کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سیاسەت: بەرژەوەندی یا هزرمەندی؟

15:53 - 20 گەلاوێژ 2724

کەریم پەرویزی

سیاسەت لە چاولێکردنی سەرپێیدا ڕەنگە ساکار بێتە بەرچاو و لە هەندێ ڕوانگەوە ڕەنگە ئاڵۆزکاو و پڕ لە ناڕوونی دیار بکا. بەتایبەتی کاتێک دەتەوێ سنوورەکانی نێوان سیاسەت و بوارەکانی دیکەی وەکوو کۆمەڵناسی یان مرۆڤناسی یان ئابووریی کۆمەڵایەتی و یان هەڵسوکەوتناسیی بەکۆمەڵ و ... هتد دیاری بکەی ئیدی سنوورەکانی زۆر ئاڵۆز دێنە بەرچاو کە وەکوو دڕکەتەل و خوری وەها تێکەوە پێچراون کە دەرهێنایان و جیاکردنەوەیان لەیەک پڕ ئاریشە خۆی نیشان دەدا.

گەر لەو قووڵاییەی بێینە دەرەوە و چاوێکی خێرا بەسەر بیاڤەکەیدا بخشێنین، سیاست لە تێگەیشتنی گشتیدا وەکوو بوارێک بۆ بەکردەییکردنی ویستەکان لە بیاڤی گشتیدا دێتە بەرچاو. بەو مانایە کە چ تاکێک و چ گرووپێک هەندێ ویستیان هەیە کە لە خانەی تاکەکسی و شەخسی تێدەپەڕێ و دێتە سەرشەقامی گشتی یان نێو گۆڕەپانی ڕای گشتی و سیاسەت ئەو ئامراز و ڕێوشوێنانەیە کە بۆ گەیشتن بەو ویستانە دەگیرێنە بەر. لەم ڕوانگەیەوە سیاسەت خودی ویستەکان نییە بەڵکوو ڕێوشوێن و ئامراز و میکانیزمە! لەمێژساڵە دوو ڕوانگەی جیاوازیش بۆ ئەم ئامراز و ڕێوشوێنە هەیە:

خودی ڕێوشوێنەکە دەکرێ بەپێی ویستی کەسی و بەپێی کات ئاڵوگۆڕی بەسەردا بێ یان میکانیزمەکە دەبێ ڕوون و تارادەیەک نەگۆڕ بێ و هەمووان و بە هەموان شیووە کەڵکی لێ وەرگرن؟

ئەم پرسیارە کە لەخۆیدا ئاوس بە دووانەیەکی دژ بەیەکە، دوو وەڵامی جیاوازی لێ دەکەوێتەوە. یەکێ دەڵێ سیاسەت ئامرازێکە بۆ گەیشتن بە بەرژەوەندییەکان. لەم ڕوانگەیەوە، سیاسەت کە وەکوو ڕێوشوێن و میکانیزمە، دەکرێ بەپێی تاک و بەپێی کات ئاڵوگۆڕی بەسەردا بێ. بەو مانایە کە تاکێک کە خاوەن ویست یان بە واتایەکی دیکە بەدوای بەرژەوەندیەکەوەیە، دەتوانێ و ئەو ئازادییەی هەیە کە بەپێی ویستەکانی بجووڵێتەوە و بەپێی بەرژەوەندییەکانی گۆڕان بە سەر ڕێوشوێنەکاندا بێنێ و لە هەر کاتێکدا هەر جۆر کە پێویستیی بەرژەوەندیی تاک خواستی لەسەر بوو، لە میکانیزم و ئامرازی جیاواز کەڵک وەر بگرێ.

وەڵامی دووهەمیش بریتییە لەوەی سیاسەت ڕەنگە گرێدراوی بەرژەوەندی بێ بەڵام نەک بەرژەوەندی و ویستی تاک! لەم ڕوانگەیەدا کۆمەڵگە و نیشتمان لە ڕیزی پێشتر دادەنیشن و سیاسەت دەبێتە هزرێک و تێروانینێک بۆ گەیشتن بە خێر و بەرەکەتی گشتی و بەختیاریی هەمەکەسی و ئاسوودەیی نیشتمان. واتە سیاسەت بریتیە لەو هزرەی کە تێیدا بەختیاریی خەڵک و ئاسوودەیی نیشتمان تێدا مانا دەکرێتەوە جا ئیدی ئەو هزرە دەتوانێ ڕەنگ و تامی جیاواز بە خۆیەوە بگرێ، لە چەپی چەپی دیکتاتۆریخواز و دژە مڵکی تایبەتەوە بگرە تا ڕاستی ڕاستی دژە ئازادیی تاک و قوربانیکردنی هەموو کەس و نەتەوەیەک لە پێناو ناسنامەی نەتەوەو نەژادێکی دیاریکراودا!

