کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بزووتنەوەی سیاسیی کوردستان و کۆمەڵگەی مەدەنی

11:13 - 11 رەزبەر 2724

کۆمەڵگەی مەدەنی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان

(بزووتنەوەی سیاسیی کوردستان و کۆمەڵگەی مەدەنی)

 

سمایل شەرەفی

پێوەندیی نێوان کۆمەڵگەی مەدەنیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەگەڵ بزووتنەوەی سیاسی کە حیزبەکان نوێنەرایەتیی دەکەن، یەکێک لەو باس و بابەتانەیە کە لەم ساڵانەی دواییدا لە بازنەی هەر دوو بەستێنی "مەدەنی" و "شۆڕشگێڕی"‌دا سەرنجی زۆری خراوەتە سەر و تەنانەت بۆچوونی جیاوازیشی لەسەر هاتۆتە ئاراوە. لە ماوەی دوو دەیەی ڕابروودا حیزبەکانی کوردستان لە ئەدەبیاتی سیاسی و پەسەندکراوەکانی خۆیاندا هەوڵیان داوە بە بەکارهێنانی پێناسە و دەستەواژەگەلی وەک؛ "خەباتی مەدەنی"، "خەباتی جەماوەری"، "حزووری پێشمەرگانە"، "خەباتی شار و شاخ"، "ڕاسانی شار و شاخ"، "ڕۆژهەڵات‌تەوەری"، "پشتیوانی لە جموجۆڵی مەدەنی لە نێوخۆی وڵات" و... گوتارێکی نوێ بەرهەم بێنن کە لەم گوتارە تازەیە‌دا، بەشێک لە ڕوانگە و سەرنجەکانیان ڕوو بە کۆمەڵگەی مەدەنی‌ و پشتیوانی لەم بەستێنە لە خەباتە.

حیزبی دێموکرات وەک بەڕابردووترین و بەنفووزترین حیزب لە کوردستان کە لە یەکەمین مەرامنامەی خۆیدا زۆرێک لەو ئەرک و بەها مەدەنیانەی - ئەمڕۆ بزووتنەوەی مەدەنی کاریان لە سەر دەکات - گونجاندوە، بزووتنەوەی مەدەنی بە بەشێک لە بزووتنەوەی گشتی و جەماوەریی کوردستان و هاوتەریب و "تەواوکەر"ی خۆی دەزانێ. ڕوانگەی حیزبی دێموکرات لە پێوەندی لەگەڵ بزووتنەوەی مەدەنی لە کوردستان، ڕێکخراوە سێنفی و مەدەنییەکان و چالاکانی مەدەنی ئەرێنی و مەسئولانە بووە. ئەم حیزبە باوەڕێکی پلۆرالیستیی هەیە و دژ بە مۆنۆپۆل‌کردنی کۆمەڵگەیە و لەو باوەڕەدایە کە ڕێکخراوە مەدەنییەکان لە گەشەسەندنی کۆمەڵگە، بەرەوپێشبردنی خەبات و پەرەسەندنی دێموکراسیدا ڕۆڵ بگێڕن.

کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە ڕاپۆرتی خۆیدا بۆ کۆنگرەی ١٧ی ئەم حیزبە کە خەزەڵوەری ساڵی ١٣٩٨ بەڕێوە چوو، باس لە کاریگەریی پشتیوانیی ئەم حیزبە لە کۆمەڵگەی مەدەنی دەکات کە؛ "پشتیوانیی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە جموجۆڵی چالاکانی سیاسی و مەدەنی لە نێوخۆی وڵات توانی لە لایەک بوێری و جەسارەتێکی هەستپێکراو بە کاری چالاکانی نێوخۆی بدات و لە لایەکی دیکەشەوە سەرنجی کۆمەڵانی خەڵک بۆ لای چالاکانی بوارە جۆراوجۆرەکان ڕابکێشێ کە هەر ئەم تێفکرین و پشتیوانیکردنە لە پێکهێنانی جووڵە جەماوەرییەکان‌دا شوێندانەر بوو".

