ئاخۆ ئێران دەتوانێ جێگرەوەیەک بۆ حیزبوڵڵا بدۆزێتەوە؟
*نەیشنال ئینتەرێست – شوکریا برادۆست
کەماڵ حەسەنپوور کردوویەتی بە کوردی
هێرشی حەوتووی ڕابردوو بۆ سەر ئیسڕائیل وردەکاریی ئەگەری گۆڕینی ستراتێژییەکەی دەخاتە ڕوو. ڕێبەری گەورەی ئێران، عەلی خامنەیی لە یەکەم ڕێوڕەسمی دوای کوژرانی قاسم سولەیمانیدا گوتی، "تەوەری بەرگریی" ئیسڕائیلی شکست داوە و "ڕێژیمی زایۆنیستی ٧٠ ساڵ بەرەو دواوە گێڕاوەتەوە." ئەو هەروەها داوای لە موسڵمانان لە ئەفغانستان تا یەمەن و لە ئێران تا غەززە کرد ئامادەی هەڵوێستگرتن دژی ئیسڕائیل بن.
ئەو ئەگەرچی ئیدیعای سەرکەوتنی کرد، ئێران لە ئاکامی لەکیسچوونی سەرنجڕاکێشی دەسەڵاتی حیزبوڵڵا لە لوبنان، بەرەوڕووی دووڕێیانی ستراتێژیک بووەتەوە. حیزبوڵڵا دەیان ساڵ بوو بریکاری بەهێزی تاران لە دنیای عەڕەب بوو و وەکوو کاناڵێک لەنێوان ئێران و خەڵکی شیعە لە دنیای عەڕەب و تاقمە چەکدارەکانی دیکە لە ناوچەدا کاری دەکرد. بۆ وڵاتێکی ناعەڕەبی وەکوو ئێران، زمان و ئەتنیکی حیزبوڵڵا دەوری یەکلاکەرەوەیان لە دامەزراندن و پێکەوە بەستنەوەی "تەوەری بەرگریی"دا گێڕاوە. لە ماوەی ڕابردوودا، پرەستیژ و دەسەڵاتی ڕەقی حیزبوڵڵا لە ئاکامی کوژرانی نەسڕوڵڵا و کوشتنی زنجیرەی ڕێبەرییەکەی، لێکهەڵوەشانی پەیوەندییەکانی و هێرشەکانی سوپای بەرگریی ئیسڕائیل بۆ سەر بنکە و سامانەکانی، بە شێوەیەکی دراماتیک تێکڕما. بە پێچەوانەبوونەوەی وەها بەرچاوی بەختی، ئێران لێرەوە بەرەو کوێ دەچێ؟
داگیرکاریی ئیسڕائیل لە لوبنان بووەتە هۆی ئاوارە بوونی میلیۆنێک مرۆڤ و ناچار بوون پەناگایەک لە بەشەکانی دیکەی وڵات بدۆزنەوە و ئەو شوێنانە زۆربەیان ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حیزبوڵڵان. بێجگە لەوە، نزیکەی ٧٦٠٠٠ لوبنانی لەگەڵ ٢٠٠ هەزار پەنابەری سورییەیی ڕایانکردە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئۆپۆزیسیۆنی سووریە. کارەساتی سیاسی و ئابووری کە لوبنان پێش دەستپێکی دوژمنکارییەکان پێیدا تێپەڕ دەبوو تا ڕادەیەکی زۆر ئاکامی دەسەڵاتی مشەخۆرانەی حیزبوڵڵا لە نێو سیاسەت و کۆمەڵگەی لوبناندا بوو. نەبوونی پشتگیریی لە لایەن دەوڵەتی لوبنانەوە ئاستی بێزاریی لەنێو جەماوەری حیزبوڵڵادا، لە کاتێکدا کە دوژمنایەتی لە نێوان پەنابەرانی شیعە و خەڵکی ناشیعەی لوبنان قووڵتر دەبێتەوە، پەرە پێ داوە. ئەوە تەنیا دەبێتە هۆی بەردەوامبوونی ناسەقامگیریی و دابەزینی ئاستی خۆشەویستیی بەرانبەر بە حیزبوڵڵا. دروستکردنەوەی حیزبوڵڵا وەبەرهێنانی بەرچاوی کات و سامان دەخوازێ، کە ڕەنگبێ ئێران، بە تایبەت بە لەبەرچاوگرتنی قەیرانە ئابوورییەکانی خۆی، نەتوانێ دابینی بکات.
بەڵام، تاران ئامرازی دیکەی لە سندووقی ئامرازە ناوچەییەکەیدا هەیە و ڕەنگبێ بەو زووانە بە تەمای دەستنیشانکردنی جێگرەوەی دەوری باڵادەستی حیزبوڵڵا، کە سەردەمانێک هەیبوو، بێ. میلیشیای شیعەی حەشدی شەعبی عێراق ڕەنگبێ یەکێک لە بژارەکان بێ. بەڵام، تایبەتمەندیی پارچە پارچەی ئەو تاقمە، لە تواناییەکانی کەم دەکاتەوە. حوسییەکانی یەمەن ڕەنگبێ هیوابەخشترین بژارەی ئێران بن.
