کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕۆژهەڵات وەک پێڕستی ڕێگاکانی گەیشتن بە مەرگ

00:20 - 5 خەزەڵوەر 2724

خوێن لەبری نان: کار-مەرگ، جەستەی ناسەروەر و دۆخی هەڵاواردن لە ڕۆژهەڵات

ڕۆژهەڵات وەک پێڕستی ڕێگاکانی گەیشتن بە مەرگ (٥-٤)

 

د.ئەحمەد محەممەدپوور

وەرگێڕان لە ئینگلیزییەوە: گەلاوێژ سۆفی

ئاماژە: خوێن لەبری نان: کار-مەرگ، جەستەی ناسەروەر و دۆخی هەڵاواردن لە ڕۆژهەڵات توێژینەوەیەکی د. ئەحمەد محەممەدپوورە پێوەندیدار بە پرسێکی سیاسی، ئابووری، نەتەوەیی ڕۆژەڤی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانە. هەروەک لە بەشی بەرایی توێژینەوەکەدا هاتووە، ئەم نووسینە بە پشتبەستن بە ئەدەبیاتی سەروەری و تووندوتیژی، بەدواداچوون بۆ پەیوەندی نێوان دۆخی ناسەقامگیریی و شوێنگیری و سیاسەتی مەرگ دەکات کە لە پراکتیکی کاری سنووربەزاندنی کورد، یان کۆڵبەریدا بەرجەستە بووە. توێژەر لەسەر ئەو باوەڕەیە کە دەوڵەتی ئێران گوتاری سنووری ئەمنییەتی وەک چەکێک بۆ سەپاندنی دۆخی هەڵاواردنی هەمیشەیی بەسەر ڕۆژهەڵاتدا جێگیردەکات، کورد بە پێگەی مەمرە و مەژی لەڕێگەی سەپاندنی پراکتیکی ناجێگیری کاری مەرگ مەحکوم دەکات. جگە لەوەش، ئەم لێکۆڵینەوەیە سنوور وەک ئەرشیفێک دەخاتە ڕوو کە تۆمارەکانی سیاسەتی مەرگی دەوڵەت تێیدا دانراون و دەپارێزرێن و ئاشکرادەکرێن لەژیانی کۆڵبەرەکاندا.

"کوردستان" بەشە سەرەکییەکانی ئەم توێژینەوەیە لە پێنج بەشدا بۆ خوێنەرانی بڵاو دەکاتەوە و لە کۆتاییدا هەموو توێژینەوەکە بەیەکەوە لە "کوردستان‌میدیا" دادەنرێت.

***

سەرهەڵدانی کۆڵبەری

لە ساڵانی ٢٠٠٩-٢٠١٠، هاوکات لەگەڵ چڕبوونەوەی ڕێوشوێنی بەسەربازیکردن و بەئاسایشکردنی ڕۆژهەڵات، زیادبوونی بازاڕە کاتییە سنوورییەکانی شارە سنوورییەکانی  مەریوان، سەردەشت، پیرانشار، مەهاباد و بانەی بەخۆوە بینی کە دواتر بوونە ناوەندی سەرەکی کۆڵبەری. دەوڵەت ڕێگەی بە بازرگانانی ناوخۆیی دا کە کاڵا لە کوردستانی عێراقەوە هاوردە بکەن و بیگوازنەوە بۆ شارە غەیرە کوردەکان. دروستکردنی ئەم بازاڕە ناجێگیرانە بووە هۆی کەمبوونەوەی دانیشتووانی گوندەکان و هانی گوندنشینانی دا کێڵگەکانیان جێ‌بهێڵن و بەدوای داهاتوویەکی باشتردا بگەڕێن لە شار. لە ماوەی کەمتر لە دە ساڵدا، لە شاری بانە ژمارەی ناوەندە بازرگانییەکانی (لە ساڵی ٢٠٠٥) لە ٤ وە بۆ ٢٥٠ (لە ٢٠١٦) بەرز بووەوە، دەوڵەت بە پشتبەستنێکی بنچینەیی بەو بازاڕە ناجێگیرانە، ئابووری ناوخۆی زیاتر وێران کرد (بڕوانە Soleimani and Mohammadpour, 2020a, 2020b). لەگەڵ ئەوەشدا خواستی خوێندن و چوونە قوتابخانەی لە نێو گەنجاندا کەم کردەوە کە پێشتر وەک ڕێگەیەکی بەدەستهێنانی کاری حکومی بیریان لێ دەکردەوە. وەک کۆڵبەرێکی خەڵکی بانە دەڵێت   کوڕەکەم وازی لە خوێندن هێنا و پێی گوتم هەرچەندە هەوڵی ئەوە بدات هەرگیز ناتوانێت کارێک لەم سیستەمەدا بەدەست‌بهێنێت. سیاسەتی سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ هێشتنەوەی کورد لە فەزای ئابووری سنوورداردا لەسەردەمی ئەحمەدی نەژاددا (٢٠٠٥-٢٠١٣) وەک خۆی ماوەتەوە، کە درووشمەکەی  دادپەروەری و گەشەپێدان و ڕووحانییش (٢٠١٣-٢٠٢١) بە درووشمی وریایی و هیوا دەسەڵاتی گرتە دەست.