ڕەزا کەعبی، جێگری سکرتێری کۆمەڵەی زەحمەتکێشان پێی وایە کۆمەڵە داهێنەری یەکیەتییە سینفییەکانی وەک جوتیاران، قوتابیان و کرێکاران و بەشداریدانی ژنان لە شۆڕش و کۆچی جەماوەریی خەڵکی مەریوان بۆ دەرەوەی شار و هەروەها ڕێکخەری زۆرێک لە خۆپێشاندانەکان بە دژی دەسەڵاتی پاشایەتی و سەرەتای شۆڕش بووە و، هاوکات لەگەڵ پشتیوانی و هاوکاریی خۆی بۆ خەباتی مەدەنی، گەشە و پەرەسەندنی کۆمەڵگەی مەدەنی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە بەئاکامگەیشتنی پرسی کورد لەم بەشە لە کوردستان بە کاریگەر و شوێندانەر دەزانێ.

لە بەرانبەر ئەم ئیدیعایانەدا بۆچوونێک هەیە پێی وایە حیزبەکان لەژێر کاریگەریی هێژموونی گوتاری خەباتی چەکداریدا، ڕەهەندەکانی دیکەی خەباتیان فەراموش یان پشتگوێ خستوە. "حیزبه شۆڕشگێڕە‌كان بڕوایان به‌ كاریگه‌ری و شوێندانەریی هێنانە ئارای دیسكۆرسی نوێ لە هەمبەر كۆماری ئیسلامی و بەم پێیەیش جەنگی نەرم و بەگشتی ڕەهەندەكانی هێزی نه‌رم نییه،‌ یاخود به‌ بابه‌تێكی لاواز و لاوه‌كیی ده‌زانن. سەرباری ئەمانەش، پێناسه‌كردنی سنوور و كاری خه‌باتگێڕی و شۆڕشگێڕی ته‌نیا له‌ شاخ، وای كردوه‌‌ كه‌ تاكه‌كان له‌ شار، نه‌توانن له‌ هه‌ر ده‌رفه‌تێكی بچووك وه‌كوو ڕەفتار و ئه‌كتێكی شۆڕشگێڕی و به‌رگریكارانه‌ی ڕاسته‌قینه‌ كه‌ڵك وه‌ربگرن. ئه‌مه‌ش بۆ به‌رته‌سكیی پێكهاته‌ و بونیادی نێوخۆیی و، هه‌روه‌ها ستراتیژی و دیسكۆرسی حیزبه‌كان ده‌گه‌ڕێته‌وه،‌ كه ‌ناڕاسته‌وخۆ وای كردووه‌‌‌ تاقە‌ ڕه‌فتاری شۆڕشگێڕانه‌، ڕه‌فتارێكی حیزبی، پێشمەرگانە و چه‌كدارانه بێت‌".

