حیزبی دێموکرات لە بەرانبەر تێرۆریزمی کۆماری ئیسلامی ئێراندا
پەیمان ئابجامە
لە ئێستادا هەرکات ناوی کۆماری ئیسلامیی ئێران دێت، هاوواتای تێرۆریزم و تێرۆریزمی دەوڵەتی لە زەینەکاندا شکڵ دەگرێت. بێگومان حیزبی دێموکرات قوربانیی سەرەکیی تێرۆریزمی کۆماری ئیسلامی بووە و زووتر لە هەر لایەنێکی سیاسییش ماهییەتی تێرۆریستیی ئەم ڕێژیمەی ناسی. دوکتور قاسملوو کە خۆی بە دەستی تێرۆریستەکانی کۆماری ئیسلامی شەهید کرا، لە باسێکدا لەسەر کۆماری ئیسلامی و پێناسەی خسلەتی تێرۆریستیی ئەم ڕێژیمەدا، تێرۆریزم بە مانای هێرش بۆ سەر ژیانی مرۆڤ و ئازادیی خەڵکی بێتاوان پێناسە دەکات کە لە شەڕی نێوان تێرۆریست و دژبەرەکانیاندا بەشدار نین.
لە پێناسە گشتییەکەی تێرۆریزمدا دەتوانین ئەو تایبەتمەندییانە ببینین:
١- لەگەڵ شەڕەنگیزیی فیزیکی ئاوێتەیە بۆ ترساندن و تۆقاندنی خەڵک
٢-چاوەڕواننەکراوە وکتوپڕ ڕوو دەدات
٣ بە ئامانج و پاڵنەری سیاسی ڕوو دەدات
تێرۆریزم لق و پۆپ و شێوازی جیاوازی لێ دەبێتەوە و ئەو تێرۆریزمەی ئێمە مەبەستمانە تێرۆریزمی دەوڵەتییە کە لەودا دەوڵەتە تێرۆریستییەکان بە پشتبەستن بە ئامرزی تێرۆر و حەزفی فیزیکی و سەرکوتکارانە ئامانجی خۆیان دەپێکن. ئەم کردەوە توندوتیژییە بۆ کوشتنی دژبەرانی سیاسی دوورە لە ڕەوشتی ئەخلاقی و ئینسانی ناتەبایی هەیە لەگەڵ هەموو یاسا و پڕەنسیپە نێودەوڵەتییەکان. تێرۆر و ئامانج لەو کردەوە قیزەونەش خوڵقاندنی ترسە لە نێو کۆمەڵانی خەڵک و نانەوەی ئاڵۆزی و گەشەی توندوتیژییە لە جیهاندا. حکوومەتە تۆتالیتارەکان لە لایەک لەڕێگەی هەموو ئامرازەکانەوە پەرە بە تێرۆریزم و کوشتنی نەیارانی سیاسیی خۆیان دەدەن و لە لایەکی دیکەوە پاکانە بۆ خۆیان دەکەن و لایەنی بەرانبەریان کە لە ڕەوتی خەباتێکی مافخوازانەدایە، بە کردەوەی تێرۆریستی تاوانبار دەکەن.
بۆ شیکردنەوەی جیاوازیی نێوان خەباتی ئازادیخوازی و تێرۆریزمی دەوڵەتی ئاماژەیەکی کورت بەم چەند خاڵە پێویستە: بۆ تێرۆریزمی دەوڵەتی هیچ گرینگ نییە چەند خەڵکی بێتاوانی وڵاتەکەی خۆیان یاخود ئەو وڵاتەی کە تێرۆرەکەی تێدا ئەنجام دەدەن، تێدا دەچن، هەروەها بۆ تێرۆرکردنی دژبەرێکی سیاسی ئامادەن تێچوویەکی زۆری سیاسی و ماددی بدەن. بەڵام لایەنی ئازادیخواز لە خەباتەکەیدا گیان و ماڵی ئەو خەڵکەی خەباتی بۆ دەکات زۆر بەلایەوە گرینگە و خەڵکی بێتاوان ناکاتە ئامانج . ئامانجی تێرۆریزم مانەوەی دەسەڵاتێکی سەرەڕۆ و مرۆڤکوژییە بەڵام ئامانجی ڕەوتی ئازادیخواز وەدیهێنانی دێموکراسی و مافی مرۆڤە.
