مازەندەران بە ناوی ئەسفەندیار ڕەحیم مەشایی سەرپەرەستی ئەم تاقمەی دەکرد.

٣) لە گۆڤارە بەناوبانگە کوردی و فارسی‌یەکان کە لە لایەن خوێندکارانی کوردەوە چاپ و بڵاو دەکرانەوە دەکرێ ئاماژە بەم ناوانە بکەین: تاڤگە، ڕاڤە، ئاشتی، هەوراز، پووشپەڕ، پێشڕەو، تریفە، ڕاڤە، ڕوانگە، زانست، زرێبار، ژوان، ژیوار، سۆما، طلوع، فرهنگ همدان و ندای دانشجو.

٤) لێرەدا مەبەست لایەنی ئابووریی مەسەلەکە نییە چونکی زۆربەی خەڵکی کوردستان لە ڕووی ئابوورییەوە کەم داهات و دەستکورتن و لە چینی مامناوەندی‌دا جێ ناگرن، بەڵام لە ڕووی ڕەفتار و هەڵسوکەوت و بیرکردنەوە و بەها کۆمەڵایەتییەکانەوە، پێرەوی لە چینی مامناوەندی دەکەن و بە خۆدوورخستنەوە بەرانبەر بە پرسەکانی کۆمەڵگە، ڕۆژانە بەرانبەر بە پرس و ڕووداوەکان کاردانەوە نیشان دەدەن و خاوەندرارێتی دەکەن.