
خەسارناسییەک بۆ بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژینا
هەردی سەلیمی
لەدوای دوو ساڵ لە بزووتنەوەی ناڕەزایی و شۆڕشگێڕانەی "ژن، ژیان، ئازادی" دەبێ مافی ئەو پرسیارە بە خۆمان بدەین، کە چۆنە وا بە ئاکامێکی دڵخواز نەگەیشتوە تا ئێستاش و نەبوو بە شۆڕش؟ مادام ئەو مافەمان هەیە دەبێ پرسیارەکە لەلای خۆمان تەتەڵە بکەین و وڵامێکی بۆ بدۆزینەوە؛ بۆ وڵامدانەوە بەم پرسیارە دەکرێ چەندین هۆکار بوترێ، بەڵام لێرەدا هەوڵ دەدرێ سەرەکیترین و دیارترین هۆکارەکان دەسنیشان بکرێ.
پێویست بە وتنە مەبەستی ئەم نووسراوە شیکردنەوەی دۆخی سیاسیی ئۆپۆزیسیۆنی سەراسەرییە، ڕەنگە خاڵی وای تێدا بێ بۆ کوردستان و هێزە سیاسییەکانی کوردستانیش بشێ و ئەوانیش بگرێتەوە، بەڵام مەبەستەکە هەڵسەنگاندنی کرداری هێز و کەسایەتییە سیاسییە ئێرانییەکان بووە لە ماوەی سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییەکان و تا ئێستاش.
با سەرەتا بزانین شۆڕش چییە و بریتی لە چی؟ لە زمان و فەرهەنگە سیاسییە جیاوازەکاندا پێناسەی جۆراوجۆر بۆ چەمکی شۆڕش کراوە، "فەڕانسە"وییەکان دەڵێن: "گۆڕانی کوتوپڕ و توندوتیژانەی چوارچێوە و قەوارەی سیاسی و کۆمەڵایەتیی دەسەڵاتێکە، کە لەودا کۆمەڵێک بەدژی بەرپرسانی وڵاتێک شۆڕش دەکەن و دەسەڵاتەکە دەگرنە دەست." "ئینگلیس"ـییەکان دەڵێن: "شۆڕش بریتییە لە پێکهاتنی گۆڕان لە شێوەی بەڕێوەبەریی وڵاتێکدا، کە لە زۆربەی کاتەکاندا ئەم گۆڕانە بە هاتنە سەرکاری سیستمێکی سیاسیی جیاواز و دەکرێ و لە زۆربەی حاڵەتەکاندا تێکەڵ بە توندوتیژی و شەڕە." لە فەرهەنگی سیاسیی "مێکزیک"دا هاتووە: "شۆڕش بزووتنەوەیەلی سیاسییە کەوا زیاتر ئاوێتە بە خەباتێکی چەکدارانەیە و دەبێتە هۆی پچڕان لە دۆخی پێشووی کۆمەڵگەیەک و هەروەها شێوەی نوێ لە دەسەڵات و یاسا و هەڵسوکەوت بەدوای خۆیدا دێنێ." "چینی"ـیەکانیش دەڵێن: "چینی ستەملێکراو لە ڕێی توندوتیژییەوە هێز و دەسەڵات بەدەستەوە دەگرێ، سیستمی کۆمەڵایەتیی کۆن هەڵدەتەکێنێ و سیستمێکی نوێی پێشکەوتوو دێنێتە جێی ئەو سیستمە کۆنە. هەروەها شۆڕش پێوەندیی بەرهەمهێنانی پێشوو لەنێو دەبات و کۆمەڵێک پێوەندیی نوێ دادەمەزرێنێ، هێزی بەرهەمهێنان ئازاد دەکات و گەشەی کۆمەڵایەتی هەڵدەکشێنێ."
لێرەدا نامانهەوێ زۆر ورد بچینە نێو باسی چییەتیی شۆڕشەوە، چون ڕای خاوەنڕایان لەم بارەوە جیاوازی و جۆراوجۆریی زۆری هەیە، بەڵام بۆ چوونە نێو باسەکەوە پێویست بوو چەند نموونەیەکی پێناسەیی و بێلایەن هەتا لایەنگرانەی چینی بێنینەوە بۆ ئەوەی خاڵی هاوبەشی ئەم ڕوانگانە بدۆزینەوە و ئەوەی پێویستمانە، لێیان هەڵێنجین. بەم پێیە بۆمان دەردەکەوێ شۆڕش بریتییە لە گۆڕانێکی بنەڕەتیی تێکەڵ بە توندوتیژی کە دەبێتە هۆی لابردنی دەسەڵاتی ئارایی و سەقامگیربوونی دەسەڵاتێکی نوێ.
