پرسی کورد وەک دەرفەت، لە هەموو بەشەکانی کوردستان
فەتاح ڕەسووڵی
لە ماوەی سەد ساڵی ڕابــردوودا گەلی کورد بەردەوام هەوڵی داوە بە شێوازی ئاشتییانە و بە دوور لە شەڕ و توندوتیژی مافە سەرەتاییەکانی خۆی دەستەبەر بکات. بەڵام بەداخەوە هەمووجارێک داخوازی ڕەوای بزووتنەوەکانی کوردی بە شێوەیەکی بێبەزەییانە لەلایەن حکوومەتی ناوەندەوە وڵام دراونەتەوە و لە هەموو ئامرازێکی سەرکوت کەڵکیان وەرگرتوە. نەتەوەی کورد ئەگەرچی لەوماوەیەدا سەلماندوویەتی ڕوحیەتی پێکەوەژیان و دێموکراسی وەک بنەمای مرۆڤایەتی هەیە و باوەڕی بە چارەسەری ئاشتییانە هەیە، بەڵام بە تانک و تۆپ و تەیارە، بە گرتن و کوشتن و تیرۆر و شاربەدەرکردن و بەندیخانە و کۆچی زۆرەملێ و ئەنفال و کیمیاباران کردن وڵامی دراوەتەوە. هەموو ئەو هێرش و پەلامارە زۆر و زەبەندانەش نەیتوانیوە کورد بە چۆک دابێنێت و بوێرانە بەوپەڕی لەخۆبوردووییەوە بەرگریان لە خۆیان کردوە و لەبەرامبەر سپای چوار دەوڵەتی داگیرکەر وەستاونەتەوە.
دوای شەڕی جیهانی یەکەم کاتێک کورد بەسەر چوار حکوومەتی ئێران، تورکیە، سووریە و عێراقدا دابەش کرا، هەموو هەوڵی سەرکردە نەتەوەییەکانی ئەوە بووە هەوڵ بدرێ بە ڕێگای دیالۆگ و لەیەکتر تێگەیشتن بە دوور لە شەڕ و ئاژاوە پرسی کورد چارەسەر بکەن و هەموولایەک لەوە تێبگەیەنن مەسەلەی کورد نەک مەترسی نییە بەڵکوو دەتوانێ وەک دەرفەتێک بۆ گەشانەوە و بەرەوپیش بردن لە هەموو بوارەکانی سیاسی، نیزامی، ئابووری و کولتووری کەڵکی لێ وەربگیردرێ. ئەگەرچی هەرکام لە پارچەکانی کوردستان خاوەن تایبەتمەندی کۆمەڵایەتی و جۆری سیاسەت و تێڕوانینی خۆیانن بەڵام بێ جیاوازی لەلایەن حکومەتی ناوندەوە داواکانیان بە هیند وەرنەگیراوە و هەوڵی بەلاڕێدا بردنی دراوە.
دوای ڕووخانی سەدام و بزووتنەوەی بەهاری عەرەبی دوو پارچەی کوردستان واتە باشوور و ڕۆژئاوا بە وریاییەوە کەڵکیان لەو دەرفەتە وەرگرت و هەتا ڕادەیەک توانیان بیقۆزنەوە و بە بەشێک لە ویست و داخوازەکانی گەلی کورد بگەن، ئەوە لەحاڵێکدابوو کە کوردستانی باشوور پێشتر ئەزموونی خودموختارییەکیشی هەبوو. ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش ئەگەرچی هەتا ئێستا وێڕای خەباتی بەردەوام و نەپساوە، بە ئامانجەکانی نەگەیوە بەڵام خاون بزووتنەوەیەکی بەهێز و خاوەن گوتاری تایبەتە کە هەتا ئێستا بە شێوەیەکی لۆژیکی و جوان تێکۆشاوە و لەهەر ئەگەرێک ئامادەی هەڵویست و کاردانەوەیە.
