کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەرۆک‌کۆمارێکی بێ‌فەڕ

11:16 - 18 گەلاوێژ 2724

حەسەن قارەمانی

کاتێک سەرۆکێکی نوێ سوێندی یاسایی دەخوات، زۆرجار هیواکان لەنێو دانیشتووان بۆ ئاراستەیەکی نوێ و پێشکەوتن لە سیاسەتدا زۆر دەبن. بەڵام لە ئێراندا کە دەسەڵاتی سیاسی بەتوندی لەلایەن سەرکردایەتیی ئایینییەوە کۆنترۆڵ کراوە، ئەم هیوایانە بێ‌بنەمان. ڕێوڕەسمی دەستبەکاربوونی سەرۆک‌کۆماری نوێ بەڕوونی ئەوە دەردەخات کە چەندە شوێنی مانۆڕدان و هەڵسووڕان سنووردارە بۆ سەرۆک‌کۆمارێک کە ناچارە لەژێر نیسێی دەسەڵاتی خامنەییدا کار بکات.

قەوارەی سیاسیی ئێران لە دەوری خامنەیی، ڕێبەری ڕێژیم دەخولێتەوە کە کۆنترۆڵی تەواوی بەسەر هێزە چەکدارەکان، دەسەڵاتی دادوەری و دەزگاکانی ڕاگەیاندنی وڵاتدا هەیە. ئەم چڕبوونەوەی دەسەڵاتە وای کردوە هیچ سەرۆک‌کۆمارێک لە ئێران ئەگەر بیشیهەوێ نەتوانێ بەبێ ڕەزامەندی خامنەیی قامک لە ئاو ڕۆ بکات.

مەسعوود پزیشکیان، سەرۆک‌کۆماری تازە دیاریکراو بۆ ئێران، لە کاتێکدا وەک دووهەمین پیاوی دەسەڵاتدار سەرکردایەتیی وڵاتێکی خاوەن پێکهاتە سیاسییە ئاڵۆزەکان و کێشەی ڕەگداکوتاو دەگرێتە ئەستۆ، کە هەر لە دەسپێکی کارەکەیدا ڕووبەڕووی ئاڵنگاریی زۆر گەورە بووەتەوە. بە سەرنجدان بە دینامیکی سیاسی و چڕبوونەوەی دەسەڵات لە ئێراندا، پرسیاری ئەوەی کە ئایا پزیشکیان شانسی ڕاستەقینەی سەرکەوتنی وەک سەرۆک‌کۆمار هەیە یان نا؟ لێرەدا بە کورتی ئەو هۆکارە تایبەتییانە لە سەر قەوارەی سیاسیی ئێران  دەستنیشان دەکەین:

قەوارە و پێکهاتەی سیاسی ئێران

 ئێران ڕێژیمێکی تیۆکراسییە و تێیدا ڕێبەری مەزنی کۆماری ئیسلامی -لە ئێستادا عەلی خامنەیی- دەسەڵاتی ڕەهای هەیە. لەو نیزامە سیاسییەدا ئەگەرچی سەرۆک‌کۆمار، سەرۆکی دەوڵەت و ئەنجوومەنی وەزیرانە، بەڵام دەسەڵاتەکانی لەسۆنگەی هەژمۆنیی ڕێبەری باڵاوە بەتوندی سنووردار کراوە. ڕێبەری کۆماری ئیسلامی هەموو جومگە سەرەکییەکانی داهات و دەسەڵاتی وڵاتی بە دەستە و، هەر بڕیارێکی سەرۆک‌کۆمار و دەسەڵاتەکانی دیکەی وڵاتیش بێتوو لەگەڵ ویستی عەلی خامنەیی نەگونجێ، ڕێگری لێ دەکرێ و دەرفەتی بەدیهاتنی نادرێتێ. خامنەیی لە ڕێگەی کۆنترۆڵکردنی ئۆرگانە زلهێزەکانی وەک شوڕای نیگابان کە سەرپەرشتی هەڵبژاردن و پەسەندکردنی کاندیدەکان و هەروەها مەجلیسی خوبرەگان کە ئەرکەکەی هەڵبژاردنی ڕێبەر و چاودێری کاروباری ئەوە، توانایەکی بەردەوامی نیشان داوە بۆ ئاڕاستەکردنی سیاسەتی وڵات. ئەم ئۆرگانانە پڕن لە ئەندامانی کۆنەپەرستی دڵسۆز بۆ خامنەیی و نەیاری هەر گۆڕانکارییەک کە پێیان وابێت هەڕەشە لە بناغەکانی کۆماری ئیسلامی دەکەن.

پزشکیان و وتاری دەسپێکی کابینەکەی:

مەسعوود پزیشکیان لە وتاری دەسپێکی دەست‌بەکاربوونیدا جەختی لە دڵسۆزیی لەبن‌نەهاتووی بۆ هەردوو بارەگای خۆمەینی و خامنەیی کرد و ڕایگەیاند ڕێنوێنیەکانی خۆمەینی و  خامنەیی سەرمەشقی کار و بڕیارەکانی دەبن. پزیشکیان بە نیشاندانی دڵسۆزی و گوێڕایەڵیی خۆی ئەو سیگناڵەی نارد کە بەنیازی ئاڵنگاری و ملبەملە لەگەڵ دەسەڵات و سیاسەتەکانی خامنەیی نییە، بەوەش چاوەی هیوای هەموو ئەو کەسانەی کوێر کردەوە کە چاوەڕوانییەکی ئەوەیان لە پزشکیان هەبوو.

