پاش چەند مانگ لە مشتومڕەکانی "سەعید جەلیلی" و "مەسعوود پزشکیان" لە بانگەشەکانی دەنگدان بۆ سەرۆککۆماریی کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە دوایین ڕۆژەکانی حەوتووی ڕابردوودا ئەو دەرفەتە بۆ پزشکیان ڕەخسا قسەی خۆی بۆ بەردەنگێکی زیاتر و جیهانی بکات. ئەم ڕەوتە کە "بەرجام"ـیان بە دەرفەتێک دەزانی و لەدەسچوونەکەیان بە خەسارێک لە قەڵەم دەدا، بە بەڵێنی بووژاندنەوەی بەرجام هاتبوونە مەیدان.
هەمووان بەباشی لەوە ئاگادارین کەوا سیاسەتی گشتیی ڕێژیم، دەبێ بە فیلتەری کەسی یەکەمدا تێپەڕێ، بەتایبەتی سیاسەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە، لەوەش زیاتر ئەوەی کە پزشکیان هەر لە سەرەتاوە بەو گیانە هاتووەتە پێش کە جێبەجێکەری ڕێنوێنییەکانی "عەلی خامنەیی"ـیە و "خامنەیی نەبا ئەویش نەدەبوویە"؛ کەواتە ئەمە لە لێکدانەوەدا ئەوەمان بۆ دەردەخات پەیامی پزشکیان سەرەڕای گلەیی و گازندەی ڕواڵەتیی ڕەوتی توندئاژۆی ئەو وڵاتە، پەیامی خودی خامنەیی و بەدوای ئەودا کۆماری ئیسلامییشە لە گشتیەتی خۆیدا. چون ئێمە ئەو وەهمەمان نییە پێمانوابێ خامنەیی بەهەڵەدا چووە و هێشتوویەتی کەسێکی دژبە سیاسەتەکانی خۆی ببێتە سەرۆککۆماری کۆماری ئیسلامیی ئێران.
لەم ڕۆژانەدا کە کۆماری ئیسلامی ترسی ئەوەی لێ نیشتووە، دەوڵەتی ئیسرائیل هەروا بێلەمپەر لە هێرشەکانیدا بەردەوام بێ و تەنانەت خۆیان لە دەنگوڕەنگی کۆماری ئیسلامیدا بەڕاشکاوی "تاران" وەک یەکێکی تر لە ئامانجە داهاتووەکانی ئیسرائیل دەسنیشان دەکەن، سەیر نییە دەنگێکی وا بە شێوەیەکی گوماناوی لە کۆبوونەوەیەکی لێژنەی دەوڵەت لە "نیۆیۆرک" بڵاو بێتەوە، بەتایبەت بەدوای کوشتنی "هەنیە" لە تاران و زۆر نموونەی دیکەش لە سووریە و لوبنان و شوێنەکانی تر لە هێزی وڵاتی دوژمنیان ئاگاداری ئاگادارن، هەروەها لە هێزی فڕوفیشاڵیی خۆیشیان؛ بۆیە لەو فایلە دەنگییەشدا شتێک نەوتراوە کە ئیسرائیلی پێ بڕەنجێ، بەڵکوو زیاتر لایەنگرانی خۆیانن کەوتوونەتە گلەیی و ڕەخنەگرتن، کە وردەوردە مێشکی ئەوانیش بۆ ئەو دۆخە و ئەم ناهاوسەنگییە ڕادێنن.
پزشکیان بەم پێشەکییەوە چووە نێو دەقی قسەکانی، واتە پێشەکییەکەی لە دانیشتنێکی بەناو و بەڕواڵەت نهێنیدا بە گوێی بەردەنگەکانی گەیاند و دواتریش لە کۆبوونەوەی گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان قسەکانی تەواو کرد. بەکورتی یەک پەیامی پێبوو: "ئێمە لاشەڕین." بەڵام کێیە نەزانێ لە بێدەسەڵاتیدا لاشەڕن، نەک بەباوەڕ. کۆماری ئیسلامی زۆر جار لە مێژوودا دروشمی ناهەڵسەنگێندراوی هەڵگرتووە و دواتر بۆی جێبەجێ نەبووە و لێی کشاوەتەوە، بۆ وێنە: "بە کەربەلادا دەچینە قودس" کە دواتر بووە ژەهری هەژدیهای حەوسەر و ئەو سەفەرە هەر نەکرا.