لەم ساڵانەی دواییدا، پۆلێنە نوێیەکانی کۆڵبەری وەک ژنانی کۆڵبەر و منداڵانی کۆڵبەر دەرکەوتن، ئەمەش ئاماژەیە بۆ سرووشتی تێکەڵاوی ئەم فۆرمەی ناسەقامگیری لە ڕەگەز و چین. داهێزرانی پێشوەختەی جەستە و نەخۆشییە درێژخایەنەکانی وەک هەوکردنی جومگە و شکانی ئێسک و دیسکی مل و پشت بەتایبەتی لەنێو کۆڵبەرە مێینەکاندا باون. فاتمە ژنێکی ٦٠ ساڵە، پاش مردنی هاوسەرەکەی دەستی دایە کۆڵبەری و بەهۆی نەبوونی دەرفەتی ئابووری و پشتیوانییەوە هیچ ڕێگەیەکی دیکەی بۆ دابینکردنی بژێوی ژیانی نەبووە. ئەو دەڵێت هێشتا پاژنەی پێی ئاوساوە بەهۆی هەڵسوڕانیەوە ساڵی ڕابردوو لەڕێگای کۆڵبەری و بە ئەستەم بەرگەی ئازارەکەی دەگرێت. تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان بڵاوی کردەوە، لە ساڵانی ٢٠١٩-٢٠٢١ زیاتر لە دەیان منداڵی کۆڵبەر بە گوللە کوژراون یان بریندار کراون لەلایەن هێزەکانی ئێرانەوە. فەرهاد و ئازاد خوسرەوی (تەمەن ١٤ و ١٧ ساڵ) دوو برا کە کاری کۆڵبەرییان دەکرد، لە زستانی ٢٠١٩، دوای ئەوەی بۆ ماوەی سێ ڕۆژ بێسەر و شوێن بوون، بە مردوویی دۆزرانەوە. لە هاوینی ٢٠٢٠، سێ منداڵی کۆڵبەر- زانکۆ ئەحمەدی (١٦ ساڵ)، سروش ماکاری (١٧ ساڵ)، و زانست حەسەن نەژاد (١٨ ساڵ)- لەلایەن هێزەکانی دەوڵەتەوە تەقەیان لێ کرا و کوژران. ئەمین ڕەحمانی کۆڵبەرێکی دیکەی کەم تەمەن، لە هاوینی ٢٠٢١ لەلایەن هێزەکانی سنووری ئێرانەوە لە شاری سەردەشت کوژرا.

