کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پشەکە، نانت دەدەم، چات دەدەم، قەندت دەدەم تەق لێت دەدەم

10:08 - 3 رەزبەر 2724

پشەکە، نانت دەدەم، چات دەدەم، قەندت دەدەم تەق لێت دەدەم

دارسمە

ئەم جوغرافیای ئێرانە زۆر نالەبار هەڵکەوتوە. ئەو ئیمپراتۆرییەی مێژوویەکی سەدان و بگرە هەزاران ساڵان بەدوای خۆیدا ڕادەکێشێت و ڕووبەرەکەی لە ماوەی ئەم سەدان و هەزاران ساڵەدا بیچم و شێوەی لەسەر ئەم ڕووبەری ئاسیایەدا گۆڕانی زۆری بەسەردا هاتوە، ئێستا خاوەنی بیچم و ڕووبەرێکی سەیر و سەمەرەیە.

ئەم ئێرانەی ئێستا پاشماوەی ئیمپراتۆرانی ماد و ساسانییە و لەم چەند سەدەیەی کۆتاییدا دوو ڕووداوی چارنووسسازی بە سەردا هاتوون. یەکەمیان ئەمەیە نەخشەکەی دوای گۆڕان و بچووک‌بوونەوەیەکی زۆر، بیچم و شێوازی پشیلەی بە خۆیەوە گرتوە و دووهەمیش ئەمەیە ناوانی ماد و ساسانی گۆڕاون و "ئێران" وەک ناوێکی نوێ جێگەیانی گرتووەتەوە. ئێستا ئێران پشیلەیە و پشیلەش ئێرانە. ئێستا ئەوەی لە دڵی هەموو ئێرانییەکی ئەمەگداری نەخشەی پشیلەکە گرانە، ئەمەیە دەڵێن پشیلە ئاەڵێکی سپڵەیە و هەرچەند خزمەتی بکەی لە دەرفەتێکدا هەر نەبێت چڕنۆکێکت دەهاوێتێ و دەتڕنێت. ئەم پیشلەیەی ئێمەش سەلماندوویەتی لەوانی هەرە سپڵەیە و لە هەر هەلومەرجێکدا بە دوای ئەمەدایە چڕنۆکێک باوێت.

کوردانی دابەشکراوی سەر بەشە دەستکردەکانی جوغرافیای ناوچەکەش ئەوانی دەکەونە سەر جوغرافیای پشیلە‌ئاسای ئێران، زۆربەیان کەوتوونەتە لای سینگ و بەرۆک و هەردوو پێشوو و دەمولووتی ئەم پشیلە سپڵەیە وهەر لەبەر ئەمەشە بەردەوام دەمولەوس و سنگ و دەستانی بەخوێنن.

ئەم پشیلەیە کەوتووەتە شوێنێکی وا بۆ سەری خۆیشی هەر بەڵا و نەهامەتیە. یەکێک لەم نه‌هامەتیانەشی ئەمەیە بەم قەڵافەتە بچووک‌کراوەیەوە کەوتووەتە باشوور و داوێنی یەکێک لە وڵاتانی بەربەرینی جیهان و ئەم وڵاتە لەبەرزاییەکانی سەرووی دەریای قەزوێنەوە وەک کەونە جیران بەسەریدا دەڕوانێت.

ڕووسیە لە سەردەمان و قۆناخە جوداکانیدا بەردەوام سپڵەبوونی خۆی سەلماندوە. ئەوکاتەی سەردەمی قەیسەر و پاشایەتی بوو و دراوسێی باشووری خۆی ئەوەندە بچووک کردەوە لە ئاکامدا کردی بە پشیلە و پیاوێکی چەکداری ڕەزاگرانیش لە سەر ڕووبەری پیشلەکە خۆی کرد بە پاشا و ناوی "ئێران"یشی بەسەر ئەم پشیلە نوێیەدا سەپاند.

ڕووسیەی قەیسەری بەشێکی بەرچاوی پشیلەکەی داگیر کرد و دوای کوشتار و خۆێن‌ڕشتنێکی زۆر گەڕایەوە خاکی خۆی و دواتریش زۆر بە سپەڵەیی دەگەڵ خەڵکی سەر ئەم جوغرافیا شێوەپشیلەیە هەڵسوکەوتی کرد.

