شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی و ئەو دەنگانەی نەبیسران!
د. مەجید حەقی
لە کاتی ناشتنی تەرمی ژینا لە ٢٦ی خەرمانانی ١٤٠١دا گڕکانێکی ناڕەزایەتی بە دروشمی "ژن، ژیان. ئازادی" دەستی پێ کرد کە بە خێراییەکی سەرسوڕهێنەر هەموو ڕۆژهەڵاتی کوردستانی تەنیەوە و پەلی بۆ ناوچەکانی دیکەی ئێرانیش هاویشت. لە سۆنگەی ئەو بزووتنەوە بەربەرینەوە دەنگی مافی خوازی کوردستان لە تاران بیسرا، بەلووچستان ببوو بە هاوسەنگەر و ئازەربایجان هاوسۆزی کوردستان هەبوو. ترسی لاوان لە ئێران لە بەرانبەر پۆلیس، گەشتی ئیرشاد، بەسیج و هەموو دەزگا سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم شکا و کۆماری ئیسلامی گەیشتبووە لێواری ڕووخان.
ئەوەی لە شۆڕشی ژینا دا ڕووی دا تەنیا کاردانەوە بە کوژرانی ژینا ئەمینی نەبوو، بەڵکوو شەپۆلێک بوو لە هەست و تووڕەیی لە سەرکوتی سیستماتیکی خەڵک کە دەیان ساڵ بوو لە دەست کۆماری ئیسلامی دەیانچێشت. سەرهەڵدانێک کە بەپێچەوانەی ڕاپەرینەکانی ڕابردوو دوای هاتنە سەرکاری کۆماری ئیسلامی، خۆجێی و لۆکال یان بە پاڵنەری قەیرانە ئابوورییەکان، یان تەنانەت وەک جووڵانەوەی سەوز بۆ شەڕی نێوان جیناحەکانی ڕێژیم نەبوو. بەڵکوو ڕاپەرینێک بوو بۆ گۆڕانی تانوپۆی دەسەڵات بۆ نەهێشتنی ستەم و چەوسانەوە. چ چەوسانەوەی نەتەوەیی بێت لە لایەن دەسەڵاتی ناوەندی و هزری داگیرکاری، چ چەوسانەوەی مرۆڤ بەدەستی مرۆڤ بێت یان سیستەمی باوکسالاری و پیاوسالاری. "ژن، ژیان، ئازادی" بە قەوڵی شێکسپێر ئاوردانەوەیەکی پڕتووڕەیی بوو لە هەموو ڕابردووی پڕ لە ستەم و چەوسانەوە.
بە شێوەیەکی گشتی هەست بە شتێکی کەمتر لە وشیاری دەبیندرێت، بەڵام شۆڕشی ژینا سەلماندی کە، بە بەرێوەبەرییەکی هۆشمەندانە دەکرێ هەستەکان بە شێوەکی ئامانجدار ڕێک بخرێن. کاتێک هۆی هەستەکان کێشەیەکی چارەسەر نەکراو بێت. کێشەگەلێک کە دەبێتە بەربەستی ژیانی ئاسایی مرۆڤ، کاتێک ئێمە زیان دەبینین، کاتێک دەترسێین، کاتێک تووڕەین یان کاتێک شتێک وەک شێرپەنجە ڕۆح و جەستەی نەتەوەیەک لەنێو دەبات، بەرلەوەی کە "وشیار" بین؛ ئەو ئازارانە بە گۆشت و خوێنی خۆمان هەست دەکەین، ئەو هەستانە دەبنە سەرچاوەی کردەوە. سات بە سەر سات ئەو هەستانە لە سەریەک کۆڵەکە دەبن و دەبنە بڵێسە و شکڵی هۆشیاری بەخۆی دەگرێت و بۆ ئەوەی چارەسەری کێشەیەک بکات و برینەکان سارێژ بکاتەوە.
شۆڕشی ژینا سنوورەکانی حیزبی و ڕێکخراوەیی تێپەڕاند و، بوو بە هۆی ئەوەی نەوەیەکی نوێ پێ بنێتە گۆڕەپانی خەبات و جوغرافیای سیاسی- ڕێکخراوەیی کوردستانی گۆڕی، تەنانەت کاریگەری کردە سەر گۆڕانی هزری سیاسی و ڕێکخراوەیی لە بزاڤی سیاسی کوردستاندا. شۆڕشی ژینا بووە لێگەر و ئالەنگاری لەهەمبەر هەموو نەریتە کۆنەکانی کۆمەڵایەتی، سیاسی و ڕێکخراوەیی و پرسی "ڕێبەریی ژنان" لە پەراوێزەوە بوو بە سەنتەری باسەکان.
دینامیکی بزاڤی ژینا وشیاری نەبوو بەڵکوو هەستی هاوبەش بوو. وشیاری شتێکە کە لەسەرەوە بۆ خوارێ لە ڕووناکبیر و ئێلیتی ڕۆشنبیرەوە بۆ نێو کۆمەڵگە دێت، بەڵام لە شۆڕشی ژینادا ئەمە بەپێچەوانە بوو. ئەوە هەستی خەڵک بوو کە ڕووناکبیران و ئێلیتی سیاسیی جووڵاند و هەستی مرۆڤەکان بوو شكلی ماددی بەخۆیەوە گرت بوو و شەپۆڵی خوڵقاند. هەستێک کە لە دڵی مرۆڤێکەوە بۆ مرۆڤێکی دیکە، لە چاوێکەوە بۆ چاوی دیکە و لە جەستەیەکەوە بۆ جەستەی دیکە شەپۆڵی دەدا. کاتێک دایک و باوکان لەسەر گۆڕی ڕۆڵەکانیان سروودی شۆڕشگێرانەیان دەخوێندەوە، کاتێک دایک و باوکی شەهیدان بە جیاتی ڕەشپۆشی لە ناشتنی ئازیزانیان، دیلانی شانازییان دەگێڕا، ئەوە هەستەکان بوون ببوونە بڵێسەی ئاگری شۆڕشێک کە بوو بە هۆی دەسپێکی خۆوشیاری بۆ گۆڕانی بنەڕەتی.