بە درەنگەوە هەستپێکردنی حیزبەکان بە ڕەوتێکی نوێ و ڕێکخراوی بزووتنەوەی مەدەنی لە کوردستان، شوێنەواری ئەرێنی لە لایەک لە سەر پێوەندیی ئەم بزووتنەوەیە لەگەڵ بزووتنەوەی سیاسی دانا و لە لایەکی دیکەوە کاریگەریی لە سەر لاواز دەرکەوتنی بزووتنەوەی مەدەنی لە سەرەتاکاندا دانا و وەک پێویست لەو دەرفەت و مەجالە سیاسی و یاسایی و کۆمەڵایەتییەی کە لە کۆتایی نیوەی دەیەی حەفتا لە ئێران هاتە ئاراوە کەڵک وەرنەگیرا. خودی حیزبە سیاسییەکان نکۆڵی لەم ئیدیعایە ناکەن. قادر وریا، یەکێک لە ئەندامانی ڕێبەریی حیزبی دێموکرات کە زۆرترین کاری لە ناوەندی ڕاگەیاندنی ئەم حیزبەدا کردوە، لە کۆڕێکدا لە شاری هەولێری باشووری کوردستان (٢٣ی ئۆکتۆبری ٢٠٠١)دا، دان بەوەدا دەنێ کە ڕاستەوخۆ بە شێوەی ئۆرگانیک ئاگایان لەو جموجۆڵە مەدەنییانە نەبووە کە لە کوردستان لە ئارادا بوون و دەڵێ "ئێمە لە ڕێگای ڕاگەیەنە گشتییەکانەوە، بە هۆی ئەو گۆڤار و حەوتوونامە و کتێب و بڵاوکراوانەی لەوێ دەردەچن، لە ئاکامی هاتنی هەیئەتە فەرهەنگییەکانی ڕۆژهەڵات بۆ باشووری کوردستان و لەمانەش گرینگتر لە ڕێگای بیستن و خوێندنەوەی هەواڵی سەرکەوتنی چالاکی و بەرهەمە هونەری و فەرهەنگییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ئاستی ئێران، لە ڕەوتی بزووتنەوەی فەرهەنگی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئاگادارین".

 لەم پێوەندییەدا بێهزاد خۆشحاڵی کە کۆتاییەکانی دەیەی حەفتا و سەرەتاکانی دەیەی هەشتا یەکێک لە چالاکانی دیاری بزووتنەوەی خوێندکاریی کورد لە زانکۆکانی ئێران بووە، لە پێوەندی لە گەڵ ڕوانینی حیزبەکان بۆ ئاڵوگۆڕەکانی ئەو سەردەمە، بەم جۆرە باس لە ئەزموونی خۆی دەکات: "بڕێ لە حیزبە سیاسیەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە سەرەتاکاندا ئەساسەن بزووتنەوەی مەدەنیان قبووڵ نەبوو، ئەمە ئەزموون و تەجرووبەکانی خۆمە کە ڕاستەوخۆ قسەم لەگەڵ کردوون. ئەوکات کە لە نێوخۆی وڵات بووین و دەهاتین سەردانمان دەکردن، ئەساسەن باوەڕیان بە ڕێکخراو و NGOکان نەبوون، زۆر جار ئەوانەیان بە دەستکردی سیستم (ڕێژیم) یان بەشێک لە سیاسەتەکانیان دەزانی. بەڵام بەرەبەرە لەگەڵ مەوزوعەکە ڕاهاتن و وای لێهات کە دواتر بوون بە پاڵپشتی ناڕاستەوخۆی بزووتنەوە مەدەنییەکان". بەگشتی وەک ڕەزا کەعبی، جێگری سکرتێری گشتیی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان باسی دەکات کە "لە گەڵ ئەوەیکە دەیان هەزار کەس لە کوردستان ڕۆژانە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ بە تێکۆشانی مەدەنییەوە خەریکن و لەنێو ڕێکخراوە مەدەنییەکاندا چالاکن، بەڵام تا ئێستاش ڕەهەندەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ حیزبەکان نەبۆتە جێی باس و لێکدانەوەی جیدی".

