ئاخۆ خامنەیی دەتوانێ ڕێبەریی جیهانی ئیسلام بکات؟!
ئورشەلیم پۆست – سالم ئەلکەتبی کەماڵ حەسەنپوور کردوویەتی بە کوردی
ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران، عەلی خامنەیی، لە دنیایەکی هاوتەریبی تایبەتی خۆیدا دەژی، بە ڕوانگەی سەیر و سەمەرەوە لەمەڕ ئەوەی کە لە دەوروبەری ناوبراودا ڕوو دەدا. بەڵام، وێناچی خۆی بڕوای بەو گوتە بێمانایانە هەبێ کە باسیان دەکات. وتارەکانی تەنیا ڕەوانبێژیی ساکارن بۆ ورووژاندنی هەستی لایەنگرانی ڕێژیم لە نێوخۆ و دەرەوەی ئێران. ئەوە لە وتارە عەڕەبییەکەیدا کە هەینیی ڕابردوو لە تاران، ئاراستەی دنیای ئیسلامیی و بەتایبەتی خەڵکانی لوبنان و فەلەستینی کرد بەڕوونی دەرکەوت. ئەوە وتارێکی ئاشکراکەر بوو کە ڕەنگدانەوەی شێوەی بیرکردنەوەی ناوبراو و تاقمی توندئاژۆی دەوروبەری ئەون، شێوە بیر کردنەوەیەک کە هاندەری قەیرانەکانی خۆرهەڵاتی نێوەڕاست لە ١٩٧٩ بەولاوە بووە.
ئیدیعای ناوبراو کە "هەر هێرشێک بۆ سەر ئیسڕائیل خزمەت بە سەرانسەری ناوچە دەکات" ڕەنگدانەوەی ئەو بۆچوونەیە کە ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران خۆی وەکوو سەرۆکی وڵاتانی ناوچە دیاری کردوە و بەزۆرەملی ڕوانگە دیکتاتۆرییەکەی، بەتایبەتی لەمەڕ ئاسایش و سەقامگیرییەوە دەسەپینێ.
دوای ساڵانێکی زۆر لە برەودان بەو بیرۆکەیە کە بوونی سەربازیی وڵاتە یەکگرتووەکان هۆی سەرەکیی قەیرانی ناوچەیە، بە تایبەتی لە وڵاتانی کەنداودا، ئێستا ئەو دەڵێ هێرش بۆ سەر ئیسڕائیل خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی وڵاتانی ناوچە دەکات و هاندەری ژمارەیەک شەڕی بە وەکالەتە.
ئەو ڕوانگە کورتبینانە و بێدەربەستییانەی ئێران، کە بەرژەوەندییە ستراتێژیکەکانی وڵاتانی ناوچە و ڕوانگەکانیان لەمەڕ پەیوەندییە نێونەتەوەیی و ناوچەییەکانیان پاشگوێ دەخات، ئەوە پشتڕاست دەکاتەوە کە ڕێژیمی ئیسلامی نەگۆڕاوە و ناگۆڕێ. هەموو "ڕووداوەکانی" ئەو دواییانە لەمەڕ پڕ کردنەوەی کەلێنەکان و باشترکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ دراوسێکانی تەنیا هەوڵێکە بۆ بێکاریگەرکردنی ئەو وڵاتانە لە کاتێکدا کە ڕوانگەکانیان و بەرژەوەندییە ستراتێژیکییەکانیان لەو گەمە مەترسیدارەی بەرانبەر بە ئەمریکا و ئیسڕائیل دەیکات، پاشگوێ دەخات.
بەگشتی، وتاری خامنەیی هیچ شتێکی نوێی لە ئاستی ستراتێکدا پێ نەبوو. ئەوە وتارێکی ورووژێنەرانەی ئایدیۆلۆژیکی بوو کە لەودا پاساوی بۆ هێرشە هاژەکییەکەی ئێران دژی ئیسڕائیل دەهێنایەوە و پێی وابوو "بە تەواوی یاسایی و ڕەوا" بووە، لە کاتیکدا دروشمەکانی لەمەڕ لەناوچوونی ئیسڕائیل و ڕەوانبێژییە باوەکانی دیکەی دووپات دەکردەوە.
