ڕوانگەی ستراتێژیک
پژمان شەریعەتی
هەموو تاکیک و کۆمەڵێک ئاوات و خواست و ئارەزووی خۆیان هەیە و بە بەردەوامی هەوڵی بۆ دەدەن و بیر لەوە دەکەنەوە کە چۆن دەکرێت بگەنە ئەو ئامانجە کە لە ژیانی خۆیاندا هەیانە.
ڕەنگە بەپێی بایەخەکان و جیهانبینی لە زەینی هەر مرۆڤێکدا ئامانجەکان پلەبەندی و ئاستیان بۆ دیاری بکرێت. بەڵام ئەوەیکە گرنگە، چۆنیەتی و ڕێکاری گەیشتن بەو ئامانج یا ئامانجانەیە تاک و کۆمەڵ بۆ خۆیان دیاریی دەکەن. لێرەدایە کە ستراتێژی دێتە مەیدان و ڕۆڵی کاریگەریی خۆی دەگێڕێت و تاک و کۆمەڵ بە بیرکردنەوە و ڕوانگەیەکی تایبەت لە جیهانی پڕ لە کێبڕکێ و خێرای ئەمڕۆ بە داڕشتنی بەرنامە و دیاریکردنی ڕێگە بۆ گەیشتن بەو ئامانجە تێدەکۆشن. هەر ڕێگەیەکیش بۆ گەیشتن بە ئامانج دیاری بکرێت، بێگومان کۆمەڵێک بەربەست، دەرفەت، ناڕوونی و دژواریی تایبەت بە خۆی هەیە و بۆیەشە پەیویست دەکات بۆ بڕینی ئەم ڕێگەیە ستراتیژی یان بیرکردنەوەیەکی ستراتیژیکمان هەبێت. ئەمەش دەخوازێت کە لە بنەڕەتڕا ئارمانەکانی خۆمان باشی ناسیبێت و هەموو ئەو ئەگەرانەی بۆ گەیشتن بە ئامانج لەگەڵی بەرەوڕووین، بیرمان لێ کردبێتەوە، کەرەستەکانی بەردەست و دۆخمان لەبەرچاو گرتبێ و بە واقعبینییەوە پلانەکانی دیکەمان داڕشتبێ، ئەمە دەبێتە بیرکردنەوەی ستراتیژیک.
ئێمەی کورد دەبێ بەو پەڕی بایەخەوە بۆ ڕوانگە و بیرکردنەوەی ستراتیژیک بڕوانین و حیزب و سازمان، کۆمەڵ و تاکمان فێری ئەو شێوازە لە بیرکردنەوە بین و بۆ هەموو پرسێک ڕوانگەی ستراتیژیکمان هەبێت. ئەویش لە کاتێکدا بە بەردەوامی دەبیسین و دەخوێنینەوە کە کوردستان هەڵکەوتەیەکی ستراتیژیکی هەیە و خاون سەروەت و سامانێکی سروشتیی زۆرە و لە ڕۆژهەڵاتی نێوڕاست و جیهاندا فاکتیەرێکی دیاریکەر و کاریگەرە. بەڵام لە پەنای ئەو ڕاستییەدا بە هۆی ئەوەیکە کورد خاوەن کیانی سیاسیی سەربەخۆ نییە، بە بەردەوامی لە ئەدبیاتی سیاسی و کۆمەڵایەتیدا بەسەر دەستەواژەکانی کوردی هەژار، نەتەوەی مافخوراو، نەتەوەی بندەست، زوڵملێکراو و ...دا دەکەوین کە هەستی خۆمانی پێ دەردەبڕین و مەزڵوومیەتی خۆمانی پێ پێشان دەدەین. ئەوە ڕاستە کە ئەمە دۆخی گشتیی کوردە و سیاسەتی داگیرکاریی نەیارانی کورد ئەو واقعە تاڵەیان بەسەر کورددا سەپاندووە، بەڵام نابێت لەو دەربیجەیەوە بۆ دەرباز بوون لەژێر ئەو ستەمکارییە بیر لە ڕزگاری بکەین. واتە چونکە مافمان خوراوە، دەبێ خەبات بکەین و مافەکانی خۆمان بەدەست بیهێنین، لێرەدا ئەو پرسیارە دێتە ئاراوە کە ئەگەر مافمان پێ بدرێت و هەموو کێشەکانمان چارەسەر بن، ئەدی لە جیهانی ئەمڕۆدا دەتوانین سەرمان لەنێو سەران بێ؟
