کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەشدارکردنی کەمینەکان لە دەوڵەتی پزشکیاندا، مەبەست و دەرەنجام

18:28 - 20 خەزەڵوەر 2724

بەشدارکردنی کەمینەکان لە دەوڵەتی پزشکیاندا، مەبەست و دەرەنجام

حەسەن واژی

 

پێشەکی

لە سەرەتای بێچمگرتنی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە هەتا ئێستا جیاوازییەکی قووڵ و مانادار لە نێوان حکوومەت و دەوڵەتدا بەرچاو دەکەوێ و لە نیزامی کۆماری ئیسلامیدا دەوڵەت ڕۆڵی کاتالیزۆر و قەڵغان بۆ حکوومەت دەگێڕی.

هەر کات پاشاکانی ژوورە تاریکەکانی دەسەڵات هەستیان بە ترس و دڵەڕاوکێ کردبێ، بۆ درێژکردنەوەی تەمەنی دەسەڵاتی داسەپاو شەقام و مێشکی جەماوەریان ئەندازیاری کردوە و ڕەنگی دڵخوازی خۆیان لە قەوارەی دەوڵەتی کۆیلەی دەسەڵات داوە و قەنارییان بە بولبول فرۆشتوە

ناوە سەرنجڕاکێشەکانی دەوڵەتەکان کە تاک و کۆیان پێ هەڵخەڵەتاندوون وەک "سازندگی"، "اصلاحات و مردمسالاری دینی"، "اعتدال"، "وفاق ملی"و ..... لە ڕاستیدا دروشمی بریقەداری بێ‌ناوەرۆکیان لە پشتە؛ بەڵام هەر یەک چوار بۆ هەشت ساڵ خۆڵیان لە چاوی خەڵک کردوە و وەک پیادەنیزامێکی بەئەمەگ لە خزمەت دەسەڵاتدا بوون.

شڕۆڤە:

لەژێر باندۆڕی گۆڕانە نێودەوڵەتی و ناوچەییەکاندا گۆڕان بەسەر بیر و هزر و هەڵسوکەوتەکانی تاکی ئێرانیدا هاتوە و ویست و داخوازیی سەردەم و خەون و خولیای نوێ و سەردەمیانەی بەرهەم هێناوە. هەروەها بە مەبەستی مسۆگەرکردنی مافە شارۆمەندییەکان هەوڵ بۆ گۆڕینی ژینگەی سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئابووری دراوە و ئەوەش کۆمەڵێک ناڕەزایەتیی بەرینی جەماوەریی لێ‌کەوتوونەوە کە لە ئیستادا خەوی لەچاوی پاشا خۆڵەمێشییەکان زڕاندوە.

لەبەرانبەردا دەسەڵاتی خۆسەپێن بۆ بەتاڵکردنەوەی وزە کەڵەکەبووەکان و چاوترسێنکردنی گەلانی ئێرانی دەستی بردوە بۆ  سەرکوتکردنی بێ‌بەزەییانە و خوێناوی و دواجار بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە دوای دابەزاندنی ئاستی ویستی شەقام لە گۆڕینی دەسەڵاتەوە بۆ مسۆگەرکردنی کۆمەڵێک مافی سەرەتایی شارۆمەندی، جووڵەی بە بووکەڵەکان و

پیادە نیزامی ڕەنگکراوی سەر بە دەسەڵات کردوە. لە ئەندازیارییەکی سیاسی و کۆمەڵایەتیدا حکوومەت سنووردار مۆڵەتی پڕۆپاگەندای بریقەداری بەو بووکەڵانە داوە، پشتی گرتوون بۆ سەرکەوتن و دامەزراندنی قەوارەیەکی ڕواڵەتیی نێوبەتاڵی بێ‌واتا  و شەقامی پێ وەسەما خستوون: "هەر قاپ و دۆکڵیوی جاران"