بە چاوخشاندنێک بە نێو بەڵگەنامە، هەڵوێستە ڕەسمییەکان و پەسەندکراوەکانی کۆنگرەکاندا بۆمان دەردەکەوێ کە تێگەیشتن لە ئاڵوگۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و هاتنە ئارای بزووتنەوەیەکی مەدەنی لە قالب و شێوازی فەرهەنگیدا لە لایەن حیزبەکانەوە، لە دەرەوەی پێکهاتەی فکری و ئۆرگانە بڕیاردەرەکان، باسێکی غایب و نامۆ نەبووە. بۆ نموونە ڕۆژنامەی "کوردستان"، ئۆرگانی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ژمارەکانی ٣٠٧ تا ٣٢٩ی خۆیدا لە توێی زنجیرە وتارێکدا دەپڕژێتە سەر هێندێک بابەتی پێوەندیدار بە بزووتنەوەی خوێندکاریی کورد، کار و چالاکیی ئەنجومەنە ئەدەبییەکان، ناوەندەکانی فێرکاریی زمانی کوردی، بڵاوبوونەوەی بڵاڤۆکە کوردییەکان و، بوونیان لە کۆمەڵگەی کوردستاندا بە دەسکەوت هەڵدەسەنگێندرێ. بەڵام لە ئاستی گوتار و هەڵوێستی ڕەسمیی حیزبی دێموکراتدا ئەم سەرنج و خوێندنەوانە – تا ساڵانی کۆتایی دەیەی هەشتا - کەمتر ورد کراونەتەوە و نەبوونەتە بەشێک لە ڕوویکەردی سیاسیی ئەم حیزبە (بڕوانە ڕاپۆرتی سیاسیی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بۆ کۆنگرەکانی ١١، ١٢ و ١٣).

ئەگەر خۆ لەو تێبینی و ڕەخنانەی پێوەندییان بە ڕوانگەی حیزبەکان و چالاکانی مەدەنییەوە هەیە ببوێرین و لە گشتییەتی خۆیدا سەرنج بخەینە سەر پێوەندیی و کارتێکەریی بزووتنەوەی مەدەنی و بزووتنەوەی سیاسیی کوردستان لە سەر یەکتری، بۆچوونی زاڵ ئەوەیە کە ئەم دوو بەستێنە پێوەندییەکی ئۆرگانیک و دیالکتیکیان پێکەوە هەیە. بە واتایەکی دیکە، لەگەڵ ئەوەیکە تێک‌ ئاڵاون، خسڵەتێکی خودموختاریشیان هەیە. بزووتنەوەی مەدەنیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ئاست بزووتنەوەی سیاسیی کورد، نە بەتەواوی سەربەخۆیە و نە بەتەواوی پاشکۆیە. لە ڕووی نۆستالژیی مێژوویی و دوورەدیمەنی ستراتژییەوە بەستێنی مەدەنی هۆگرییەکی زۆری بە بەستێنی شۆڕشگێڕی هەیە، لەو لاشەوە بەستێنی شۆڕشگێڕی زۆر حەز دەکا بەستێنی مەدەنی وەک ئامرازێکی گرێدرانەوەی خۆی بە کۆمەڵگەی نێوخۆ یان بنەماسازی بۆ مەیدانداریی سبەی ڕۆژی خۆی بەکار بێنێ.

پێوەندیی ئەم دوو بەستێنە لە خەباتی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە هێندێک قۆناغدا لەگەڵ دۆخی هەرکام لەم خەباتانە پێناسە دەکرێت. بە واتایەکی ڕوونتر؛ هەرکات یەکیان کەوتبێتە داکشان و نوشستی هێنابێ، ئەوەی دیکەیان هەوڵی ‌داوە هەڵکشانێک بەخۆوە ببینێ و کەمایەسیی ئەوی دیکە پڕ بکاتەوە. لەم پێوەندییەدا عەبدوڵڵا حەسەن‌زادە، سکرتێری پێشووی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران پێی وایە "ڕێکخراوە مەدەنییەکان لە ڕاستیدا بۆشایی نەبوونی حزووری هێزە سیاسییەکانیان پڕ کردۆتەوە، ئەوان لەجیاتی حیزبەکان خەباتی نەرم دەکەن".

