کۆمەڵگەی مەدەنی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان
(ڕوانین و هەڵوێستی دەسەڵات بەرانبەر بە کۆمەڵگەی مەدەنی)
سمایل شەرەفی
به هاتنەسەرکاری ڕەزاشای پەهلەوی، پلانی سڕینەوەی سیستماتیکی پێناسی نەتەوەیی کورد لە ئێران وەک بەشێک لە پرۆژەی "دەوڵەت-نەتەوەی ئێرانی" دەستی پێ کرد. ڕەزاخان لە پێناو پێکهێنانی دەوڵەتی مودێڕن، یەکانگیر و ناوەندگەرا پەنای بردەبەر یەکدەستکردنی وڵات لە ژێرناوی "یەک نەتەوە، یەک زمان" و، بە ئیلهام وەرگرتن لە ناسیۆنالیزمی ڕەوتی دەوڵەت-نەتەوەکان و بەتایبەت هەڵوێستەکانی کەماڵ ئاتاتورک لە تورکیە، بە توندترین شێوە دەستی دایە سەرکوت و سڕینەوەی جیاوازییە ئەتنیکییەکانی دیکە لە ئێران.
دوای شۆڕشی ١٣٥٧ و کۆتاییهاتن بە دەسەڵاتی پاشایەتی، لە یەکەم ڕۆژەکانی هاتنەسەرکاری ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە، بزووتنەوەی مافخوازانەی کوردەکان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە توندوتیژییەکی بێڕەحمانە، سەرکوتی خوێناوی و حاشاکردن وڵامی درایەوە. کۆماری ئیسلامی بە گرتنە پێشی سیاسەتی سڕینەوە و حاشالێکردن لە شوناسی نەتەوەیی و زمان و فەرهەنگ، بەگژ خەڵکی کوردستاندا هات و هەموو دەرفەت و مەجالێکی لێ قەدەغە کرد.
کەوابوو ڕوانین و هەڵوێستی دەسەڵاتی ناوەندگەرای ئێرانی بەرانبەر بە کورد ئەوەندەی پێوەندی بە ماهییەتی سیستەمی دەسەڵاتەوە هەیە، زۆر لەوە زیاتر زادەی شێوە ڕوانین و خوێندنەوەی نەتەوەی باڵادەست (فارس)ه که هاوکات لەگەڵ ناسیۆنالیستبوونی، تێکەڵ بە ناخێکی ئیدئۆلۆژیی مەزهەبیشە. بە واتایەکی دیکە نیزام و سیستەمێکی فکری لە پشت ئەم ڕوانینەوە هەیە. لەم پێوەندییەدا ئەحمەد محەممەدپوور لە وتارێکدا لە ژێر ناوی "ناسیونالیسم فارس – شیعی: از حلقە برلین تا مطالعات پارس" دەنووسێ:
"له دیسکۆرس و گوتاری ناسیۆنالیزمی فارسگەرادا کات و شوێن و وێژمان بە شێوەی هاوئاهەنگ بۆ بەرهەمهێنانی شوناسێکی جیهانگیر و هەتاهەتایی و پیرۆز پێکەوە لە پێوەندیدان و تەواوکەری یەکترین. ڕەهەندی شیعە بوونی فارس وێڕای پەیدابوونی شۆڕشی ١٣٥٧ زیاتر خۆی دەرخستوە، بەڵام ئەم گوتارە لە تەواویەتی خۆیدا پێویستە وەک پاکێجێک کە لە ئیدئۆلۆژییەکی تایبەت، ناخێکی ناسیۆنالیستی پێک هاتوە، سەیر بکرێ کە لەودا هاووڵاتی نۆرماڵ و ئەقڵانی نەتەنیا به فارسی و شیعە لە دایک دەبێ، بەڵکوو ناوەندنشینە و خاوەنی کۆمەڵێک تایبەتمەندیی ژینگەیی و فیزییکییە. لە زەینی ناسیۆنالیستی فارسدا ئەوانی دیکە (نافارسەکان) هەمیشە ڕوخسارێکی قەبە و نەریتییان هەیە بە جلوبەرگی دێهاتییەوە کە بێبەری لە فەرهەنگی مودێڕنن و بە سەروسیمایانەوە دیارە خاوەنی پێگەیەکی نزمتری کۆمەڵایەتین".