هزرمەندی لێرەدا بریتییە لەوەی چۆن دەڕوانیتە کۆمەڵگە و داهاتوو و ڕابردووەکەی و چی بە خێر دەزانی بۆی کە هەنگاوی بۆ هەڵ بگری. لێرەدایە بەرژەوەندییە نەتەوەیی و گشتییەکان دیاری دەکەی بەڵام بەپێی هزرمەندیی خۆت! هەر لێرەوەشە ڕوانگەی جیاوازی چەپ و ڕاست و میانە و توندئاژۆ و بناژۆ، بەرژەوەندیی نەتەوەیی بەجیا لێک دەدەنەوە!

ئەوەی پێی وایە سیاسەت بریتییە لە بەرژەوەندی و هەرتاک و لە هەر کاتێکدا دەتوانێ ئامراز و ڕێوشوێنەکان بە پێی بەرژەوەندیەکانی بگۆڕێ، لە مێژوودا قوتابخانەی زۆری لێ کەتۆتەوە و وا نییە کە هیچ ناونیشانێکی نەبێ، لە ئێپیکۆریەکانی سەردەمی کۆنەوە بگرە تاکوو ماکیاوێلی، لەو سکە لەدایکبوون و ئەو وەڵامەیان پێ بووە کە کات و تاک ئازادە لە هەڵبژاردنی شێوە و ئامرازدا و لەراستیدا بەرژەوەندیی تاک باڵادەستە لە دیاریکەرییدا. لەم ڕوانگەیەوە دەتوانی هەڵگری ئاڵای شەکاوەی چەپی توندئاژۆ بی و هاوکاری ڕاستی فاشیستیش!

چەندین دەیەیە کە لە کوردستاندا قوتابخانەیەک دامەزراوە کە بە قوتابخانەی گەلاوێژ بەناوبانگە چونکە لە گەلاوێژی ١٣٢٤ی هەتاویدا بەدەستی پێشەوای نەمر دامەزرا.

لە قوتابخانەی گەلاوێژدا، کە مرۆڤەکان باردێنێ و لە ڕێگەی بارهێنانی مرۆڤەکان و کردەوەی گرووپیەوە دەیەوێ کاریگەری لەسەر دوارۆژی کۆمەڵگە و بونیاتنانی نیشتمان دابنێ، سیاسەت مانا و ڕەنگێکی تایبەتی هەیە کە زۆرتر لە پەلی دووهەمی ڕوانگەکان واتە وەڵامی هزرمەندی بۆ ڕێوشوێنە سیاسیەکاندا جێ دەگرێ.

وتەیەکی بەناوبانگی دوکتور قاسملووی نەمر، دارێژەرەوەی قوتابخانەی گەلاوێژ هەیە کە دەڵێ، لەمێژە دەڵێن سیاسەت ئەخلاقی نیە، ئێمە لە کوردستان و ئێراندا ئەخلاقمان هێناوەتە نێو سیاسەتەوە.
ئەوەی لێرەدا مەبەستی دوکتور قاسملوویە، ئەو ڕوانینە ساکارە بۆ ئەخلاق نییە؛ واتە ئەخلاق لێرەدا ئەوە نییە کە تاکێک دەبێ لەگەڵ کەسەکانی دەوروبەری چاکوچۆنیی دروستی هەبێ و لە دەربڕیندا ڕێز لە کەسەکان بگرێ. ئەمانە شتێکی دروست و سەرەکین کە بۆ هەر مرۆڤێک کە لە کۆمەڵگادا دەژی پێویستن، بەلكوو ئەو ئەخلاقەی لە سیاسەتدا کە دوکتور قاسملوو باسی دەکا، بریتیە لە پێبەندی و دەروەستی. واتە ئەخلاق لە سیاسەتدا دەروەستی و پێبەندیە بەرامبەر بە هزرێک و ڕوانینێک کە هەتە و دوورەدیمەنێک کە نیشانی خەڵکی دەدەی. گەر زۆرتری لێ ورد ببینەوە، ئەخلاق لە سیاسەتدا واتە وەکوو تاک یان وەکوو گرووپێکی سیاسی، ڕوانینێکت بۆ کۆمەڵگا و بۆ ژیانی باشی کۆمەلگا هەیە و دوورەدیمەنێکی نیشتمانەکەت لەبەرچاوە؛ لە ڕێوشوێنەکان و دارشتنی میکانیزمەکاندا ئەو دورەدیمەنانە دەکەی بە ڕێنوێن و لە هەر هەوراز و نشێوێک و لە هەر ملە و پێچکردنەوەی ڕیگایەکدا دووبارە دوورەدیمەن و ڕوانینەکان دەکەیتەوە بە ڕێنیشاندەر و دەروەست و پێبەندی بەرامبەر بەو نوختە فیکریەی کە ویستووتە کۆمەڵگەی بەرەو لا ببەی.