ڕۆژهەڵات وەک پێڕستی ڕێگاکانی گەیشتن بە مەرگ

دەوڵەتی ئێران فەزا-سنوور وەک چەکێکی کۆمەڵکوژ یان تەکنۆلۆژیای مەرگ بەکاردەهێنێت کە تێیدا هەڵاواردن دەبێتە نۆرم و دەسەڵاتی سەروەربوونی هەمیشەیی خۆی لەسەر ئەو جەستانە دەتاشێت کە لە ڕووی یاساییەوە باس نەکراون و پۆلێن نەکراون و کەم کراونەتەوە. بەم مانایە، سنوور هاوشێوەی بیرۆکەی ئاگامبێنە بۆ کەمپێک کە هەندێک ژیان/جەستەی تێدا بێت- بەهۆی جیاوازییە نەتەوەیی- زمانەوانییەکانەوە و وەک ئەوەی لەگەڵ چوارچێوەی حوکمڕانی گەلادا نەگونجێت- بە ئەمنی دەکرێن و هەربۆیە دەتوانرێت فڕێبدرێن و بسڕدرێنەوە.

بڵاوکردنەوەی ڕۆژانەی تووندوتیژی کوشندە لەلایەن دەوڵەتەوە، ڕۆژهەڵاتی کردوە بە جیهانی مەرگ کە نەخشەی ڕێگاکانی مەرگی تێدایە، لە تەقەکردنی ڕاستەوخۆوە بۆ مین و خنکان. لە دوایین نمونەدا، سوپای دەوڵەت لە ١٨ی مانگی مەیی ٢٠٢٣دا، ٢٤٠ کۆڵبەری گەمارۆدا لەسەر سنووری تەتە بۆ ماوەی دوو ڕۆژ بەبێ ئەوەی ئاو و خواردنیان پێ بگات. هەرچەندە تەقەی ڕاستەوخۆ زۆرترین هۆکاری ڕاپۆرتکراوی قوربانییەکانی کۆڵبەرییە (بڕوانە ڕاپۆرتەکان KHRN)، ئەشکەنجەدان و مردن لە پەناگە و ڕێگریکردن لە دانانی پرسە بۆ قوربانییەکان هەروەها بەشێکن لە ڕۆژانەی دۆخی جیاکاری لە ڕۆژهەڵات. ڕۆژی ١١ی فێورییەی ٢٠١٨ تەرمی شوانە ڕەسوڵی خەڵکی بانە کە بەشێوەیەکی دڕندانە ئەشکەنجە درابوو، بە دەست و قاچ بەستراوی دۆزرایەوە. لەڕووداوێکی دیکەدا، تەرمی ئەبوبەکر مەولانیای خەڵکی ماکۆ دوای ٧٠ ڕۆژ لە زیندانیکردن و ئەشکەنجەدان، ڕادەستی خێزانەکەی کرایەوە. لە کاتێکدا کە پێشتر هەواڵی بێسەروشوێن بوونی ڕاگەیەندرابوو.

ژمارەی کوژراوانی تەقەکردنی ڕاستەوخۆ لە کۆڵبەران زۆر زۆرە. تەنیا لە ساڵی ٢٠٢٢دا زیاتر لە ٢٥٩ کۆڵبەر بە تەقەی هێزەکانی دەوڵەت کوژراون یان بریندار بوون. هێزەکانی بەناو سنوورپارێز مۆڵەتیان پێ دەدرێت بە ئارەزووی خۆیان تەقە لە کۆڵبەرەکان بکەن. بەزەحمەت ڕۆژێک تێپەڕێت بەبێ ئەوەی باس لە مردن، برینداربوون یان کەمئەندام بوونی کۆڵبەرێک نەکرێت بەهۆی تەقەی هێزەکانی دەوڵەتەوە. ئەم توندوتیژییەی دەرەوەی یاسا ڕۆژهەڵاتی کردوە بە ناوچەیەکی نیمچە جەنگ کە تێیدا ئازاردانی جەستەیی بەردەوام سەرنجڕاکێشترین تایبەتمەندی ژیانی ڕۆژانەیە. هەندێکجار ژمارەی ئەو کۆڵبەرانەی لەیەک ڕۆژدا دەکرێنە ئامانج دەگاتە زیاتر لە دە کەس. دەبێت ئەوە ڕوون بکرێتەوە کە هەڵگرتنی ناسنامەی کۆڵبەری یان وەستان بەفەرمانی دەورییەی دەوڵەت، کۆڵبەرەکان لە تەقەکردن ڕزگار ناکات. وەک کۆڵبەرێک وتی بەڕاستی ئەوە کاری سەربازەکەیە کە ڕێگەمان پێ بدات بڕۆین یان فیشەکێک بنێت بەسەرمانەوە، ئەوان دەتوانن هەموو شتێکمان لەگەڵ بکەن. کۆڵبەرەکان زۆر جار ئەندامە گرنگەکانی جەستەیان دەکرێتە ئامانج، واتە سەر یان سنگ. بۆ نموونە، لە ٣٠ جولای ٢٠٢٠ و ٢٥ی ژوئەنی ٢٠٢٣ تەقە لە سەری وەزیر محەمەدی ١٨ ساڵ  و ڤاریان شەریفی ١٩ساڵ کرا. نمونەیەکی دیکە مردنی سەجاد دالای میلان، کۆڵبەرێکی خەڵکی چاڵدورانە کە لە مەودایەکی نزیکەوە تەقە لە سنگی کرا. ئەم تەقەکردنە ئامانجدار و سیستماتیکانە، کردەی تووندوتیژیی هۆشیارانە و بە مەبەستن بۆ لە مرۆڤایەتی خستن و تێکشکاندنی ڕۆحی کورد و زەلیلکردنی شوناس و کەرامەتی مرۆڤایەتییان.