لە بەرامبەر ئەم پرسیارەشدا کە بۆچی کۆمەڵگەیەک بەرەو شۆڕش دەچێ و لە ئاکامدا چ دۆخێک دێتە ئاراوە کە دەتوانین وەک شۆڕش پێناسەی بۆ بکەین؟ کارناسانی بواری کۆمەڵناسی و سیاسەت و... وڵامی جۆراوجۆریان هەیە و لە هۆکاری دەروونناسییەوە هەتا ئابووری و کۆمەڵایەتی و سیاسی و فەرهەنگی لە ڕوانگەیاندا دەور دەبینێ، بەڵام هەموو لەم بارەوە کۆکن کە کۆمەڵێک بەستێن پێویستە لە کۆمەڵگەیەکدا هەبن بۆ ئەوەی بوار بۆ شۆڕشێک بڕەخسێ، لەوانە: قەیرانی ئابووریی قووڵ، هەستی بێبەشبوون، درز کەوتبێتە نێوان پێوەندیی دەسەڵاتدارانەوە، لە ڕووی نێودەوڵەتییەوە خواستی گۆڕانی ئەو دەسەڵاتە هەبێ، ئیدئۆلۆژییەکی کۆکەرەوە بۆ دەرچوون لە سیستمی هەنووکەیی هەبێ.
ئەمانەی ناومان هێنان گەر هەمووشیان هەبن بەواتای شۆڕش نییە، بەڵکوو کۆمەڵگە دەباتە دۆخێکەوە کە پێی دەڵێن: "دۆخی هاوسەنگیی ناجێگیر"؛ لەم دۆخەدا یەک پڕیشک و جووڵە دەتوانێ ئاگر و جووڵەی تر بەدوای خۆیدا بێنێ و ناڕەزایەتی و ناڕەزایەتییەکان دەست پێبکەن.
لەگەڵ دەسپێکی ناڕەزایەتییەکاندا ئەمجار قۆناغێکی تر دەمێنێ بۆ نزیکبوونەوە لە شۆڕش، ئەویش بریتییە لەوەی ڕێکخراو و جەریانە سیاسییە جیاوازەکان تەنانەت بە ڕوانگەی جیاوازیشەوە لە دەوری یەکتر و ئامانجێک کە نەهێشتنی دەسەڵاتی ئارایییە کۆ ببنەوە؛ لەم حاڵەتەدا ستارتی شۆڕش لێدەدرێ. لە بەرامبەردا هێزی سەرکوت، یا ئەو هێزە کە دەسەڵاتی ئارایی پشتی پێبەستووە، بەرگری لە دەسەڵات نەکات، یا بێلایەن بمێنێتەوە و یاخود لە باشترین حاڵەتی خۆیدا پاڵ بدا بە خەڵکەوە، ئەوە شۆڕش سەر دەکەوێ؛ ئەمە ڕەوتی گووران و فراژووی دیاردەیەکی سیاسی-کۆمەڵایەتی بەناوی شۆڕشە؛ کە ڕوون نییە ئەم ڕەوتە چەندە درێژە دەکێشێ.
بەم پێشەکییەوە چاوکراوەتر دەبین بۆ ئەوەی بزانین لە ڕەوتی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژینا یا "ژن، ژیان، ئازادی"دا چی ڕووی دا و بۆ بە ئاکامی دڵخواز نەگەیشت. ئەوەی کە ناوی دۆخی هاوسەنگیی ناجێگیریان لێناوە، لە ئێرانی ١٤٠١ و ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا بەرچاو دەکەوت، واتە قەیرانە ئابووری، سیاسی، کۆمەڵایەتی و فەرهەنگییەکان لە ترۆپکی خۆیدا بوو، کۆماری ئیسلامی لە ڕوو و لە ئاستی نێودەوڵەتیدا دەسەڵاتێکی تاککەوتوو بوو، خەڵک هەستیان بە هەڵاواردن و بێبەشی دەکرد؛ ئەو پریشکەش کەوا بۆ هەڵگیرسان پێویست بوو بە کوژرانی ژینا لێدرا و ناڕەزایەتییشی بەدوای خۆیدا هێنا و هەموو لەم بارەوە هاوڕاین گەورەترین و بەرفرەوانترین بزووتنەوەی ناڕەزایەتیدەربڕانەی مێژووی کۆماری ئیسلامی بوو، بەڵام بۆچی نەیتوانیوە تا ئێستاش دوایین قۆناغەکان ببڕێ؟ پێویستە بوترێتەوە ئەم وتارە هەوڵ دەدا تیشک بخاتە سەر ئاستی سەراسەریی ئێران.
ئاسایینواندنی ڕووخاندنی دەسەڵات:
ئێمە شایەد بووین هەتا ساڵێک لە دەسپێکی ناڕەزایەتییەکانیش، هەموو شتێک سادە دەبینرا و ئەو جددییەتەی بۆ شۆڕشێک پێویستییەکی حەیاتییە لە ئارادا نەبوو. دروشمەکان بۆ ڕووخاندن بوون، لێ خوازیاری ڕێفراندۆم بوون! کە بەتەواوی ویستێکی ڕیفۆرمیستییە نەک گۆڕانخوازانە، کە ئەمە دەرخەری نەبوونی بەرنامە و هەروەها جددییەتێکە کە وەک وتمان پێویستە هەبێ.