لە کۆی قسەکانیدا خۆی خزاندبووە سەنگەری دێموکراسی و مافی مرۆڤەوە، وەهاش قووڵ ڕۆچووبوو ئەننەهوو هەر سەرۆککۆماری کۆماری ئیسلامییش نییە! ئەم "دوکتور"ە بۆ چارەسەری کێشەی "فەلەستین" نوسخەی ڕێفراندۆم و دیاریکردنی مافی چارەنووس دەپێچێتەوە -لەو بابەتەش دەگەڕێین کە ئەم نوسخەیە خۆی دانپێدانان بە دەوڵەتی ئیسرائیلیشی تێدایە و ئەمەش پاشەکشێیەکی ترە لە سڕینەوەی ئەو وڵاتە، بەڵام سەرەتای خزمەتی بە حکوومەتی کۆماری ئیسلامی بە سەرکوتی خەڵک و هێزە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە خوازیاری هەمان دیاریکردنی مافی چارەنووسی خۆیان بوون، دەست پێکرد و ئێستاش لەو سەرکوتەیدا بەردەوامە و یەکەم گەشتی دەرەوەی وڵاتی دەرخەری ئەو ڕاستییە بوو.
لە بەشێکی تر لە قسەکانیدا ئیددعای کرد کە ئێران لە مێژووی هاوچەرخدا هێرشی نەکردووەتە سەر هیچ وڵاتێک و دەسپێشخەری هیچ شەڕێک نەبووە، لە کاتێکدا لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا چەندین جار هێرشی مووشەکیی کردووەتە سەر وڵاتی "ئێراق" و هەرێمی کوردستان و تەنانەت "پاکستان"ـیش؛ ئەمە جگە لەوەی کە لە هەموو وڵاتانی دەوروبەردا بەپێچەوانەی ئیددعاکانی کە پێیوایە پارێزەری مافی دراوسێکانیان بوون، هێزی جێگرەوەی خۆی داناوە بۆ تێکدانی ئاسایش و کاروباری نێوخۆییی ئەو وڵاتانە.
لەم ساڵانەی ڕابردوودا ڕۆژاوا چەندین جار خوازیاری لێکۆڵینەوە لە بەرنامەی مووشەکیی کۆماری ئیسلامی و هەروەها پشتیوانییان لە هێزە نیابەتییەکانی ئێران بووە، بەڵام کۆماری ئیسلامی تا ئێستاش لەم بارەوە ئامادە نەبووە بکەوێتە وتووێژەوە. بە لەبەرچاوگرتنی ئەم ڕاستییەیە کە پزشکیان هەموو ئەو شێروڕێوییانەی هێنایەوە، هەتا بڵێ بەوتەی خۆی "ئێمە تێکدەر نین" و "خوازیاری ئاشتیین" و تا ئێستاش خۆمان هەڵکێشاوە کە وتوومانە تەحریمەکان کاریگەر نەبوون، نەخێر کاریگەر بوون و زۆریش کاریگەر بوون، بۆیە ئامادەین بەرجام زیندوو بکەینەوە و بە هەموو بەڵێنەکانیش پێبەند بین؛ ئەمە پەیامی پزشکیان و خامنەیی و کۆماری ئیسلامی بوو بۆ ئەم دۆخەی ئێستای ڕێژیمەکەیان و سەرچاوەگرتوو لە "سەبرە ستراتێژیک"ـەکەی خامنەیی بوو.
لێ ئەوەی گرنگە ئەوەیە کە بیسەری پەیامەکانیان باوەڕیان بە کۆماری ئیسلامی و قسە بریقەدارەکانی سەرۆککۆمارەکەی نییە و ئەوانیش بەحەق پێیانوایە ئەم نەرمینواندنە لە بێدەسەڵاتی و ناچاری و تەقیەوە سەرچاوە دەگرێ، نەک باوەڕێکی مرۆڤتەوەر و ئاشتیخوازانە، ئەوان بەباشی دەزانن کە ڕێژیمی ئەم سەرۆککۆمارە وا داوای مافی دیاریکردنی چارەنووس بۆ نەتەوەی فەلەستین دەکات و خۆی بە ئاشتیخواز دەزانێ، هەمان ڕێژیمە وا دوکتور قاسملووی لەسەر مێزی وتووێژ کە بۆ بەدەستهێنانی هەمان ماف تێدەکۆشا، تێرۆر کرد.