کەوتنەخوارەوە لە کەندەڵانەکانەوە دووەم هۆکاری مردن و برینداربوونی کۆڵبەرانە. کۆڵبەرەکان لە کەندەلانەکان دەکەونە خوارەوە نەک تەنها بەڕێکەوت یان ئاشنا نەبوونیان بە ناوچەکە. بەڵکو زۆرێکیان لە کاتی هەڵاتن، ڕاوەدوونان یان پاڵنانی هێزەکانی دەوڵەت دەکەونە خوارەوە. بۆ نمونە، حەمید وەیسی- لە شاخێکەوە کەوتە خوارەوەو گیانی لەدەستدا لە ناوچەی نەوسود لە پارێزگای کرماشان لە ١٢ی جۆزەردانی ٢٠٢١،  لەکاتی ڕاوەدونانی لەلایەن دەورییەی سنوورییەوە. ڕووداوگەلێک هەن کە کۆڵبەران بەشێوەیەکی دڕندانە لە کەندەڵانەکانەوە لەلایەن هێزەکانی دەوڵەتەوە فڕێ دەدرێنە خوارەوە. بۆ نموونە، لە ئاپریلی ٢٠١٨، محەمەد کەریم ڕەحمانی، کۆڵبەرێکی تەمەن ٤٣ ساڵی خەڵکی کامیاران، فڕیدرایە دۆڵێکەوە و کوژرا لەکاتێکدا هەوڵی دەدا ئەفسەرانی سنوور ڕازی بکات کە بارەکانی ئازاد بکەن.

بەگشتی، کۆڵبەرێکی ئاسایی بارەکەی بە تێکڕا ٧٠ کیلۆ دەبێت. وەک باس کرا کێشی بارەکە بەپێی تەمەن و ڕەگەز و توانای جەستەیی دەگۆڕێت، بەڵام بێ گوێدانە ئەوە، کۆڵبەرەکان باری زۆر قورستر لە توانای خۆیان هەڵدەگرن، بەو هیوایەی کەمێک پارەی زیاتر بەدەست بهێنن تا بتوانن کیلۆ گۆشتێکی سوری زیاتر بۆ منداڵەکانیان بکڕن، وەک کۆڵبەرێک باسی دەکات. ئەم بارە زیادانە دەتوانن زیانێکی جەستەیی بەو کۆڵبەرانە بگەیەنن کە بە تەمەنن، توانای جەستەییان لاوازە یان بەدەست کێشەی تەندروستییەوە دەناڵێنن. بۆ نموونە، ئەحمەد عەزیزپوور و ڕۆستەم ڕۆستەمی لە ساڵی ٢٠١٦ و حەمزە مەولودپوور لە ساڵی ٢٠١٧ لەکاتی کۆڵبەری بەهۆی جەڵتەی دڵەوە گیانیان لەدەست داوە.