دەسەڵاتی ئێران پێکهاتەیەکە کە لەودا شوناسی فارس-شیعه وەک شوناسی باڵادەست و پاک و ستاندارد پێناسە کراوە، ئەو پێناسەیە وای کردوە که پێکهاتەی ئێرانی لە پێناو قازانج گەیاندن بە شوناسی فارس-شیعه کار بکات، ئەم نیزامە فکرییە بۆتە هۆکاری ئەوەی که کۆی پێکهاتەی ئێرانی، بزووتنەوەی کوردستان بە دژی خۆی بزانێ و کاتێکیش کە بەدژی خۆی دادەنێ، بە شێوازی جۆراوجۆر سەرکوتی دەکات، بۆ وێنە بەرهەڵستکارانی کۆماری ئیسلامی بەپانەوە بە بزووتنەوەی کوردستان دەڵێن "قومگرا" (نەتەوەخواز) بەو مانایە کە کورد کەسانێکی ڕەگەزپەرستن. کە وایە ڕوانگەی ناوەندگەراکان بۆ بزوتنەوەی کوردستان وەکوو ڕوانگەی حکومەت وایە و هیچ جیاوازییەکی نییە.
لە سۆنگەی ئەم جۆرە ڕوانین و هەڵویستی دەسەڵاتی ناوەندگەرای ئێرانی بەرانبەر بە پێکهاتە نافارسەکان و بە تایبەت کورد کە تەوەری باسەکەی ئێمەیە، پرسی داگیرکاری و کلۆنیالیزم دێتە ئاراوە. "لە دیسکۆرسی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا داگیرکاریی نیزامی و ئەمنیەتیکردنی ڕۆژهەڵاتی کوردستان زۆر جار وەکوو "فەتحی کوردستان" (داگیرکردن) ئاماژەی پێ دەکرێ. ئەم چەمکە مانایەکی بەهێزی ئایینی هەیە... "فەتحی کوردستان" بە ڕاگەیاندنی جیهادی خومەینی لە دژی کوردستان لە ٢٨ی گەلاوێژی ١٣٥٨ دەستی پێ کرد".
سیاسەت و ڕوانینی دەسەڵات لە تاران دژ بە کورد هەموو ڕەهەند و بەستێنێکی ژیانی ئەم نەتەوەی گرتۆتەوە. لە نیزامی پەروەردەوە بگرە کە خوێندن و نووسین بە زمانی زگماکی تێیدا ڕێگەپێنەدراوە و تەنانەت لە پەرتووکەکانی خوێندنی قوتابخانەکاندا کە هەموویان بە زمانی فارسین، شوناسی فارسی بە ”شوناسی نەتەوەیی“ دەناسێنن و پەرەی پێ دەدەن، تا دەگاتە هەموو ئاستەکانی دیکە. بەرتەسکردنەوە، سەرکوت و سڕینەوە بۆتە ئامانجی سەرەکیی سیاسەت و هەڵویستەکانی کۆماری ئیسلامی بەرانبەر بە کورد.
سەرەڕای سیاسەتی سەرکوت و سڕینەوەی ڕێژیمەکانی زاڵ بە کوردستاندا، کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەردەوام هەوڵی داوە لە ڕەهەندی جۆراوجۆری سیاسی، کۆمەڵایەتی و فەرهەنگییەوە خۆی بناسێنێ و بسەلمێنێ و، لە پێناوی مانەوەی خۆیدا دژ بە سیاسەتی سڕینەوەی و حاشالێکردنی خەباتی کردەوە.
