کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کوردایەتی لە ناخی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی

20:26 - 1 رەزبەر 2724

کوردایەتی لە ناخی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی

ئەلبورز ڕوویین‌تەن

بەر لە پڕژانە سەر بابەتەکەم پێویستە باس لەوە بکەم کە بە کارهێنانی "شۆڕش" بۆ بزووتنەوە یا ڕاسانەوە یا هەر ناوێکی دیکە کە بۆ ڕووداوەکانی دو ساڵ بەر لە ئێستا کە دوای شەهیدبوونی ژینا ئەمینی لە کوردستان و ئێران ڕووی دا، لە لایەن بیرمەندان جێگای مشتومڕە، چونکە هەر یەک لە گۆشە نیگایەکی زانستە کۆمەڵایەتییەکانەوە سەیری ڕووداوەکان دەکات و بە هەبوونی هەندێک هۆکاری زانستییش دەیهەوێ ڕاستبوونی پێناسە و ناوزەدکردنی خۆی بسەلمێنێ.

لە ڕووی زمانەوانیشەوە وشەی شۆڕش تا چەند کوردی کراوەی "revolution" یا "انقلاب" فارسی کە بۆ عەرەبی دەگەریتەوە و بەکارهێنانی لە کوردی چۆنە باسێکی دیکەیە، بەڵام شۆڕش لە بەکارهێنانی کوردیدا بە هەموو ئەو هەستانەوانەی بەرانبەر بە ڕێژیمی ناوەندی دەهێنرێتەوە، ئەگەر ئەو شۆڕشە سەرکەوتنیشی بە دەست نەهێنابێ، واتە ئاکامی خۆی کە گوڕانکاری جیدیە دروستی نەکردبێتیش، بەڵام بە هۆی ئەوەی ئەو داوایەی هەبووە و خەباتی بۆ کردووە بە شۆڕش دەناسرێت. هەندێک لەوان دەکرێ کورتماوە بن هەندێکیشیان ماوەیەکی زۆر بەردەوام بووە. لەو سۆنگەیەوە ناوزەدکردنی ڕووداوەکانی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی بەجێ دەزانم چونکە لەو شۆڕشەدا ئەگەر بە ئاکامیش نەگەیشتبێ و گوڕانکارییەکی تەواوی لە دۆخی ئێستادا دروست نەکردبێ، بەڵام بە خاڵێکی وەرچەرخان لە چالاکی دژی کۆماری ئیسلامی هەژمار دەکرێ کە ئەسلی بەجەماوەرکردنی خەباتی بە بەرزترین ئاستی لانی کەم چل و پێنج ساڵی ڕابردوو لە دژی کۆماری ئیسلامی گەیشت. چالاکییەکان گۆڕانکاریەکی جیدیان تێدا کرا و خاوەن دروشمێکی تایبەت و پێناسەیەکی تایبەتیش بوو. تەنانەت دەستپێکردنی لە کوردستان و بڵاوبونەوەی بۆ سەرتاسەری ئێران لە قوناغێکدا و تەنانەت کەمبوونەوەی چالاکییەکان لە قوناغێکی دیکە هەر هەموویان لە تایبەتمەندییەکانی ئەو شۆڕشەوە سەرچاوەیان گرتبوو کە جێگای سەرنج بوون.

