سیاسەتی دەرەوەی تورکیە لە نێوان ئیسلام و تورکبووندا
ئاگری ئیسماعیلنژاد
ڕەوتی ڕووداوەکانی ڕۆژهەڵاتی نێوەراست بەخێراییەکی سەرسووڕهێنەر تێدەپەرن و هاوکات لەگەڵ ئەوەی گرژیی نێوان ئێران و ئیسرائیل بەشێوەی ڕۆژانە ڕووی لە زیادبووندایە و لەو نێوانەدا تورکیە وەکوو ئەکتەرێکی گرینگ لەگەڵ ئەوەی خۆ لە ڕاستەوخۆ تێوەچوونی نێو گرژییەکە دەپارێزێ، بەڵام هەوڵ دەدا زیاترین کارتێکەریی لەسەر ڕەوتی ڕووداوەکان لە پێناوبەرژەوەندی خۆییدا هەبێت.
شوناس و سیاسەتی دەرەوەی تورکیە
تیۆریی گرژی سیفر کە لەلایەن ئەحمەد داودئۆغلوو، وەکوو بناغەی سیاسەتی دەرەوەی تورکیە بۆ سەدەی ٢١ پێشنیار کراوە، خاوەنی دوو کۆڵەکەی سەرەکییە که بریتین لە تورکبوون و موسڵمانبوونی تورکیە. دەوڵەتی ئاک پارتییش لە ٢٠ ساڵێ ڕابردوودا لەسەر بنەمای ئەو دوو شوناسەدا سیاسەتی دەرەکی تورکیەی بەرێوە بردووە و لە ڕاستییدا دەوڵەتی تورکیە لە ٢٠ ساڵی ڕابردوودا، هەوڵی بۆ ئەوە نەداوە شوناسی ئورووپایی بۆخۆی دابین بکات و تەنانەت هەوڵی ئەوەشی نەداوە تەناهیی دەرەکی و نێوخۆیی خۆی گرێ بداتەوە بە ناتۆ. هۆکارەکەش بۆ ئەوە دەگەرێتەوە که تورکیە بنەمای نوێی بۆ سیاسەتی دەرەکی خۆی دیاری کردوە و، ئەو بنەمایەش لە ئاستێک لە گرینگیدایە که تورکیە بناغەی تەناهی خۆی لەسەر بنەمایی نوێ دامەزراندوە و بۆیەش پشتی لە ناتۆ کردوه و پەیوەندی بەرینی لەگەڵ ڕووسیە دامەزراندوە.
لە ڕەوتی ٢٠ ساڵێ ڕابردوودا، ئاکپارتی لە قۆناغی نێوان ٢٠١٠ هەتا کۆتایی ٢٠٢٠ زیاتر هەوڵی ئەوەی داوە وەکوو دەسەڵاتێکی ئیسلامی لە ناوچەی موسڵمانانی سوننە مەزهەب هەڵسوکەوت بکات، و لە ٢٠٢٠ و پاش ئەوەی گرژیی نێوان تورکیە لەگەڵ میسر و سعوودی ڕووی لە زیادبوون کرد، ئاکپارتی پاشەکشەیەکی بنەڕەتیی لە سیاسەتی دەرەوەی تورکیە کردوە و زیاتر ڕووی کردە شوناسی تورکبوون.
کەوایە ئەوەی تورکیەی ناچارکرد دیوی موسڵمانبوونی سیاسەتی دەرەکی خۆی کاڵ بکاتەوە و بەجۆرێک پاشەکشە لە خەیاڵی سەرکردایەتیکردنی دەوڵەتانی موسڵمانی سوننە مەزهەب بکات، گرژی لەگەڵ سعوودی و میسر بوو. لە پاش بەهاری عەرەبی تورکیە بۆی دەرکەوت کە میسر و سعوودی ڕێگە نادەن، وڵاتێکی غەیری عەرەب سەرکردایەتیی جیهانی عەرەب بکات، با بەبیانووی باوەری مەزهەبی سوونە بوونیشەوە بێت.
لەسەر شوناسی دووهەمی دەوڵەتی ئاکپارتی لە سیاسەتی دەرەوەیدا دەکرێت بڵێن لە ساڵی ٢٠٠٩ و لە ڕێککەوتنی نەخجەواندا بناغەی هاوپەیمانییەکی نێوان ٥ دەوڵەتی تورکی دامەزراندبوو. خاڵی گرینگی جیگای سەرنجی هاوپەیمانی وڵاتانی تورک که ئێستا ناوەکەی بۆ دەوڵەتانی تورک گۆڕدراوە، لەوەدایە کە لەنێوان ساڵەکانی ٢٠١٠ هەتا ٢٠٢٠ پێشەوەچوونێکی بەخۆیەوە نەدیوە و لەڕاستییدا لە دوایی شەری قەرەباغ و شکستی سیاسی دەوڵەتی تورکیە لە نوێنەرایەتیی کردنی وڵاتانی سوننە مەزهەب، شوڕای هاوکاری دەوڵەتانی تورک گەشەی بەخۆیەوە دیوە.
