کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کارکرد و کاریگەرییەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی

00:40 - 22 رەزبەر 2724

کۆمەڵگەی مەدەنی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان

(کارکرد و کاریگەرییەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی)

 

سمایل شەرەفی

کۆمەڵگەی مەدەنی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە خۆی بەرهەمی کۆمەڵێک فاکتەری وەک گەشەسەندنی ئاگایی و وشیاریی خەڵک و کاریگەرییەکانی تێکنۆلۆژی و گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییەکانه، جیا لە دانانی کاریگەریی جۆراوجۆر لە سەر کۆمەڵگەی کوردستان و چێکردنی جۆرێک لە ڕەفتار و هەڵسوکەوتی مودێرن لە تاکی کورد‌دا، خاوەنی دەسکەوتی گەورە و شوێندانەرە. کۆمەڵگەی مەدەنی لە کوردستان بەو پتانسێلەی کە لە ئیختیاری دایە، دەتوانێ بەو ئاستە لە ڕاکێشانی متمانەی خەڵک بگات کە لە هێندێک بواردا جێی دەزگای بەڕێوەبەریی لە وڵات بگرێتەوە و جۆرێک لە خۆبەڕێوەبەری لەنێو کۆمەڵگەی کوردستان‌دا بنیات بنێ. بە شێوەیەک کە بزووتنەوە مەدەنییەکان نزیک بوونەتەوە لەوەی کە کۆمەڵگەیەکی هاوتەریب بەرانبەر بە دەسەڵاتی پاوانخواز پێک بێنن.

بزووتنەوەی مەدەنی لە کوردستان بەتایبەت لە ماوەی دوو دەیەی ڕابردوودا لەگەڵ ئەوەی هەمیشە هەوڵی داوە ڕیساڵەت و جەوهەری مەدەنییانەی خۆی بپاڕێزێ و لەم پێوەندییەشدا جۆرێک لە کەلتورسازییش بکات، بەرانبەر بە سیاسەتە دژی گەلیی‌یەکانی نیزامی سیاسیی حاکم بە سەر کوردستاندا وەستاوەتەوە. ئەم بزووتنەوەیە لە زۆر بواردا توانیویەتی بۆشایی دەسەڵاتێکی هەرێمیی خۆماڵی لە کوردستان پڕ بکاتەوە؛ پارێزگاری لە ژینگەی کوردستان، بەڕێوەبردنی بۆنە کەلتووری و نەتەوەییەکان، ڕێکخستنی ڕەفتاری کۆمەڵگە، داکۆکیکردن لە مافی هاووڵاتیان، بەڕێوەبردنی ئەرکی پاراستنی زمان و فەرهەنگی نەتەوەیی و کارکردن لە سەر بەرزکردنەوەی هەستی هۆشیاریی نەتەوەیی (ناسیۆنالیستی) لە کەسایەتیی تاکی کورد، لەو ئەرکە بنەڕەتیانەن کە کۆمەڵگەی مەدەنی لەم ساڵانەدا کاری گەورە و بەرچاوی لە سەر کردوون (ڕاپۆرتی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان بۆ کۆنگرەی ١٧).

کۆمەڵگەی مەدەنی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە تایبەت لە ماوەی نزیک بە سێ دەیەی ڕابردوودا بە قۆستنەوەی دەرفەتە سیاسی و یاساییەکان توانیویەتی لە بوارەکانی کۆمەڵایەتی، کولتووری، خزمەت بە زمانی کوردی، ژینگەپارێزی و وردە بزووتنەوەکانی دیکەدا کاریگەریی هەبێت و داهێنان بکات.