ئەو بەئاشکرا خۆی لە داننان بە کەلێنە هەواڵگرییە یەک لە دوای یەکەکان کە بوونە هۆی کوژرانی حەسەن نەسڕوڵڵا و ڕێبەرانی دیکەی حیزبوڵڵا بوارد. ئەوە سەرسوڕهێنەرە، چونکە ڕێژیمی ئێران دانی بە شکستە هەواڵگرییەکانی لە ڕووداوە بەرچاوەکانی کە لەو مانگانەی دواییدا ڕوویان داوە، وەکوو کوژرانی ئیبراهیم ڕەئیسی و کوشتنی ئیسماعیل هانیە و، بەر لەوان کوژرانی زانستوانە دیار و ڕێبەرانی سوپای پاسدارانەوە نەناوە. تەنانەت ئاماژە بەو کارەساتە هەواڵگرییانە، ئیدانە کردنی سوپای پاسدارانە، کە ڕاستەوخۆ چاودێری سەرجەم پلان و ئاکارەکانی حیزبوڵڵا و حوسییەکانە.
وتاری خامنەیی بۆنی بێهیوایی لێوە دەهات
بە بۆچوونی من، وتاری خامنەیی لە پلەی یەکەمدا هەوڵێکی بێهیوایانە بۆ دەستنیشانکردنی خۆی وەکوو ڕێبەری دنیای ئیسلامی بوو. لەو دواییانەدا، دیسکۆرسی سیاسیی سەرجەم کاربەدەستانی ئێران جەختی لەسەر ئەو هەڵوێستە کردووەتەوە. ئەوان برەو بە گێڕانەوەی یەکگرتوویی دنیا ئیسلام؛ ئایدیالی بەرگریی و هەوڵی پڕ کردنەوەی ئەو بۆشاییە کە لە دنیای عەڕەب و ئیسلامیدا هاتۆتە ئاراوە، دەدەن (بۆشاییەکە کە بە هۆی جۆراجۆر و فاکتەری لێک جیاواز دروست بووە و ئێمە لێرە دا باسی ناکەین).
ڕێبەری ئێران هەروەها سەرقاڵی کایەی دەستێوەردانە، کاتێک خەڵکانی فەلەستینی و لوبنانی لەگەڵ تاقمە تێرۆریستییەکانی وەفادار بە ڕێژیمی ئێران تێکەڵ دەکات و وا دەنوێنێ کە گوایە ئەو تاقمانە نوێنەری خەڵکن. ئەو ئیدیعا دەکات، "هیچ کەس مافی وەستانەوە دژی بەرخۆدانی نییە،" و وەها دەنوێنێ کە گوایە ئەوانە ئەرکی خۆیان لە بەرگریی لە خەڵک جێبەجێ دەکەن.
ئەوە مانۆڕێکی ئاشکرایە، کە سەرلێشێواویی لە پرسی نەتەوەییدا دروست دەکات و هەوڵ دەدات دەستێوەردان لە هەستی خەڵکانی فەلەستینی و لوبنانیدا بکات و هەمووان بخاتە سەر دۆڕێیانێکی ئەخلاقیی، بێتوو بەرەوڕووی ڕێکارەکانی میلیشیا تێرۆریستییەکان بوەستنەوە کە ئەوان پەلکێشی کێشەی خوێنین دەکەن، وەکوو لە غەزە، باشووری لوبنان و ضاحیە ئاشکرا بووە.