بەستێنی مەدەنی یەکێک لەو مەیدانانەیە کە کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان - وەک پێشتر ئاماژەی پێ کرا- لە قۆناغی جیاجیا و جیاوازدا چالاکی و تێکۆشانی تێدا بەڕێوە بردوە و چالاکانی ئەم بوارە بەپێی دەرفەت و ئیمکان بە دوور لە هەرچەشنە توندوتیژییەک کەڵکیان لێ وەرگرتوە. بەڵام لە بەرانبەردا دەسەڵاتی ناوەندگەرای ئێرانی وەک ڕوانینی هەمیشەیی خۆی بۆ پرسی کورد، بە چاوی ئەمنییەتییەوە لەم بەستێنەشی ڕوانیوە. کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ماوەی ئەم زیاتر لە چوار دەیە لە دەسەڵاتدارێتی خۆیدا هەر جۆرە هەڵسوکەوت و چالاکییەکی چ سیاسی چ مەدەنی بە چاوی ئەمنییەتییەوە سەیر کردوە و پلانی وەک یەک و جۆراوجۆری بۆ سەرکوت و داپڵۆسینیان داڕشتوە. کەوابوو بەپێچەوانەی ئەوەی کە تاکی کورد چەند ڕوانگەی جیاوازی بەنیسبەت داگیرکەرەوە هەیە، داگیرکەر خۆی بەنیسبەت کوردەوە یەک ڕوانگەی گشتی و نەگۆڕی هەیە. ئەم تایبەتمەندییە دەبێتە هۆی ئەوەی هەرچەشنە چالاکی و تێکۆشانێک لەلایەن خەباتکارانی مەدەنیی کوردەوە وەکوو گەورەترین مەترسی بۆ سەر گشتییەت و کۆڵەکەکانی دەسەڵاتی خۆی ببینێت. بۆیە بەبێ هیچ دوودڵییەک لە ڕێگەی جۆراوجۆر و بە کەرستەی جیاوازەوە هەموو هەوڵ و توانای خۆی بۆ پێشگرتن و خنکاندنی ئەو خەباتە دەدات و لەم پێناوەشدا هیچ بنەمایەکی ئەخلاقی ناپارێزێت.
کۆماری ئیسلامیی ئێران هەموو هەوڵێکی بەکار هێناوە کە نەتەنیا پێش به بەڕێکخراوبووونی کۆمەڵگەی کوردستان بگرێ، بەڵکوو تا بۆی کرابێ و بکرێ هەوڵی نایەکگرتوویی و لێکترازانی کۆمەڵگەی داوە. بوونی ڕێکخراوە مەدەنییەکان لە کوردستان کە دەبێتە هۆی ڕێکخراوبوونی چالاکان و کۆمەڵگە، بۆ دەسەڵات قابیلی قبووڵ نییە، بۆیە سەرەتا پێش بە دامەزرانیان دەگرێت و مۆڵەتنامەیان ناداتێ و ئەگەر بە هەر هۆیەک ڕێگەی دامەزران و کارکردنیان پێبدات دیسان هەوڵی چاودێری و نانەوەی دووبەرەکییان لەنێودا دەدات و گرفت بۆ چالاکان ساز دەکەن. ئازاد محەممەدیانی لەم بارەوە بەم شێوەیە باس لە ئەزموونەکانی خۆی دەکات:
"کۆماری ئیسلامی لەو ساڵانەی دواییدا کە کۆمەڵگەی مەدەنی لە گەشەدا بوو، بەردەوام هەوڵی بەرتەسککردنەوەی داوە، بۆ وێنە ئەنجومەنە ئەدەبیەکانی ناوە ناوە هەڵوەشاندۆتەوە و مۆڵەتی یاسایی لێ سەندوونەتەوە، مۆڵەتێک کە زۆر بە سەختی وەردەگیرێن. مۆڵەتی یاسایی بە هیچ حیزبێکی سیاسی کوردی نەداوە و "بەرەی یەکگرتووی کورد" کە تەنیا ڕێکخراوەی سیاسیی هەنووکەی نێوخۆی کوردستانە، هەرگیز نەیتوانیوە مۆڵەتی یاسایی وەرگرێ. دەسەڵات لە پێشدا سەختگیری دەکا لە مۆڵەتدان بە چالاکیی ڕێکخراوە و دامەزراوە مەدەنیەکان،ئەگەریش مۆڵەتی پێدان دەیانخاتە ژێر چاوەدێرییەکی زۆرەوە و بەردەوام لێپرسینەوەیان لێدەکرێ و تەنانەت هەوڵ دەدا لە ڕێی سیخوڕەکانی خۆیەوە کە دەیاننێرێتە نێو ئەم نەهادانە کۆنتڕۆلیان بکات... ئیزن بە چالاکانی مەدەنی نادات کاری حکومەتی و ئیداریان هەبێ، بەردەوام دەیانترسێنێ و هەڕەشەیان لێدەکا و تووشی زیندانیان دەکا و ئەگەر لە جێیەک کار بکەن مەترسیی بێکارکردنیان لەسەرە، وەک "من" کە لە زانکۆ دوور خرامەوە و دواتر هەڕەشەیان لێکردم و ناچاریان کردم وڵات بەجێبهێڵم".
