هەوڵەکانی ئێران بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستان لەگەڵ ڕۆژاوا تووشی ئالنگاریی نوێ دەبن
واشینگتۆن پۆست-سوسانا جۆرج، کارێن دێیانگ، سوزان هایداموس
و لە ئینگلیزییەوە: کەماڵ حەسەنپوور
بەگوێرەی بۆچوونی دیپلۆماتەکان گەمارۆیەکانی وڵاتە یەکگرتووەکان بە هۆی مامەڵەی هاژەکی لەگەڵ ڕووسیە وێناچێ هەوڵەکانی سەرۆککۆمار مەسعود پزشکیان بۆ دەربازکردنی ئێران لە تەریککەوتوویی پەک بخات.
دوای هاتنەسەرکاری لە مانگی جولای، ڕێبەرایەتیی سیاسیی نوێی ئێران سیگناڵی دەستپێکردنەوەی دانوستان لەگەڵ ڕۆژاوای هەڵ کردوە، کە ڕەنگبێ ببێتە هۆی باشترکردنەوەی پەیوەندییەکان و سووککرانی گەمارۆیەکانی سەر ئەو وڵاتە تەریک کەوتوە.
بۆ ئێران، گەرمکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ ڕۆژاوا لە هەموو کات دژوارترە. تاران بە قووڵیی لە کێشەی ئیسڕائیل-لوبنان تێوەگلاوە. ڕێککەوتنە ناوکییەکە هێزی تێدا نەماوە. گەمارۆیەکان ئابوورییان ئیفلیج کردوە و ئەو حەوتوویە، وڵاتە یەکگرتووەکان، ئێرانی بەوە تاوانبار کرد کە هاژکی بالیستیکی ناردوونە ڕووسیە و گەمارۆی نوێی دژی ئێران ڕاگەیاند.
لەگەڵ ئەوەشدا، دیپلۆماتەکانی هەرێمی و هەروەها کاربەدەستان دەڵێن، ڕووداوەکانی ئەو حەوتوویە وێناچی هەوڵەکانی سەرۆککۆمار مەسعوود پزشکیان بۆ دەربازکردنی وڵاتەکەی لە تەریک مانەوە دەرباز بکات کە بە گوتەی دیپلۆماتێکی عەڕەب ئەوە وەکوو "تەنیا بژارەی" ئەو وڵاتەیە.
ئەو دیپڵۆماتە، کە بەردەوام چاوی بە کاربەدەستانی ئێرانی دەکەوێ و بە مەرجی نەدرکاندنی ناوی بە هۆی هەستیاریی مەسەلەکەوە لەگەڵ ئێمە دوا، گوتی لەو دۆخەدا، کات بە قازانجی ئێران نییە.
کاتێک وەزیری کاروباری دەرەوەی وڵاتە یەکگرتووەکان ئانتۆنی بلینکن ڕۆژی سێشەممە گەمارۆ نوێیەکانی ڕاگەیاندن، ئەو ڕاستەوخۆ باسی هەوڵەکانی نزیکبوونەوەی سیاسیی ئێرانی کرد. ئەو گوتی، "سەرۆککۆمار و وەزیری کاروباری دەرەوەی نوێی ئێران پەیتا پەیتا گوتوویانە دەیانهەوێ دانوستانەکان لەگەڵ ئورووپا دەست پێ بکەنەوە و دەیانهەوێ گەمارۆکان سووک بکرێن. چالاکیی ناسەقامگیرکارانەی لەو چەشنە، تەواو بە پێچەوانەی ئەو لێدوانانەن."
گەمارۆیەکان وێدەچی لاوازتر لەوە بن کە چاوەڕوان دەکرا، کاتێک وڵاتانی ئورووپایی هۆشدارییان بە ئێران دا کە گواستنەوەی هاژەکی بالیستیکی بۆ ڕوسیە لە "هێڵی سوور"ی جەنگی ئوکراین نزیک دەبێتەوە. گەمارۆیەکان تا ڕادەیەکی زۆر گواستنەوەی ئاسمانیی مەدەنی دەگرنەوە کە چەند مانگی پێدەچی تا جێبەجێ بکرێن.
وەزیری کاروباری دەرەوەی ئێران گوتی تۆمەتی گواستنەوەی چەکوچۆڵ "پیلانی قیزەوەنی تەبلیغاتی و درۆیەکی زەقە."
بە گوتەی نیکۆل گراجەوسکی، هاوکاری دامەزراوەی کارنەگی، ڕێککەوتنی هاژەکی بالیستیکی کە وەزارەتی دارایی دەڵێ زۆر بەر لە دەستبەکار بوونی پزشکیان دانوستانی لەسەر کراوە، نموونەیەکی سیاسەتی ئێرانە کە دوو ڕێچکەی هەن.