ڕاستە ئەوە مافی سروشتی ئێمەی کوردە خاون کیانی خۆمان بین و وەکوو نەتەوە ڕزگارکراو و ئازادەکانی دیکەی جیهان بین و بۆ ئەوەش خەباتێکی دوورودرێژ و خوێناویمان کردوە و ئەگەر ئەم واقعە بخوڵقێنین، فەزایەکی لەبار بۆمان دێتە ئاراوە کە بتوانین ڕوو لە پێشکەوتن بڕۆین، بەڵام ناکرێ لە ئێستاوە زۆر پرس و بابەتی گرینگی ڕۆژەڤ بە لایاندا نەچین و هەڵیانگرین بۆ قۆناغی دوای ڕزگاری. ئەم ڕوانگەیە لە داهاتوودا تووشی کێشەی زۆرمان دەکات و دەبێ لە ئیستادا بە لەبەرچاوگرتنی واقعی نیشتمانەکەمان و ناسینی کێشە و گرفتەکانمان، خاڵە بەهێزەکانمان باشتر بناسین و زۆرتر کات و بیرکردنەوە و تێکۆشانمان لەسەر ئەو خاڵە پوزێتیڤانە بێت و بناغەی بیر و تێکوشانی نەتەوەییمان، لەسەر ئەو تایبەتمەندیانە بونیاد بنین. دیارە دوژمن و دەسەڵاتی باندەستیش باشتر لە ئێمە خاڵە بەهێزەکانمان دەناسێ و ڕوانگە و بەرنامەی ستراتیژێکی ئەو بەهۆی باڵادەستیی سیاسی و ئابووری بە نیسبەت کوردستان بەهێزترە. ڕاستە ئەوە واقعێکی تاڵە، بەڵام ئێمە دەبێ وەک خۆی بیبینین و بزانین کە دوژمنیش ستراتیژیی خۆی هەیە و بۆ مانەوە و پاراستنی خۆی، مان و کرامەتی تاکی کوردی پێشل کردووە.
جوغرافیای کوردستان، کە ناوچەیەکی شاخاوییە و کەش و هەوایەکی تایبەتی هەیە و پڕە لە سەرچاوە، بۆ نموونە شاخەکانی کوردستان بە بەردەوامی هەستی سەربەرزی و ڕاوستاوە بوون بە ئێمە ددەن و وەکوو هێمایێکن بۆ ئێمەی کورد، چەندین ڕوانگەمان بە نیشبەت شاخەکانی کوردستان هەیە، ڕوانگەیەکی ستراتێژیکێکی کاتیمان هەیە، ئەوەیش ئەوەیە کە وەکوو سەنگەرێک بۆ پێشمەرگە دەینینین و دژیکن بۆ دیفاع لە خۆمان، روانگەیەکی دیکەشمان بە هۆی لەوەڕگە و لێرەوارەکان هەمانە کە بۆ داهاتن و بە هۆی ئاژەڵداریی کە یەکێک لە پێشە سەرەکییەکانی کوردستانە. لە بەرامبەردا دوژمن شاخەکانی کوردستان وەکوو لەوەڕگە نابینێت بەڵکوو، کەڵکی لێ وەردەگرێت بۆ دانانی پایەگای مووشەکی، تونێلە ژیرزەوینیەکان بۆ شاردنەوەی کەرەستەی نیزامی، ئەمەی ڕوانگەی ستراتێژیک!