سیاسەتی دەوڵەتی ناوەندگەرا بەرانبەر بە بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان لە کوردستان هەمیشە تابعێک بووە لە بزووتنەوە گەورە نەتەوەییەکە. بە واتایەکی دیکە ناوەند لە سۆنگەی چۆنیەتیی زەربە لێدان لە بزووتنەوەی سیاسیی کوردستان بە جۆریک هەڵسوکەوتی لە گەڵ وردە بزووتنەوەکان کردوە کە لێکیان داببڕێت و پێش بە یەکگرتوویی و پێوەندیی نێوان بەستێنە جۆراوجۆرەکان بگرێت و بۆ ماوەیەک ئەوان (بزووتنەوە مەدەنی و وردە بزووتنەوەکانی دیکە) بەرانبەر بە بزووتنەوە گشتی و گەورەکە ڕابگرێت.
ڕەهبەر مەحمودزادە کە ئەم جۆرە هەڵسوکەوت و سیاسەتەی لە ئاسمیلاسیۆن پێ مەترسیدارتره لەم بارەوە پێی وایە، "ناوەند لە بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ بزووتنەوەی کوردستان هەمیشە هەوڵی داوە پێوەندیی ئۆرگانیکی نێوان یەکە چکۆڵەترەکان بپچرێنێ و وا بنوێنێ کە هەر کام لەم یەکانه شوناسێکی جیاواز لەوەی دیکەی هەیە و کۆی یەکەکان لەجیاتی پێوەندییەکی زیندوو و ئۆرگانیک، پێوەندییەکی دژبەرانە و دوژمنکارانەیان پێکەوە هەیە. ئەم سیاسەتە لە سیاسەتی ئاسیمیلاسیۆن زۆر ئاڵۆزترە. لە ئاسیمیلاسیۆندا، سیاسەت، سیاسەتی ئینکار و حاشا لێ کردنه...لەم سیاسەتە تازەیەدا سەرەتا شوناسە چکۆلەترەکان بە سەربەخۆ و بە ڕەسمی دەناسرێن و لە بەرانبەر شوناسە گەورەترەکەدا ڕادەگیرێن، دواتر کە شوناسه گەورەکە بنبۆش بوو و زەمینەی ڕمان و فەوتانی ئامادە بوو، بە یەکجاری نەفی شوناسە چکۆڵەکانیش دەکەن و لەناو شوناسێکدا کە خۆیان پێناسەیان بۆ کردووە، دەیانتوێننەوە".
لە دوو سێ دەیەی ڕابردوودا لە لایەک بە هۆی خۆڕاگری و ئازایەتیی چالاکانی مەدەنی و لە لایەکی دیکەوە بە هۆکاری پەیدابوونی ئینترنێت و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کە خەڵک ڕاشکاوانە بۆچوون و هەڵوێست دەردەبڕن، پاشەکشێیەکی ڕێژەیی بە دەسەڵاتەوە دیارە. بەڵام فشار بۆ سەر چالاکانی مەدەنی لە بوارە جۆراوجۆرەکان و بە بیانووی جۆراوجۆر هەر وا لە جێی خۆیدایە.