لە نەبوونی حزووری بەئاشکراو و یاسایی حیزبە سیاسی‌یەکاندا، کۆمەڵگەی مەدەنی بە داهێنانی فۆڕم و شێوازی نوێ درێژەی بە بەرەنگاری دژ بە دەسەڵاتی دیکتاتۆریدا و مودێلێکی نوێی لە کوردایەتی هێنایە ئاراوە. کەوابوو لە گەڵ ئەوەیکە کۆمەڵگەی مەدەنی بەدوای هەمان خەون و خولیای بزووتنەوەی نەتەوایەتییەوەیە، بەڵام ڕێچکە و ڕێڕەوی تایبەت بە خۆی هەیە. بە لەبەرچاوگرتنی ئەو ڕاستییەی کە بزووتنەوەی مەدەنی بە شێوەیەکی گشتی خۆی بە بەشێک لە بزووتنەوەی نەتەوەیی دەزانێ، خودبەخود بەستێنی پێوەندیی حیزبەکان و ئەو حەوزەیە دەڕەخسێ. بەڵام بۆ ئەوەی بزووتنەوەی مەدەنی ئەو سەربەخۆییەی خۆی بپارێزێ، دوورەپەرێزبوونی حیزبە سیاسی‌یەکان پیویستە، و بۆ ئەوەیکە ئەو مەیدانە نەبێتە مەیدانی جیاوازی حیزبەکان و حیزبایەتی، دەبێ ئەم بزووتنەوەیە لە سەر دەستی لیدێرەکانی خۆی و بە شێوەی خۆی بڕواتە پێشێ تا هەم سەربەخۆ بێ و هەمیش مەترسیی دەسەڵاتی لەسەر کەمتر بێت (محەممەدیانی، ٧). هەڵبەت لە گەڵ ئەوەیکە هەر حیزبێک مافی خۆیەتی پێوەندییەکی ئۆرگانیکی لە گەڵ خەڵک و جەماوەردا دەبێ، بۆ ئەوەی ئەم ترس و نیگەرانییە بڕەوێتەوە حیزبەکان دەکرێ لەم پێوەندییەدا خاوەنی ئیستراتێژیی هاوبەش بن. لە سەر ئەو بنەمایە دەکرێ لە سەر مەسەلەی شوناس، دیسکۆرس، جۆری مودیریەتی کۆمەڵگە و دانی خەتی سیاسی، جۆرێک لە یەکگرتوویی لە نێوان بەستێنی شۆڕشگێڕی و مەدەنی‌دا ساز بدەن.

کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کۆمەڵگەیەکی زیندوو و دینامیکە. بەو مانایە کە لە هەر شوێن و سەردەمێکدا بە هەر هۆکارێک تووشی نسکۆ و داکشانێک بووبێ و ڕێگایەکی لێ بەسترابێ، ڕێگایەکی دیکەی دۆزیوەتەوە و درگایەکی دیکەی بە ڕووی خۆی‌دا کردۆتەوە. ئەگەر لە قۆناغێک‌دا بزووتنەوەی سیاسیی کورد (حیزبە سیاسییەکان) حزووری مەیدانیی لەنێو خەڵک‌دا کەم دەبێتەوە و لە فۆڕم و مێتۆدی خۆی (چەکداری و پێشمەرگانە) پاشەکشە دەکات، کۆمەڵگە لە زەرفییەت و پتانسێلێکی دیکەی خۆی کەڵک وەردەگرێ و ئەم بۆشاییە بە خەباتی مەدەنی پڕ دەبێتەوە. بە واتایەکی دیکە بزووتنەوەی مەدەنی چۆتە پشتی بزووتنەوەی سیاسی و بزووتنەوەی مەدەنیش بە خۆپێناسەکردنی لە چوارچێوەی گوتاری زاڵی بزووتنەوە گەورە نەتەوەییەکە متمانەی خەڵک و کۆمەڵگەی بۆخۆی دەستەبەر کردوە و، بەم چەشنە بزووتنەوەی سیاسی بە داکۆکیکار و ی خۆی دەزانێ.