داواکاریی مانگرتنی بێئامانج:
لەم حاڵەدا زۆربەی ڕۆژەکانی حەوتوو داواکارییەک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بە دیزاینێکی سادە و بێسەرچاوەی ڕوون و بێدیاریکردنی ئامانجێک بڵاو دەبووە و دەیهەویست خەڵکی ئێران مان بگرن – بەدەر لەوەی کە خەڵک وڵامدەر نەبوون – بەڵام زۆریی داواکاریی مانگرتن، مانگرتنی کردبووە شتێکی ئاسایی و لە هەمان کاتیشدا گۆڕیبوویان بۆ ویستێکی ڕێفۆرمیستی و بەرگریکارانە نەک شۆڕشگێڕانە، ئەمە لە کاتێکدایە مانگرتن دەتوانێ بناغەی ئابووریی وڵاتێک هەڵتەکێنێ و دەسەڵاتێک بخات؛ بەو مەرجەی ڕیکخستن و پشتیوانیی لەگەڵ بێ.
زۆریی ڕیفرێنس:
بەو واتایە کە مەرجەع زۆر بوو، هەرکەسێک کەوا خاوەنی چەند هەزار کەس شوێنکەوتوو بوو لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، هەستی دەکرد ڕێبەرێکە و دەتوانێ ئامۆژگاریی هەبێ بۆ خەڵکی ناڕازی. هەرکام لەمانەش لە ئاڵۆزاندنی ڕای گشتیدا دەوری خۆیان دەبینی؛ گەر بتوانین لەم دەستەواژەیە کەڵک وەربگرین دەبێ بڵێین "بەرەڵڵایی"ـیەک بەم بەشەوە دیار بوو، کە دەبووە هۆی پەرتەوازەکردنی خەڵک.
بڵاوکردنەوەی هەواڵی فەیک و درۆیین:
چەندین جار لە سەرچاوەکانی هەواڵ باسی هەڵاتنی دەسەڵاتدارانی پلەباڵای کۆماری ئیسلامی کرا و تەنانەت باس لە چوونیان بۆ وڵاتی "ڤێنێزوێلا" دەکرا، یاخود گەڕانەوەی هێزە سەرکوتکەرەکان بۆ لای خەڵک، لە کاتێکدا یەکێک لە خاڵە بەهێزەکانی کۆماری ئیسلامی ئەوە بوو کە هێزی سەرکوتەکەی تەنانەت دوودڵیش نەبوو لە سەرکوتکردن یا نەکردنی ناڕەزایەتییەکاندا و بەڕاستی دەستیان نەدەپاراست. ئەم بڵاوکردنەوەی درۆیانە، لە خزمەتی سادەسازیی شۆڕشدا بوو، بەو واتایە کە خەڵکانێک بیریان دەکردەوە کەواتە هەر بەو ڕادەیە خەڵکەی وا ڕژاونەتە سەر شەقام، هەموو شتێک کۆتاییی پێهاتووە و پێویست ناکات کەسانی تر پەیوەست بن.
بڵاوکردنەوەی هیوای جوان و درۆیین:
ئەم خاڵەش لەگەڵ هەواڵی درۆییندا لە یەک ڕیزدان و هەردووک لە خزمەتی ئاساننواندنی شۆڕشدان، بەڵام ئەم ئاساننواندنە بۆچی بە مەترسی دێتە ئەژمار لەم وتارەدا؟ چون بە دەرکەوتنی ڕاستییەکان، ئەو ڕاستییانەی وا مرۆڤی ژێر کاریگەریی هەواڵ و هیوای درۆیین کەوا پێشتر خۆی بۆ بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵیان ئامادە نەکردووە، زۆر زوو لەوپەڕی هیواوە دەگاتە بێهیوایییەکی ڕەها و توانای هەستانەوەی نامێنێ؛ بەم پێیە بڵاوکردنەوەی هیوا و ئومێدی درۆیین و بێبنەماش دەبێتە هۆی نابەردەوامیی تاکی شۆڕشگێڕ بۆ شۆڕشکردن.