سەرەڕای لێڵی و ناڕوونیی ئەرک و دوورە دیمەنی کۆمەڵگەی مەدەنی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە بێگومان بەشێکی بەرهەمی نیزامی دیکتاتۆریی زاڵ بە سەر وڵات دایە، بزووتنەوەی مەدەنی لە ڕێکخستن و سازماندانی خەڵک بە مانا جەماوەرییەکەی، بێ‌کاریگەر نەبووە. بۆ نموونە لە کاتی بوومەلەرزەکەی ئەزگەلە(١) لە پارێزگای کرماشان و کەوتنەوەی لافاو لە لوڕستان (٢) (کۆکردنەوەی یارمەتی و گەیاندنی بە زیانلێکەوتووان)، ڕۆڵی ڕێکخراوە مەدەنییەکان لە سازماندانی خەڵک بۆ یارمەتیدان و گەیاندنیان بە خەساردیتوان لە نەوع و شێوازی خۆی‌دا بێ وێنە بوو. کە ئەم کاریگەرییەش ڕاست لە متمانەیەکەوە دێت کە کۆمەڵگەی مەدەنی لە کوردستان توانیویەتی لەنێو خەڵکدا لە خۆی درووست بکات. یەکێک لە پێشمەرجەکان بۆ چێ‌بوونی کۆمەڵگەی مەدەن، متمانەی خەڵکە. "متمانە لە کۆمەڵگەدا گرینگترین سەرمایەی ئەو کۆمەڵگەیەیە کە لە وجوودی خەڵکانێکی زانا و سیستەمێکی  باشی پەروەردەیی و مودیریەتیدا دەستەبەر دەبێت". خەڵکی کوردستان بە متمانە و باوەڕێک کە بە چالاکانی مەدەنی و ڕێکخراوە مەدەنییەکان هەیانبوو، بەبێ هیچ دوودڵییەک کەلوپەل و یارمەتییەکانیان گەیاندە کەمپەینەکان و لە ماوەی کەمتر لە دوو ڕۆژدا بە سەدان تۆن لە کەلوپەل و شتومەکی جۆراوجۆر گەیەندرایە بوومەلەرزە لێدراوان لە ئەزگەلەی کرماشان و لافاولێدراوانی لوڕستان. ئەوە لە حاڵێکدا بوو کە خەڵک هیچ متمانەیەکیان بە ڕێکخراوە دەوڵەتییەکانی وەک مانگی سوور و کەمپەینە دەوڵەتییەکانی دیکە نەبوو.

کۆمەڵگەی مەدەنی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە هاوتەریب لە گەڵ بزووتنەوە گەورە نەتەوەییەکەدا دەچێتە پێش و نێورۆک و ماهییەتی وەک یەکی لەگەڵ بزووتنەوەی سیاسی هەیە و بەبێ ئەوەی بکەوێتە ژێر کاریگەریی هەر گوتارێکی نامۆ بە کۆمەڵگەی کوردستان، توانیویەتی متمانەی خەڵک و کۆمەڵگەی کوردستان بە گشتی بەرەو لای خۆی ڕابکیشێ. ڕێکخراوە مەدەنییەکان و چالاکانی مەدەنی پێگەیەکی بەهێزی کۆمەڵایەتییان هەیە و خاوەنی ئێعتبارێکی زۆرن لەنێو جەماوەردا و ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەو تایبەتمەندی و خسڵەتانەی ئەوان هەیانە کە بریتییە لە هەست و هزری نیشتماندۆستی و هەستکردن بە بەرپرسیارێتی لە هەمبەر نەتەوە و کۆمەڵگەدا.

خەڵکی کوردستان زۆرترین متمانەیان بە خەباتە گەورە جەماوەرییە نەتەوەییەکە هەیە و ئەم ڕەوتە بە ڕووگەی خۆیان دەزانن، بەڵام خەباتی مەدەنی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە وەک باڵێک لە خەباتە گەورەکە دەبیندرێ، بەشێک لەم متمانەیەی بۆ لای خۆی ڕاکێشاوە. لەم پێوەندییەدا ڕەهبەر مەحموودزادە پێی وایە "مەرجەعی سەرەکیی خەڵکی کوردستان ڕەوتێکی مێژوویی هەبووە بە ناوی خەباتی جەماوەریی گەل. ئەو خەباتەش وەک پێشتر ئاماژەی پێ کرا، خاوەنی دوو باسکی سەرەکیی بووە؛ خەباتی شار و خەباتی شاخ (بەستێنی مەدەنی و بەستێنی شۆڕشگێڕی) ئەو متمانە جەماوەرییەی خەڵکی کوردستان کە دەبوا بۆ کۆی دامودەزگاکانی حاکمییەتی ناوەندی هەیبایە (بە مەرجی دێموکراتیکبوونی)، بهخڕی و پتەوی گواستراوەتەوە بۆ دامەزراوەکانی پێوەندیدار بە خەباتی جەماوەری. خەڵکی کوردستان خۆیان لە دامەزراوەکانی پێوەندیدار به بزووتنەوە مەدەنییەکان بە نامۆ نازانن و ئەو دامەزراوانە به هی خۆیان دەزانن. ئەم پێوەندی و متمانە دووقۆڵییە لە چەندین ڕووداوی پێوەندیدار به کارەساتە سروشتییەکان بە تەواوی سەلمێندرا و چەسپا".