گواستنەوەی ئاوی کوردستان، یەکێکی تر لە پرۆژە ستراتێژیکەکانی ڕێژمە بۆ مانەوەی خۆی و بە سەروەت و سامانی کوردستان خۆی بەهێز دەکات و بەو هێزە ئێمە سەرکوت دەکات. هەرچەند لە بواری ژینگەییدا بزوتنەوەیەکی سەوز لە کوردستان هاتووەتە مەیدان و نەیانسپاردووە بۆ داهاتوو و دەتوانین بڵێین بزووتنەوەیەکی ستراتێژیکە و چاەوڕێ نین پاش ڕزگاری ئاور بدەنەوە بە ژینگەی کوردستان. نموونەی بەرچاو هەڵمەتی زاگرۆسانەیە کە لە چەند ساڵی ڕابردوو لە ڕێگەی ڕیکخراوە ژینگەییەکانی کوردستان هەر لە لوڕستان تا ماکو بەڕێوە دەچێت، ئەمە دەتوانین بڵین هەڵمەت و بیروکەیەکی ستراتێژیکە. لە هەموو بوارەکاندا، داگیرکەر بە خوێندنەوەیەکی وردتر و ڕوانگەیەکی ستراتێژیکتر هەڵسوکوتی کردوە.
ئەمە بەو واتایە نییە کە بۆ ئێمەی کورد، ئەم پرسانە گرنگ نەبێت و بیرمان لێ نەکردبێت، بەڵام یەکێک لە خاڵە سەرەکییەکانی بیرکردنەوەی ستراتیژیک ئەوەیە کە بە ڕوونی چاوت لەسەر پرسەکان بە شێوازی تایبەت بێت و تەمەرکوز بکەیتە سەر ئەو خاڵانەدا، لاوازییەکەی ئێمە لێرە دەردەکەوێت، کە بە پەرشوبڵاوی و کاتی ئاور دەدەینە خۆمان و دەمانهەوێت یەکجاری هەمووی چارەسەر کەین، واتە سیستماتیک ناجوڵینەوە. هەڵبەت سیستماتیک بە واتای، دەسەڵات و بروکراسی نییە، یانی خاون سیستم بیت تا بتوانیت سیستماتیک بیر بکەی. لە لایەکی دیکە بیرکردنەوەی ستراتێژیکی بەڕووژە، واتە ئامانجت دیاری بکەی و ڕێکارەکەت ئیستا نەبێت، بەو واتایە کە ستراتێژی و بیرکردنەوەکەت پویا بێ و قەتیس نەمینێت بە زانیارییەکانی ئەو دەم و کات.
هەروەها بە تاکتیکی جیاواز هەوڵ بدەی بە شێوازی هەنگاو بە هەنگاو بە پرۆژەی کورت خایەن و دریژمەودا پلەبەندی بۆ بکەیت و بەردەوام بی بۆ گەیشتن و نابێت لە ئەو گیچەڵانەی دێنە بەردەممان بترسین و دوگم بمینین و لە ئالوگۆر خۆمان بەدوور بگرین.
ئەم خاڵانە لە هەموو بوارەکان: سیاسەت، ئابووری، کۆمەڵایەتی و ... دەبێ لەبەر چاو بگیردرێت و کاتی ئەوە هاتووە کە ئەو پرسیارە زۆرتر لە خۆمان بکەین کە داهاتوو بۆ ئێمە چۆن دەبێت؟ یان دەتوانین بڵیەن ئێمەی کورد چ داهاتوویەک بۆ خۆمان دەخوازین؟
لێرەدا بۆ وڵامی ئەو پرسیارە زۆرجار باس لەوە دەکەین کە بگەین بە ئازادی و زوڵم و زۆر بەسەرماندا نەمینێت و خۆمان بڕیاردەر بین بەسەر خۆمان، ئەمە ڕاستیەکی چێژبەخشە، بەڵام کاتی ئەوە گەیشت کە خۆمان بڕیاردەر بین، چ بڕیارێک دەدەین؟ کوردستانێکی ئازاد، چۆن وڵاتێک دەبێت؟ ئەو کوردستانەی کە لە زەینی خۆمان وێنا دەکەین، چۆن دەمانهەوێت لە دونیای واقێعدا دروستی بکەین؟ دوورەنیگای ئێمە بۆ داهاتووی کوردستان چی دەبێت؟ و کۆمەڵیک لەو پرسیارانە کە دەبێ چڕتر و وەردتر ئاوریان لێ بدەینەوە.