هێنانەوەی نموونەی مێژووییی نابەجێ:
هێنانەوەی نموونەکان خوێندنەوەی لەپشت نەبوو و تەنیا چەند بڕگەی سەرکەوتووانەی شۆڕشەکان لەبەرچاو دەگیران، کە خوێندنەوەیەکی بڕگەیییە لە مێژوو و ئەم خوێندنەوەیە زیاتر بۆ خۆفریودان دەبێ نەک بۆ بەرچاوڕوونی. بۆ نموونە کاتێک باسی ڕێفراندۆم دەکرا، نموونەی "ئافریقای باشوور"یان دەهێناوە، لە کاتێکدا ئەو کۆمەڵێک بەستێنی لەپشت بوو کە لە ئێراندا هەر نەبوو و نەدەبینرا. یا نموونەی وڵاتی "توونس"، کە وایان دەنواند بە خۆسووتانی "محەممەد بووعەزیزی" دەسەڵاتی "بێن عەلی" لە توونس ڕووخاوە، لە کاتێکدا ئەو خۆسووتانە تەنیا پریشکێک بوو وەک کوشتنی ژینا. وڵاتی توونس خاوەنی چەندین ڕێکخراو و سەندیکای بەهێزی بەڕابردوو بوو کە جڵەوی شۆڕشەکەیان بەدەستەوە گرت. نموونەی دیکەی وەک یەکیەتیی سۆڤیەت و ڕۆمانی و ئەوانەش زۆر بوون، کە هەموویان بە هەمان شێوەی کە باس کرا بێخوێندنەوەی قووڵ بوون و لە ڕاستیدا لە ڕاستای ئەو سادەنواندنەدا بوون کەوا پێشتر وەک خاڵێکی سەربەخۆ ئاماژەی پێکرا.
ڕۆژژمێرتەوەری و ژمارەتەوەری:
لەم حاڵەتەدا کە ئۆپۆزیسیۆنی کۆماری ئیسلامی بەتایبەت لە دەرەوەی وڵات بێبەرنامە بوو و بەرنامەیەکی تایبەتی نەبوو، ڕووی کردبووە ڕۆژژمێر و ژمارە و ڕەقەم، بەو واتایە حەوتە و مانگانە و چلە و هیتری دەکردە بنەمایەک بۆ شاردنەوەی بێبەرنامەییی خۆی. نموونە و فەکت دێنینەوە بۆ ئەوەی ڕوونتر بێتەوە: سەری ساڵی زایینییان کردە بیانوویەک بۆ نێڵدانی زیاتری کوورەی شۆڕش! لە کاتێکدا ئەو سەری ساڵە بۆ خەڵکی ئێران زۆر گرنگ نییە. بۆنەکانی چوارشەممەسووری و نەورۆزیش بە هەمان شێوە. لە هەندێک حاڵەتدا وا چوونە پێش کە زیاتر بۆ پێکەنین دەبێ، دەوترا لەو ساڵەدا وا تیمی فووتباڵی ئێران لە مۆندیالدا بەشداریی کرد و "ئارژانتین" بووە یەکەم، لە ئێران شۆڕش ڕووی دا، ئەم ساڵیش (٢٠٢٢) کە ئارژانتین بووە یەکەم، ئەوە شۆڕشێکی تریش لە ئێران سەر دەکەوێ! ئەم جۆرە فاڵگرتنەوە و ژمارەتەوەری و کایە بە پیتەکانی ئەبجەد کردن، لەوانەیە لە "حەسەنی سەباح"ـەوە بە میرات مابێتەوە.
هەتا نەچووینەتە سەر خاڵێکی تر با چەند شتێک لێرەدا ڕوون بکەینەوە کە پێوەندیی بەم خاڵەوە هەیە: باس لەوە دەکرا ڕێژیمی شا بە چلە بە چلەی شەهیدانی شۆڕشی ساڵی ٥٧ ڕووخا! لە کاتێکدا وا نەبوو. ڕاستە کوورەی خەباتی نێڵ دا، بەڵام وەها ساکاریش نەبوو. لەگەڵ ئەوە دەوترا ڕێژیمی شا لە کوشتنی خەڵکدا دەستی دەپاراست، ئەویش هەر بەپێی ئامارەکان وا نەبوو. ڕاستە سەرەتا حەوتە بە حەوتە و چلە بە چلە و بۆنە بە بۆنە چوونە پێش، بەڵام کاتێک هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی شا لە دوایین خۆپیشانداندا کەسیان نەکوشت لە جۆزەردانی ٥٧دا ئەوە تەواو بوو، لەڕاستیدا دەستی ئینقلابییەکان لەم ڕووەوە بەسترا. لە کۆتایییەکانی پووشپەڕی هەمان ساڵدا مەلایەک بەناوی "شێخ ئەحمەدی کافی" بەهۆی ڕووداوی هاتوچۆوە گیانی لەدەست دا، ئەوەیان هێنا بەسەر ساواکدا و دیسان ناڕەزایەتیی تری بەدوادا هات، ئەوەش تەواو بوو نۆرەی ڕووداوی "سینەما ڕێکس" هات، کە ئینقلابییەکان ئەوەشیان لەدژی دەسەڵاتی شا قۆستەوە و ناڕەزایەتیی تری بەدوادا هات، جارێکیش بۆنەی ئایینیی جەژنی ڕەمەزان بووە ناونیشانی بەردەوامیی شۆڕش، ئەمە بووە هۆی پاشەکشێی دەسەڵات و کەمتر سەرکوتکردن. ئەم سەرکوتنەکردنە پێوەندیی بە "دڵی بەبەزەیی"ـی شاوە نەبوو، بەڵکوو دەیانهەویست ئەو زنجیری چلە بۆ چلە بپسێنن، لێ هەر ئەم سەرکوتنەکردنە پاشەکشێی سیاسیی ڕێژیمی بەدوادا هات و خەڵک بوێرتر بوون. بۆیە لە ١٦ و ١٧ی خەرمانانی ٥٧دا خەڵک بێهیچ هۆیەک و تەنیا بۆ نەمانی ڕێژیمی شا هاتنە سەر شەقام، نەک بۆ ناڕەزایەتیدەربڕین بە کوژرانی کەس یا کەسانێک، ئەمە بەو واتایە شۆڕش گشتگیرتر بووەوە و ویستی گشتیی لەپشت بوو، نەک سۆزی لەدەستدانی کەس یا کەسانێک. هەرچەند لە ١٧ی خەرماناندا و لە مەیدانی "ژاڵە"ی "تاران" دەیان کەس کوژران، بەڵام تازە پێش بەو شاڵاوە نەدەگیرا. لە ڕاستیدا لە هەردوو ڕووەوە دەستی ڕێژیمی شا بەسترا و نەیتوانی خۆ بۆ سەرکوت ئامادە و تەیار بکات. پێشتر لە بۆنەکاندا ئاگادار بوو و زیاتری کونترۆڵ دەکرد، بەڵام لەوەبەدوا ڕەوتەکە گۆڕا.
لە بەفرانباری ساڵی ٥٦ـەوە هەتا گەلاوێژی ساڵی ٥٧، ٣٥ کەس لە هەموو ناڕەزایەتییەکاندا کوژران، هەر لە خەرمانانی ساڵی ٥٧دا ڕۆژی ١٧یەمی لێلابدەین کە دەیان کەس کوژران، هەر لەو مانگەدا ٣٣ کەس کوژران. لە ڕەزبەردا ١٨ کەس و خەزەڵوەر ٤٥ کەس و سەرماوەز ٨٥ کەس و بەفرانبار ١٣٧ و ڕێبەندان ١٧٩ کەس کوژران؛ کەواتە ئەو ڕوانگەیەش بە بەڵگە ڕەد دەکرێتەوە کە پێیوایە "دەزگای سەرکوتی ڕێژیمی شا خەڵکی کەمی کوشت".
پڕیشکەتەوەری لەجیات ڕێکخستن:
ڕاستە ئەو شێوازەی کە باس کرا چلە بۆ چلە دەتوانێ گەرمیی شۆڕش ڕاگرێ، یا بۆنەیەک بێ بۆ هارووژاندن و هاندانی زیاتری خەڵک، لەگەڵ ئەوەش شێوازێکی کلاسیکی و باوی شۆڕشە لە هەموو دنیادا هەر تایبەت بە ئێران نییە، بەڵام وەک باس کرا هەتا ماوەیەک کاریگەرە و دەبێتە بابەتێکی دووپاتە و خەڵک لە ڕووی دەروونییەوە ڕاناکێشێ؛ بۆیە لەجیات ئەوە و لە گەرمەی ئەوانەدا دەبێ بیر لە ڕێکخستن و ڕۆژانی دواتر بکرێتەوە، بیرێک کە هیچکام لە ئۆپۆزیسیۆن نەیانکردەوە و خەمیان لێنەخوارد و لایانوابوو هەر بە ڕێوڕەسمی ناشتنی شەهیدان دەکرێ کۆماری ئیسلامی بەچۆكدا بێنن. وەک سەرەتا باس کرا، پریشک بۆ دەسپێکە نەک بۆ بەردەوامی، بۆ بەردەوامی ڕێکخستن و وشیاری و باوەڕ پێویستە.
کردەوەی دژکردەوانە:
ئۆپۆزیسیۆنی کۆماری ئیسلامی لە درێژەی ئەو ماوەیە و دواتریشدا نەیتوانی هەرگیز دەسپێشخەری بکات و بەردەوام دژکردەوەی نیشان داوە. بەو واتایە هەمیشە چاوی لە کردەوەکانی کۆماری ئیسلامی بووە، هەتا دژکردەوەی لەگوێن خۆی گونجاو نیشان بدات، بۆ نموونە چاو و گوێی لە وەزارەتی نێوخۆی کۆماری ئیسلامیی ئێران بووە هەتا ڕێکەوتی ئینتخابات دیاری بکات و ئەمانیش لەملاوە بە خەڵک بڵێن لەو ڕۆژەدا بەشداری مەکەن؛ بە واتایەکی تر هەتا زیاتر دوور کەوتینەوە لە جۆشوخرۆشی ناڕەزایەتییەکان، زیاتر بێبەرنامەیی و دەستەوەستانیی ئۆپۆزیسیۆنمان بۆ دەرکەوت.