گراجەوسکی، کە نووسەری کتێبی "ڕووسیە و ئێران: هاوپەیمان لە سەرکێشیدا، لە سووریەوە تا ئوکراین" گوتی، لە کاتێکدا ڕێبەریی مەدەنی ڕەنگبێ کار بۆ چاکسازیی و دیپڵۆماسی بکات، دامودەستگاکانی سەربازیی و سیخوڕیی، زۆر جار سەربەخۆ لە ڕێبەریی سیاسی درێژە بە ئامانجە درێژخایەنەکانی خۆیان دەدەن.
چەند مانگ دوای دەستبەکار بوونی، پزشکیان لەگەڵ چەند قەیران لە نێوخۆ و دەرەوە بەرەوڕوو بووەتەوە. شەڕی غەززە نزیکەی ساڵێکە درێژەی هەیە و لەو ماوەیەدا ئیسڕائیل نزیکەی هەموو ڕۆژێ لەگەڵ حیزبوڵڵا، بەهێزترین میلیشیای سەر بە ئێران، خەریکی تەقە و پێکدادانە. لە نێوخۆ، ئابووریی ئێران بەردەوام ڕێکۆردی نزمتربوونەوە تۆمار دەکات. بێزارییەکی بەربەرین لە تاکتیکە توندوتیژانەکەی هێزە ئەمنییەتییەکان پەنگ دەخواتەوە.
دوای کوشتنی ڕێبەری حەماس، ئیسماعیل هانیە، لە تاران لە مانگی جولای، ئێران بەڵینی وەڵامێکی "یەکلاکەرەوە"ی داوە. ئەوە زیاتر لە مانگێک لەوەپێش بوو. کاربەدەستانی وڵاتە یەکگرتووەکان لەسەر ئەو بڕوایەن کە هەر ڕۆژێک کە تێدەپەڕێ ئەگەری ڕووداوێکی مەزن یان قووڵترکردنەوەی کێشەکە کەمتر دەبێ، ئەگەرچی کەرەستەی سەربازیی زیادی بە مەبەستی چاوترسێن کردن لە ناوچەکەدا دەمێنێتەوە.
دوای هەڵبژێرانی پزیشکیان، ئێران وای بە بەڕێوەبەرایەتیی بایدن پیشان داوە کە گوایە دەیهەوێ وتووێژ بکات، بەڵام کاربەدەستانی وڵاتە یەکگرتووەکان چاوەڕوانی نیشانەکانی پشتگیریی لە لایەن ڕێبەری گەورەی ئێرانن، چونکە ناوبراو بڕیادەری کۆتاییە.
کاربەدەستێکی لوبنانی کە ڕۆژانە پەیوەندی لەگەڵ تاران هەیە، لەبەر هەستیاربوونی بابەتەکە بە مەرجی نەدرکانی نێوی ئامادەی لێدوان بوو گوتی، "بە پشتگیریی لە ڕوسیە، ئێران بەرگریی لە بەرژەوەندیی و مانەوەی خۆی دەکات." ئەو هەروەها گوتی گەمارۆیەکانی ئەو دواییانە دژی ئێران بەشێک لەو سیاسەتەن کە دەیهەوێ ئێران لەژێر "زەختی بەردەوامدا بهێڵێتەوە"، بەڵام لەو دواییانەدا ئەو هەڵوێستە وێدەچێ لاواز بووبێ.
ئەو گوتی، "ئەو گەمارۆیانە بوونە شمشێری دوو دەم" و ئەوەشی زیاد کرد کە ئەوانە بوونە هۆی ئیفلیجکردنی ئابووریی ئێران و توانایی ئێران بۆ نواندی دەسەڵاتی خۆی، بەڵام لە هەمان کاتدا بوونە هۆی پەیوەندیی بەهێزتر لەگەڵ وڵاتانی وەکوو ڕووسیە.
ئێران درێژەی بە گەشەپێدانی بەرنامە ناوکییەکەی داوە و پێشی بە پشکێنەرانی نێودەوڵەتی گرتوە. پسپۆڕانی پیتاندنی ئورانیۆم ڕێگایان پێ نەدراوە پشکنین بکەن و ئێران لە شیکردنەوەی هۆی بوونی ئاسەواری ئورانیۆم لە هێندێک دامەزراوەی ڕانەگەیەنراو ناسەرکەوتوو بووە. بەڵام لە کۆبوونەوەیەکی بەڕیوەبەریی لەو حەوتوویەدا لە ڤییەن، سەرۆکی ئاژانسی چاودێری ناوکی نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕافائێل گرۆسی گوتی پزشکیان قبووڵی کردوە چاوی پێمان بکەوێ تا لەبارەی باشترکردنی هاوکارییدا وتووێژ بکەین. گرۆسی لە لێدوانەکەیدا گوتی، "من ئێران هان دەدەم ڕێگا بۆ کۆبوونەوەیەکی ئەوتۆ لە داهاتوویەکی نە زۆر دووردا خۆش بکات تا بتوانین دیالۆگێکی بنیاتنەر کە ببێتە هۆی دەستکەوتی خێرا دەست پێ بکەین."