لێرەدا وێڕای بە نموونەگرتنی بارودۆخی چالاکانی مەدەنیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ماوەی پێنج ساڵی ڕابردوودا هەوڵ دەدرێ کە وێنایەکی گشتی لە سیاسەتی سەرکوتی هێزە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیم، ڕادەی گیران و دەستبەسەرکران و ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵ چالاکانی مەدەنی، بە دەستەوە بدرێ.
لە ماوەی ساڵی ١٣٩٥دا، ٤٩٤ کەس لە چالاکانی سیاسی، مەزهەبی، کرێکاری و مەدەنی و فەرهەنگی لە لایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون کە ٨٣ کەسیان لە چالاکانی مەدەنی بوون (کوردپا - ڕاپۆرتی ساڵانە، ١٣٩٥).
لە ساڵی ١٣٩٦ی هەتاویدا دۆخی مافی مرۆڤ لە کوردستان لەوپەڕی خراپیدایە؛ لەو ساڵەدا ٣١٦٦ کەس ڕاستەوخۆ دەکەونە بەر پەلامار و سەرکوتکاریی ڕاستەوخۆی هێزە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیم و زیاتر لە ١٠٠ کوژراو و برینداریان تێدا دەبیندرێ. لە حاڵێکدا بەپێی ڕاپۆرتی ساڵانەی "کوردپا" ئەم ئامارە لە ساڵانی پێشووتردا(٩١، ٩٢، ٩٣، ٩٤ و ٩٥) بە ڕیز، بریتی بووە لە ١٠٢٦ کەس، ١٥٥٠کەس، ١٥٧٢ کەس، ١٣٥٥ کەس و ١٢٩٠ کەس.
بە دڕێژایی ساڵی ١٣٩٦، چالاکانی مەدەنی جیا لە گرتن و دەستبەسەرکران و ئازار و ئەشکەنجەدانیان، زۆرترین هەڕەشەیان لە لایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە لێ کراوە، بنەماڵەکانیان تەهدید بە بێکارکردن و بێبەشکردن لە خوێندن، پێشگیری لە چوونە زانکۆ و زەوتکردنی دەرفەتەکانی دیکەی ژیان کراون. لە ئاکامی گوشاری هێزە ئەمنیەتییەکاندا هەر لەو ساڵەدا ١١ کەس لە چالاکانی مەدەنی ناچار بە بەجێهێشتنی وڵات کراون. بەپێی ڕاپۆرتی ساڵانەی "هەنگاو"، ژمارەی دەستبەسەرکراوان ٥٧١ کەس بووە کە ١٣٠ کەسیان لە چالاکانی مەدەنی بوون.
پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە کوردستان لە ساڵی ١٣٩٧ی هەتاوی بە دەستبەسەرکردنی ٣٣ کەس لە چالاکانی مەدەنی بە هۆکاری بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمەکانی نەورۆز دەستی پێ کرد. لەو ساڵەدا ١٧٩٠ کەس ڕووبەڕووی سەرکوت و پێشێلکاریی مافی مرۆڤ بوونەتەوە (کوردپا - ڕاپۆرتی ساڵانە، ١٣٩٧)، کە ٢٦٧ کەسیان لە چالاکانی مەدەنی بوون (هەنگاو- ڕاپۆرتی ساڵانە، ٢٠١٨).
بەپێی ڕاپۆرتی ساڵانەی کوردپا لە ماوەی ساڵی ١٣٩٧ی هەتاویدا ٥٥ کەس لە کوردستان لە سێدارە دراون و ١٠ کەسی دیکەش حوکمی لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێندراوە. لە سێدارەدانی ڕامین حوسێنپەناهی، زانیار و لوقمان مرادی لە ١٧ خەرمانانی ١٣٩٧ی هەتاوی کە هاوکات بوو لەگەڵ مووشەکبارانی کۆبوونەوەی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە نزیک شاری کۆیەی باشووری کوردستان - کە ١٦ کەس لە ئەندامانی ڕێبەری، کادر و پێشمەرگە شەهید بوون و بە دەیان کەسی دیکە برینداربوون - یەکێک لە بەرچاوترینی پێشیلکارییەکانی مافی مرۆڤ و نیشانەی سەرکوتکاریی سیستماتیکی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران دژ بە نەتەوەی کورد بوو.