سیاسەتی پاسیڤ:
ئۆپۆزیسیۆنی کۆماری ئیسلامی بەتەواوی چاوی بڕیوەتە سیاسەتی دەرەوەی وڵاتانی زلهێز، بە جۆرێک بەتەواوی ئەوەی لا بووەتە باوەڕ کە هیچی لەدەست نایە و توانای ڕێکخستن و گوشارهێنانی نییە، کەواتە بەشکوو یەک لەو وڵاتانە کارەکەی بۆ ڕاپەڕێنن و پێی بڵێن فەرموو بچۆ سەر تەختی دەسەڵات! سەردەمانێک یەکێک لە هێزە سیاسییەکانی ئێران زیاترین چالاکییەکانی بەدژی کۆماری ئیسلامی لە نێوخۆی وڵاتدا بەڕێوە دەبرد، ئێستا چاوەڕێیە سیاسەتمەدارێکی لەدەورکەوتووی وڵاتانی ڕۆژاوایی سێمینارێک بۆ ئەندامەکانیان پێک بێنێ! پێشیانوایە بەم کارە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستیان شڵەژاندووە! ئەم خاڵەی ئاماژەی پێکرا زیاتر هۆکاری شادیدەربڕینە لەڕادەبەدەرەکان بەبۆنەی هێرشەکانی "ئیسرائیل" بۆ سەر دەستوپێوەندییەکانی کۆماری ئیسلامیمان بۆ دەردەخات؛ لێرەدایە دەزانین هۆکاری ئەم شادییە یەکجار زۆرە بۆ بێدەسەڵاتیی خۆیان دەگەڕێتەوە نەک سۆزداریی زۆر بۆ ئیسرائیل.
خۆگەورەکردنەوەی بێبنەما:
هەندێک لە کەسایەتییە سیاسییەکان و تەنانەت هەندێک لە هێزە سیاسییەکانیش خۆیان زۆر گەورە و گرنگ دەکردەوە و ئێستاش دەیکەن، ئەمە لە یەکەم ڕوانیندا بەواتای تێنەگەیشتن لە ڕاستییە و نیشان لەوەیە لە وەهمدا دەژین، دواتریش بەرپرسیارەتیگەل و کۆمەڵێک قورسایی دەخاتە سەر شان کە زوو دەردەکەوێ لە هەڵگرتنیدا لاوازن، کە ئەمەش هەم دڵساردیی خۆیانی بەدواوەیە و هەمیش دڵساردیی لایەنگرانیان. ئەم ڕوانینە کە دروست دەبێ کاریگەریی نەرێنیی چەند ڕەهەند لەسەر خەڵک دادەنێ.
نەهاتنە مەیدانی چینی خۆڵەمێشیی کۆمەڵگە:
ئەم چینە کە ڕۆڵی یەکلاکەرەوە دەگێڕێ، لە ڕەوتی ئەم ناڕەزایەتییانەدا بەگوێرەی پێویست نەهاتە مەیدانەوە، هۆکاری سەرەکیی ئەم نەهاتنە مەیدانەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە ئۆپۆزیسیۆن نە توانای ڕێکخستن و ڕاکێشانی خەڵکی هەبوو و نە ئەوانیش متمانەی قەلبییان بە سەرکەوتنی ئەم بزووتنەوەیە بوو، بۆیە ئامادە نەبوون تێچوویەک بدەن.
نەبوونی یەکڕیزیی ئۆپۆزیسیۆن:
ئەم خاڵە گرینگترین هۆکاری سەرنەکەوتنی ئەو بزووتنەوەیە بوو. لە سەرەوە ئاماژەمان پێکرد کە گەر ئۆپۆزیسیۆن یەکڕیز بوو، ئینجا ستارتی شۆڕش لێدەدرێ، بەڵام لە ڕاستیدا ئەم بەشە لەو ڕەوتەدا ڕووی نەدا کە هیچ، تەنانەت پێچەوانەکەشی ڕووی دا. وا دیار بوو کۆماری ئیسلامی هەر لە سەرەتاشەوە بەم خاڵی لاوازی و کێشەیەی ئۆپۆزیسیۆنی دەزانی و ئاگاداری بوو و هیواشی لەسەر هەڵچنیبوو و تەنانەت بەرنامەشی بۆی هەبوو، تا ئەو ڕادەیەی ئێستا کە پاش دوو ساڵ سەرنجی ڕەوتی ڕووداوەکان دەدەین بەشێکی زۆری ئۆپۆزیسیۆن زیاتر بە خۆیانەوە سەرقاڵن هەتا بەوەی بە کۆماری ئیسلامییەوە سەرقاڵ بن.