تازەترین جووڵە و تووڕەیی شەقامی ئێران "شۆڕشی ژینا" بۆ ڕووخانی کۆماری ئیسلامیی ئێران و گەیشتن بە مافە بنچینییەکانی نەتەوەیی و ئایینی بوو کە ڕەنگدانەوەی لە سەر دروشمەکانی ناڕازییان هەبوو. وەک هەمیشە دوای سەرکوتی خوێناوی و زیندانیکردن و لە سێدارەدانی چالاکان، حکوومەت دەستی کرد بە مەلۆتکەگێڕییەکی نوێ کە گۆیا خۆر لە ڕۆژئاوا ڕا گەڕاوەتەوە و سەردەمی موحەممەدی مەهدییە و گورگ و مەڕ بەیەکەوە ئاو دەخۆنەوە. وەک تازە نۆبەرەی گێلاسی بێ بۆ دووبارە دابەزاندنی ئاستی ویستی گەلانی ئێرانی دووای شۆڕشی ژینا، چاویان لە کۆمەڵێک چالاکی و کردەی سیاسی کۆمەڵایەتی نووقاند، پاشان سەرۆک‌کۆماری ئێران لە ڕووداوێکی گوماناوی و ناڕووندا تێدا چوو، و

بە مەبەستی ئاشبوونەوە لەگەڵ نەتەوە ئێرانییەکان و ئایینزاکان پێشنیاری پێکهێنانی دەوڵەتی یەکبوونی نەتەوەیی کرا. دوا جار بە مەبەست تورکێکی لەدایکبووی کوردستانی کوردیزانیان لە سندووقی دەنگدان هێنادەر و دەستیان ئاوەڵا کرد جێگرێکی کورد بۆ پۆستێکی بن‌دیوار و چەند پارێزگارێک لە نەتەوەکان و ئایینزاکانی بندەستە دیاری بکا .

ئاکامگیری:

قەوارە و نێوەرۆکی دەسەڵاتی ئیدئۆلۆژیکی ئایینی هاوردە لە ئێران بە وتەی بەشێک لە دامەزرێنەرانی خۆی مەجالی بۆ هیچ شێوە ڕێفۆڕمێکی بنەڕەتی نییە و هەر ڕیفۆڕمێک بە واتای بەزاندنی هێڵەسوورەکان و شکاندنی شکۆ و هەڵوەشانی دەسەڵاتە. لەلایەکیتر پێستە قایمەکەی ناوەندگەرایی بە هەوێنی یەک وڵات، یەک ئاڵا، یەک زمان و یەک کولتوور دەرفەتی سەرهەڵدان و بێچمگرتنی هیچ چەشنە گۆڕانکاریەکی بنچینەیی نادا. بۆیە تەنیا دەکری وەک دەرفەتێک بقۆزرێتەوە بۆ وەرگرتنی مۆلەتێکی سنووردار بۆ چالاکی لە جەغزی ناسیۆنالیزمی مەدەنی و دەستەبەر کردنی کۆمەڵێک مافی تاکەکەسی کە ئەو مافە لانی‌کەمییانەش بە مەرجێک وەدی دێن شای تاریکی تووڕە نەکا.

پوختەی مەبەست ئەم گۆڕانکارییە بچووکانە لەلایەک دەبێ وەک بەرهەمی مافویستی و پێداگریی خەڵکی کوردستان لە خەبات و تێکۆشانی بێوچانیان و هەروەها بزووتنەوەی سیاسیی کورد لێک بدرێتەوە، لەلایەکی دیکەش بگوترێ بەم بەناوکرانەوە و گۆڕانکارییانە پرسی کورد و نەتەوەکان چآرەسەر نەبوون و ناشبن. بۆیە بە ناسینێک کە لەو ڕێژیمە هەیە و ئەزموونی ٤٦ ساڵ دەسەڵاتدارەتیی تۆتالیتێر و پاوانخوازنەی تاکەڕێگای بەدیهاتنی دێموکراسی و گەیشتنی کۆمەڵانی خەڵکی ئێران بە ماف و ئازادییەکانیان تەنیا ڕووخاندنی ڕێژیم، دەرفەتنەدانەوە و کۆتایی‌هێنان بە دەسەڵاتەکەیەتی.