شۆڕشی ژینا (ژن، ژیان، ئازادی) دەبێ لە ڕوانگەی سیاسەتی بەریەککەوتن سەیر بکرێت. بۆ ئەم مەبەستە بە وتەی ئەندی مەریفیلد (Andy Merrifield) 1960 لە کتێبی سیاسەتی بەریەککەوتن (The Politics of the Encounter) ئەم شۆڕشە وەک دلۆپەکانی هاوتەریبی باران وا بوون. دلۆپەکانی باران لە هەورەکانەوە بەشێوەی هاوتەریب دەجووڵێن، تا کاتێک دلۆپێک، تەنیا و تەنیا بۆ جارێک لە هێڵە هاوتەریبەکان دەردەکەوێت ل گەڵ دلۆپەکەی دیکە بەریەک دەکەون و ئەم لە هێل دەرکەوتنەی تاقە دلۆپێک دەبێتە هۆی زنجیرەیەک لە بەریەک کەوتنەکان و ئەوم لەبەریەککەوتنانە دەبنە هۆی خوڵقاندنی شتێکی نوێ، نەزمێکی نوێ کە بنەماکانی ئەو خەباتی بەکۆمەڵ و هاوبەشە. جووڵانەوەی ژینا بەریەککەوتنی دلۆپەکان لەنێو دلۆپە هاوتەریبەکان بوو.
جووڵانەوەی ژینا بوو بە هۆی سەرهەڵدانی دیمەنێکی نوێ لە سیاست و سیاسەت کردن. کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی دەنگی گەلانی ئێرانی بیست. نەتەوە یەکگرتووەکان دەستی کرد بە دامەزراندنی کۆمیتەی لێکۆلینەوەی ڕاستییەکان لە مەڕ جینایەتەکانی ڕێژیمی ئێران. تەنانەت هیوا بە گۆڕانی بنەڕەتیی وەهای دروست کرد کە بەشێک لە حیزبەکان و چالاکانی سیاسی چ لە ئاستی حیزبە ناوەندگەراکانی ئێرانی و چ لە ئاست حیزبە کوردستانییەکان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان؛ تووشی "کوێری خێرایی" بن و پەلە بکەن لە ڕکەبەری گەیشتن بە دەسەڵات. ئاکامی ئەوەش مەنشووری جۆرج تاون بوو، کە بوو بە سەرەتایەک بۆ لێکترازان و شەپۆلی هێزی نەرێنی لە نێو شۆڕشدا. شۆڕشێک کە دەیتوانی ببێتە هێزی گۆڕان و کوردستان لە پەراوێزەوە بکاتە سەنتەری ڕێبەریی بزاڤی دادپەروەرانە و مافخوازانەی گەلانی بندەستی ئێران بوو بە قوربانی دەسەڵاتخوازییەکی بەپەلە و جێنەکەوتوو. کوردستانی یەکپارچە بەرەبەرە بەرەو لێکترازان چوو.
دووساڵ دوای شۆڕشی ژینا و دوای ڕووداوی ١٣ی ئاڤریلی ٢٠٢٤، ئێستا جیهان لە هەموو کاتێک زیاتر نێوەرۆکی ڕێژیمی ئێران دەناسێت و بە بوێریەوە دەتوانم بڵێم کە هیچ کاتێک دەرفەتێکی وا گونجاو لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتیدا بۆ بزووتنەوەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان نەهاتووەتە پێش. بەڵام بەهۆی لێکترازانێک کە مخابن کۆتاییەکی بۆ نابیندرێت دەرفەتەکان هەموو ڕۆژێ لە دەست دەچن؛ و لەکاتێکدا کە دەبێ پانتایی تۆرە کۆمەڵایەتییەکان لە سەدەی هۆشی دەستکرددا ببنە مەکۆی سەرەکی خەبات دژی داگیرکاری و لەپێناو بەرژەوەندییە باڵا نەتەوەییەکان، ئەم پانتاییە بووتە مەکۆیەک بۆ یەکلا کردنەوەی کێشە ڕێکخراوەیی، تاکەکەسی و سیاسی ناوخۆیی ماڵی کورد.
دەرفەتێکی زێرین لە مەترسیی دۆراندایە، ئەگەر بێت و حیزبە سیاسیەکان دەنگی شۆڕش بەو شێوەیەی کە هەیە نەبیسن، یان هاواری نەوەی زێد (Z) و ئالفا (Alpha) بە گوێیان نەگات و نەتوانن ژنان، لاوان و نەوەی نوێ بکەنە ڕۆڵگێری سەرەکی بڕیارە سیاسیەکان و بەشداری سیاسیان و نەتوانن بە زمانی سەدەی هۆشی دەستکرد بدوێن.