دەکرێ خودی ئەم بابەتە بەجیا خەسارناسیی بۆ بکرێ، بەڵام لێرەدا با بوترێ پاوانخوازیی بەشێک لەو ئۆپۆزیسیۆنە هەردەم ڕێگر دەبێ لە پێکهاتنی یەکڕیزییەک بۆ دەرچوون لە ڕێژیمی ئێستای ئێران، لەگەڵ ئەوە ناڕوونیی بەرنامەکان، نەدانی متمانە و گەرەنتی لە دواڕۆژدا بۆ بەشدارکردنی هێزەکان لە دەسەڵاتی سیاسی و گەیشتن بە ئامانجەکانیان، ڕێگری سەرەکی بوو بۆ سەرنەگرتنی هاوپەیمانییەک کە پێویست بوو.
نەبوونی ڕێکخراو و تەشەککول و فەرهەنگی حیزبایەتی:
ئەم خاڵەش یەکێکی تر لە گرینگترین خاڵەکانە کە دەبێ ئاماژەی پێبکرێ، لەوێدا کە وتمان یەکڕیزیی ئۆپۆزیسیۆن و هاوپەیمانیی ئەوان دەبێتە خاڵی دەسپێک، مەبەستمان لە ڕێکخراو و تەشەککول و حیزب بوو؛ نەک سیما و کەسایەتی و ناو. ئەمەش لەو خاڵە گرنگانەیە وا کۆماری ئیسلامی بە درێژەی تەمەنی گرنگیی پێداوە و بۆ نەهێشتنی هەموو هەوڵێکی داوە، تەنانەت ئەم هەوڵانەی هەر لە نەهێشتنی حیزبە سیاسییەکاندا بەرتەسک نەکردووەتەوە، بەڵکوو تەحەممولی ئێنجیئۆ و سەندیکا و کانوونەکانیش ناکات و بەردەوام هەوڵی هەڵوەشاندنەوەیان دەدات. ئەمە دەرخەری ئەوەیە کۆماری ئیسلامی لە کاری جەمعی و بەکۆمەڵ دەترسێ و یەکێک لە گەورەترین مۆتەکەکانی ژیانی سیاسییەتی.
کولتووری تاکتەوەری:
ئیندیڤیجواڵیزم یا هەمان تاکتەوەری، لە ڕووی سیاسی و کۆمەڵایەتییەوە بەتایبەت بۆ ئەو وڵاتانەی وا پێشکەوتنیان بە خۆیانەوە نەبینیوە، خەساری گەورەی بەدواوەیە. ئەم کولتوورە کاتێک زاڵ بوو، مرۆڤ لە سۆز و هاوسۆزی بەتاڵ دەکات و ناتوانێ بۆ قازانجە گشتییەکان هەنگاو بنێ. بە واتایەکی تر کاتێک مرۆڤێک خەمی دەبێتە خەمی خۆی و ئەوەی پێی دەڵێن "دەس بە کڵاوی خۆوەگرتن"، ئیتر ناتوانێ لە خەمی کۆمەڵ و سوودی گشتی و سۆزی هاوشێوە و هاونەوع تێبگات و مرۆڤەکان لەم حاڵەتەدا لێک بڵاو دەبنەوە و ئەم پەرتەوازەیییەش بۆ بەشی سەرکوتی دەسەڵاتێکی تۆتالیتێر ئاسانتر و لەبارترە. بەداخەوە ئەم کولتوورە دزەی کردووەتە نێو کۆمەڵەکانیشەوە، چۆن؟ بەو واتایە کە گەر تەنانەت کەسێکیش ئامادە دەبێ بە کۆمەڵێک کەسی ترەوە پەیوەست بێ، ئەو کولتوور و ئارکیتایپە لەگەڵ خۆی دەبات و سوود و قازانجی ئەو کۆمەڵە کەسەی پەیوەستیان بووە دەخاتە ئەولەویەتەوە و تەنانەت بۆ سوودی ئەو کۆمەڵە کەسە لە پرەنسیپە ئەخلاقییەکانیش لادەدات. ئەمە ڕێک خاڵی بەرامبەر بە کار و چالاکیی هەرەوەزی و بەکۆمەڵە.
