کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

قرتاندنی باسکەکانی ئۆختاپووسی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و پێشگرتن بە ملهووڕییەکانی

14:41 - 16 رەزبەر 2724

قرتاندنی باسکەکانی ئۆختاپووسی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و پێشگرتن بە ملهووڕییەکانی

 

پێشەوا عەلیپوور

ماوەیەکە بەرپرسانی شیعەی نزیک لە ئێران قۆڵیان لە سەرۆک‌وەزیرانی عێراق هەڵماڵیوە گۆیا خەتی مۆبایلەکانی بەرپرسانی شیعە بە بڕیاری شیاع سودانی کۆنتڕۆڵ دەکرێن! گۆیا ئەمە تا لێواری تێکهەڵچوونیش چۆتە پێشێ! سەردانی پزشکیان بۆلای ماڵ بە ماڵ و تایفە بە تایفەی شیعەی عێراق لەپێناو پاراستنی یەکگرتووییان و هێورکردنەوەی توڕەییان لە دژی سوودانی، سەلمێنەری ئەم بابەتەیە! وادیارە قائانیش ئەم ڕۆژانە هەڵگری پەیامێکی لەم چەشنە بووە بۆ هێورکردنەوەی نێو ماڵی شیعەی عێراق، لەکاتێکدا کە ئاگری شەڕی ئیسڕائیل سەرجەم لق و پۆپەکانی ئێران لە ناوچەکەدا دەسوتێنێت!

ئێران نایهەوێت دۆخەکەی لەوە زیاتر لە دەست دەربچێت و بە خشکە لە پاشکەشەدایە و لەو دۆخەدا کورد دەبێ لە ئاستی ناوچەکە بیر لە سیاسەتی بەرفرە بکاتەوە، بۆ لە ئاستی ناوچەکەدا؟ چونکە ئێران خۆی عامیلە لە تێکدانی سەقامگیریی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و ئێستاش کۆنتڕۆڵی دۆخەکەی لەدەست دەرچووە، بۆیە هەرچەشنە گەمەیەکی سیاسی لەگەڵ ئێران، ئوتوماتیک ڕەهەندێکی بەرفرەی ناوچەیی بەخۆیەوە دەگرێت.

بەشداریی سەرۆک‌وەزیری عێراق لە کۆڕی نەتەوە یەکگرتووەکان بە ئاماژەدان بە هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان ڕوو بە نوێنەرانی وڵاتان، هەڵگری چەند پەیامە کە یەکێکیان بەردەوامیی پڕۆسەی دێموکراسییە لە ناوچەیەکی ئاڵۆزی وەک ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بە پێشەنگایەتیی کورد و هەروەها بەشداریی کوردە لە پرسە سیاسییەکان وەک نەتەوەیەک لە هەرێمێکی دانپێدانراو لە عێراقدا، کە ئەمەش ڕوو بە سێ وڵاتی دیکەی داگیرکەری کوردستان قورسایی سیاسیی کورد بۆ ئەوانیش و بۆ جیهانیش دەردەخات.

لەوەها دۆخێکدا کە کورد لە چوار وڵاتی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا دابەش و بڵاوە، یەکگرتوویی کورد بەتایبەتی لەنێو جەرگەی هاڵۆزییەکانی بەغدا دەتوانێ کاریگەریی سیاسیی بەرچاوی لەسەر دۆخی ناوچە و پاشەکشەکردن بە هەندێک سیاسەتی ئێران هەبێ. یەکگرتوویی کورد و داڕشتنی سیاسەتێکی تۆکمە ڕوو بە پێتەختی ئەو وڵاتانەی کوردیان بەسەردا دابەش کراوە، دەتوانێ بەشێک لە مافەکانیان و هەروەها سەنگی کوردی باشوور تا ئاستێک مسۆگەر بکات و هاوکات بیانکاتە پشتیوانییەکی جدی بۆ کوردی هەرکام لە بەشەکانی کوردستان، بەبێ نیگەرانی لە هەڕەشەکانی ئێران.

ئاکامی هەڵەی ستراتێژیک لە خوێندنەوەکانی ئێران بۆ دامەزراندنی بەرەیەکی شەڕ و هاندانی گرووپە میلیشیاکانی لە دژی ئیسڕائیل، لەو چەند خاڵەدا بە ڕوونی دەردەکەوێت:

١- ئێران نەک هەر نەیتوانی بەو هێرشانە ژێرخانی نیزامی و مرۆیی ئیسڕائیل لاواز بکات، بەڵکوو حەماسیش وەک یەکێک لە باسکە میلیشیاییەکانی، وەها لاواز بووە کە عەمەلەن پاسیف کرا.

٢- لەبار بردنی پرسی بەرحەقی فەلەستین و وێرانکردنی ژێرخانی مرۆیی و شارستانییەتی غەزە و ئاوارەکردنی هەزاران فەلەستینی لە خاکی خۆیان بۆ وڵاتانی دەوروبەر!

٣- بەهەدەردانی داهاتی زۆر و زەوەندی ئێران لە درووستکردن و پەرەپێدانی پیشەسازیی مووشکیی، لەکاتێکدا کە دۆخی کۆمەڵایەتی و ئابووریی ئێران ڕۆژ لەدوای ڕۆژ بەرەو داڕمانی زیاتر دەچێت.