مانایی ئەو باسە ئەوەیە که تورکیە شوناسی تورکبوونی لە سیاسەتی دەرەوەی کاتێک تۆختر کرد که بەناچار شوناسی موسڵمانبوونی کاڵ کردەوە.
تورکیە پاش ٧ی ئۆکتۆبری ٢٠٢٣
لە ساڵێک پاش ٧ی ئۆکتۆبردا بەڕوونی دەرکەوتوە که بەستێنی تەناهی لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا، ڕوو لە ئالۆگۆڕە و بە دڵنیاییەوە دەتوانین بڵێن لە ڕۆژهەڵاتینێوەڕاسدا لە بەستێنی تەناهیدا سێ بکەری جیاوازمان هەیە:
١- بکەری دەوڵەتی
٢- بکەری نادەوڵەتی کە بریتین لە گرووپە چەکدارەکان
٣- کۆمپانییە نێودەوڵەتییەکانی بواری وزە
ڕووداوەکانی ٧ی ئۆکتۆبری ٢٠٢٣ لە ڕەهەندی جۆراوجۆرەوە سەیری کراوە، بەڵام لەو نووسراوەیەدا گرینگترین ڕەهەندی ئەو ڕووداوانە هێرش بۆ سەر خەڵکی سڤیل و کوشتن و بارمتەگرتنیان بە مەبەستی پێملکردنی دەوڵەتێک به هێندێ خواست سیاسییە.
لە تەواوی ماوەی ململانێی نێوان ئیسرائیل و فەلەستین شارۆمەندانی ئیسرائیل لەلایان چەکدارانی فەلەستینییەوە وەکوو ئامانجێک سەیریان کراوە و بەشێوەی جۆراجۆر هەوڵی کوژران یان بەبارمتەگرتنیان دراوە. لە بەرانبەردا، دەوڵەتی ئیسرائیل وەکوو دەوڵەتێک کە بنەماکەی لەسەر پاراستنی تاکی جوو دامەزراوە، هەوڵی داوە تاکی جوو بپارێزیت یان ئەگەر بەبارمتە گیراوە، ڕزگاری بکات.
بەڵام ئەوە وای کردوە که بارمتەگرتنی شارۆمەندی ئیسرائیل وەکوو گەورەترین خاڵی لاوازی ئەمنییەتی ئیسرائیلی لێبێت، و وەکوو دەبیندرێ لە دوو دەهەی ڕابردوودا، زیاتر لە سێ جار شارۆمەندی ئیسرائیل وەکوو بارمتە لەلایان گرووپی جیاوازە گیراوە و پاشان دەوڵەتی ئیسرائیلیان ناچار کردوه پێملی خواستەکانیان بێت.
لە ڕاستییدا بارمتەگرتنی شارۆمەندانی ئیسرائیل وای دەکرد که باڵادەستیی نیزامی و ئەمنییەتی ئیسرائیل به ئاسانی پشتگوێ بخرێ و گرووپی جیاواز بتوانن به ڕێگای بارمتەوە باج لە دەوڵەتی ئیسرائیل بستێنن.
ئەوەی باڵادەستی نیزامی ئیسرائیل نابێتە هۆی ئەوە که شارۆمەندی ئیسرائیلی لە دەست گرووپی چەکداری فەلەستینی پارێزراو بێت، ئیسرائیل ناچار دەکات، پێش بە گەشەی گرووپی چەکداری فەلەستینی یان دژی ئیسرائیل بگرێت، مانای ئەو ناچارییە سەرهەڵدانی دوکتورینێکی نوێیە بۆ ئەمنییەتی ئیسرائیله، دوکتورینەکە دەکرێت ئاوا تەکووز بکرێت: ماکەی سەرهەڵدانی گرووپی چەکداری دژی ئیسرائیل هەبوونی دەوڵەتێک بۆ پشتگیری ئەو گرووپەیە. کەوایە ئیسرائیل بۆ ئەوەی ڕێژەی گرووپە چەکدارەکانی دژی خۆی کەم بکاتەوە یان ئەوەی هێندەیان لاواز بکات کە توانایی زەربەلێدانیان بە ئیسرائیل نەبێت، دەبێت ئەو دەوڵەتە لاواز بکات یان ناچاری بکات واز لە دوژمنایەتی لەگەڵ ئیسرائیل بێنێ.
دەکرێت، هێڕشی ڕاستەوخۆی ئیسرائیل بۆ سەر بالوێزخانەی ئێران لە سووریە لە ڕۆژی ١٣ی خاکەلێوەی ١٤٠٣ وەکوو دەستپێکی ئەو دوکتورینە نوێیە لەبەر چاو بگرین.