ئیستا ئەو وڵات و نەتەوانەی بە فەرمی لە جیهاندا ناسراون، هەر کامەی بەپێی پێوەری خۆیان لە کێبڕکی جیهانیدا بەشدارن و دەیانهەوێت سەردەمدار بن، وڵات هەیە دەیهەوێت وەکوو دموکراتیکترین وڵاتی جیهان بیناسن، وڵات هەیە دەیهەوێ لە بواری نیزامی بەهێزترین وڵاتی جیهان بێت، ئابووری، وەرزشی و هەموو بۆعدەکانی ژیان.
بمانهەوێت یان نەمانهەوێت ململانیەکی جیهانی بوونی هەیە و ئێمەی کورد ناتوانین لەدەرەوەی ئەم بازنەدا لەگەڵ دونیا بجوڵینەوە و تەنیا قەناعەتمان بەوە هەبێت کە خاون وڵاتین و ژیانێکی ئاسوودە بۆ خۆمان بکەین، واتە لە ئیستادا دەبێ جێی خۆمان لە مەیدانی ئەم کێبڕکیە دیاری بکەین و هەوڵی بۆ بدەین و بیرکردنەوەی ستراتێژیک و مودیریەتی ستراتێژیک دەتوانێت یارمەتیدەرمان بێت. کەواتە کاتی ئەوە هاتووە لە ئیستادا کە لە کاتی خەباتین، تەنیا گرفتەکان دووپات نەکەینەوە، هەر وەک ئاماژەم پێ کرد زەینی خۆمان بە هەژاری و نەهامەتییەکان و گیچەڵەکانی کە بەسەرمان سەپاوە و بەشیکیان خۆمان خوڵقاندوومانە و یارمەتیدەر بووینە سەرقاڵ نەکەین و خاڵە پوزتیڤەکان ببینین و بۆ کۆمەڵگەی خۆمان باسی بکەین.
بێگومان کوردستان پوتانسیەلی زۆری هەیە، بۆ نموونە دەتوانین ببین بە قوتبێکی ئنێرژی لە ناوچەکە و جیهان، دەتوانین ببین بە دابینکەری ئاوی خواردنی ناوچەکە، لە ڕێگەی خاکی بە پیتی کوردستان ببینە سەرچاوەی خوراکی ناوچەکە و جیهان، لە بواری بەرهەمهێنان لە بەهێزترین وڵاتانی جیهان بین بۆ هەناردە کردن، بەرهەمەکانی کوردستان ببنە برەند لە جیهان. خەیاڵ نییە کە لە دونیای ڕقابەتی ئەمڕۆدا خۆمان لەگەڵ ولاتانی دیکە هەڵسەنگێنین، بە دەیان وڵات لە جیهان هەن کە نیوەی کوردستان پوتانسیەیل و سەرچاوەیان نییە بەڵام قسەیکیان بۆ وتن هەیە، وەکوو نموونە وڵاتانی عەرەبی خەلیج لە ناوچەکە کە لە دە ساڵی ڕابردوودا خۆیان خزاندووتە نێو مەیدانی جیهانی و سەرنجی وڵاتانیان بەلای خۆیان ڕاکێشاوە.
بۆیە سەرەڕای ناسینی گرفتەکان و کەمایسییەکانمان دەبێت، بە نواندنی خاڵە بەهێزەکانمان و لەبەرچاو گرتنی پوتانسیەلی وڵاتەکەمان بە نووڕینێکی ستراتێژیک دریژە بە خەبات و ژیانمان بدەین، چوونکە کوردستانمان وڵاتێکی دەوڵەمەندە و کورد خاون ئرادەیەکی بەهێزە و هیندە ناخایەنێت کە ببینە سەرێک لەنێو سەران.