ئاکامگیری:
لە کۆتاییدا وەک چاوەڕوان دەکرێ، بەرەوڕووی ئەو پرسیارە دەبینەوە: دەی کەواتە ئێستا دەبێ چ بکەین؟ پرسیارێکی بەجێیە و هەوڵ دەدرێ بەکورتی وڵامی پێبدرێتەوە و هیوایەکی ڕاستەقینە بگەڕێتەوە بۆ بەردەنگ. پێش لە هەرشت دەبێ بڵێین ئەم خاڵانەی وا لە سەرەوە ئاماژەیان پێدرا هەموویان بەشێکی ئیجابییشیان لە خۆیاندا حەشار داوە، واتە ئەوەی کە لاواز بووە لەو ڕەوتەدا دەبێ بەهێز بکرێ، ئەوەی کە هەبووە و زەرەری گەیاندووە دەبێ نەمێنێ، ئەوەی هەبووە و ناتەواو بووە دەبێ بەتەواوی بکرێ، ئەوەی نەکراوە پێویستە بکرێ. بەدەر لەوە با بچینەوە خاڵی سەرەتا و ڕەوتی سەرکەوتنی بزووتنەوەیەکی شۆڕشگێڕانە بێنینەوە بەرچاومان یانی دۆخی هاوسەنگیی ناجێگیر – کە ئێستاش هەیە، چەخماخەیەک، سەرهەڵدانی ناڕەزایەتی، هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکان و ڕێکخستنی جەماوەر لەلایەن ئەوانەوە، بەچۆکداهاتنی هێزی سەرکوت؛ ئەمە ڕەوتە سروشتییەکەی سەرکەوتن و گەیشتن بە قۆناغی شۆڕشە.
کۆمەڵگەی ئێران لەمێژە لە دۆخی شۆڕشدایە، ئەوەی لە شەقام دەبینرا و دەبینرێ بەشە دیارەکەی ئەو کێوە بەفرە بوو کە سەری لە ئاو هێنابووە دەر؛ کەواتە دۆخەکە هێشتا دۆخێکی ناجێگیرە بۆ کۆماری ئیسلامی. کۆماری ئیسلامییش پێیوانییە توانیبێتی بەتەواوی ئەو گڕە بکوژێنێتەوە، بەڵام لە هەموو توانا و پێداویستییەکانی خۆی بۆ ئەم مەبەستە کەڵک وەردەگرێ. بەواتایەکی دیکە هەم خەڵک دەزانن ئەو بزووتنەوەیە کۆتایی پێنەهاتووە، هەمیش دەسەڵات ئەوە باش دەزانێ. دەسەڵات وەک باس کرا خۆی ئامادە کردووە و دەکات، خەڵکیش هەروەتر، ئەوانیش خەریکی خۆئامادەکردنن و دەرفەتەکان هەڵدەسەنگێنن و لێکی دەدەنەوە، لەم نێوەدا ئۆپۆزیسیۆنیش دەبێ خۆ ئامادە بکات، زیاتر لە پێشووتریش؛ بە یەک هۆکاری سادە، چون ئۆپۆزیسیۆن لەچاو پێش لە دەسپێکی ئەم ناڕەزایەتییانە، نەتەنیا بەرەو پێش نەچووە بەڵکوو چەند هەنگاوێکیش بەرەو پاش گەڕاوەتەوە. پێش لەو سەرهەڵدانە هەستیان دەکرد هێز و جەریانێکن، وردەوردە خۆیان لە ئاستی نفووز و خۆشەویستیی خۆیان لەنێو خەڵکدا تێگەیشتن و بۆ خۆدزینەوە لە ڕاستیی کەمکاری و کەمتەرخەمیی ڕابردوویان، دەیانهەویست بە ئاسانترین شێوە و بە دروشمی "یەک جار بۆ هەمیشە" فوو لە ئاگرەکە کەن و سواری شەپۆلی ناڕەزایەتییەکان بن و لەسەر شانی خەڵک بچنە سەر کورسیی دەسەڵات و دانیشن، ئەوە نەکرا بەڵام دواکەوتنی قۆناغی سەرکەوتن، ئەو دەرفەتەی داوە بۆ خۆتەیارکردن.
بزووتنەوە شۆڕشگێڕییەکان بۆ لەباوەشگرتنی کۆرپەی ئازادی کاتیان دەوێ، ئەم بزووتنەوەیەش بە هەمان شێوە، بەڵام بۆ ئەوەی زووتر ئەو کۆرپەیە لە باوەش بگرن پێویست بە سێزاریەنە. وشیاری، باوەڕ، ئومێد، تێکۆشان، مکوڕبوون، تەحەززوب و ڕێکخستن ئامێرە سەرەکییەکانی ئەم نەشتەرگەرییەن. بە وتەیەکی "ئانتۆنیۆ گرامشی" کۆتاییی بە بابەتەکە دێنین، کە لە گۆڤاری "سیستمی نوێ" و لە ڕێکەوتی ٨ـی مەیی ١٩٢٠دا دەڵێ: "خۆبەدەستەوەدانی کرێکارانی کارگەی "فیات" شەرمێکی تێدا نییە. ئەوەی دەبوو ڕوو بدات، بێبەزەیییانە ڕووی دا... هەتا کەی؟ گەر وشیاری و باوەڕ لە جێی خۆیدا بێ، ئەگەر جەستەکان خۆیان بەدەستەوە دابێ نەک گیانەکان، ئەوە هێشتا هیچ شتێک لەکیس نەچووە."