ئاڵنگارییەکانی ئابوورییەکان

یەکێک لە گەورەترین ئاڵنگارییەکانی پزیشکیان دۆخی ئابووریی ئێرانە. پشتی ئەو وڵاتە لەمێژە بەدەست سزا نێودەوڵەتییەکانەوە چەماوەتەوە، بەتایبەتی ئەو سزایانەی لە سۆنگەی سیاسەتە قەیرانخوڵقێنییەکانی ڕێژیم و پشتیوانی لە تێرۆریزمی نێودەوڵەتی و ناسەقامگیرکردنی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستەوە لەلایەن ئەمریکاوە بە سەر ئەو ڕێژیمەدا سەپێنراون. پزیشکیان پێش دیاریکردنی بە سەرۆک‌کۆمار بەڵێنی چاکسازیی ئابووری و باشترکردنی دۆخی ژیان و گوزەرانی خەڵکی داوە، بەڵام توانای جێبەجێکردنی ئەو چاکسازییانە بەهۆی گەمارۆکانەوە بەتوندی سنووردارە. گەمارۆکان توانای ئەو وڵاتە بۆ بازرگانی نێودەوڵەتی و ڕاکێشانی وەبەرهێنان سنووردار دەکەن، ئەمەش لە بەرامبەردا توانای حکومەت بۆ باشترکردنی ئابووری سنووردار دەکات. بەبێ هەڵگرتنی سزاکان کە ڕاستەوخۆ بە چییەتی و چۆنیەتیی سیاسەتەکانی خامنەیی بۆ مامەڵە لەگەڵ کۆمەڵگەی جیهانی بەستراوەتەوە، ئەستەمە بزانین چۆن دەتوانرێت کەمترین پێشکەوتنێکی بەرچاوی ئابووری بەدی بهێنرێت.

پێوەندییە نێودەوڵەتییەکان

پزیشکیان لەبواری کاروباری نێودەوڵەتییشدا ڕووبەڕووی ئاستەنگ دەبێتەوە. ساڵانێکی زۆرە پێوەندییەکانی ئێران لەگەڵ ڕۆژئاوا و بەتایبەت ئەمریکا ئاڵۆزی تێکەوتوە. سەرەڕای جەختکردنەوەکانی خامنەیی لەسەر پەرەپێدانی پێوەندییەکان لەگەڵ ڕووسید و چین، بەڵام ئەم وڵاتانە ناتوانن بەتەواوی جێگەی ئەو دەرفەتە ئابوورییانە بگرنەوە کە باشتربوونی پەیوەندی لەگەڵ ڕۆژئاوا دەیھێنێت. ڕووسید و چین لە پشتیوانیکردنی ئێراندا بەرژەوەندی و سنوورداربوونی خۆیان هەیە و پاڵپشتییەکانیان ناتوانێت قەرەبووی ئەو زیانانە بکاتەوە کە بەهۆی سزاکانی ڕۆژئاواوە تووشی بووە.

ئاڵنگارییەکانی سیاسەتی نێوخۆیی

لە نێوخۆشدا پزیشکیان دژایەتییەکی بەرچاوی لەهەمبەر هەر چاکسازییەکدا بەرەوڕوو دەبێتەوە. سیستەمی سیاسیی ئێران پڕە لە فراکسیۆنی بناژۆخوازە کۆنەپەرستەکان کە بەتوندی دژایەتی ئەو گۆڕانکارییانە دەکەن کە پێیان وایە هەڕەشە لە بەها و نەریتە ئیسلامییەکانی وڵات دەکەن. ئەم هێزە کۆنەپەرستانە دەسەڵات و کاریگەرییەکی زۆریان هەیە و پەشی زۆری جومگەکانی دەسەڵات لەو وڵاتەیان پاوان کردوە. ئوسولگەراکان هەر گۆڕانکارییەک کە هەڕەشە لە بناغەکانی کۆماری ئیسلامی بکات بە هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆ بۆ سەر دەسەڵاتی خۆیان دەزانن و بۆ دژایەتیکردنی ئەو جۆرە گۆڕانکاریانە هەرچییەکیان لەدەست بێت دەیکەن.

ئەنجام

شانسی سەرکەوتنی مەسعوود پزیشکیان وەک سەرۆک‌کۆماری نوێی ئێران بۆ گۆڕانکاری ئەگەر بیشیهەوێ بەتوندی سنووردار و نزیک لە سفرە، ئەویش لە سۆنگەی پێکهاتەی سیاسیی وڵات، ئاڵنگاری ئابووری و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان. ناوبراو هەرچەندە بەڵێنی چاکسازی و باشترکردنی داوە، بەڵام بێگومان بەشێکی تەنیا بۆ کۆکردنەوەی دەنگ و هێنانی خەڵک بۆ سەر سندووقەکانی دەنگدان بووە، ئەگینا لە ڕاستیدا بەهۆی دەسەڵاتی زاڵی خامنەیی و ئەو هێزە کۆنەپەرستانەی دژایەتی گۆڕانکاری دەکەن، دەستەوەستان و زەبوونتر لەوەیە بتوانێ پەل ببزێوێت.