کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شکۆی پووشاڵی

15:43 - 16 خەرمانان 2724

ڕۆژە مێدیا

کۆماری ئیسلامی هەر لە سەرەتای بەدەستەوەگرتنی دەسەڵات بە هەڕەشە و گوڕەشە لە ئامریکا و ئیسڕائیل و ڕۆژاوا وێژمانی سیاسیی فەرمیی خۆی داڕشت و هەتا ئەمڕۆش ئەم هەڕەشەیە بۆ لەنێوبردنی ئیسڕائیل بەردەوامە. ڕێژیم تەنانەت ڕێکەوت و ڕۆژژمێری بۆ لەنێوبردنی ئیسرائیل لەسەر بیلبۆرد لە بەرچاوی خەڵک دانابوو و  هەمیشە وەکوو غودەیەکی شێرپەنجە ناوی ئیسرائیلی هێناوە و بەڵێنی به لایەنگران لە نێوخۆ و هێزە نیابەتییەکانی له دەرەوە داوە  ڕۆژێک ئەم گرێ شێرپەنجەیە بنەبڕ دەکا  و لەسەر گۆی زەوی پاکی دەیسڕێتەوە. ڕوونە ئەگەر کۆماری ئیسلامی ئەو  هێز و توانایە لە خۆیدا شک ببات، دوور نییە ئەم هەڕەشانە بگەیەنێتە ئەنجام.

کۆماری ئیسلامیی ئێران لەپێناوی ئایدۆلۆژیی سیاسیی خۆیدا و لە چەند دەیەی ڕابردووشدا بە درووستکردنی میلیشێا و هێزە پڕۆکسییەکانی لە ناوچەکە بەتایبەت لە وڵاتانی یەمەن، عێڕاق، سووریە، لوبنان و فەلەستین بووەتە هۆی ناسەقامگیری و قەیرانخوڵقێنی لە ناوچە و خەسار و ماڵوێرانی بۆ خەڵکی ئەم وڵاتانە و هەروەها بۆ سەرئێشە بۆ ئیسرائیل و ئامریکا و ئەمنییەت لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستیشدا. لەلایەکی دیکەشەوە سیاسەتی نەرمی‌نواندنی ئامریکا لەم ساڵانەدا بووەتە هۆی ئەوەی کۆماری ئیسلامی ئارخەیانتر و بە دەستکراوەیی پترەوە پڕۆژە سیاسی و ئەمنییەتییەکانی بباتە پێشێ. هەر ئەوەش بوو کە پاش هێرشی حماس بۆ سەر ئیسڕائیل لە ٧ ئۆکتۆبری ٢٠٢٣ کە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستی وەکوو پاش ١١ی سێپتامبری ٢٠٠١ بردە قۆناغێکی ترەوە ، کۆماری ئیسلامی لە تاران شایی  و ئاهەنگی گێڕا و شەقام و گۆڕەپانەکانی ئەو شارەی بە ئاڵای حەماس و بەناو مێحوەری بەرگری ڕازاندەوە.

جۆری باسکردن لەو ڕووداوە و هەڵسوکەوتەکانی کۆماری ئیسلامی لە هەر یەکەم ساتەکانەوە وای دەردەخست کە ڕێژیم خۆی  ڕاستەوخۆ دەستی لەم هێرش و دەستدرێژییەدا هەبووە و ئەم جینایەتە پیلان و نەخشەی مەلاکانی تاران بووە. بەڵام زۆری نەخایاند خۆشی و شادی و بزەی سەرلێوی مەلاکانی تاران جێی خۆی دا بە ترس و دڵەڕاوکێ و نیگەرانییەکی قووڵ و جیددی. بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی کاتێک بە تەواوی دڵنیا بوون ئیسڕائیل زۆر بە توندی و ڕاشکاوانە وڵامی بکەرانی ئەم جینایەتە دەداتەوە، هەر  زۆر زوو ڕیسەکەیان لێ بۆوە بە خووی، و خۆشی و شادیییەکەیان جێێ خۆی دا بە نیگەرانی و ترس لە وڵامدانەوەی ئیسڕائیل. بەمجۆرە بوو کە عەلی خامنەیی، ڕێبەری کۆماری ئیسلامی لە وتارێکدا بۆ میدیاکان ڕایگەیاند ڕێژیمەکەی هیچ دەور و ڕۆڵێکی لەم هێرشەی  حەماس بۆ سەر ئیسڕائیلدا نەبووە و ئەوان هیچ لەم هێرشە ئاگادار نەبوون و ئەگەری هەر جۆرە دەستێوەردان و بەشداری کۆماری ئیسلامی لەم هێرشەدا ڕەت دەکەنەوە.