کاتێک کە خەڵک بەرانبەر بە گیانلەدەستدانی چالاکی ژینگەپارێز، شەریف باجوەر (٣) بە شێوەی جەماوەری بە دانی دروشمی "پارێزەری نیشتمان، بوو بە شەهیدی کوردستان"، بەشدارییان لە ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنیاندا کرد، دەرکەوت کە چالاکانی مەدەنی و ڕێکخراوەکان خاوەنی متمانەیەکی بەرزی جەماوەرین کە نموونەی لەوجۆرە زۆرن. "بە هۆی متمانەیەک کە بزووتنەوەی مەدەنی توانیویەتی لای خەڵکی کوردستان دەستەبەری بکات، لە قۆناغی ئێستادا ئەم بزاوتە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان توانای ڕێکخستنی ڕەفتاری مەدەنیی خەڵکی هەیە و ئەمەش دەتوانێ دەسکەوتێکی بەرزی کۆمەڵایەتی بێ بۆ هەلومەرجێک کە ئەمڕۆ نیشتمانەکەمانی پێدا تێدەپەڕێ (ڕاپۆرتی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان بۆ کۆنگرەی ١٧).

ژینگەپارێزی وەک یەکێک لە بوارەکانی خەباتی مەدەنی کە لە کوردستان توانیویەتی زۆرترین چالاکانی مەدەنی لە دەوری خۆی کۆ بکاتەوە، یەکێک لە شوێندانەرترین بوارەکانی کاری مەدەنییە لەسەر ئەندێشە و ڕەفتاری تاکەکانی کۆمەڵگە و زۆرترین متمانەی کۆمەڵگەیان بۆ لای خۆیان ڕاکێشاوە. "بابەتی ژینگە بابەتێکی ناسنامەیی و شوناسخوازییە. لەخۆڕا نییە ژینگەپارێزانی ئێمە وەک چالاکی مەدەنی و سیاسی چاو لێ دەکرێن و کاتێک گیانیان دەبەخشن وەک شەهید ناویان دەهێنن و وەک قارەمانێک ڕێوڕەسمیان بۆ بەڕێوە دەبەن".

لەسەرپێترین و سەربەخۆترین بەشی کۆمەڵگەی مەدەنی لە کوردستان کە ئەرکی گرینگی بزووتنەوەی مەدەنی لە ئەستۆیە، دامەزراوە ژینگە پارێزییەکان و بنکەکانی فێرکردنی زمانی کوردین کە هەردووکیان لە چوارچیوەی گوتاری نەتەوەیی کورددا و سەربەخۆ لە هەر کاریگەریەکی گشتیی ئێرانی و جوغڕافیای کوردستانی گەورە، بە بابەتی ڕۆژهەڵاتەوە نووساون و ڕۆژانە چالاکیی خۆیان لە چوارچێوەی کار و چالاکییە تایبەتەکانی خۆیان دەبەنە پێشێ. بۆ چالاکانی ژینگە، ژینگە کە هەمان نیشتمان و کوردستانە بۆتە بەستێنێک بۆ پەروەردەی ڕوحی نەتەوەیی و خۆشەویستی و پاراستنی ئەو خۆشەویستە ئازار چێشتووە کە هۆکارە سەرەکیەکەی داگیرکەرانی کوردستانن. فێرگەکانی زمانی کوردی و مۆسیقاش بەستێنێکن بۆ بەرفراوانکردنی زمان و پەرەپێدان بە کەلتوورێک کە ڕۆژانە دەسەڵات پیلانی بۆی هەیە و بە درێژایی سەد ساڵی ڕابردوو لە لایەن دوو حکومەتی پەهلەوی و کۆماری ئیسلامییەوە کەوتۆتە بەر پەلاماری سڕینەوە و هاوشێوەسازی، بەڵام ئێستا ئەم ناوەندانە نە تەنیا میراتی کۆنیان ڕاگرتووە، بەڵکوو خەریکی گەشەی کەلتوور و زمانی کوردین و دەسەڵاتیان ناچار بە قەبووڵی واقعیەتی خۆیان کردوە.