مەترسییەکانی پەیوەست بە کێشی بارەکانەوە لەکاتی هەڵاتن یان بۆسە زیاد دەبن. هەروەها گرتنەبەری ڕێگەی نەناسراو و نامۆ و سەرکێشانە لە هەوڵی ڕزگاربوون لە ئەگەری هەبوونی بۆسە، مەترسی ڕوودا و یان برینداربوون زیاد دەکات. هەروەها پەڕینەوە لە ڕووبارەکان مەترسی تایبەتیان هەیە. ئاستی ئاوی ڕووبارەکان لە ڕۆژانی باراندا لەناکاو بەرزدەێتەوە و زۆر جار ناتوانرێت لێی بپەڕیتەوە. زۆرجار لە ناوەڕاستی ڕووبارەکەدا هێرش دەکرێتە سەر کۆڵبەرەکان؛ دوایین ڕووداوی لەو جۆرە لە ٢٠ فێورییەی ٢٠٢١دا ڕووی دا، کە تێیدا دوو کۆڵبەری کورد لەکاتی بەزاندنی سنووری ئێران – عێڕاقدا لەلایەن هێزەکانی سوپای پاسدارانەوە تەقەیان لێ کرا.

لە زستاندا، بەهۆی خراپی کەش و هەواوە، هەر گەشتێک نزیکەی چوار ڕۆژ دەخایەنێت، و ڕێژەی مردن و برینداربوونی کۆڵبەران لەم وەرزە سەخت و درێژەی ڕۆژهەڵاتدا زیاد دەکات. بارینی بەفر مەودای بینین کەم دەکاتەوە، وا لە کۆڵبەران دەکات با ئاسانی بکەونە بۆسەوە و ئەگەر تەقەیان لێبکرێت کەمتر توانای دەربازبوونیان دەبێت. بۆ ئەوەی نەکەونە بۆسەوە، زۆر جار کۆڵبەرەکان ڕیگەی نائاسایی دەگرنە بەر کە مەترسی هەرەسی بەفر و مەترسی دیکەی لێدەکەوێتەوە. لە ١٨ی ژانوییەی ٢٠٢١، پێنج کۆڵبەر لە سنووری ئێران و تورکیە بوون بە ژێر هەرەسی بەفرەوە و پاش چەند ڕۆژێک گەڕان لەلایەن خەڵکی ناوچەکەوە بە مردووی دۆزرانەوە. لەهەندێک حاڵەتدا، کۆڵبەرەکان لە سەرمادا دەیبەستن و گیان لەدەستدەدەن. لە ٢ی فێورییەی ٢٠٢٠، ٢٣ کۆڵبەر لە چیا بەفراوییەکانی سەقز بێ سەر و شوێن بوون، دوانیان گیانیان لەدەست دا و ئەوانی دیکەش بە هەوڵی هاوبەشی خاچی سوور و خەڵکی ناوچەکە ڕزگار کران.

هەروەها ڕۆژهەڵات پڕ بووە لە میلیۆنان مینی چێندراو کە زۆربەیان لە کات و پاش شەڕی ئێران و عێراق چێندراون. ئەم مینە چێندراوانە بە درێژی ١١ کیلۆمەتر سنووری ئێران –عێراق دادەپۆشن کە بەشێکی زۆری لە ناوچەی ڕۆژهەڵات‌دایە. پاش کۆتاییهاتنی شەڕی ئێران و عێراق، نزیکەی پێنج هەزار هاوڵاتی کورد بەهۆی تەقینی مینەوە گیانیان لەدەست داوە. ڕێکخراوی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ ڕایگەیاند کە لە مانگی ئاوریلی ٢٠٢١ تا ئاوریلی ٢٠٢٢، لانیکەم ٥٠ هاوڵاتی و کۆڵبەر لە سنوورەکانی ڕۆژهەڵات کوژراو و بریندار و کەمئەندام بوون. بۆ نموونە، لە ٢١ی نۆڤامبری ٢٠٢٠، عەزیز ڕۆنما لە ئۆشناڤیە بەهۆی تەقینەوەی مین قاچی لەدەستدا و دواتر و پاش دوو ڕۆژ بەهۆی سەختی برینەکانییەوە گیانی لەدەستدا.٢٦ لە ڕووداوێکی دیکەدا، ڕۆژی ٥ی ژانوییەی ٢٠٢٠، کۆڵبەرێک بەناوی عەباس ئیبراهیمی لەناوجەی هەورامانات بەهۆی مینەوە قاچێکی لەدەست دا.