کاتێک هەواڵنێران پرسیاریان لێ کرد ئاخۆ ، "داهاتاوویەکی نە زۆر دوور" بە مانای دوای هەڵبژاردنی وڵاتە یەکگرتووەکانە، گرۆسی وەڵامی دایەوە: "نا، بەو هیوایە پێش ئەو بێ."
بووژاندنەوەی ڕێککەوتنی ناوکی ٢٠١٥، پێشترییەتی بەڕێوەبەرایەتی بایدن بووە. پێشوەچوونەکان هێندە بەرچاو بوون کە لە ٢٠٢٢، دوو لایەن خەریکی پێداچوونەوە بە ڕەشنووسی "کۆتایی" و ئەگەری ڕێککەوتن بوون، بەڵام لەگەیشتن بە وەها ڕێککەوتنێک شکستیان هێنا. ڕێککەوتنەکە لە بەرانبەر سووککردنی گەمارۆیەکان بەرنامەی ناوکی ئێرانی سنووردار کردبوو، بەڵام کاتێک سەرۆککۆمار دۆناڵد ترامپ لە ٢٠١٨ ڕێککەوتنەکەی بەجێهێشت و گەمارۆی "ئەوپەڕی زەخت"ی سەپاندن، ڕێککەوتنەکە تێکڕما.
سەرۆککۆماری ئێران لە هەڵمەتی هەڵبژاردندا بەڵێنی باشترکردنی ئابووری بە کۆتاییهێنان بە تەریککەوتوویی دا و لە کاتی دەستنیشانکردنی کابینەکەی، هەڵبژاردنی وەزیرەکان نیشاندەری جەختکردنی زۆرتر لەسەر دیپلۆماسی بوو. وەزیری کاروباری دەرەوەی پێشوو محەممەد جەواد زەریف، کە دانوستانکاری ڕێککەوتنی ناوکی ٢٠١٥ بوو، وەکوو جێگری ستراتێژیکی سەرۆککۆمار دەستنیشان کرا و دیپڵۆماتێکی کۆنەکار، عەبباس عەراقچی، ئەندامێکی دیکەی تیمی دانوستانکاری ناوکی، بوو بە وەزیری کاروباری دەروەی نوێی ئێران.
سینا عەزۆدی، پسپۆڕێکی پرسی ئێران و مامۆستای زانستگای جۆرج واشینگتۆن، لە بارەی کابینەی پزشکیاندا گوتی "ئەو هەموو خەڵکی شیاوی لە شوێنی خۆی داناون. پرسیارەکە ئەوەیە ئاخۆ ئەو لەلایەن عەلی خامنەییەوە قبووڵ دەکرێ."
عەزۆدی گوتی، لە مانگی ڕابردوودا پزشکیان هەوڵی خۆی داوە خامنەیی ڕازی بکات. ئەو گوتی، "ئەوە وەکوو لە ئامێز گرتنی ورچ دەچێ" کە بە کەڵکی پزشکیان دێ، بێتوو بکەوێتە ژێر هێرشی ئەو کۆنەپارێزانەی دژی دانوستانن.
مانگی ڕابردوو خامنەیی ڕاستەوخۆ قسەی بۆ کابینەی پزشکیان کرد. خامنەیی لە گرتە ڤیدیۆیەکدا کە لە تەلەفزیۆنی دەوڵەتیدا بڵاو بۆوە گوتی، "ئێمە نابی هیواکانمان لەسەر دوژمن هەڵچنین. بۆ پلانەکانمان، ئێمە پێویستیمان بە پەسەندکرانیان لە لایەن دوژمنەوە نییە. دانوستان لەگەڵ دوژمن لە هێندێک شوێن دژوازیی نییە. هیچ بەربەستێک بوونی نییە."
لێدوانەکان، ئەگەرچی ناڕوونن، وەها لێک درانەوە کە ڕەنگبێ ئەوە کردنەوەی دەرگا بەرەو دانوستان لەگەڵ ڕۆژاوا بێ. بەڵام لە هەمان وتاردا، خامنەیی هۆشدارییەکیشی دا: "متمانە بە دوژمن مەکەن." سوزان مالۆنی، بەڕێوەبەری بەرنامەی سیاسەتی دەرەوە لە ئینستیتۆی برووکینگز و پسپۆرێکی پرسی ئێران گوتی، "ڕێبەری گەورەی ئێران هەمیشە ئاوسارێک لە دەوڵەتەکانی دەدا تا دۆخەکە تاقی بکاتەوە و بزانێ ئەوان دەتوانن چ دەستکەوتێکیان هەبێ.
بەڵام هێشتا ناڕوونە تەنانەت چ ڕێککەوتنێک مومکین دەبێ. ئەو گوتی، "ئەو پێکهاتەیەی ١٠ ساڵ لەوەپێش کارا بوو، ئێستا لە بنەڕەتدا بیریشی لێ ناکرێتەوە."