منداڵانی کورد ساڵانی ڕابردوو، ئەوکاتەی گیرۆدەی موبایل و ئایپاد و تۆڕی کۆمەڵایەتی نەببوون، بە یەکەوە گەمە و کایەی جوانیان دەکرد. له یەکێک لە گەمەکانیاندا منداڵێکی بچووکیان بە پشیلە دەشوبهاند و بە سەبری دەستیان بەسەریدا دەهێنا و دەیانگوت: "پشەکە نانت دەدەم، قەندت دەدەم، چات دەدەم، تەق لێت‌دەدەم" و لەکۆتایشدا تەق لێیان دەدا.

ڕووسیە دوای ئەوەی لەسەر پشتی پشیلەکە لە بەحری قەزوێن، تەڕاییەکی کەمی بە ئێرانەوە هێشت و بەشی ئێرانی لەم گۆلە گەورەیە ئەوەندە کەم کردەوە، لایەنگرانی ڕووبەری پیرۆزی پشیلەی سەرزەوی بە ئۆپۆزسیۆن و مۆپۆزسیۆنەوە کەوتنە هەرا و هوریا و هاواریان کرد ڕووسیە لە دەریای قەزوێنەوە دەستی ناوەتە بینەقاقامان و دەستەڵاتی کۆماری ئیسلامییش بێدەنگەی لێ‌کردوە.

دیارە دەستەڵاتی کۆماری ئیسلامییش شەرمی بەخۆیەتی و لەبەر ئەوەی ڕووسیە دراوسێی باکووریەتی، هەر لە نزیکەی چل ساڵ لەمەوبەرەوە لە دروشمی "نە شەرقی-نە ‌غەربی" پاشگەز بووتەوە و هەر بەیەکجاری وازی لێی هیناوە.

ئێستا لە سەردەمێکی نوێتردا ڕووسیەی دۆست و دراوسێی باکوورمان پێی ناوەتە قۆناخێکی نوێ و گەرەکیەتی لە لای داوینی بەحری قەزوێنەوە ڕێک لەو شوێنەی پێشترێ پیر و پێشینیانی باوکی ئێرانی هەنووکەی لەوێ ڕەپێ‌ناوە، هێڵێک بە باکووری ئێراندا دروست بکات و ڕیگەیەک لە بەشی خۆیەوە بە ئازەربایجان و سەر مل و گوێچکەی پشەکەدا بەرەو تورکیە دروست بکات و بۆ ئەمەش ناچارە لەناوچەی "زەنگەزۆر" ئەو شوێنەی دەکەوێتە باشووری ئەرمەنستان پێ بخاتە سەر ملی پشیلە.

داڵان یان کۆڵانی زەنگزۆر لە باشووری وڵاتی ئازەربایجانەوە بە دامێنی خوارووی ئەرمەنستاندا ئازەربایجان و کۆماری نیمچە‌سەربەخۆی "نەخجەوان" دەگرێتەوە و لە ڕاستیدا تورکیە بە دەریای قەزوێن و ڕووسیە دەبەستێتەوە.

بەمجۆرە ڕووسیە جارێکی دیکە دەڵێتەوە: پشەکە، نانت دەدەم، چات دەدەم، قەندت دەدەم، تەق لێت دەدەم.

پشەکەش ترسێکی قووڵ دایگرتوە، دەترسێت ئەو مامەیەی نانی دەدات و چای دەدات و قەندی دەدات و تەق لێی دەدات، لە زەبەرە لێدانێکی دیکەدا شان‌ و پیل و سەر و ملی لێ بکاتەوە و ئەودەم کۆڵانی "زەنگەزۆر" دەکەوێتە نێوان وەک ئازەریەکان دەڵێن "ئازەربایجانی شومالی و جنووبی و پیشلەکەش بۆ هەمیشە دەتۆپێت و ئەوکات کۆڵانی "زەنگەزۆر" ئەوەندە بەرین دەبێتەوە، گۆرانیی "لە کۆڵانی تەنگەبەر شان مەدە لە شانم" لەم ناوچەیە تۆزقاڵێک بایەخی نامێنێت.