لە ڕۆژهەڵات هێزەکانی دەوڵەت بەشێوەیەکی ڕۆتینی پێشێلی مافەکانی خەڵک دەکەن و دەستگیریان دەکەن و لێپرسینەوەیان لەگەڵ دەکەن و لێیان دەدەن. ئەمە بەتایبەتی بۆ کۆڵبەرەکان ڕاستە. دۆسییەکەی یاسین فیکری، کۆڵبەرێکی گەنجی بانە، نمونەی ئەم هەڵسوکەوتە بەربەرییەیە. فیکری لە سەربازگە بەشێوەیەکی دڕندانە لێیدرا و ڤیدیۆی گیرا و فەرماندەی سەبازگەکە ڤیدیۆکەی بڵاوکردەوە. هەروەها هێزەکانی دەوڵەت جۆرەکانی تری تووندوتیژی بەکاردەهێنن، وەک ناچارکردنی کۆڵبەرەکان بە پاککردنەوە و جلشۆردن لەب نکە سەربازییەکاندا، بۆ شکاندنی کەرامەت و شانازییان. سەربازێکی کورد لە بنکەیەکی سنووری پێی وتم کە زۆربەی کارەکانی وەک پاککردنەوە، جل شۆردن، سڕین یان تەنانەت دروستکردن یان چاککردنەوەی سیاجی سەربازگەکان، بە کۆڵبەرە دەستگیرکراوەکان ئەنجامدەدرێت. ئاماژەی بەوەشکرد،  کاتێک خزمەتگوزارییەکی دیاریکراو پێویست بێت، هەندێک کۆڵبەر دەستگیر دەکرێن و دەهێنرێنە ئێرە بۆ ئەوەی کارەکە ئەنجام بدەن. ئەم کۆڵبەرانە سووکایەتییان پێ دەکرێت و ناوی سووک و ناشیرینیان لێ دەنرێت. ڕاپۆرتە نێوخۆییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە کۆڵبەرەکان لەکاتی کارکردن تێهەڵدان و لێدان دەخۆن. هەروەها لە چاوپێکەوتنەکانمدا لەگەڵ کۆڵبەرەکان، باسیان لەوەکردوە کە هێزەکانی دەوڵەت زۆرجار وشەی ڕیسواکەر بەکاردەهێنن وەک  گەواد  و  بێ شەرەف ، گاڵتەیان بە بیروباوەرە ئایینیەکانیان و بێڕێزی کردن بە کەسایەتییە سوننیە ڕێزلێگیراوەکانیان وەک عومەر  دەکرد.

هەروەها هێزەکانی دەوڵەت ئەو ئەسپ و هێسترانە دەکەنە ئامانج کە کۆڵبەرەکان هەندێک جار بۆ هەڵگرتنی کاڵاکان بەکاریان دەهێنن. سەمیرە حوسێنی (٢٠١٦)، ڕۆژنامەنووسی کورد لە نووسینێکی کورتدا بەناوی  ڕاکردن بەرەو مەرگ  باسی ئەم کوشتنەی ئەسپەکانی کردووە، کە نیشانیدەدات چۆن تەنانەت ئاژەڵەکانش لە تووندوتیژییە بەربڵاوەکانی دەوڵەت پارێزراو نین. کاتێک وێنە و ڤیدیۆی لاشەی دەیان ئەسپ کە لەسەر سنووری ئێران و عێراق  لە سۆشیال میدیا بڵاوکرایەوە، تووڕەیی ڕۆژهەڵاتیانی لێ کەوتەوە. ڕاپۆرتێک ئاماژە بەوە دەکات کە نزیکەی ٩٠ ئەسپ لە دارستانەکانی ئەمیرئابادی ئۆشناڤیە کوژراون. تەرمی ئەم ئەسپانە بەمەبەست لە سرووشت یان نزیک ناوچەکانی نیشتەجێبوون جێ‌هێڵراون.