لێرەدا دەبێت باسێک ڕوون بکەینەوە: ململانێی نێوان ئێران و ئیسرائیل لە چەند ڕەهەندی جیاوازەوە بوو، پێش ٧ی ئۆکتۆبر ململانێی سەرەکیی ئێران و ئیسرائیل لەسەر توانایی بەدەستهێنانی چەکی ناوەکی لەلایان ئێرانەوە و ئاستی توانایی بەرهەمهێنانی هاژەک بوو، بەڵام سیاسەتی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئێران لەسەر پرسی پرۆکسییەکانی ئێران سیاسەتی فەرمی ئەو دەوڵەتانە نەبوو که بنیامین ناتانیاهوو سەرکردایەتی دەکردن.
ململانێی گرژتری نێوان ئیسرائیل و ئێران بۆ تورکیە دەتوانێ قەیران و دەرفەتێکی بەدواوە بێت، قەیرانەکە ئەوەیە که ئەگەر ئێران زیاتر لاواز بێت، دۆزی کورد لە ڕۆژهەڵات گەشەی زیاتر دەکات و ئەوەش بەمانایەیە کە تورکیە چیتر ناتوانێ به ڕێگای هاوسەنگەری سەرکوتی دۆزی کورد لەگەڵ ئێران دۆزی کورد لە باکوور لەژێر ڕکێفی خۆی دانێ.
بەڵام دەرفەتێکیشی بۆ دەخوڵقێ و دەرفەتەکەش ئەوەیە که پرسی ئازەری یان وەکوو خۆیان دەڵین پرسی تورکی ئازەربایجان گەشەی بەرچاو دەکات و دەتوانێ ببێ بە ئامێرێک بۆ تورکیە و تەنانەت دەتوانێ دەرفەتێکی گەورە بێت بۆ ئەوەی تورکیە بتوانێ پرسی هاوپیمانی دەوڵەتانی تورک گەشە پێبدات، چون یەکێ لە بەربەستەکانی ئەو هاووپەیمانییە کە ئێرانە لاواز بووە یان توانایی کارتێکەریکردنی لە دەست داوە.
ئاکام و چاوەڕوانی
لە پاش حەوتی ئۆکتۆبر نە تورکیە و نە قەتەر ناتوانن بەو شێوەی کە پێشتر پشتگیرییان لە تۆری ئیخوانولموسلمین دەکرد، پشتگیری بیری ئیسلامی بکەن و هاوکات تورکیەش بە تەواوی بەو ئاکامە گەیشتوە که وڵاتانی ڕۆژئاوایی و ئیسرائیل ئامادە نین سەرکردایەتیی تورکیە لە وڵاتانی سوننە مەزهەب بەگشتی و وڵاتانی عەرەبی بەتایبەتی قەبووڵ بکەن و هێزی مرۆڤی و ئابووری تورکیەش ئەو ڕێگەی پێ نادات. بەڵام لاوازبوونی ئێران یان ڕووخانی کۆماری ئیسلامی وا دەکات تورکیە دەرەتانی سازکردنی بەرەی دەوڵەتانی تورکی بۆ بڕەخسێت و لەڕاستییدا بە ڕێگای ئەو بەرەیەوە بەرژەوەندییەکانی خۆی بپارێزێ و هەوڵ بۆ ئەوە خەیاڵە بدات که ئەو وڵاتە، ببێتە ناوەندێکی گرینگی وزه بۆ ئەرووپای ڕۆژئاوا.
کەوایە چاوەڕوان دەکرێت، تورکیە بەتایبەتی پاش ئەوەی یەکیەتیی ئورووپا هاوپەیمانی وڵاتانی عەرەبی کەنداوی وەکوو بەرەی تەناهی خۆی پێناسە کرد، دیوی سیاسەتی تورکبوون لە سیاسەتی دەرەوەی تورکیە تۆختر بێت. بەڵام بەپێی ڕەوتی ڕووداوەکان تورکیە و لاوازبوونی ئێران لەوەش دەترسێ که دۆزی کورد جارێکیتر هەم لە ئاستی نێوخۆی و هەم لە ئاستی ناوچەییدا تووشی قەیرانی بکات، بەو پێیەشە کە تورکیە بەشێوەی نافەرمی باسی ئەوەی هێناوەتە گۆڕی کە لەگەڵ قەندیل خەریکی دانووستانە و بە شێوەی فەرمیش ڕایگەیاندوه که لە ئەمساڵی زاینندا کاناڵی تلویزیونی فارسی TRT دەکرێتەوە.
کە وایە تورکیە بەپێچەوانەی ئەوەی نیشانی دەدا، نە دەیهەوێ و نە دەتوانێ سەرکردایەتیی پرسی فەلەستین بکات، بەڵکوو بناغەی نوێی سیاسەتی دەرەوەی لەسەر سەرکردایەتیکردنی وڵاتانی تورک دامەزراوە و تاکتیکی بنەڕەتیشی ئەوەیە لاوازبوونی ئێران لە ناوچەکەدا نەبێتە هۆی ئەوەی دۆزی کورد لە ناوچەکەدا پێشڤەچوون بە خۆیەوە ببینێ.