پێشترلە خودی کۆمەڵگەی کوردستانیشدا گرینگییەکی وا بە پاراستنی ژینگە نەدەدرا و خەڵک کەمتەرخەم بوون بە نیسبەت ئەو ژینگەیەوە کە تێیدا دەژیان، بەڵام ئێستا لە سایەی هەوڵ و چالاکیی ڕێکخراوە ژینگەپارێزەکان و لە سایەی ئەو ڕەوشەنگەریەی کە ئەوان کردوویانە و دەیکەن،ڕوانگەی زۆربەی زۆری خەڵکی کۆمەڵگەی کوردستان بە نیسبەت ژینگەوە گۆڕدراوە و تەنانەت وەک بایەخێکی نەتەوەیی و جۆرێک لە کوردایەتی سەیر دەکرێ. تا ڕادەیەک لە هەموو شارەکانی کوردستاندا ڕێکخراوی تایبەت بە ژینگەپارێزی هەیە کە چالاکانی ژینگەپارێزی بە کۆبوونەوە لە دەوری یەکتر، بیر لە چۆنیەتیی پاراستنی ژینگە و هاندانی خەڵک بۆ پاراستنی ژینگەی کوردستان دەکەنەوە. ئەوان نە تەنیا بە دەستی بەتاڵ و ئەوپەڕی بێ ئیمکاناتییەوە خەریکی پاراستنی ژینگەی کوردستانن، بەڵکوو بەرانبەر بە سیاسەت و هەڵوێستەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەرانبەر بە ژینگە  بەرەنگاری دەکەن.

خه‌ڵک متمانه‌ و ڕێزی زۆر بۆ ئه‌و که‌س و که‌سایه‌تییانه قایله که وه‌ک ڕوخسار و سیمای جموجۆڵی مه‌ده‌نی له نێوخۆی وڵات ده‌رکه‌وتوون، به‌تایبه‌ت که زۆر له‌وان باجی گه‌وره‌یان له‌ بواری ئاسایش و ئه‌منییه‌تی گیان و ماڵی خۆیان داوه. به‌ڵام لەوانەیە بە دوو هۆکاری؛ ماهییەتی دیکتاتۆریی دەسەڵاتی زال بە سەر کوردستان و، کەم ئەزموونیی کورد لەم بەستێنە لە خەبات‌، کۆمەڵگەی مەدەنی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان هێشتا مابێتی کە بگاتە ئاستی چاوەڕوانییەکان. "نه به‌ستێنه‌که (کۆمەڵایەتی و سیاسی) له‌بار بووه و نه چالاکانیش توانیویانه به نه‌خشه ڕێگا و دووره‌دیمه‌نێكی ئه‌وه‌نده ڕوون و به ساز و کارێکی ئه‌وه‌نده کارا و هه‌مه‌لاگیردا بچنه پێش که هیوایه‌کی ڕێکخه‌ر له‌نێو خه‌ڵک‌دا درووست بکا، هیوایه‌ک که په‌یوه‌ستبوونی جه‌ماوه‌ریی مه‌یدانی، مه‌ودادار و ئاله‌نگارساز به هه‌وڵ و ده‌سپێشخه‌رییه‌کانی ئه‌و چالاکه مه‌ده‌نییانه‌ی لێ بکه‌وێته‌وه".