تایبەتمەندیی بزووتنەوەی کورد بە گشتی و جۆر و ماهییەتی ئەو دەسەڵاتانەی بە سەر کوردستاندا زاڵ و حاکمن، تا ئێستا وای خواستوە کە هەر جووڵەیەکی کۆمەڵایەتی لە کوردستان ماهییەتی شوناسخوازانە وەربگرێت و وەک کورد خۆی بەرانبەر بە داگیرکەر پێناسە بکات و هەر ئەم تایبەتمەندییە هاوبەشییەکی گوتاری لە نێوان بزووتنەوەی سیاسی و مەدەنی‌ لە کوردستان ساز کردوە. لە گەڵ ئەوەش‌دا سەربەخۆبوون لە مێتۆد و ئەرک و ڕەسالەتدا بۆ بزووتنەوەی مەدەنی لە کوردستان یەکێک لەو مەسەلانەیە کە دڵەڕاوکێ و سەرنجی تایبەتی لە سەرە. لەم پێوەندییەدا عەلی دلاوێز، لەو باوەڕەدایە کە "پێویستە چالاکی یان بزووتنەوەی مەدەنی لە بزووتنەوە سیاسییەکان سەربەخۆ بن. بزووتنەوەی سیاسی ئامانجی گەیشتن بە دەسەڵات و دامەزراندنی دەسەڵاتێکی دیکەیە، بەڵام چالاکی و بزووتنەوە مەدەنییەکان ڕەخنە لە دەسەڵات دەگرن و لە هەندێک بواردا کار بۆ چاکسازی و ئیسڵاحی دەسەڵات و بەڕێوەبەری بەشە جیاوازەکانی کۆمەڵگە دەکەن. لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان چالاکییە مەدەنییەکان سەربەخۆن و لە زۆر بواری جیاوازی کۆمەڵایەتیدا کار و چالاکی دەکەن، هەرچەند هەندێک لە چالاکان و ئەندامانی ئەم ڕێکخراوانە نایشارنەوە کە لایەنگری بزووتنەوەی سیاسی و حیزبە جۆراوجۆرەکانی کوردستانن. هەڵبەت لە نەبوونی حیزبی سیاسیی چالاک لە ڕۆژهەڵات، هەندێک جار کار و چالاکی ڕێکخراوە مەدەنی‌یەکان بە سیاسیی دەکرێن... بەڵام بەگشتی ناتوانین پێناسەی کاری ڕێکخراوەکان بە ئامانجی بزووتنەوەی سیاسی چ نەتەوەیی و چ چەپ و سۆسیالیستی ببەستینەوە".

بزووتنەوەی مەدەنی و بزووتنەوەی سیاسی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە گوتاردا یەک دەگرنەوە و هەر دووک لەسەر بنچینەی کوردایەتی و شوناسخوازیی نەتەوەیی پێناسە دەکرێن. بەڵام لە باری چۆنیەتی هێنانە بەرباسی داخواز و ئامانجەکان و شێوەی خەبات و تێکۆشان بۆ بەرەوپێش‌ بردنیان و هەروەها لە بارەی سەقف و نێوەرۆکی ئەو داوا و ئامانجانەوە تا ڕادەیەک جیاوازن. بزووتنەوەی سیاسی خۆی لە بازنەی تێکۆشان لە چوارچێوەی قانوونی ئەساسیدا نەبەستۆتەوە و لە هەموو شێوەکانی خەبات بۆ بەرەوپێشبردنی داخوازەکانی کەڵک وەردەگرێ، بەڵام بزووتنەوەی مەدەنی هەوڵ دەدات لە سەر دەرفەتێکی مومکین و بە شێوازی نەرم داواکانی مەترەح بکات. بەڵام ئەو جیاوازییانە نەک نەبوونەتە هۆی ئەوەیکە ئەم دوو بەستێنە لە خەبات بەرانبەر بە یەکتر ڕابوەستن، بەڵکوو هەر دوو بزووتنەوەکە خۆیان بە پشتیوانی یەکتر دەزانن.