٤- هێرشی ناوە ناوەی ئیسڕائیل بۆسەر بنکە و بارەگا نیزامی و کەسایەتییە دیارە میلیشیاییەکانی ئێران لەنێو جەرگەی ئێراندا و، نەبوونی وەڵامی نیزامیی پێویست لەلایەن ئێرانەوە، دەرخەری ئەوەیە ڕێژیم تەنیا لەبەرانبەر وڵاتانی گەشەنەسەندووی نیزامیی ناوچەکە و هێزە شۆڕشگێڕەکانی کورد توانای چەکداریی و مووشەکیی هەیە، نەک دەوڵەتە پێشکەوتووەکان.

٥- لەبارنەچوونی پێوەندییە بنیاتنراوە نوێیەکانی وڵاتانی عەرەبی لەگەڵ ئیسڕائیل کە خامنەیی هیوای لەسەر هەڵچنیبوو.

٦- چوونەسەری ڕێژەی خەسارە نیزامی و مرۆییەکانی سپای پاسداران و گرووپەکانی نزیک لە ڕێژیم لە سووریە، کە بەردەوام دەکەونە بەر هێرشی ئاسمانی سپای ئیسڕائیل.

٧- تەقینەوەی دۆخی عێراق و لایەنە شیعەکان پاش دەسپێکی قۆناغی نوێی دەست‌وەشاندنی هێزەکانی هاوپەیمانان بۆسەر هێزەکانی حەشدی شەعبی و هەروەها بەرفراوانبوونی مەیدانی تۆڵەسەندنەوەی ئیسڕائیل کە بەرۆکی عێراقیش دەگرێتەوە. ئاشکرایە لەو دۆخەدا هاتنە کایەی جیلێکی نوێی لاوان لە کۆمەڵگەی عەرەبیی عێراق، کە شوناسخوازن و زیاتر بەدوای هەلی کار و ژیانێکی شیاو و سەقامگیردا دەگەڕێن و گیرۆدەی خەونە مەزنیخوازیەکانی شیعەگەریی ئێران نین دەتوانێ دیزاینی سیاسیی عێراق بگۆڕێت.

٨- تێوەگلاندن و شکستی حیزبوڵڵا و گیرۆدەکردنی لوبنان بە شەڕی سایبێری و شەڕێکی نیزامیی ماڵوێرانکەر و ئاوارەکردنی هەزاران لوبنانی، کە پاش کوژرانی حەسەن نەسڕوڵڵا، بە لەپێ خستنی حیزبوڵڵا لەوانەیە ببڕێتەوە.

٩- بەو چارەنووسەی ئێران تووشی خۆی و بەکرێگیراوەکانی کردوە، ڕوونە کە حوسییەکانیش لە یەمەن بە زووترین کات باجی سەرەڕێ‌گرتن لە کەشتییە بازرگانییەکانی دەریای سوور و هەروەها مووشەک‌هاوێژیی ناوبەناویان دەبێ بدەن.

کۆی ئەم خاڵانە ناکامیی پڕۆژەیەکی چل ساڵەن لەژێر درووشمیی "ڕێگەی قودس بە کەربەلادایە" کە دواتر بە ناوی "هیلالی شیعە" ناوی دەرکرد و بە نرخی بەفیڕۆدانی سەرجەم سەرمایەکانی سەرزەوی و ژێر زەوی و برسیکردنی خەڵکی ئێران تەواو بووە. خۆگرتنەوەی ئێران لە وەها دۆخێکی هەڵدێردا، پاش ئەو شکستە چەند ڕەهەندییەی تووشی هات (ئەوەش بڵێین کە ڕەهەندی دیکەی کێشە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکانی ئێران فرۆشتنی دڕۆن و مووشەک بە ڕوسیەیە دژی ئۆکڕاین و هەروەها نزیکبوونەوە لە قۆناغەکانی کۆتایی پیتاندنی ئۆرانیۆم و دروستکردنی بۆمبی ناوکییە)، بە نرخی ئاگربەردانی زیاتر لە خەرمانی ئابووریی ئێران و چەوساندنەوەی هەرچی زیاتری نەتەوەکانی ئێران تەواو دەبێت، کە ئاکامەکەی داخرانی زیاتری دەرگا نێودەوڵەتییەکانە بەڕووی ئێران، و پەیام و سیگناڵەکانی پاشەکشەی ئێران لە زمان پزشکیان لە کۆڕی نەتەوە یەکگرتووەکانیش ناتوانێ بەمزوانە دەرگا نێودەوڵەتییەکان بەڕووی ئێراندا بکاتەوە و لە ئاکامدا بەردەوامیی هەڵئاوسانی نرخی شتوومەک و ڕۆچوونی زیاتری خەڵک لە زۆنگاوی داڕمانی ئابووری بەدوادا دێت.

کەڵەکەبوونی ئەم کێشە و ئاریشە چارەنووسسازانە لە وڵاتدا، جارێکی دیکە خەڵک هان دەدات بۆ ئەوەی لەسەرشەقام فریای چارەنووسی خۆیان بکەون. ڕاپەڕینی گەلانی ئێران بە هێنانەگۆڕی ویست و داخوازیی ئازادیخوازانە و کۆنکرێت و مرۆڤ‌تەوەرانە، تەنیا چەکێکە کە دەتوانێ خەونی خامنەیی لەمەڕ دروستکردنی کۆرەی شومالیی دووهەم (کە بۆ خەڵکی ئێران و ناوچە و جیهان مۆتەکەیە) لەگۆڕ بنێت.