حکوومەتی تورکیە وەک دەستەڵاتێکی بەڕواڵەت ئازاد و دێموکرات کە سالانێکە هەوڵ دەدا بچێتە یەکێتی ئورووپاوە، لە نێوەڕۆکدا هیچ نەماوە بە دژی گەلی کورد لەو بەشەی کوردستان نەکا، مێژووی جینایەتەکانی ئەرتەشی تورک لەبەرامبەر کورد و بزووتنەوەی سیاسی بەجۆرێک بووە کە دەکرێ بڵێین ڕووی هیتلەر و داعشیشی سپی کردووە، کارەسات و جینایەتی گەلی زیلان و لەسێدارەدانی بەشێکی زۆر لە سەرکردایەتی کورد و هەزاران هاونیشتمانی بەشێکن لەو سەرکوتە خوێناویانەی دەوڵەتی تورک دەرحەق بە ویستی ئازادیخوازی کورد کردوویەتی.
ئاڵوگۆڕەکانی ناوچەکە دوای هێرشی حەماس بۆسەر ئیسرائیل، بەردەوامی شەڕی رووسیە و ئۆکراین، ئاڵۆزییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناڤین قەیرانی سیاسی و ئابووری و نەبوونی مەشروعیەتی تەواوەتی حکومەتی تورک، دەستەڵاتدارانی تورکییەی بە شێوەیەکی خێرا هێناویتە سەر ئەو قەناعەتە کە بخوازن پرسی کورد چارەسەر بکەن. سەرۆک کۆماری تورکیە و پارتی نەتەوەخواز و دژە کوردی تورکیەش وێرای قسە و لێدوانەکانیان باسی چارەسەری پرسی کوردیان کردووە. لەم نێوەدا ئەو پرسیارە دێتە گۆڕ کە؛ ئایا تورک لە بەرامبەر پرسی مافخوازانەی کورد نیاز پاکە؟ هۆکاری ئەو پەلەپەلەی دەستەڵاتدارانی تورک بۆ چی دەگەڕێتەوە؟!
وێدەچێ تورکەکان لەوە بترسێن پڕیشکی ئاگری ئەو شەڕانەی ناوچە داوێنی ئەوانیش بگرێتەوە و لە شەڕێک بگلێن کە دەربازبوونیان لێی ئەستەمە و کاریگەرییەکانی تووشی داڕمانیان بکات. لەم نێوەشدا تورکەکان لەوە دەترسێن ئەو هۆکارانە ببنە هۆی بەهێز بوونی کوردەکانی باکوور و بە پشتیوانی ڕۆژئاوا و باشووری هەتا ڕادەیەک ئازاد ئەوانیش بە مافەکانیان بگەن و مەترسی جدی بۆسەر قەوارەی دەوڵەتی تورک درووست بێ. لەلایەکی دیکەشەوە باس لەوە دەکرێ ئەردۆغان بۆ دەستتێوەردانی جارێکی دیکە لە یاسای بنەڕەتی تورکیە و خۆ پاڵاوتنی بۆ چەندەمین خول پێویستی بە دەنگی پاڕلمانتارانی کوردەوە هەیە و بەم شێوەیە دەیهەوێ کوردەکان هەڵبخەڵەتێنێت و کەڵکاژۆیان لێ وەربگرێت. لێرەدا دەبێ بزووتنەوەی سیاسی کورد لە باکووری کوردستان باش لەوە تێبگات، چی دیکە نابێ دە داوی پیلانەکانی تورک بکەوێ و هەموو هەنگاوێکیان بەپێی بنەمای یاسا و مەنتقەوە بێ. کورد سەلماندوویەتی هەمیشە لەگەڵ ئاشتی و دیالۆگ دایە بەڵام ئەمجارە ئەگەر ئەردوغان و ڕەوتە سیاسییەکانی دیکەی تورک بەو ڕاستییە گەیشتوون کە، نەتەوەیەکی دیکەش لە تورکیە بەناوی کورد هەیە و مافی خۆیەتی ئازادانە ویست و داخوازە ڕەواکانی بهێنیتە بەرباس و پێیان بگات، دەبێ ئەو بکەن بە یاسا و لە پاڕڵمان دەنگی بۆ بدەن و تەنانەت نیاز پاکی خۆشیان بەوە بسەلمێنن کە "عەبدوڵلا ئوجەلان" ڕێبەری بەندکراوی پ.ک.ک ئازاد بکەن، واز لە سیاسەتی چەوساندنەوەی و ئاسەمیلەی کورد بێنن، سەرکوت و گرتنی کورد بوەستێنن، چی دیکە قەییوم بۆ شارەوانییەکانی کە لەلایەن کوردە لە ئاکام هەڵبژاردنەکانەوە وەدەست هاتووە، دانەنێن و بەم شێوەیە هەوڵی چارەسەری پرسی کورد بدەن. بەدەر لەمە دەبێتە پیلان و هەڵخەڵەتاندنی گەلی کورد و کەڵکاژۆی نابەجێ لە نییەتی پاکی کوردەکان.