حاشاکردنی کۆماری ئیسلامی لەوەی هیچ پەیوەندییەکیان بەو هێرشەی حەماس نەبووە دەگەڕێتەوە بۆ ئەو ترسە زۆرەی مەلاکانی تاران و دەسەڵاتبەدەستانی تاران لە ئیسڕائیلیان هەیە. ئەوە لە حاڵێک‌دایە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی و  لە سەرووی هەمووانەوە خومەینی و خامنەیی، ڕێبەرانی پێشوو و ئێستای ڕێژیم هەر لە یەکەم ڕۆژانی دامەزرانی کۆماری ئیسلامی بەڵێنیان داوە ڕۆژێک ئەم غودە سەرەتانییە لەنێو دەبەن و هەمیشە خۆیان بۆ خەڵکی نێوخۆ و هێزە نیابەتییەکانیان لە ناوچە  وەکوو هێزێکی باڵادەست بەرامبەر بە ئیسڕائیل نیشان داوە. بەڵام دوا پێشهاتەکانی هێرشی ٧ی ئۆکتۆبر و لەم دواییانەدا کوشتنی سمایل هەنیە لە تاران دەریخست کە هەڕشە و گوڕەشەکانی کۆماری ئیسلامی و ئەو شکۆیەی باسیان دەکرد جگە لە فڕوفیشاڵ هیچی تر نییە. وەک چۆن ئێستا مانگێک دوای کوشتنی سمایل هەنیە کۆماری ئیسلامی هەتا ئێستا بوێری ئەوەی نەبووە وڵامی ئیسڕائیل بداتەوە و زۆر زەلیلانە و داماوانە هەوڵ بۆ خۆدەربازکردن لە وەها وەڵامێک دەدا.

ئەوە کە ڕێژیم مەرج دادەنێ بۆ وڵامنەدانەوە لەو ترسەوە سەرچاوە دەگرێ کە لە ئیسڕائیل هەیەتی. دەسەڵاتێک کە هیچ شەرعییەتێکی لای خەڵکی وڵاتەکەی خۆی نەماوە باش دەزانێ لە ئەگەری ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئیسڕائیل کە دیارە پشتیوانی ئامریکا و ڕۆژاواشی دەبێ دەسەڵاتەکەی پێشتر هەر لەلایەن خەڵکی وڵاتەوە دادەڕمێ. هەر بۆیە سەرشۆڕانە و داماوانە لە ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەقینە لەگەڵ ئیسڕائیل خۆ دەبوێرێ. جیا لەوەش ڕێژیم کە لە ڕووی ئابوورییەوە هەرەسی هێناوە، هەروەها هێزی نیزامیی نەک بۆ هێرش تەنانەت بۆ بەرگرییش نییە و لە وەفاداریی هێزە سەربازییەکانیشی دڵنیا نییە؛ قەت ناوێرێ خۆی لە قەرەی تێکگیران لەگەڵ ئیسڕائیل و تەنانەت هەر لایەنێکی دیکەی دەرەکی بدات.

کوشتنی ئیسماعیل هەنیە لە دڵی تاراندا و کوژرانی نوخبە ئەتومی و نیزامییەکانی ڕێژیم لە یەک دەیەی ڕابردوو لە ئێران و شوێنەکانی دیکە نەک بۆ ئیسڕائیل، بەڵکوو بۆ هێزە نیابەتییەکانی ڕێژیمی دەرخستووە کە کۆماری ئیسلامیی ئێران فس‌فس پاڵەوانە و هێز و دەسەڵاتەکەی بە فوویەک بەندە. هەروەها ڕێژیمێک ئەوە وەزعی بێت و نەتوانێ خۆی بپارێزێت، چۆن دەتوانێ بەرگری لە هێزە پڕۆکسییەکانی بکات، بۆیە دوور نییە لەوە بەدوا چاوەڕوانی هەڵوەرینی میلیشیا کرێگرتەکانی کۆماری ئیسلامی و دەرکەوتنی چەندقاتی لاوازییەکانی ئەم ڕێژیمە بین.