ئەخلاق لە سیاسەتدا لەم ڕوانگەوە ئیدی پێبەندبوونە بەو ڕێکارانەوە کە دات ڕشتوون و بە بەڵێنانەی کە بە خەڵکت داون و بەو هاندانەی کە ویستەکانیانت بۆ لای هەڵخراندوە و خۆی لێ نەبان ناکەی گەر گرفتێک هاتە سەر ڕێگەت بەڵکوو ڕاست و درووست بە خەڵکەکەت دەڵێی کە ڕێگا هەمان ڕێگایە و دەروەستین بەرامبەری بەڵام ئەم کۆسپەمان هاتۆتە سەر ڕێگا کە نەخوازراو بووە. پێبەندی لە سیاسەتدا بە ئەخلاقەەوە جیاوزە لەگەڵ گیرۆدەبوون بە نەریتەوە! نەریتی سیاسی و ڕێکاری سەردەمێک ڕەنگە لە دەورانێکدا بە پێی دۆخێک دارێژرابێ بەڵام بە لەبەرچآوگرتنی گۆڕانکارییەکان لە دەوروبەر و بیاڤەکدا و لە ستراتژی و ژیئۆپۆلیتیکدا، دەکرێ دووبارە و دووبارە بیری لێ بکرێتەو و ڕێگای تازە ببینرێتەوە بەڵام بە دەروەستی بەرامبەر بناخەی هزری.

هەروەها لەم ڕوانینەدا ئیدی پێبەندی لای ئەخلاقی سیاسی بریتیە نیە لەوەی کە هەرچی لە سیاسەتدا دەیزانی و بەگوێت دەگا لە ڕای گشتیدا باسی بکەی! بەڵکوو سیاسەت گۆڕەپانێکی سەخت و دژوارە کە پڕە لە دوژمن و بۆیە هەموو شت ناکری لە بیاڤی گشتیدا باس بکرێ و ڕەنگە دوژمن زیاتر لەو زانیارییانە کەڵک وەر بگرێ هەتاکوو لایەنگرانت! بەڵام ئەخلاق لە سیاسەتدا  وا دەخوازێ کە دەروەست بی بەرامبەر بە هزری دارێژراو و باسکراوت و ئیدی ئەمڕۆ میکانیزمێک نەگریتە بەر و سبەی ڕێوشوێنی دڵخواز بەڵام دژی هزرە گشتیەکە.

بۆ وێنە ناکرێ باس لە پێبەندییت بە هزر و تێروانینی لیبراڵ بکەی و خۆت بە خاوەنی فیکری لیبراڵ بزانی و خوازیار بی ئەو هزرە لە کۆمەڵگادا پیادە بکرێ، بەڵام گەر کەسێک ڕەخنەیەکی لێت گرت یا خراپ لێت حاڵی بوو! بەسووکایەتیەوە وەڵامی بدەیتەوە و خوازیاری کپکردنی دەنگی ڕەخنەگر بی!

یان بۆ وێنە پێت وایە سەروەریی یاسا لە کۆمەڵگەدا بەرژەوەندیی گشتی دابین دەکا و هزری ئەوەت هەبێ کە دەبێ هەموو کەس لە بەرامبەر یاسدا یەکسان بن، بەڵام سبەی گەر کەسێکی نزیک لە خۆت کە بەرژەوەندیی تاکەکەسیت دابین دەکا لە یاسا لای دا، سەرپێچیەکانی لە یاسا بە دڵفراوانی وەر بگری و هەوڵی پاساوهێنانەوەی بۆ دەرچوون لە سزا بۆ بدەی، بەڵام کەسێکی جیاواز لە هزرت کە ڕەنگە بە سووکی لە یاسا لای دابێ، وەهای دابگژێیە سەر کە لەگەڵ سزای سێدارەدان بەرەورووی بکەی.

گەر کۆی بکەینەوە سەر یەک، ڕوانگەی بەرژوەندیخوازی بۆ سیاسەت، لە هەوڵی ئەوەدایە کە نانێکی ئەمڕۆ بە قەرز بدا لە پێناوی وەدەستخستنی کولێرەیەکی سبەی! بەڵام ڕوانگەی هزرمەندی بۆ سیاسەت کە قوتابخانەی گەلاوێژ پێرەوی ئەو ڕوانگەیە، لە هەوڵی ئەوەدایە کە نیشتمان ئاوەدان و پڕ خێر بێ و دەشتێکی پڕ گەنم بچێنێ تاکوو سبەی هەمووان دەرفەتی دادپەروەرانەیان هەبێ کە خاوەنی نان بن.

قوتابخانەی گەلاوێژ، قوتابخانەی شەرەفمەندی وسەرفرازییە، دامەزرانی لە هەموو مامۆستا و قوتابیانی و لە هەموو ئۆگرانی پیرۆز