یەکێک لە گرینگترین تایبەتمەندیەکانی ئەو شۆڕشە هەبوونی گەوهەری کوردایەتی لە نێو شۆڕشی ژن ژیان ئازادی بە تایبەتی لە جوغرافیای کوردستان و جیاوازیی لەگەڵ دەرەوەی کوردستانە، ئەو تایبەتمەندییە جێگای هەڵوێستە لەسەرکردنە. چونە بە ناسینی گرینگترین تایبەتمەندیی ئەو شۆڕشە دەتوانین باشتر لە دۆخی ئێستا و داهاتووی ئەو شۆڕشە قوڵ ببینەوە، هەروەها پێداویستیی سەرکەوتن لە داهاتوو ناسینی ڕابردوو و نێوەڕۆک و تایبەتمەندییەکانیەتی بە تایبەتی کە ناسینە پەیوەندی بە کۆمەڵگەی زیندووی ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە هەبێت. بێگومان بۆ پڕژانە سەر تایبەتمەندی کوردایەتی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی پێویست بە وردبوونەوە لە کوردایەتی هەیە، چونکە ئەو چەمکەش یا بەبێ پێناسە ماوەتەوە یا لە چوارچێوەی ڕوانگەی فیکری لایەنی سیاسی یا بە گوێرەی بەرژەوەندی لایەنەکان شی کراوەتەو.، واتە بۆ ڕەوایی بەخشین بە کاری سیاسی داپۆشینی بە چەمکی کوردایەتی زۆر جار دەبینین. ئەوەی ئێمە کە باس لە کوردایەتی دەکەین ئەو ئلێمینتانە دەگرێتەوە کە لە پرسی کورد وەک پرسی نەتەوە سەرچاوەیان گرتووە، واتە چوارچێوەی پرسی نەتەوەی کورد کە خۆی لە ئازادی نەتەوەی کورد وڕزگاری کوردستان دەبینتەوەوە دیاریکەری هەر کردەوەیەکە کە بمانهەوێ لە ژێر چەتری کوردایەتی کۆ بکەینەوە. لە هەمان کاتدا ئەو کردەوانە کە دەبنە هۆی درزخستن لەنێو کورد و لایەنە سیاسیەکان یا لە ئاراستەی سیاسەتی دوژمن نەیارانی کوردن بە حوکمی ئەوەی کە زیان لە پرسی کورد دەدەن ناتوانن وەک کوردایەتی سەیر بکرین تەنانەت ئەگەر لە ژێر بانگەشەی کوردایەتی بکرێن.

یەکەمین تایبەتمەندیی کوردایەتیی شۆڕشی ژن ژیان ئازادی هەڵقوڵانی لە کوردستان بوو. ئەوە زۆر ڕاستە ڕاپەڕینەکە سەرەتا بە ناڕەزایەتی دەربرین لە بەرانبەر ئەو جینایەتە بوو کە دەرحەق بە کچێکی کورد کرا بوو، بەڵام هەر لە ڕۆژی یەکەمەوە ئەوە ناڕەزایەتییە لە بێدادی بەرانبەر ژینا بە بێدادی بەرانبەر کورد گوڕا، ئەو گۆڕینە ئۆرگانیکە کە ناخی کۆمەڵگەی کوردستان و جوغرافیای کوردستان هەر وا بە هەڵکەوت نییە، بەڵکوو سەلمێنەری ڕاستیەکانی ئەو دروشمەیە کە کوردستان سەنگەری ئازادیخوازیە کە سەرچاوەی لە خەبات بۆ ئازادی بزوتنەوەی سیاسی کوردستان هەڵقوڵاوە. بە پێچەوانەی ئەوەی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان لە شارە گەورەکان باشتر دەتوانن دەست پێ بکەن و بڵاو ببنەوە، بەڵام ئەوجار کوردستان بوو کە بزوتنەوەی بەرەو شارە گەورەکان بردو ئەوەی لە شارە بچووکەکانی کوردستان دەکرا لە شارە ملیونیەکانی دەرەوەی کوردستان مومکین نەبوو. هەر بۆیە هەر لە سەرەتاوە هەوێنی کوردایەتی چووە نێوئاخنی شۆڕشەوە، جیا لەو بابەتە ئەگەر بەراوردێک بکەین کە چۆن کۆماری ئیسلامی هەر لە سەرەتای هاتنە سەر کاری لە دژایەتیی ئازادییەکان مافی مرۆڤ هەیەتی، بە تایبەتی ئەوەی لە چوارچێوەی پۆلیسی ئەخلاق و ئەو دەزگایەی کە بۆ ئەو کارەیان دامەزراندوە دەیکەن، لە شارە گەورەکانی وەکو تاران دەبا دەستپێکی دژایەتی گشتگیر با لانی کەم بە دژی نەهێستنی ئەو گوشارەی ریژیم، بەڵام دیتمان ئەوە کوردستان بوو کە دەستپێشخەری کرد. ئەو بەراوردە پێوویستە جێگای پرسیار بێت بۆچی دەبێ سەقز وەپێش تاران بکەوێ، ئایا هەبوونی ئازادیخوازی کە لە پرسی کورد و داخوازی کوردایەتی کە هەبووە دەتوانێ کاریگەریی لە سەر ئەوە نەبێ کە سەقز دەستپێشخەر بێت.

