دوو ڕووداو
ئاسۆ مینبەری
زۆر جار بەریەککەوتنی ڕووداوەکان، دەبێتە هۆکار بۆ ئەوەی قووڵتر لێیان بڕوانین و بە لێکدانەوەیان لە گۆشەنیگای جیاوازەوە هەست بە جیاوازییان لە هۆکاری ڕوودان و ئاکامەکانیان بکەین. ئەگەرچی جوغرافیای کوردستان هەمیشە بەستێنی خوڵقانی ڕووداوە جیاوازەکان بووە، بەڵام لە هەندێک بڕگەی زەمەنیدا، لێکدانەوەی جیاوازییەکان گرینگتر خۆی دەنوێنێ و پێویستە زیاتر قسەیان لەسەر بکرێ. یەکێک لەم بڕگە زەمەنییانە کە بەستێنی بەریەککەوتنی ڕووداوەکان بوو و بۆ ئێمەی کورد و بەتایبەتیش بۆ توێژی ژنان گرینگە، بڕگەی زەمەنیی سەرهەڵدانی بزووتنەوەی ژینا و قۆناغەکانی دوای ئەم بڕگە زەمەنییە هەتا ئەمڕۆیە.
هەر لە دەسپێکی ئەم بزووتنەوەیەوە، بەریەککەوتنی ڕوانگەکان دەستی پێکرد، لەوێوە کە ژینای کورد، لە بەریەککەوتنی پێناسەی ئێمە و ئەوی تردا، کەوتە نێوان ناسنامەی کوردستانیبوون و ئێرانیبوون و شوناسی کوردستانیبوونیشی لێ دزرا؛ پرسێک کە لە ڕۆژی یەکەمی سەرهەڵدانی بزووتنەوەکەوە هەتا ئێستا لە فۆرم و شێوازی جیاوازدا بینراوە و درێژەی هەیە.
لە ماوەی زیاتر لە دوو ساڵی ڕابردوودا، ڕووداوەکان لە کۆمەڵگەی کوردستان و ئێران، بە شێوازی جۆراوجۆر و لە گۆشەنیگای جیاوازەوە خوێندنەوەیان بۆ کراوە و هەر ئەمەش بووەتە هۆکار کە ئاکار و کردەوە لەمەڕ ئەم ڕووداوانەش جیاواز بێت. بە واتایەکی تر خوێندنەوە بۆ ڕووداوەکان لە کوردستان هەمیشە واقعبینانەتر و وردبینانەتر بووە کە نموونەی نوێی ئەم بەریەککەوتنە زیاتر تێگەیشتن و وردبینی لە کوردستانمان بۆ دەردەخا.
هاوکات لەگەڵ ئەوەی ژینا مودەڕس گورجی، ڕۆژنامەنووس و چالاکی بواری ژنانی خەڵکی سنە بە مەبەستی تێپەڕاندنی ماوەی بەندکرانی سەپێندراو ڕەوانەی بەندیخانەی ڕێژیم لەم شارە کرا، هەواڵێک لە تارانی پێتەختەوە بڵاو کرایەوە کە زۆربەی میدیاکانی بە خۆیەوە سەرقاڵ کرد. ژینا مودەڕس گورجی کە لە دەسبەسەرکراوانی بزووتنەوەی ژینایە، لەلایەن دادگای پێداچوونەوەی سنەوە بە تۆمەتی "دروستکردنی دەستە و گرووپی نایاسایی بە مەبەستی ڕووخانی نیزام" بە ١٦ مانگ بەندکرانی داسەپاو سزا دراوە. ئەم ڕۆژنامەنووسە کوردە لە ڕۆژی شەممە ١٢ی خەزەڵوەری ئەمساڵدا، بۆ تێپەڕاندنی ماوەی ئەم سزایە چووە بەندیخانەی سنە و بە بڵاوکردنەوەی پۆستێکی ئینستاگرامی لەمبارەوە نووسی: "ئەمڕۆ ئەچمە بەندیخانەیەک کە پەراوێزخستن و هەڵاواردن لەوێ سێ قاتە. بەندیخانەی ژنانی سنە. پەراوێزخستن و هەڵاواردنی ڕەگەزی، چینایەتی و نەتەوایەتی. بەم حاڵەوە کاتێک کە کەلوپەلەکانم بۆ بەندیخانە ئامادە دەکرد پێش هەموو شتێک هیوام خستە جانتاکەمەوە. من بە هیواوە ئەچمە ئەوێ." هاوکات لەگەڵ چوونی ژینا بۆ بەندیخانە، لە تارانی پێتەختی جەلادەکاندا، کچە خوێندکارێک لەلایەن بەشی حەراسەتی زانکۆوە بە بیانووی ڕەچاونەکردنی حیجابی زۆرەملێ گوشاری خرایە سەر و ئەم گوشارە دەگاتە ئاستێک کە هێزەکانی حیراسەت جلەکانی دەدڕێنن؛ ئەم کچە خوێندکارە بە نیشانەی ناڕەزایەتیدەربڕین بەم کردەوەیە، جلەکانی دادەکەنێت و لە حەوشەی زانکۆکەدا زۆر ئاسایی دێت و دەچێت تا کاتێ کە لەلایەن ٤ کەس لە هێزەکانی حیراسەتەوە بە لێدان و کوتان دەڕفێندرێت.