کۆماری ئیسلامیی ئێران کە تێیدا بڕیاری تێرۆرەکان لەلایەن هەرە سەرووترین کاربەدەستانی ڕێژیمەوە دەدرێت، ئەگەرچی لانیکەم لەلایەن دادگایەکی سەربەخۆ و لە پەروەندەی تێرۆری مێکونووسدا مەحکووم کراوە، بەڵام هەتا ئێستاش لە پەرەپێدانی تێرۆریزمی نێودەوڵەتی بەردەوامە. نموونەی هەرە بەرچاو دروستکردنی میلشیا لە ولاتانی ناوچە و پڕچەککردنیان و هەناردەکردنی چەک و تەقەمەنی بۆ گرووپە تێرۆریستییەکان.
حیزبی دێموکرات لە بەرەی دژە تێرۆردا
هەڵدانەوەی لاپەڕەکانی خەبات و تێکۆشانی ئەو حیزبە لە ماوەی ٧٩ ساڵی ڕابردوودا سەلمێنەری ئەو ڕاستییەن کە ئاستەنگە زۆر و پێچ و گەوەکانی خەبات، هەروەها سەرکوتی خوێناوی و ئەو بەربەستە زۆرانەی ڕێژیمی پاشایەتی و کۆماری ئیسلامی بۆی دروست کردوە، نەبوونەتە هۆ کە لە ڕێڕەوی خەباتی ڕاستەقینەی خۆی لا بدات. ئەم حیزبە تێڕۆری لێ کراوە، ڕێبەرانی شەهید کراوە، تێکۆشەرانی ئێعدام کراوە، ڕێگای خەباتی لێ هەڵەمووت بووە، بەڵام قەت نەکەوتووە و بە بەردەوامی لە خەبات توانیویەتی ئاڵای مافخوازیی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە شەکاوەیی ڕابگرێ.
حیزبی دێموکرات مانەوەی خۆی لەوەدا دەبینێ حیزبێکی جەماوەرییە و جەماوەریبوونەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ئوسوولیبوون و بەڕۆژبوونی سیاسەت و ستراتیژییەکانی ئەو حیزبە و هەروەها بەربەرەکانیی بەردەوام لەگەڵ ڕێژیمە داگیرکەر و دژیگەلکییەکانی پاشایەتی و کۆماری ئیسلامی. ڕەگ و ڕیشەی قووڵی ئەم حیزبە لەنێو خەڵک و کۆمەڵگەی کوردستان بووەتە هۆی ئەوەی سەرەڕای تێرۆر و شەهیدکردنی دەیان ئەندامی ڕێبەری و ئەستاندنی گیانی هەزاران کادر و پێشمەرگە و توندترین سەرکوت هەتا ئاستی مووشەکباران، بەڵام هەم ئەم حیزبە بتوانێ وەک قەڵایەکی قایم ڕابوەستێ و هەم خەڵکەکەی لە هیچ قۆناغێکدا پشتیان تێ نەکردوە.
قۆناغی نوێی بەربەرەکانی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ حیزبی دێموکرات بە مووشەکبارانی ١٧ی خەرمانانی ١٣٩٧ دەستی پێکرد، ڕەوتێک کە دواتر لە ڕەزبەر و خەزەڵوەری ١٤٠١یشدا بە توندترین شێوەی خۆی نواندەوە. بەڵام هەم لە مانگرتنەکەی ٢١ی خەرمانان و هەم لە مانگرتنەکانی دوای مووشەکبارانی ساڵی ١٤٠١ خەڵکی کوردستان سەلماندیانەوە کە کۆماری ئیسلامی ناتوانێ مەودا لە نێوان حیزب و خەڵکدا دروست بکا و خەڵکی کوردستان لە هەموو کات و بارودۆخێکدا قەڵای لەگیراننەهاتووی حیزبەکەیانن.