هەوڵە گاڵتەجاڕانەکەی خامنەیی بۆ ناساندنی خۆی وەکوو ڕێبەری موسڵمانان هەروەها لە وتارەکەیدا دەر دەکەوێ، کاتێک پێداگرە کە دوژمنانی ئیسلام، دوژمنانی فەلەستین، لوبنان، عێراق، میسر، سووریە و یەمەنن و "بێتوو موسڵمانان بەیەکەوە هاوکاریی بکەن، خودا پشتیوانیان دەبێ، و شیی دەکاتەوە کە بەمشووربوون بە مانای لێک گرێدانەوە و سەقامگیریی لە نێو مسوڵمانانە. ئەوە بەڕوونی فێڵێکی ساکار بۆ کەلکی خراپ وەرگرتن لە ڕووداوەکان بۆ وەدەستهێنانی خۆشەویستیی لە دنیای ئیسلامیدایە و گۆڕینی کێشەی هەنووکەیی، لەنێوان ئێران و بەکرێگیراوەکانی لەلایەک و ئیسڕائیل لەلایەکەی دیکەوە، بەرەو کیشەیەکی ئایینیی جیهانییە. سەرنجڕاکێشە کە خامنەیی لە وتارەکەیدا جەختی لەسەر دنیای ئیسلام دەکردەوە و خەڵکی ئامۆژگاریی دەکرد کە "چاوکانیان بکەنەوە و ئاستی هۆشیارییان بەرز بکەنەوە."
ئەوە ڕوونە کە ئێران و بەکرێگیراوەکانی لێکدانەوەی تایبەتیی خۆیان لەمەڕ شکست و سەرکەوتن هەیە، کە لەگەڵ لێکدانەوەکانی ستراتێژیستە سەربازییەکان لەسەر ڕووبەرووبوونەوە و کێشە بوونی هەیە. بۆ وێنە، تەنیا زیندوومانەوە بۆ میلیشیای تێرۆریست یان ڕێبەرەکانی، وەک سیمبۆلێکی سەرپێچی و سەرکەوتن سەیر دەکرێ، بەبێ لەبەرچاوگرتنی تێچووە بەرچاوە مرۆیی و مادییەکەی.
بەڵام، لەکار کردنی لێکدانەوەی ئەوتۆ لە دۆخی هەنووکەیی ئەو میلیشیایانەدا بە مانای سەرکەوتنی ڕاستەقینە نییە.
نەسڕوڵڵا، کەسایەتیی سەرەکی ئێران لە خۆرهەڵاتی نێوەڕاست، لەگەڵ زۆربەی ڕێبەرە تێرۆریستییەکانی حیزبوڵڵا کوژراون. ئەو تاقمەیە هەروەها زەبری گورچوبڕی بە هۆ شکستە هەواڵگرییە جۆڕاجوەکەی وێکەوت کە بووە هۆی لەنێو چوونی ٣٠٠٠ ئەندامی لە تەقینەوەیەکی هاوکاتی پەیجەرەکانیان لە ئۆپەراسیۆنێکدا کە لاوازیی دامودەزگای ئاسایشی ئەو تاقمەی ئاشکرا کرد.
خامنەیی بە ڕوو هەڵماڵاوی هەوڵی دا ڕای گشتیی دنیای ئیسلام بە قازانجی ئامانجەکانی ئێران ڕاکێشێ کە پیلانێکی ئاشکرایە بۆ بەهێزکردنی دۆخی ئێران لە وتووێژدا و شەرمەزار کردنی دەوڵەتە عەڕەب و ئیسلامییەکان لەبەر چاوی خەڵکی ئەو وڵاتانەیە، یان لانی کەم ببێتە هۆی مشتومڕی گەرم لە سوسیالمێدیادا، لە پەیوەندی لەگەڵ پشتیوانی یان بەرهەڵستکاریی بەرانبەر هێرشە هاژەکییەکانی ئێران دژی ئیسڕائیل.
بەڵام، هەوڵی ئەوتۆ، بە هۆیەکی ساکارەوە دەرەتانی کەمیان هەیە: ئێران بۆخۆی وەها گیرۆدە بووە کە دژوارە تەنیا کەسێکی ساکاریش هەڵخەڵەتێنی کە گوایە شەڕ بۆ هەڵایساندنی شۆڕش و ڕزگارکردنی فەلەستین یان ئورشەلیم دەکات.