لەلایەکی دیکەشەوە هەر دوای ئەم لێدوانانە دوو ڕووداوی گوماناوی سەریان هەڵدا، لەلایەک هێرش کرایە سەر "پیشەی هەوافەزای" تورکیە و دواتر باڵی نیزامیی پارتی کرێکارانی کوردستان ئەو کردەوەیەی وەئەستۆی خۆی گرت! لەلایەکی دیکەشەوە دەوڵەت باغچەلیی ڕەگەزپەرەست کە پیشتر بانگەشەی بۆ ئازادی کورد و ئوجەلان دەکرد بەجۆرێکی دیکە قسەکانی بادایەوە، ئەو پیشتر ڕایگەیاندبوو با ئوجەلان بێت و پاڕڵمان و داوای چەک کردنی پ.ک.ک بکات بەمجۆرە کۆتایی بە قەولی ناوبراو بە تیرۆر بهێنێت!
بەڵام بەراستی ئەم جورە لێدوانانە دەبنە بنەما بۆ چارەسەری مەسەلەی کورد؟ ئەو قسە گاڵتەجاڕییانە و بێڕێزی کردن بە کورد بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ دەبێتە نیازێکی پاک بۆ پرسی کورد؟ واباشە ئەو حکومەتانەی کوردیان بەسەردا دابەش کراوە باش لەوە تێبگەن کە سەردەمی شەڕ و بێ ڕێزی پێکردن و چاوبەستن کۆتایی پێ هاتووە، هەم کورد چاوکراوە و هێزی گرتووە هەمیش جیهان لەو حکوماتانە کە هەر چواریان بەجۆرێک دیکتاتۆر و توتالیتەرن تێگەیوە. ئەوان ئەگە بە شێوەیەکی راستەقینە لە هەوڵی چارەسەرکردنی پرسی کورد دان، دەبێ بە کردەوە و بە نییەتێکی پاک هەنگاو بنێن. ئیستا کە چاخ چاخی پێشکەوتن و تێکنۆلۆژی و گەشەی زانست و ئابوورییە چارسەری پرسی کورد دەبێتە دەرفەت و هۆکاری پێشکەوتنی ئەو وڵاتانە بەدەر لەوە ئەگە کورد لە ئاکام خەباتی بەردەوامی خۆی بەو مافە بگات ئەوە زۆر ئاساییە لە دیاریکردنی مافی چارەی خۆنووسین وەک بنەمایەک لە مافەکانی مرۆڤ کەڵک وەربگرێت و هیچ زەمانەتێک بۆ مانەوە لە چوارچیوەی ئەو وڵاتانە نامێنێت و دەتوانن وەک هەموو وڵاتانی ئازادی دنیا سەربەخۆ بن، دەنا بە ڕازی بوون بە مافی کورد و هاوبەش بوون لە دەستەڵات و مافە ڕەواکانی ئەگەری زۆرترە کورد جارێ هەر لە چوارچێوەی ئەو وڵاتانەدا بمێنێتەوە و درێژە بە ژیانی سیاسی خۆیان بدەن ئەوە نایەتە دی مەگەر مافەکانی کورد دەستەبەر بن.