دووەمین فاکتەری سەلمێنەری هەبوونی توخمەکانی کوردایەتی دروشمی سەرەکی و دروشمەکانی دیکەی شۆڕش بوو. لە کاتێکدا لە شارەکانی دەرەوەی کوردستان لابردنی حیجابی داسەپاو بوو، لە کوردستان لەژێر چەتری ژن، ژیان ئازادی کۆ بوونەوە. دەرکەوتنی ئەو دروشمەش بە هەڵکەوت نەبوو بەڵکوو لەو خەباتە یەکسانیخوازیەی بزوتنەوەی سیاسی کوردستان سەرچاوەی گرتبوو کە هیچ کات پرسی یەکسانی لە بیر نەکردوە. لانی کەم هەر لە بڵاوکراوەی نیشتمانی کۆمەڵە ژێکافەوە دەبینن کە چۆن پرسی نەتەوەی کوردایەتی و یەکسانیخوازی بە یەکەوە بەستراونەتەوە، تەنانەت یەکسانیخوازی بەشداری ژنان لە پرسی خەبات بە رەمزی سەرکەوتن لە پرسی نەتەوەیش زانراوە. کە واتە کوردایەتیمان تەنیا بۆ ئازادبوونی نەتەوەیی نییە بەڵکوو بۆ بەختیاری کۆمەڵگەیە کە لە ڕیگەی یەکسانیەوە مومکینە. ئەو تێڕوانینە کە وەک بەشێک لە ژیانی سیاسی کورد داڕێژڕاوە دەکرێ لە دروشمی ژن، ژیان، ئازادیی کوردستاندا کورت کراوەتەوە، ئەوە تەنیا دروشمیش نەبوو بەڵکوو زۆربەی هەرە زۆری دروشمەکانی دیکە لە کوردستان جیاواز دەربڕی ئەو ڕاستییە بوون کە شۆڕش لە کوردستان تەنیا بۆ لابردنی حیجاب یا ئازادییە تاکەکەسیەکان نین بەڵکو بۆ ئازادییەکی بەرفراوان گشتیگیرتر و بەڵکوو دەربری کوردایەتی لە کوردستان بوو.

بابەتی سێیەم پرسی پەلاماربردن بۆ سەر بنکەکانی سەرکوت و ئازادکردنی شارەکان بوو، لە نێوان ئازادکردنی شارەکان و لابردنی حیجاب جیاوازییەکی زۆر هەیە. چونکە لە گەرمەی چالاکییەکان لە کاتێکدا  لە شارە گەورەکان لابردنی حیجاب ئەو پەڕی گوڕینی ڕیژیم مەبەست بوو، بەڵام لە کوردستان هەوڵی ئازادکردنی شارەکانیان دەدا. چەمکی ئازادکردنی شارەکان زۆر جیاوازە لە داخوازی دیکە، چونکە ئەگەر پرسی نەتەوەیی نەبێ ناڕەزایەتی لە بەرانبەر جینایەت و بێدادی یا داواکاری بۆ لابردنی حیجابی بە زۆرە ملێ ناتوانێ بگۆڕێ بۆ پرسی ئازادکردنی شارەکان، هەر بۆیە کە لاوانی خروشاو داوای هێزی پێشمەرگەیان دەکرد وەڵامە کە بۆچی کوردستان وایە و دیسان ئەو پرسە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە لەوێ لە شۆڕشدا کوردایەتی هەیە و داوای ڕزگاریی کوردستان دەکات.

ئەوانە تەنیا چەند نموونەیەک لە دەیان نمونەی سەلمێنەری ئەو ڕاستییەن کە شۆڕشی ژن ژیان ئازادی بە نێوئاخنی کوردایەتی توانی ئاوا دەست پێبکات و بڵاو ببێتەوە و بەردەوام بێ، بەڵام تاکە یەک ڕستەی باوکی شەهید محەممەد حوسێنزادە کە دەیگوت ئەمن شەهیدم بۆ ئازادیی کورد و کوردستان داوە دەتوانێ بەڵگەیەکی ئەوەندە بەهێزی هەبوونی کوردایەتی لە ناخی شۆڕشی ژن ژیان ئازادی بێت کە پێویست بە هێنانەوەی نمونەی دیکە نەکات.