ڕێکخراوەکان، لە نەبوونی بەرنامە، دەستکورتیی ئابووری و بە هۆکاری مەحفلی‌بوونیان کە نەیانتوانیوە لە پانتایی جەماوەری کۆمەڵگەدا خۆیان دەربخەن، نەشیانتوانیوە وەک دامەزراوە و ڕێکخراو خۆ ڕێک‌بخەن و کارەکانیان بۆ زۆرینەی خەڵکی کۆمەڵگە نییە. جیا لە ڕێکخراوەکانی چالاکی بواری ژینگەپارێزی کە ئەوانیش زیاتری پێوەندییەکانیان لە گەڵ خەڵکدا سۆزدارییە، ڕێکخراوە مەدەنییەکانی دیکە لە بازنەیەکی بەرتەسک و مەحفیلیدا کار دەکەن و هێشتا خۆیان بە جەماوەری نەکردوە.

بزووتنەوەی مەدەنی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆتە ئەمری واقع، ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر گەشە دەکات و زیاترمتمانەی جەماوەر بەدەست دێنێ. ئەم بزووتنەوەیە بەشێوەیەکی نیمە ڕێکخراو کارەکانی لە هەموو بوارەکاندا ڕادەپەڕێنێت و سەدان ڕێکخراو و NGOی لە پشتە و بە هەزاران مرۆڤی دەروەست و ئاگا کاری بۆ دەکەن و پێوەی ماندوون. لە هەموو بوارەکاندا ئەزموونی باش بەدەست هاتوە و دەرفەتی گەشەسەندنی لە زیادبوون‌دایە.

***

١- بەهۆی ڕوودانی بوومەلەرزەی ٧ ڕیشتەری لە ئەزگەلەی کرماشان لە ڕۆژی یەکشەممە، ڕێکەوتی ٢١ی خەزڵوەری ساڵی ١٣٩٦ی هەتاوی بە هۆی بوومەلەرزەیەکی ٧ ڕیشتەرییەوە لە  ئەزگەلە هەڵکەوتوو لە پاڕێزگای کرماشان، زیاتر لە ١٠ هەزار کەس مردن و بریندار بوون و زیانێکی زۆری ماڵییش وە خەڵکی ناوچەکە کەوت.لەم پێوەندییەدا بە هەوڵ و هیممەتی چالاکانی مەدەنی و ڕێکخراوە مەدەنییەکانی شەپۆلێک لە کۆکردنەوەی یارمەتی و گەیاندنیان لە کورتترین ماوەدا بەوپەڕی ڕێکوپێکییەوە هەر لە شارەکانی ماکۆ و سەڵماسەوە تا خوارترین ناوچەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کەوتە ڕێ.

٢- لە سەرەتای سەری ساڵی ١٣٩٨ی هەتاوی بە هۆی کەوتنەوەی لافاو لە ناوچەی کوهدەشتی لوڕستان زیانێکی قورسی ماددی وە خەڵکی ناوچەکە کەوت و جیا لە گیانلەدەستدانی  ئافرەتێک بە دەیان کەس بریندار و بە هەزاران کەس بێ ماڵ و گوزەران بوون کە لە سەر داواکاریی چالاکانی مەدەنی خەڵکی کوردستان بە یارمەتییەکانیان بە هانایانەوە چوون و یارمەتییان دان.

٣- یەکێک لە هەڵسووڕاوانی مەدەنیی کوردستان و چالاک لە بواری ژینگەپارێزی و ئەندامی ئەنجومەنی سەوزی چیای مەریوان کە هاوڕێ لەگەڵ سێ کەس لە هاوڕێیانی ژینگەپارێزی (ئۆمید کۆنە پۆشی، محەممەد پەژووهی و ڕەحمەت حەکیمی نیا )، ڕۆژی ٣ی خەرمانانی ١٣٩٧ی هەتاوی لە حاڵێکدا خەریکی کووژاندنەوەی ئاوری دارستانەکانی مەریوان بوون، بە هۆی بەربڵاویی ئاورەکەوە گیانیان لەدەست‌ دا.