هێرشی ئێران بە ١٨١ هاژەک لە حەوتووی ڕابردوودا وردەکاریی لەمەڕ ئەگەری گۆڕانی ستراتێژی ئێران دەخاتە ڕوو. یەکەم، هێرشەکە ویستی ئێرانی بۆ قبووڵکردنی ڕیسکی ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆی سەربازیی نیشان دا. خامنەیی تەنانەت دانی پێدا نا کە بێتوو پێویست بێ ئێران دیسان هێرش دەکاتەوە سەر ئیسڕائیل. بە لەبەرچاوگرتنی بڕیاری ئیسڕائیل بۆ تۆڵەئەستاندنەوەی بەهێز، دەورێکی تۆڵەئەستاندنەوەی یەکیان لەوی دیکە، ئەگەری قووڵتربوونەوەی کێشەکە بە شێوەیەکی بەربڵاوتر و تەنانەت جەنگی تەواو، وێدەچی گەلێک نزیک بێ. لەو سێناریۆیەدا، جەنگی هاژەکیی درێژمەودا بە شێوەی ئێران دەتوانێ مودێلێک بێ بۆ حوسییەکان، کە بەپێچەوانەی حیزبوڵڵا، هاوسنووری ئیسڕائیل نین. حوسییەکان هەر ئێستا تواناییەکانیان لە ئۆپەراسیۆنەکانی دەریای سووردا نیشان داوە و، بە ڕەچاوکردنی ستراتێژیی هاژەکیی، دەتوانن دەستڕۆیشتوویەکەیان پەرە پێ بدەن و بایەخی خۆیان وەکوو بریکاری تاران لە کێشەیەکی بەربەرینتر لەگەڵ ئیسڕائیل بەرز بکەنەوە.
بە پێچەوانەی حەشدی شەعبی پارچە پارچە، حوسییەکان تاقمێکی یەکپارچەتر بە پێکهاتەی ڕێبەرییەکی یەکگرتوو، لە شێوازی حیزبوڵڵان و بە پشتگیریی سوپای پاسداران دامەزراون. حوسییەکان بە شێوەیەکی کاریگەر ئۆپەراسیۆنی مەزن لە یەمەنەوە بەڕیوە دەبەن و توانایی سەربازیی خۆیان بە بەئامانجگرتنی بەرژەوەندییەکانی وڵاتە یەکگرتووەکان و ئورووپاییەکان لە دەریای سوور، بە ئامانجگرتنی ڕکابەرەکانی ناوچەیی ئێران، وەکوو عەڕەبستانی سعودی و، تەنانەت هێرش بۆ سەر ئیسڕائیڵ بە هاژەکی درێژمەودا نیشان داوە.
فاکتەرەێکی سەرەکی دیکە ڕوسیەیە. مۆسکۆ حوسییەکان وەکوو سامانی ستراتێژیک، لەگەڵ بەرینترکردنەوەی ورووژاندنەکانی دژی ڕۆژاوا سەیر دەکات. سەرهەڵدانی پەیوەندیی حوسی-ڕووسی دەرفەتێکی تاقانە بۆ ئێران دەستەبەر دەکات تا دەستڕۆیشتوویی ناوچەیی خۆی بەهێزتر بکات. بە هاوتەریب بوون لەگەڵ ڕووسیە، تاران دەتوانێ زەختی زۆرتر بخاتە سەر ڕکابەرەکانی لە ناوچەدا و کەڵک لە دۆخی حوسییەکان وەرگرێ تا بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا، ئورووپا و ئیسڕائیل تێک بدا. ئەو هاوپەیمانییە ڕەنگبێ ڕێگە بە ئێران بدا تا بە شێوەیەکی کاریگەر لەگەڵ ڕووسیە لەسەر ئامانجە ژیۆپۆلیتیکییە بەربەرینترەکانی هاوئاهەنگ بێ، وەکوو بەربەرەکانی لەگەڵ دەستڕۆیشتوویی ڕۆژاوا لە خۆرهەڵاتی نێوەڕاست و بنکۆڵ کردنی پەرگالی جیهانی.
بۆیە، هێشتا زوویە بگەینە ئەو دەرئەنجامە کە لاوازیی حیزبوڵڵا دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی دەسترۆیشتوویی ئێران لە ناوچەدا؛ بەڵام ئەوە دەتوانێ ببێتە هۆی گۆڕینی ستراتێژی. بێتوو حوسییەکان پشتگیریی بەرچاو لە ڕوسیە وەرگرن، دەتوانن بیسەلمێنن کە دەتوانن هاوبەشێکی گەلێک بەکەلکتر بن. چۆنیەتیی هەڵسوکەوتی وڵاتە یەکگرەتووەکان و هاوپەیمانەکانی لەگەڵ هەڕەشەی حوسییەکانی یەمەن و مەترسییەکانی بۆ سەر ڕێگا ئاوییەکانی دەریای سوور، لەوە بەدواوە پرسێکی فرە گرینگتر دەبێ.
* پسپۆری ئاسایشی نێودەوڵەتی لە زانکۆی ویرجینیا