لەم پێوەندییەدا تەیموور ئەلیاسی، نوێنەری کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستانی ئێران لە ژنێڤ لە کۆنگرەی سێ ڕۆژەی "ڕووبەڕووبوونە لەگەڵ ئێعدام" کە مانگی ڕەشەمەی هەمان ساڵ بەرێوەچوو، ڕایگەیاند کە "ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە سەرکوت وەک ئامرازێک بۆ بێدەنگ کردنی نەتەوەکانی ئێران و بەتایبەت نەتەوەی کورد کەڵک وەردەگرێ و ئاماری لەسێدارەدانی کوردەکان لە ئێران لە چاو ناوچەکانی دیکەی ئەم وڵاتە زۆر لە سەرێیە، ئەوە لە حاڵێکدایە کە لە حەشیمەتی هەشتا میلیۆنیی ئێران، ١٣٪ی کوردەکان پێکدێن.
گوشار بۆ سەر چالاکانی مەدەنی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ساڵی ١٣٩٨دا زۆرترین ئامارەکانی بۆ تەرخان کراوە و هاوکات لە گەڵ چوونە سەری ڕێژەی گرتن و دەستبەسەرکردن، حوکمە داسەپاوەکان قورس و گرانتر دەبن. بەپێی ڕاپۆرتی ساڵانەی "چاونیوز" تایبەت بە پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ لە کوردستان، لە ساڵی ١٣٩٨دا ٨٥٤ کەس لە کوردستان لە لایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەستبەسەر کراون کە نزیک بە ٢٠٠ کەسیان چالاکی مەدەنین. بەپێی ڕاپۆرتەکەی چاونیوز زۆربەی چالاکانی دەستبەسەرکراو تۆمەتی هاوکاریی حیزبە کوردییەکانیان دراوەتە پاڵ و بۆ ئازادکردنیان داوای بارمەتی زیاتر لە ٢٠٠ میلیۆن تمەنییان لێکراوە و کەم نین ئەو چالاکانەی کە هەر ئێستا لە بەندیخانەکان دا چاوەڕوانی بەسەرچوونی حوکمی چەند ساڵەیانن.
تۆمەتی بەستراوەیی چالاکانی مەدەنی بە حیزبەکان و لەقەڵەمدانی چالاکیی چالاکانی مەدەنی بە سیاسی و ئەمنییەتی، تا دێ پەرەدەستێنێ و ئەمە تەنیا بیانوویەکە کە ناوەندە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیم بۆ زیاتر فشارخستنەسەر تێكۆشەرانی مەدەنی و بەرتەسککردنەوەی کۆمەڵگەی مەدەنی بەکاری دێنن. بەپێی ئەو ڕاپۆرتانەی کە هەر سێ ڕێکخراوی هەنگاو بۆ مافی مرۆڤی کوردستان، ئاژانسی هەواڵدەریی کوردستان (کوردپا) و ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان (چاونیوز) لە پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ساڵەکانی ١٣٩٩ و ١٤٠٠ ئامادەیان کردوە، وێڕای نیشاندانی گوشاری زیاتر بۆ سەر چالاکانی مەدەنی، ئاماژەی ڕوونیان لە سەر بردنە سەرەوەی تێچوو بۆ کۆمەڵگەی مەدەنی لە لایەن ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە، تێدا بەدی دەکرێ. لە نێو ٨١ کەس لە چالانی مەدەنیی دەستبەسەرکراو لە ساڵی ١٣٩٩ دا، ٤٩ کەسیان تۆمەتی هاوکاری لە گەڵ حیزبە کوردییەکانیان خراوتە پاڵ و کەیسی ئەمنییەتییان بۆ ساز کراوە. (هەنگاو- ڕاپۆرتی ساڵانە، ٢٠٢٠ - کوردپا – ڕاپۆرتی ساڵانە، ١٣٩٩). بە پێی ڕاپۆرتی چاونیوز سێ کەس لە بەندکراوان کە تۆمەتی پێوەندی لە گەڵ حیزبەکانیان خراوەتە پاڵ، حوکمی لە سێدارەدانیان بەسەردا سەپێندراوە و ئەوانی دیکە هەرکام لە ٧ تا ٢٠ ساڵ بەندبوونیان بەسەردا سەپێندراوە (چاونیوز- ڕاپۆرتی ساڵانە، ١٣٩٩).