بەریەککەوتنی ئەم دوو ڕووداوە، پرسێکی گرینگە. لەلایەکەوە کچێکی کورد هەیە بە هۆی پێداگری لەسەر خواستی نەتەوەیی و ڕەگەزی کەتووەتە بەر ڕقی ڕێژیمی دڕندەی کۆماری ئیسلامییەوە و جیا لە هەندێک میدیا و ماڵپەڕ، هەواڵی چوونە بەندیخانەکەی ئەویش بە وتنی ئەو ڕستە لێوڕێژ لە هێز و ورەیە کە پێش هەموو شتێک هیوای خستووەتە جانتاکەیەوە، لە شوێنێکی دیکە بڵاو نەکرایەوە. لەلایەکی دیکەوە کچێک کە لەسەر پرسی حیجاب و بە هۆی نافەرمانییەکی مەدەنییەوە لە زانکۆ، بووەتە سەردێڕی هەواڵەکان! لێرەدایە کە تێگەیشتنی واقعبینانەی ڕووداوەکان لە کوردستان، بەریەککەوتنەکان ڕوونتر دەکاتەوە.
نکۆڵی لەوە ناکرێ کە ئەم نافەرمانییە مەدەنییە، ئەکتێکی گرینگە بەتایبەت لە دۆخی ئێستای ئێراندا کە ڕێژیم لە نێوخۆ و دەرەوە تووشی دەیان گرفتی سیاسی و ئابووری بووەتەوە و ئەمەش وەک درێژەیەک لە بزووتنەوەی سەرتاسەریی ژینا کە جیهانی سەبارەت بە پرسی ژنان لە ئێران هێنایە سەر خەت ئەتوانێ ڕێژیم تووشی قەیرانێکی دیکە بکات، بەڵام خاڵی گرینگ، بەریەککەوتنی ڕووداوەکان و پەراوێزکەوتنی پرسی گرینگتر بۆ ئێمە واتە پرسی کوردستانە! ئەگەرچی کاردانەوەی ئەم کچە خوێندکارە لە جۆری خۆیدا بوێرانە و ساختارشکێنانەیە بەڵام، سەرقاڵبوونی میدیای کوردی و چالاکی کوردستان بەم پرسە بە جۆرێک لە جۆرەکان پرسی ژینای خستووەتە پەراوێزەوە، پرسێک کە هاوکات بابەتەکانی ژنبوون، پرسی نەتەوەیی و ڕاستییەکانی سەرکوتی کۆمەڵگەی مەدەنی لە کوردستانی لە خۆیدا کۆ کردووەتەوە، بابەتێک کە لەژێر کاریگەریی میدیای نەتەوەی باڵادەستدا لەبیر کراوە.
لێرەدا، پرسی ناوەند و پەراوێز بۆ جارێکی دیکە خۆی دەنوێنێتەوە، لە کوردستاندا هەموو پرسێک بە سیاسی دەبینرێت و بەم هۆیەوە سەرکوتکارییەکانیش توندترن، لە ناوەندیشدا هێشتا خەڵك سەرقاڵی پرسی حیجابن و ئەوەی کە بووەتە لووتکەی داخوازییەکان، ئازادیی پۆشینە نەک ئازادییە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان!
بە دەیان نموونەی وەک ژینا لە کوردستاندا هەن کە بە هۆی پێداگری لەسەر پرسی شوناس و ناسنامە و مافە بنەڕەتییەکانیان لەژێر گوشاردان و سزای قورسیان بەسەردا دەسەپێت و لە بێدەنگیی میدیاکاندا تووشی سەدان کێشەی قەرەبوونەکراو دەبنەوە، لە کۆتاییشدا ناڕەزایەتیی ناوەندنشینەکان بە پرسی حیجابی زۆرەملێ هاشتەگ و کەمپەینی جیهانی لێ دەکەوێتەوە و دەبنە سەدێڕی میدیاکان و دیسانەوە کوردستان لە بێدەنگیدا لەگەڵ ئازارەکانی دەژیت. پێویستە چالاکانی کورد زیاتر بایەخ بە پرسی ژنان و بەتایبەت سەرکوتکارییەکانی ئەم توێژە لەلایەن ڕێژیمەوە بدەن و بە لەقاودانی هەوڵەکانی ڕێژیم، تێچووی سەرکوتکارییەکان بۆ دەسەڵات زۆر بکەنەوە.