بەپێێ دوایین ڕاپۆرتی شەش مانگی یەکەمی ساڵی ١٤٠٠ی هەتاوی ٢٩٣ کەس لە کوردستان لە لایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەستبەسەر کراون کە ٦٤ کەسیان لە چالاکانی ژینگەپاڕێز، فێرکار و فێرخوازی بواری نووسین و خوێندنەوە بە زمانی کوردین کە زۆربەی هەرە زۆریان تۆمەتی ئەمنییەتی (پێوەندی لەگەڵ حیزبەکان و هەوڵدان بۆ تێکدانی تەناهی نیشتمانی)یان دراوەتە پاڵ و بەشێکیان لە بەندیخانەکاندا لە چاوەڕوانیی حوکم دان و بەشێکیان بە بارمتەی سەدان میلیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی ئازاد کراون (چاونیوز – ڕاپۆرتی شەش مانگی یەکەمی ساڵی ، ١٤٠٠).
بەپێی دوایین زانیارییەک کە لە ڕێگای پێوەندیی لە گەڵ بەرپرسانی هەر سێ سەرچاوەی ئاماژە پێکراو (هەنگاو، کوردپا و چاونیوز) دەستکەوت، لە ڕۆژانی سەرەتای ساڵی ١٤٠١ی هەتاوی و لە پێوەندی لە گەڵ ڕێوڕەسمەکانی سەری ساڵ و نەورۆزدا زیاتر لە ٢٠ کەس لە چالاکانی مەدەنی بە تۆمەتی بانگەشە بۆ بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمەکانی نەورۆز و بەکارهێنانی هێما نەتەوەییەکانی وەک ئاڵای کوردستان، لە لایەن ناوەندە ئەمنییەتییەکانەوە دەستبەسەر کراون کە زۆربەیان خەڵکی شار و ناوچەکانی سەربە پارێزگای سنەن.
زۆربەی دەستبەسەرکراوانی سیاسی و مەدەنی لە کوردستان بەبێ ئاگاداریی پێشوەخت و لە ناکاو پەلاماری شوێنی کار و ژیانیان دراوە و، وێڕای زەوتکردنی کەلوپەلی شەخسیی وەک کتێب و کامپیوتێر و موبایلەکانیان، بۆ شوێنی نادیار گواستراونەتەوە و بێڕێزییان پێ کراوە و ئەشکەنجە دراون. زۆرێک لە چالاکانی مەدەنی ئەگەر ڕاستەوخۆ لە لایەن ناوەندە ئەمنییەتییەکانەوە داوای بەجێهێشتنی وڵاتیان لێ نەکرابێ، ناڕاستەوخۆ لە ڕێگای گوشار و هەڕەشە لە خۆیان و کەس و کاری بنەماڵەکانیان، ناچار بە بەجێهێشتنی زێد و نیشتمان کراون.
ئەو ناوەند و دامەزراوە ئەمنییەتییانەی ڕۆڵیان لە دەستبەسەرکردن و ئازاردانی چالاکانی مەدەنیی کوردستاندا هەبووە و هەیە بریتین لە؛ هێزە ئەمنییەتیییەکانی سەر بە وەزارەتی ئیتلاعات، ئیدارەی ئیتلاعاتی سەر بە سپای پاسداران، هێزە لیباس شەخسییەکان و هێزەکانی سەر بە ئەمنییەتی سایبێری.